بەشەکان



بابەت بە پێی ڕۆژ

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  


ڤیدیۆ

  • ٣١ی ئاب و سەردان و کۆبوونەوەکانی بەرپرسەکانی باشوور

ڕیکلام

دەربارەی ئێمە


ئێمه‌ کۆمه‌ڵێ که‌سی بیروباوه‌ڕ و ته‌مه‌ن جیاوازین، هه‌ریه‌که‌مان بیروبۆچوونی تایبه‌تمان بۆ ژیان، بۆ خێزان، بۆ کۆمه‌ڵگا هه‌یه‌، لێ خۆشه‌ویستییمان بۆ خاکی کوردستان، خۆشه‌ویستییمان بۆ ئازادیی، بۆ مافی مرۆڤ، هه‌روه‌ها وه‌فامان بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان، ئێمه‌ی له‌ ستاڤی کوردستانپۆستدا کۆکردۆته‌وه‌. ()

ئێمه‌ دژی هیچ که‌سێک نیین، ته‌نها ئه‌وانه‌ی لێ ده‌رچێت که‌ ناپاکیی به‌ نه‌ته‌وه‌ و خاکه‌که‌مان ده‌که‌ن. ئێمه‌ له‌ خۆشه‌ویستییمان بۆ کورد و بۆ نیشتیمانه‌که‌مان‌ ده‌ڕوانیینه‌ ده‌سته‌ڵات و سه‌رانی کورد.

ئه‌و که‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ناته‌بان و ئێمه‌یان ناوێت و هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌رمان، بووختانمان بۆ دەکەن، هه‌وڵده‌ده‌ن کەسایەتییمان بشکێنن، ئەوانە نازانن ئازادیی مانای چیی‌، ئاخر کوێرێکی زگماک چۆن دەتوانێ ڕەنگەکان لێک جیابکاتەوە، نووسەریی دەرباریش چۆن دەتوانێت لە مانای ئازادیی و کۆیلەبوونی خۆی تێبگات و لە یەکتریان دوور بخاتەوە؟ ئەوانە کۆیلەی دەستەڵاتن، کەسایەتییەکی تێکشکاویان هەیە، سەروەرییان بۆ کەسایەتیی خۆیان نییە. ئەوانە یاساشکێنیی مافەکانی مرۆڤیشن، که‌چی یاسا بۆ کۆمه‌ڵ و ئازادیی ڕۆژنامه‌وانیی داده‌نێن، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سته‌ڵات و خۆشه‌ویستییان بۆ بنه‌ماڵه‌ی سه‌رانی کورده‌وه‌، ده‌ڕواننه‌ چاره‌نووسی کورد. ئه‌وانه‌ کوێرانه‌ پاشه‌ڕۆژی کورد ده‌بینن. هه‌ڵبژارده‌یه‌کن، کتومت پارێزگاریی له بەرژەوەندیی کۆمەڵێک گەندەڵ دەکەن، کاری ئه‌وان به‌رزڕاگرتنی ئه‌رستۆکراتییه‌کی کورده، کاری ئێمه‌ش، پارێزگارییکردنی که‌رامه‌ت و ئازادیی کورد و ئازادیی ڕاده‌ربڕیینه،‌ هه‌وڵی ئێمه‌ وشیارکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌.

ئێمه که‌سانێک نین دوای ده‌سته‌ڵات که‌وتبین، پێمانوایه کارکردن له‌ناو ده‌سته‌ڵاتدا، کارکردنه بۆ دانانی سنووریی ئازادیی، هه‌ر بۆیه ئێمه ده‌نگێکین له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتدا، نه‌ک له‌ناو ده‌سته‌ڵاتدا. ڕێز له هه‌موو ده‌سته‌ڵاتێک ده‌گرین، که خزمه‌ت به کۆمه‌ڵگا و به ئازادیی و مافه‌کانی مرۆڤ بکات، دژایه‌تیی هه‌موو ده‌سته‌ڵاتێکیشین، به‌پێچه‌وانه کاربکات.

کوردستانپۆست دژ به هه‌موو جۆره سه‌رکووتکردنێکی ئازادیی و مافه، به هه‌موو توانای خۆیه‌وه دژ به بکه‌رانی کووشتنی ئازادیی تێده‌کۆشێت. ئازادیی تاکه‌که‌سیی به به‌شێک له سروشت داده‌نێت، ده‌ستتێوه‌ردانی ئه‌و ئازادییه ده‌ستتێوه‌ردانی سروشته، بۆیه ئێمه ڕێگا له‌و که‌سانه‌ش ده‌گریین، که ده‌ستدرێژیی ده‌که‌نه سه‌ر ئازادیی تاکه‌که‌سیی. ئازادیی ژن ده‌چێته ئه‌و قۆناغه‌وه، ده‌ستدرێژییکردنه سه‌ر ژن، ده‌ستدرێژییکردنه بۆ سه‌ر پارچه‌یه‌ک له سروشت، که تووڕه‌یی کوردستانپۆستی لێده‌بێته‌وه.

کچ و کوڕ له خێزاندا پێویسته به‌یه‌ک چاو ته‌ماشا بکرێن، له هه‌موو بوارێکدا، هه‌ردووکیان وه‌ک یه‌ک ئازادن. ئازادیی ڕاده‌ربڕیین، سێکسووال، ژیانی ئازاد، مافی هه‌موو کچ و ژنێکی کورده، له هه‌رکوێیه‌کی ئه‌م جیهانه‌دا بژیین.
ده‌سا با واز له‌ قین و بووغز بهێنیین... خۆشه‌ویستیی به‌هره‌یه‌، سروشت به‌ مرۆڤی به‌خشیوه‌، با چیدیی خۆشه‌ویستیی، له‌ ژێر ته‌لاری دۆلار و ده‌سته‌ڵاتدا نه‌خنکێنیین!
ده‌ست بده‌نه‌ ده‌ستمان وڵاته‌که‌مان تینووی خۆشه‌ویستییه‌، با به‌ ڕق کاولی نه‌که‌ین.

نه‌ته‌وه‌که‌مان په‌ککه‌وته‌یه‌کی چاوبه‌ستراو، که‌ڕ و لاڵه‌، با هێنده‌ی پێمانده‌کرێت یارمه‌تیی بده‌ین.

ده‌سته‌ڵات بۆته‌ په‌تایه‌کی کوشتنده‌، ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه، بۆته‌ مۆته‌که‌ و هه‌ناسه‌ی تووندکردووین، حیزب ڕه‌وشتی تێکداوین، خۆشه‌ویستیی لێستاندووینه‌ته‌وه‌ و ڕقمان له‌ یه‌کتره‌
با کار بۆ چاککدرنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ بکه‌ین، با وڵاته‌که‌مان نه‌که‌ین به‌ که‌لاوه‌ی ڕق و تۆڵه‌، ئه‌وانه‌ی گه‌رای ڕقیی تێدا ده‌چێنن، له‌ بنکه‌وه‌ هه‌ڵیانکێشین و خۆشه‌ویستییه‌کی پرته‌قاڵیی تیادا به‌رهه‌م بهێنیین.

کورد له‌ خاکیی خۆیدا کراوه‌ته‌ کرێچی:
بە بڕوای زۆر کەس کورد زێد لە 40 ملیۆن دەبێت، کوردستانیش رووبەرەکەی کە 409650 کیلۆمەتری دووجایە، لە لایەن چوار دەوڵەتی دراوسێی (تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا) داگیرکراوە و سێ نەتەوەی (فارس، عەرەب و تورک) خاک و مافیی ئەو نەتەوە 40 ملێۆنەیان زەوت کردووە. 
ئەم دۆخەی کوردستان کە وەک وڵاتێک، کوردیش وەک نەتەوەیەک تێیدان، دۆخێکی نائاساییە. هەوڵ و تێکۆشانمان دەبێت بۆ گۆڕین و ئاساییکردنەوەی ئەو دۆخە بێت، تا کورد وەک نەتەوەیەک لە وڵاتی سەربەخۆی خۆیدا ئازاد و دەسەڵاتدار بێت.
لەبەر ئەوە، ئێمە پێمان وایە:
حیزبە کوردییەکان، ئەوانەی دەستەڵاتیی سیاسیی و ئیدارییان گرتۆتە دەست، کاریان بۆ گۆڕیینی ئەو بارە نائاساییە نەکردووە، مێژووی دەستەڵاتیی ئەو بنەماڵانەی کە سەرکردایەتیی ئەو حیزبانە دەکەن، ئەوەمان بۆ ئاشکرادەکات، ئەمانە تەنها لە پێناوی پاراستنی پەرژەوەندیی بنەماڵەی خۆیاندا بازرگانیی، نەک سیاسەت دەکەن. بنەماڵەیەکیش کە مەرامە سیاسییەکانی خۆی وەکوو بازرگانیکردن بەکارهێنا، دەتوانرێ پێیان بگووترێ کۆمەڵێ مافیا، نەک ڕێکخراو، یان حیزبێکیی سیاسیی.
دوای ڕاپەڕیین، هەروەها پاش تێداچوونی ڕژێمیی بەعس هەلومەرجیی سیاسیی گونجاو بۆ کورد هاتە پێشەوە لە باشووری کوردستان، کە دەتوانرا لە پاشەڕۆژێکی نزدیکدا یارمەتییدەر بێت بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی سەربەخۆ. لێ سەرکردایەتیی و بنەماڵەی ئەو دوو حیزبە بە پێچەوانەی ئەوەوە کاریان کرد،، تەنانەت توانییان بە فێڵ و ساختەکاریی، کوردیی باشوور چەواشەبکەن و لە هەڵبژاردنەکاندا، ناسنامەی نەتەوە لە کورد بسەندنەوە و کورد بکەن بە عێراقیی، ئەمە گەورەترین خیانەتە، جگە لە مەسعود بارزانیی و جەلال تاڵەبانیی، هیچ سەرکردەیەتییەکی سیاسیی وڵاتانیی تر لە نەتەوە و خاکیی خۆیان نەکردووە، بێگومان ناوشیاریی و بێ ئاگایی کوردیش هۆکاری سەرکەوتنی خیانەتی ئەو دوو سەرکردەیە بوون. لە کاتێکدا قوربانیی و خەباتی نیو سەدەیە کە ئەم میللەتە داوێتیی، دەبوو بیکردایەتە ڕزگاریی و دروستبوونی دەوڵەتیی سەربەخۆ.
ئەگەر ئێمە بڕوانیینە مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و مێژووی بەڕێوەبردنی کوردستان لەلایەن چەندین ڕژێمی یەک لە دوای یەکی عێراق و تا ئەم ساتەش، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت، کە مەحاڵە کوردستان و کورد لە دۆخی داگیرکراویی و دەستبەسەریدا گەشە بکات. ئێمەی کوردستانپۆست بە ڕاشکاوییەوە پێمان وایە بۆ ئەو مەبەستە ئەگەر کارێک نەکرێت و، ئەو دەرفتە کەمەی، کە ئێستا ماوە، لە دەست بدرێت، ئەوە گەلەکەمان بەرەو هەڵدێڕ و کارەسات دەبات. خوازیاری ئەوەین بەرەو ئەو تروسکاییە هەنگاوەکان بنرێت.
ئێمە بڕوامان وایە، پارتیی و یەکێتیی، لە ژێر دەستەڵاتیی سێ بنەماڵەی بارزانیی، تاڵەبانیی و برایم ئەحمەددا، هەرگیز بەڕێوە ناچێت و ڕۆڵیی ڕاستەقینەی خۆیان نابینن، بە پێی بەڵگە مێژووییەکان، دەبێت سەرو بنیی ئەو سێ بنەماڵەیە دادگایی بکرێن و بە تۆمەتیی گەورەترین خیانەتیی نەتەوەیی سزابدرێن! چونکە ئەمانە تاوانبارن لە دیاردەی گەندەڵیی و دزیی و خۆدەوڵەمەندکردن، ڕاوڕووت، ڕەوکردنیی گەنج و لاوانی کورد ، تەعریبکردنیی نوێ و هاتنی بە لێشاوی عەرەب بۆ کوردستان و ئەم سێ بنەماڵەیە، دەستییان تێیدا هەیە، بە ئانقەست کاری بۆ دەکەن. 
ئێمە بڕوامان بە هەڵبژاردنی دیموکراتییە. بڕوامان وایە کەسانیی دڵسۆز لە ناو حیزبەکاندا ئەگەر ماون و دڵیان بەو میللەتە دەسووتێ، با خۆیان کۆبکەنەوە، لە دەرەوەی ئەو سێ بنەماڵەیە وەکوو ئۆپۆسیزیۆنێک کار بکەن، نەک بە وێنەی ئەو سەرکردانەوە بانگەشەی ریفۆرمخوازیی بکەن، ئه‌و هێزه ئۆپۆسیزیۆنه‌ی، که ئیمڕۆ بییه‌وێت کار له گۆڕیینی ئاینده‌ی کوردستاندا بکات، ده‌بێت خاوه‌نی سه‌رخانێکی ڕۆشنبیریی له سه‌دا سه‌د بێت، به واتای تێگه‌یشتنێکی ته‌واو و ڕێک له واتاکانی ئازادیی و دیموکراتیی و کۆمه‌ڵگای سیڤیل، هه‌تا ئه‌وانیش له ئاینده‌دا جۆره دیکتاتۆرێکیان وه‌ک جه‌لال تاڵه‌بانیی و مه‌سعود بارزانیی و پارته‌کانیان لێده‌رنه‌چێت، چونکه واتای ئۆپۆسیزیۆن واتای هه‌بوونی باوه‌ڕ به ئازادیی و دیموکراتیی و ماف و دادپه‌روه‌ریی، دەگەیەنێت، ئەگەر ئەوەیان پێ ناکرێت، با بەر لە دروستبوونی ڕێکخراو و حیزبیی دیکە نەگرن، چونکە مێژوو بەرەو ئەو ئاکارە دەچێ. بڕوامان وایە ڕۆڵیی ئەو سێ بنەماڵەیە دەبێ کۆتایی پێ بێت، سەرکردایەتیی ئەو دوو حیزبە، دوورکەوتنەوەیە لە جەماوەر و دروستبوونی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنیش، راستییەکی حەتمییە و ، مێژوو بەسەر ئەو هێڵدا دەڕوات. کورد دەبێت جارێکی تر لە ڕێکخراوێکیی جەماوەریی و نەتەوەیی، دوور لە دەستەلاتیی بنەماڵە خۆی کۆبکاتەوە و سەرکردەی دڵسۆزی خۆی هەڵبژێرێت. نەک دەستەڵاتی ئیداریی و حیزبیی بە سەر کەسوکار و خزم و ناسیاوی سەرکردەکاندا دابەش بکرێن، ئێمە ئەوە بە کارێکی دیکتاتۆری و نادیموکراتییانە دادەنێین، بە پێچەوانەوە دەبێ هەوڵ بدرێت کورد خۆی خاوەنی حیزب و سەرکردەی خۆی بێت نەک نەک داگیرکەر و دوژمنان.
ئێمە باوەڕمان وایە لە هەموو دەزگاکانی ناو کۆمەڵگە و لە بەرێوەبردنی وڵاتدا هەڵاواردن لە نێوان ژنان و پیاواندا نەکرێت. ژنان و پیاوان لە هەموو بوارەکانی ژیان و دەسەڵاتی ئابووریی، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا،خاوەنی هەمان ئیمتیاز بن. بە هەمان شێوەش لە ئەرکەکێشاندا یەکسان بن. لە کوردستاندا دەبێ یاسای مەدەنی سەروەر بێت و، لە سەر بناغەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی نوێ و، لۆژیکێکی هاوجۆر لەگەڵ دنیای مۆدێرندا بگونجێنرێ. ڕێساکانی ئایین تێکەڵ بە یاسا نەکرێن.
ڕژێمە داگیرکەرەکان، لە کوردستاندا دەستیان لە دروستبوون و بەردەوامی هەندێ حیزبی سیاسیدا هەیە، لە میانەی ئەوانەوە گورزی داگیرکەرانەی خۆیان دەوەشێنن. ئەو حیزبانە چ لەژێر دروشمی ئاییندا و، چ لە ژێر دروشمەکانی کۆمۆنیستیدا بن، هێرش دەکەنە سەر خاک و نەتەوەی ئێمە. مەبەستی ئەوان ئاشکرایە و، دەیانەوێ تا هەتایە کوردستان داگیرکراو، کورد ژێردەستە بێت. دەبێ هەوڵی جیدی لە پوچەڵکردنەوەی مەرامەکانیان بدرێت.


ستاڤی کوردستانپۆست