بۆ یادی هاوبیر ئامانج،ناسراو بە (مام برایم)

Thursday, 09/04/2015, 13:36

2503 بینراوە


لە پێش ١٩٨٠وە هاوبیر ئامانجم دەناسی.ئەو هاورێ و هاو قوتابخانەی چەند هاورێیەکی من بوو.منیش لە رێی ئەوانەوە، سڵاو و چاکوچۆنیم لەتەک ئامانجدا پەیدا کرد...ئەو هەمیشە شیکپۆش و دەم بە پێکەنین بوو،لە رۆشتندا،بڕە سنگی دەردەپەڕاند.بە روخساریشیدا دیاربوو،نقوومی عەشقێکی قووڵ بوو.
کە دەڵێم یەکترمان دەناسی،بەڵام کەسمان نەماندەزانی کەهاوبیریی یەکترین،چونکە کەم رێکدەکەوت،گفتوگۆی درێژ پێکەوە بکەین تا، لە نێزیکەوە ئاشنای بیروبۆچوونی یەکتر ببین... ئەو سەردەمە،گەلەک ئاسان بوو، بزانی کێ چییە. هەر لەرێی قسە و دەبڕینی بیروباوەڕەوە،دەکرا دەستنیشانی خانەی هزری ئەو کەسە  بکەیت و تەنانەت بزانی لە چ پارتێکی سیاسیدا کار دەکات،یاخود نێزیکە  . رۆژگار هات و چوو،من هێشتا خوێندنم تەواو نەکردبوو،هەواڵم  زانی لە رێی هاوبیریی هەمیشە زیندوو و رەوانشادم ،(ئازاد)،ناسراو  بە بروسکە، کە من ئەمیشم لە رێگای هاوبیر و هاورێی منداڵیم هوشیاری وەستا رەشیدەوە ناسی، کە کاکە ئامانج هاوبیری پاسۆکە و چۆتە ریزەکانی پێشمەرگەی پاسۆکەوە.
دوای زانینی هەواڵەکە، هەستێکی بەهێز و خۆشی مۆڕاڵی پێ بەخشیم،چونکە سڵاو و رێزگرتنەکەم لە کەسێک بووە،هاوبیری خۆمە و بەهەدەر نەچووە.
چەند ساڵێ دواتر بەهۆی شەڕی براکوژییەوە،منیش  پەڕاگەندەی ئەوروپا بووم.چونکە چ ئەو کاتە و هەم ئێستاش ناتوانم و ئامادەنیم کورد بکوژم. ساڵی ١٩٨٩،کاتێ هاوبیر و سکرتێری حیزبمان کاک ئازاد مستەفا،لە سوید ماڵئاوایی لێکردین و گیانی بەخشییە پرسی رەوای نەتەوەکەی، بەختەوەر بووم، لەتەک هاوبیر فەرەیدونی قازیدا، دەرفەتی  یاوەریکردنی تەرمەکەیم هەبوو. لە ستۆکهۆڵم هەڵفڕین بەرەو ، مۆسکۆ، پاشان تاران و دواتریش بەرەو سەقز و دوا قۆناخ لە زەڵێ،بە ئامادەبوونی سەدان پێشمەرگە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و هاوبیران، تەرمەکەیمان بە خاکی پیرۆزی کوردستانمان سپارد.
هەر کە گەشتمە بارەگای پاسۆک لە نۆکان، بە دیداری چەند هاوبیرێکی خۆشەویستم شاد بوومەوە.یەکێ لەوانە هاوبیر ئامانجی ناسراو بە مام برایم بوو.
بارەگای سەرکردایەتی  پاسۆک  لە نۆکان، نێزیکی  بارەگای لایەنەکانی تری بەرەی کوردستانی،بە تایبەت ی.ن.ک بوو.هەردوو ئەفسەری تێکۆشەر و ونناوی کوردایەتی کاک کەریم سەلام و کاک شوان،سەرپەرشتی نێزیکی ٢٥ پێشمەرگەیەکیان دەکرد...مامۆستا ئەحمەد هەردیش،ئەوکات برا گەورە و لە جێی سکرتێری پاسۆک بوو،لە سەقز دادەنیشت. هاوبیر جوامێر و رێبین هەردی و چەندانێکی تر،سەرپەرشتی دەزگای راگەیاندنیان دەکرد...هاوبیر دلێر و حسین جاف ، بەرپرسی ریکخستن بوون و مام برایم فەرماندەی پێشمەرگەکان بوو. قۆناخەکە،بە نائومێدی و رۆژانی سەخت ناوی دەرکرد بوو. ژیانی پێشمەرگایەتی لەوپەڕی سەختی و دژواریدا بوو. کارەساتی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفال و راگوێزان و کاولکاریی رژێمی بەعس گەیشتبووە،ترۆپکی تاوانکاری.. ئەو رۆژانە، شاری قەلادزێی خۆشەویست رادەگوێزرا و کاولدەکرا.. 
پاش بە ڕێوەبردنی دابونەریتی پرسەی کاک ئازاد و کەمبوونەوەی میوانەکان، دوای ٤ ـ٥ رۆژێک پێشنیازی سەردانێکی گڵکۆکەی کاک ئازادم کرد و هاوبیران کاک کەریمی هەمیشە زیندوو، مام برایمی هەرگیز نەمر، هاوبیر ئاسۆس هەردی وهاوبیر دلێر چاوشین و  هاوبیر فەرەیدون قازی و بەندە،بەرەو زەڵێ ، کە نێزیکی دەمژمێری نەرمەڕێ بوو،کەوتینە رێ...لە کاتی رۆشتندا،هەرجارەی لە یەکێ لەو هاوبیرانە  نێزیک دەبوومەوە و شانبەشانی یەکتر دەڕۆیشتین... پێم وابێ،دوای کاک کەریم، زۆرترین کاتم لەتەک مام برایمدا بەسەر برد. 
باسی گەلەک شتمانمان کرد،لەوانە:  گەرەکی ئیبراهیم پاشا و سەردەمی خوێندن و هاورێیانی ئەو رۆژگارە و ئەوجا هەلومەرجی پێشمەرگایەتی و بارودۆخی پاسۆک و پێوەندیی بە رێکخستنەکانی نێو شارەکان و حیزبە کوردستانییەکانەوە و هتد... زۆری نەخایاند دەرگای دڵی خستە سەرپشت و گەڕایەوە سەر زاتی خۆیی و ئەو ئەوینەی پێوەی دەناڵاند...منیش وەک مشتەرییەکی بە پەرۆش گوێم بۆ قسەکانی  راگرتبوو.
هاوبیر ئامانج، پێشمەرگەیەکی بە وورە بوو،خاوەنی باوەڕێکی پۆڵایین بوو،لەگەڵ ئەوەشدا چەند جارێک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ،لە ئێستادا، لەبەر کاک کەریم و بۆ پاسۆک ماوەتەوە ،دەنا هێجگار بێزارە لە هەندێ شت. تا خودا حەز بکات کەسێکی  دڵی ناسک و کەم چیکەڵدانە بوو. بۆیەکا منیش بە نەخشی خۆم هەوڵم دا ئارامی بکەمەوە.ئیدی بەمجۆرە زۆربەی کاتەکانمان پێکەوە بەسەر دەبرد.دوای چەند رۆژێک لەتەک کۆمەڵێ هاوبیردا و بە رێبەڕێتی مام برایم سەردانی ئەو گوند و رەشماڵانەمان دەکرد،کە لە دەوروبەری نۆکان بوون و ساتەوەختێکی پڕ لە ئازار و دڵتەنگیمان لە نێو ژیانی پڕ لە کولەمەرگی  دانیشتوان و ئاوارەکانی  دەڤەرەکەدا بەسەر برد.بەڵام دیسان سەردانەکەمان، هەم بۆ ئێمە مایەی خۆشییەک بوو،هەمیش لای ئەوان جێی سەبووریی و ئارامییەک بوو.
لەو گەڕانەوەیەدا،نێزیکی ٤ هەفتە لە نێو هاوبیران و پێشمەرگە دڵسۆزەکانی پاسۆکدا مامەوە. گەلەک میوانی جۆراوجۆر هاتن بۆ لامان، لێ لەتەک دووان لەوانە ،گیانبەختکردووی رەوانشاد یوسفە لچە و کاکە بەهادینە قەڵەوی برازای عەباس ئەبوشواربی کەبابچی،کە هەر بە ڕێکەوت هاوڕێی خۆشەویستم بوو،سات و کاتی زۆر خۆشمان بەقسەی خۆش و نوکتە و بەسەرهاتەکانی یوسفی خێرنەدیو و کاکەبەهادین باسی کەتنەکانی خۆی لەگەڵ مامە عەباسدا بەسەر برد. گەر بە هەڵەشدا نەچم بەها قەڵەو چەندجارێک بە گووتنی گۆرانییەکانی مامۆستا ساڵح دیلان ،دیدارەکانی خۆشتر دەکرد...رەوانشادی هەمیشە لە یادنەچوو کاک کەریمیش بەقسە و تەعلیقێکی خۆش،جارەوەجار هەموانی دەهێنایە پێکەنین..کاک کەریم زۆر سەری دەکردە سەر یوسف و بەهادین و ئەوانیش بە هەر جوێن و قسەیەکی کاک کەریم شاگەشکە دەبوون.  ئەم دوانە ،لەبەر ئەوەی خەرجییان زۆربوو، بە پاسۆک  بەخێو نەدەکران و ناچار چووبونە نێو پارتی و سۆشیالیستەوە  . جێی خۆیەتی ئاماژە بە قسە و هەڵوێستێکی کاک یوسفە لچە بدەم... ئەو رۆژانە رژێمی بەعس،بڕیاری لێبووردنی دا بوو. کاتێ ئەم هەواڵەیان بە یوسف راگەیاند،یەکەوراست هاتە قسە و گوتی: دایکم بکەن بە پاشای کوێت،ناچمەوە لای بەعس و سەدام.
ئا لە هەموو ساتە پڕ لە جۆش و خرۆشەدا، مام برایم وەک پەپوولەیەکی رۆحسووک دەهات و دەچوو.کاروباری پێشمەرگەیی خۆیی و هاوبیرانی رادەپەڕاند و بەردەوام لە خزمەتی میوانەکانیشدا بوو.
 هەرجارێ سەرنجم لێ بدایە،یان لە تەنیشتمەوە بوایە بۆنی هەناسەیەم دەکرد،دەمزانی لە ناخڕا بە ئەڤینەکەوە سووتاوە.وەختێ نیگامان لە یەکتر یەکانگیر دەبوو،بزەیەکی کورت دەهاتە سەر رووخساری پانوبەرینی.بە تایبەت قژی پێشی سەری رووتابووە،کەلە و رووخساری قەبەتر و پانتر دەینواند. 
ئەو دردەدەی ئەو سەختی و ناخۆشییەکەی لەوەدا بوو،کەس هیچی بۆ ئەو پێ نەدەکرا. مەل و باڵندەش نەیاندەتوانی بەسانایی ببنە قاسید و پەیامی کەس بە کەس بگەێنن.ئاخر لەو داماوییە و لە نێو ئەو دۆڵ و چەم و شاخانەدا،لە نۆکان،کە تەنیا خۆر و ئەستێرەی ئاسمانمان  لێ دیار بوو،هەموو کەوتبووین بەسەر کۆستی شیرینی کاک ئازاد دا و بیر لە چارەنووسی پاسۆک و کورد دەکرایەوە، ئیدی کێ دەیتوانێ دەرمانی خەمێکی وا قووڵی دڵی مام برایم بکات...بە دڵنیاییەوە کەس.
بەر لە گەڕانەوە،قەمسەڵەیەکی سەوزی سەربازیم لەبەردابوو،دام بە مام برایم بەدیاری . بە چرپەیەکیش داخوازییەکی لێکردم!! گفتم دایە بۆی جێبەجێ بکەم..زۆر بەداخەوە ئەمەم بۆ نەکرا،چونکە گەیاندنی ئەو شتە، لە رێی ئێرانەوە، بەدەستی مام برایم، زۆر مەحاڵ بوو.
زۆری نەبرد، راپەڕینی ١٩٩١ سەری هەڵدا و ئەویش لەتەک هاوبیرانی پاسۆک و لایەنەکانی تری بەرەی کوردستانیدا،قارەمانانە و دڵسۆزانە بەشداریی لە ئازادکردنی شآر و شارۆچکەکسانی کوردستاندا کرد.
هاتنەدی ئەم ئاواتە بەرزە،زۆری نەخایاند و کۆرەوی ملیۆنەها خەڵکی کوردستان لە ترسی شاڵاوی دڕندانەی بەعس و موجاهیدی خەلق دەستی پێکرد... هاوبیر ئامانج و دەستەیەک پێشمەرگە ی پاسۆک و یەکێتی لە بناری چیای ئەزمەڕ، سەنگەریان لە هێزەکانی داگیرکەر گرد و پاشەکشەیان بە پێشرەوییان کرد.لەم داستانەدا،مام برایم ، ئەوپەڕی قارەمانێتی نواند و جوامێرانە زەبریان لە دوژمن وەشاند.هاوبیر ئامانج ئەمەندە لێوەشاوانە بەرگری کرد،لە لایەن سەرکردایەتی بەرەی کوردستانییەوە لەتەک هاوبیرەکانی تردا خەڵات و پاداشت کران.
ئەم رۆڵە قارەمانە ،بە دەیان داستانی شەر و مەفرەزەکردن و چالاکی نهێنی نێو شاردا،بە سڵامەتی دەرباز بوو،کەچی لە بەختی کەچی بنەماڵە و پاسۆک و کورد دا،بە رووداوی ئۆتۆمبیل،کارەساتێکی یەکجار دڵتەزێن و ناخۆش،لە ناوچەی شارباژێر ،ئەو گیان و جەستە و باوەڕەی تەرخانی رێی ئازادی و سەربەخۆیی کورد و کوردستانی کرد بوو، بەخشی. ئا بەم جۆرە هاوبیرێکی دڵسۆز و رۆڵەیەکی بە ئەمەکی کوردایەتی بۆ دواجار پاسۆک و کورد وهاوبیران و کەسوکاری جێهێشت...
هاوبیرە هێژاکەم، رەوانشاد  بیت و گڵکۆت پڕ لە گوڵاو و رووناکی بێت .سڵاو لە یادت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە