د. ستار عوسمان: بۆ سایتى كۆردستان پۆستى بەڕێز

Sunday, 14/06/2009, 12:00

3651 بینراوە


وەڵامى ئەو بابەتەى كە لە ژێر ناونیشانى گەندەڵ (د. ستار عوسمان) لە سایتەكەتان بڵاوتان كردبۆوە

لە سایتەكەتاندا بابەبتێكتان لە ژێر ناونیشانى گەندەڵ (د. ستار عوسمان) ڕاگرى پەیمانگەى گەشت و گوزار بڵاوكردۆتەوە لە نوسینى كەسێك بە ناوى خوازراوى (بەشى فیزیك) بە پێویستم زانى كە بە كورتى وەڵامى نوسینەكانى ئەم نوسەرە بەڕێزە بدەمەوە تا خوێنەرانى بەڕێزى سایتەكەتان لە ڕاستیەكان بگەن و بزانن ئەم بەڕێزە چەند بێویژدانانەو حاقیدانە ئەم نوسینەى بڵاوكردۆتەوە كە مەبەست لێى تەنها بریندار كردن و لەكەدار كردن و شێواندنى كەسایەتى منە كە لەوانەیە بۆ ئەوە هۆكارى خۆى هەبێت و لە زۆر ڕێگەى تریشەوە هەوڵى ترى دابێت بەڵام لەبەر ئەوەى هەم ئەویان ناسیوەو هەم منیشیان ناسیوە نەكەوتونەتە ژێر كاریگەرى هزر و داخ لە دڵیەكەى كە لە خوارەوە هەوڵ دەدەم ڕوون كردنەوەیان لەسەر بدەم.
ناونیشانى نوسینەكەى زۆر سەرنج ڕاكێشە كە بە گەندەڵ ناوى بردووم ، دەبێ لەم بەڕێزە بپرسم بە كێ و لەبەر چى بەكەسێك دەوترێت گەندەڵ؟ من وەك كەسایەتیەك كە مامۆستاى زانكۆم و پۆستى ڕاگرایەتى پەیمانگەیەكم پێسپێردراوە و پێگەیەكى حزبیشم لە ناو ڕیزەكانى پارتى دیموكراتى كوردستان هەیە لە كام لەو پێگانەم گەندەڵیم هەیە تا ئەو بەڕێزە بەو بێویژدانیە ئەو ناوەمان لێبنێت؟
(أ) : وەك مامۆستایەكى زانكۆ من كە زیاتر لە پانزە ساڵە مامۆستاى زانكۆم و لەو ماوەیەدا چەندین بابەتى جۆرا و جۆرم بە قوتابیانى بەكالۆریۆس و دبلۆمى باڵا و ماستەر ووتوە لە چیدا گەندەڵ بووم و بە كامە مامۆستاى زانكۆ دەووترێت گەندەڵ؟؟؟ بە یەكێك دەووترێت گەندەڵ كە یەكێك لەم سیفەتانەى خوارەوەى تێدا بێت:
1- ئەگەر ئەو مامۆستایە تواناى زانستى لاواز بێت و كاتەكانى محازەرەكەى بە قسەى لابەلا بەڕێبكات و ئەو ئەركە زانستیەى لەسەر شانیەتى بە ئەمانەتەوە جێبەجێى نەكات.
2- ئەگەر ئەو مامۆستایە بە ناشەرعى و ناڕەوا قوتابى دەربچێنێت و جیاوازى لە نێوان قوتابیەكانیدا بكات لە ڕووى (ڕەگەز و ناوچەگەرى و حزبایەتیەوە) و بە واستە و مەحسوبیەت مامەڵە لەگەڵ قوتابیەكانیدا بكات.
لەو بەڕێزە دەپرسم كام لەو سیفەتانەى سەرەوە لە مندا بونیان هەیە ؟؟؟ تا بەو بێ ویژدانیە بە گەندەڵمان لەقەڵەم بدەیت یان دەڵێن ئەگەر پێم نەڵێت پێت دەڵێم!!!!!!!! بۆ ڕاستى جدیەت و دڵسۆزیم لە كارى مامۆستایەتى و تواناى زانستى و چونیەتى مامەڵەم لەگەڵ قوتابیان، با قوتابی و مامۆستا بەڕێزەكانى بەشى فیزیك گەواهیدەرى ئەم ڕاستیەبن.
(ب) : وەك ڕاگرى پەیمانگەى گەشت و گوزار
كاتێك بە كەسێكى باڵادەستى وك ڕاگر یان هەر پۆستێكى ترى كارگێڕى دەوترێت گەندەڵ كە یەكێك لەم سیفەتانەى خوارەوەى تێدا بێت:
1- ئەگەر هەوڵبدات زۆربەى خزم و كەسانى خۆى لە فەرمانگەكەى خۆى دابمەرێنێت و پلە و پایەی ناشەرعى و نایاساییان پێبدات.
2- ئەگەر هەوڵبدات بەهۆى پێگەكەیەوە هەرچى نایاسایى و ناشەرعى هەیە بۆ خۆى بكات و بە خەڵكى تریشى ڕەوا نەبینێت و لەسەر بنەماى مەحسوبیەت و مەنسوبیەت جیاوازى بكات لە مامەڵەكردنى لەگەڵ ئەو فەرمانبەرانەى كاریان لەگەڵدا دەكات
3- ئەگەر هەوڵبدات ئەو دارایەى لە بندەستیەتى بۆخۆى و كەس و كارى و بە ڕێگەى ناشەرعى و ناڕەوا بەهەدەر بدات و دزى و ناپاكى بكات لە چۆنیەتى خەرج كردنیدا.
4- ئەگەر بە حوكمى پێگە كارگێڕیكەى هەوڵى بەدڕەوشتى و داوێن پیسى بدات لەگەڵ ئەو بەڕێزانەى كاریان لەكەڵ دەكات یان هەتا لە دەرەوەى فەرمانگەى خۆیشیدا.
5- ئەگەر ئەوە بەخۆى ڕەوا ببینێت كە ئەو پۆستەى پێسپێردراوە، بەڵام هەوڵى قوڵكردنەوەى هەستى نەتەوایەتى و بەرپرسیاریەتى لاى ئەو كەسانەى ئەو لێیان بەرپرسە نەدات و خوانەخواستە ڕێگر ى و یاساغى ئەم جۆرە كارانە بكات.
بۆ ئەمشیان با سەرجەم قوتابى و فەرمانبەر و مامۆستایانى بەڕێزى پەیمانگەكەم گەواهیدەرى دەستپاكى و ڕەوشت بەرزى و جدیەتى من بن لە بەڕێوەبردنى كارەكانمدا . وە لە كاكى نوسەریش دەپرسم ئەرێ برا كام لەم سیفەتانەى سەرەوە لەمندا بونى هەیە؟؟؟؟ تا بەمن بڵێى گەندەڵ !! ئەگەر خۆت بۆگەنت نەكردووە لە گەندەڵیدا؟؟؟؟؟
(ج) : وەك كەسایەتى حزبى (كادری پ. د. ك)
من كە بە شانازیەوە كادیرێكى پێشكەوتووى پارتى دیموكراتى كوردستانم و بە ویستى خۆم و دوور لەوەى كە بۆ مەبەستى بەدەستهێنانى بەرژەوەندى شەخێى پارتایەتیم كردووە و هەموو حزبایەتیەكەشم پڕاو پڕ بووە لە لە هەوڵى بەرزكردنەوەى هەستى نەتەوایەتى و باوەڕ بە خۆبوون و ئامادەیى قورباندان لە پێناو نیشتیمان و خاكەكەم و هەمیشەش دڕدۆنگى كەسانى هەلپەرست و كۆنە ڕفیق حزبى و بەدڕەوشت و گەندەڵ بووم، پێمان ناڵێیت كام لەم سیفەتانەى خوارەوەم تێدایە تا جەنابتان بە گەندەڵمان ناوزەرد بكەیت:
1- ئایا حزبایەتیم لە پێناو بەدەستهێنانى بەرژەوەندی خۆمدا كردووە ؟ كە ئەوەى لە نزیكەوە دەمناسێت چاك دەزانێت كە من لە خێزانیكى هەژارى كورد پەروەر پەروەردەكراوم و لە پێناو كورد و كوردستانیشدا دەیان شەهید و ئەنفال و قوربانیمان داوە لەكەس نزیكەكانى خۆم و لە ڕیزى سەرجەم حزبە كوردستانیە تێكۆشەرەكاندا.
2- بۆیە پێمان دەڵێى گەندەڵ چونكە هەمیشە و بە پێى ئەو پێگە حزبیەى هەم بووە ڕێگرێكى توند و سەرسەختى ئەو كەسە بودەڵانە بووم كە (ڕەفیق حزبى و بەدڕەوشت و دز) بوون ، یان لەبەر ئەوەى دژى ئەو كەسە گەندەڵانە بووم كە بە ناحەق و بە سوود وەرگرتن لە ئەندامیەتى حزب و ماستاو چیەتى هەوڵى وەرگرتنى پۆست و پلەى كارگێرى و بڕوانامەى زانستی باڵایان داوەو بێتوانا بوون لە ڕووى زانستیەوە؟؟؟
3- بۆیە گەندەڵم چونكە لە كارى حزبایەتیمدا لەگەڵ نەیارەكانى حزبەكەشمدا ئەگەر خەڵكى ڕابردوو پاك و كوردپەروەر و بە توانا بووبن ڕێزى زیاترم لێگرتوون وەك لەو كەسانەى كە ئەو سیفەتانەى تێدا نەبووە و بۆ مەرامێكى تایبەتى خۆیان لە حزبەكەى مندا كاریان كردووە ؟
لەوە دڵنیام كە جەنابت یەكێكى لەو كەسانەى كە لەسەرەوە ئاماژەم بە ڕەفتارەكانت كردووە و خۆشت باش خۆت دەناسى! وە ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایانە من گەندەڵبم شانازی پێوەدەكەم. ئەگەر ڕاستیش دەكەیت ناوى خۆت ئاشكرا بكە تا زیاتر و ڕوونتر قسەت لەگەڵدا بكەم نەك بەو ناوە وەهمیەوە هەولى هەڵڕشتنى ڕق و كینە گڵاوەكانت بیت!
كاكى بە ناو نوسەر باس لەوە دەكات كە گوایە من بە ماستاوچیەتى و سیخوڕى بۆ بنەماڵەى سەربەرزى بارزانى بڕوانامەى ماستەر و دكتۆرام بەدەست هێناوەو بوومەتە مامۆستاى زانكۆ كەمەبەستیەتى بە كەسێكى نازانستى و بێتواناو لێنەهاتوومان لەقەڵەم بدات بێ ئەوەى یەك توزقاڵ ویژدانى ئازارى بدات خۆى لەهەموو ئەو ڕاستیانە ببوێرێت كە بەناچارى لەخوارەوە ئاماژەیان پێدەكەم.
لەو دۆستە نزیكەى خۆم دەپرسم (بۆیە دەڵێم دۆست چونكە لە نوسینەكەیدا دەڵێ من ناحەزى نیم و تەنها ڕاستى دەڵێم)، ئەوەى نوسیوتە جگەلەوەى كە ئەوپەڕى داخ لەدڵى و دەروون ڕەشى وبەدڕەوشتى تۆ و بریندار و لەكەدار كردنى من نەبێت چى تر نیشان دەدات و بەم نوسینەت كام خزمەتت پێشكەش كردووە؟
ئەگەر بەڕێزت ئەوەندە ڕاستبێژیت و پیاوێكى ئەوەندە دڵسۆزى بۆ دەبێ لەهەموو لاپەڕەكانى ژیانى مندا تەنها لاپەڕەیەك هەڵبدەیتەوە كە تیایدا پێش نزیكەى بیست ساڵ لەمەوبەر هەڵەیەكى زانستیم لە لێهاتوویى زمانى ئینگلیزیدا كردووە و باجەكەشیم بەزیادەوە داوە كە بەڕێزت و هەموو كەسیش دەزانێت كە ئەوانەى دەریشدەچن توانایەكى ئەوتۆیان نیە و ئاسانكارى و نەرمى زۆر لەو تاقى كردنەوەیەدا دەكرێت كە جەنابت لە مەشیاندا هەوڵتداوە شێواندنێكى زۆر لەسەر بابەتەكە بكەیت. لە بەڕێزت دەپرسم ئایا ئەوانەى لەو تاقى كردنەوەیە دەرچوون هەموویان بە لێهاتوویى خۆیان دەرچوون بە جەنابیشتەوە؟؟؟ وا بزانم كەسیش نیە لە ژیاندا هەڵە نەكات و لەوانەشە پاساوى هەبێت بۆ ئەو هەڵەیەى كە دەیكات یان كردوویەتى كە زۆر جاریش هۆكارى هەڵەكان یان هاوڕێى خراپ یان نەزانی یان دۆخى نالەبارى ژیان و كات و سات و جۆرى بابەتەكە ئەمانە هەموو فاكتەرن كە مرۆڤ توشى هەڵە دەكەن. بەهەر شێوەیەك بێت من ئەو هەڵەیە بە بەشێك لە ژیانى خۆم دەزانم و قەتیش لەبیرى ناكەم و كاریگەریەكانى ئەو هەڵەیەش منى بەم شێوەیەى ئەمڕۆ كە هەم پێگەیاندووە.
بەڵام دەپرسم لە كاكى نوسەر ، ئەرێ بەڕێزت كە ناحەزى من نیت و ئەوەندەش بەدواى ڕاستیدا وێڵى ئەى بۆچى ئاماژەیەكیشت بەوەنەدەكرد كە من دەرچووى ساڵى (1990- 1991) بە تێكڕاى نمرەى (86،36) هەشتاو شەش و لە سەدا سى وشەش و یەكەمى سەر بەشى فیزیك و یەكەمى سەر سەرجەم بەشە زانستیەكانى كۆلیژى پەروەردە بووم ؟؟ ئێ خۆ ئەمەش ڕاستیە ئەگەر جەنابت ناحەز و دوژمن نیت ؟؟؟
یان بۆ ئاماژەت بەوە نەدەكرد كە من بە لێهاتووى و تواناى زانستى خۆم لە خوێندنى باڵاى ماستەر و دكتۆرا وەرگیراوم و نەك بە ناحەق و ناڕەوا سەپێنرابم هەروەك زۆرێك لەوانەى لە ڕابردوودا بە بێتوانایى زانستى وەرگیراون و بونەتە مامۆستاى زانكۆ،جەنابت باش دەزانى كە من لە خوێندنى ماستەریشدا هەر یەكەمى سەر وەجبەكەى خۆم بووم و تەنها من لە خولى یەكەمى هەردوو كۆرسەكە دەرچووم كە ژمارەمان چوار قوتابى بوو (لەگەڵ ئەوپەڕى حورمەتم مەبەستم ئەوە نیە لە تواناى هاوڕێكانم كەم بكەمەوە).
هەروەها لە دكتۆراش هەردوو كۆرسى خوێندن و تاقى كردنەوەى گشتى (امتحان شامل) و گفتوگۆى تێزى دكتۆراكەم هەموویانم بە پلەى نایاب (امتیاز) تەواو كردووە، بەڵگەى هەموو ئەم نوسینانەشم لە بەشى فیزیك - كۆلیژى زانستى زانكۆى سەلاحەدین دەست دەكەون و جەنابیشت ئەم ڕاستیانە باش دەزانیت ئەى بۆ هێندە بێویژدانانە باس لە ڕاستى دەكەیت؟؟ دیارە ئەمانە ڕاستى نین !!! یان عەقل و مێشكى بۆگەنى كەسانى وەك ئێوەى هیچ لەباردانەبوو لە ئاست شتە جوانەكاندا قفڵ كراوە!ئەى بۆ ئاماژەت بەوە نەكردووەكە نازناوى زانستیم (پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر)ە خۆ ئەمەش هەر ڕاستیە ؟؟ تۆ بڵێى كەس هەبێت باوەڕت پێبكات كەئەم هەموو نمرە بەرز و سەركەوتنانەى لە بوارى زانستیدا بەدەستم هێناون هەموویم هەر بە ناشەرعى و نایاسایى بەدەست هێنابێت؟؟
لە لایەكى تریشەوە بەڕێزت باش ئاگات لەوەیە كە من لە ماوەى ساڵانى (2000 بۆ 2003) پۆستى یاریدەدەرى راگر و تۆماركارى كۆلیژى پەروەردەم پێسپێردرابوو ، ئایا لەو ماوەیەدا و پێش ئەوەى ببمەوە بە قوتابى دكتۆرا لە بەڕێوەبردنى ئەو دوو پۆستەدا لە چ شتێكدا وەك نمونە دەتوانیت پێمان بڵێت كە من گەندەڵ بووم ؟
لەگەڵ ئەوەى چاوەڕوانى نوسینى لەو خراپتر لە تۆ و هاوشێوەكانت دەكەم بەڵام دڵنیا بن بەرى خۆر بە بێژنگ ناگیرێت و ئەم نوسینانە زیاتر گوڕ و جۆش دەدەن بەمن كە كارى باشترو سەركەوتنى زیاتر لە بەڕێوەبردنى كارى ڕۆژانەمدا بكەم و ئەوانەى من دەناسن و كارم لەگەڵدا دەكەن دەزانن تۆ لە كەسێكى داخ لەدڵ و ناحەز و بودەڵە زیاتر هیچ نیت.
چاكیش دەزانم تۆو هاوشێوەكانت چاوتان بەوە هەڵنایەت كە من لە ئاستى زانستى و كاگێڕى و كوردایەتیش زۆر لەئێوە بە تواناترم و ناتوانن ڕووبەڕوو بەرامبەرم ڕابوەستن و پێشتریش دەیان و سەدان پیلانى نەگریسانەى ترتان داڕشتووە بۆ ئەوەى گرفتم بۆ دروست بكەن ڕەوڕەوەى پێشكەوتنى ژیانم ڕابگرن ،بەڵام لەبەر ئەوەى لەسەر بنەماى پوچ كارتان كردووە و دەیكەن هەمیشە مایە پوچ بوون بۆیە ئەمجارە پەناتان بۆ سایتى ڕۆژنامەكان بردووە.
لە كۆتاییشدا داواى لێبوردنم لە خوێنەرانى بەڕێز دەكەم كە بەم شێوەیە وەڵامەكەم نوسیوە كە تیایدا بە ناچارى باسى توانازانستیەكانى خۆمم كردووە (كە پێم وایە نەنگیە مرۆڤ خۆى وەسفى خۆى بكات)، بەڵام تەنها مەبەستم ئەوە بووە هەموو لایەنەكانى ژیانى خۆم بەدەر بخەم تا خوێنەرى بەڕێز خۆى بە ویژدانى خۆى ڕاستیەكان هەڵبسەنگێنێت و داواشم لە سایتى ڕۆژنامە بەڕێزەكەتان هەیە پێش بڵاوكردنەوەى هەر بابەتێك باشترە دراسەتێكى بكەن نەك بەوهەڕەمەكیە خەڵكى ناشیرین و بریندار بكەن چونكە پێم وایە كارى ڕۆژنامەگەرى زۆر كارێكى هەستیارە و دەبێت ڕاستگۆیی و خزمەتكردن ئامانجى كاركردنى بێت لە پێناو باشتر و باشتر خزمەت گەیاندن نەك پێچەوانەكەى.
ئەگەر ئەم بەڕێزەش ڕاستبێژ و حەق بێژە و زۆر حاقد و داخ لە دڵ نیە با ناوى خۆى ئاشكرا بكات تا بتوانم زیاتر لەسەرى بدوێم نەك لە پشتى پەردەوە خۆى حەشار بدات و خەڵكى ناشیرین بكات

د. ستار عوسمان حسن
13 \ 6 \ 2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە