هونەر کە بێ بەها کرا مرۆڤبوونیش بەهای نامێنێت

Monday, 29/12/2014, 12:00

5116 بینراوە


















هاوڕێیەکم کە نیشتەجێی یەکێکە لە ووڵاتەکانی ئەوروپا بەسەردان گەڕابۆوە نیشتمان، ڕۆژێک لە سلێمانی لەگەڵ ژنە ئەوروپییەکەیدا رێگایان دەکەوێتە پارکی ئازادیی و سەردانی پەیکەرە باڵاکورتەکانیش دەکەن، کە بەسپۆنسەری قەیوان گروپ و کۆمپانیاکانی تر دروستکراون، هاوڕێکەم ووتی:
چونکە خێزانەکەم سەرگەرمی ژەندنی ئالەتی موسیکە لەبەردەم پەیکەری کاروان عوسماندا هەڵوێستەیەکی کرد و ووتی:
- پێم خۆشە لای ئەم پەیکەرەوە وێنەیەک بگرم.
هاوڕێکەم ووتی: منیش لەوەو پێش لەسەر ئەم پەیکەرانە، بەتایبەت ئەمەی کاروان عوسمان چەند نووسینێکم و خوێندبووەوە، بۆیە ویستم لە بیری ببەمەوە، پێم وت:
- با جارێ تەماشای ئەوانی تر بکەین ووو .. پێویستیش ناکات لێرەدا وێنە بگریت!
چەند قسە و بیانوویەکی ترم بۆ هێنایەوە، تا لە بیری ببەمەوە، ئەو لەمە سەری سوڕما و کەوتە پرسیارکردن!
منیش پێم وت:
- ئاخر باشترە ئەو وێنەیە نەگریت!
لێی پرسیم:
- ئەوە چی دەڵێێت؟ بۆچی ناتەوێت وێنەی لە پاڵدا بگرم؟ بۆچی ئەم کەسە کێیە؟ ئایا گیتارژەنێکی ناوداری ئەم شارە نییە؟
منیش وەڵامم دایەوە و ووتم:
- گۆرانیبێژ بووە، بەڵام بەهەڵە پەیکەری بۆ کراوە؟
بەسەرسوڕمانەوە پرسییەوە:
- بەهەڵە؟ یانی چی؟ بۆچی هێشتا لە ژیاندا ماوە؟
وەڵامم دایەوە:
- لەژیاندا نەماوە، بەڵام کەسێکی کوشتووە!
- کەسێک کوشتووە؟!
- بەڵێ هاوڕێیەکی خۆی دەکوژێت، ئەو کاتەش حکومەتی سەددام لە زینداندا دەیکوژنەوە.

ئیتر خێزانەکەم وەک جامێک ئاوی ساردی بەسەردا بکەیت، ساردبوویەوە و پرسی:
- بۆ لێرە پەیکەریش بۆ پیاوکوژ دەکەن؟ ئەی بۆچی لەباتی ئەم گیتارە تفەنگێکیان نەداوەتە دەستی؟
دەست بۆ حەپسەخانی نەقیبیش ڕادەکێشێ دەڵێ:
- ئەی ئەم ژنە کێی کوشتوە؟
- نا ئەمەیان جوانترین ژنی سەردەمی خۆی بووە، لە پێش کاتی خۆیەوە لەدایک بووە، داوای کردووە کچ بچێتە قوتابخانە و پەچە و عەبا فڕێ بدات، بۆ خۆشی قوتابخانەی دروست کردووە تا کچان تیا بخوێنن.
ژنەکەم ڕووی تێکردم و وتی:
- سەیرە کە دەبینم ئەم دوو پەیکەرە لەیەک جێگادا دانراون؟ ئیتر وتی:
- با بڕۆین...
بە دوایدا باخەکەمان جێ هێشت، کە دەگەڕاینەوە بۆ ماڵێ، تا ماوەی چەند کاتژمێرێک لە ماڵەوە بێدەنگ بوو، قسەی نەدەکرد! لەم رۆژانەدا پێێ وتم: بۆ ئەو نیشتمانەی ئێوە درەنگە، مادام کار گەیشتۆتە ئەوەی سووکایەتی بە پەیکەر و هونەر و موسیک دەکرێت، دەبێت شۆڕشێکی تیا بەرپابکرێت، دەنا ئەو میللەتە بەرەو شێتخانە، یان رەوانەی جەنگەڵسانیان بکەیت، تا لەگەڵ ئاژەڵدا بژیین، هونەر بەشێکە لە جوانی سروشت، کە بێ بەها کرا مرۆڤبوونیش بەهای نامێنێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە