لە شیوەنی فازڵ ڕەسول دا

Saturday, 10/07/2010, 12:00

2216 بینراوە


نوسینی: ئەحمەد بن بللا (*)
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە: عەلی سیرینی
مەینەتی خانەوادەی گۆڤاری "ئەلحیوار" گەورە و بەئازارە. فازڵ ڕەسول سەرنووسەرو هەڵگری هزرەكەی بەدەستێكی غەدر ڕادەستی مردن كرا. مەینەتییەكی گەورەشە، بۆ خانەوادەی فازڵ و ئەندامانی گۆڤار و خوێنەرانیش، هەروەها بۆ هەموو ئەو كەسانەی چاویان كەوتبوو بەلێكۆڵینەوەكانی، كە دەیانزانی چەند بەنرخ و بایەخن، ئنجا بۆ هەر كەسێك ئەوی ناسیبێت لە دوور و نزیكەوە، نەیتوانیوە فازڵی خۆش نەوێت.
فازڵ هێمای بەرجەستەبوونی ئەو ناونیشانە بوو كە گۆڤارەكەی هەڵیگرتووە. گۆڤارەكەی خۆی كە لەئێمە زیاتر بەپەرۆشتر بوو بۆی، چونكە پێش هەموو شتێك فازڵ پیاوی گفتوگۆكردن بوو، جگە لەوەی كە خاوەنی ڕۆشنبیرییەكی هەمە جۆر و فراوان بوو.
ئەم پیاوە كە چركەیەك دوو دڵ نەبوو، بۆ بەرگریكردن لەبەهاكانی ئازادی و كەرامەت، لەهەمان كاتیشدا، لەبەرزترین پلەی بەرزی ئەخلاقدا، پیاوێكی كراوەو بێناز و فیز، مرۆڤدۆست و چاكەخوازبوو. ئەمانە چەپكە گوڵێكن لەو چەپكە گوڵانەی بۆنی گوڵاوی ئەخلاقی فازڵیان لێدێت، ئەو گوڵاوەی ئیتر بۆنەكەی لەمێشكت دەرناچێت لەو چركەوە كەلێی نزیك بوویتەوە. فازڵ، هەموو ئەو چەپكە گوڵانەی ئەخلاقی بە گوڵاو و بۆنخۆش دەكرد. ئا ئەمە ڕێك هەستی ئێمە بوو كە لەنزیكەوە فازڵمان ناسیوە، هەر كاتێك بیرمان بۆ لای ئەو چووبێت یان ئەو بیری ئێمەی بۆ لای خۆی ڕاكێشابێت.
بەڵام وادیارە، لەپشت پەردەوە دەستێكی ناپاك و تاوانبار، پلانی تیرۆركردنی فازڵی داڕشتووە و، زاتی كردووە لەڕۆژی لێبوردەیی و گەردن ئازایی، كە ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزە، ئەم پلانە جێبەجێ بكات. فازڵ لەیەكەم ڕۆژی جەژنی قورباندا، خانەوادە و دۆست و ئازیزانی خۆی جێهێشت، بۆ ئەوەی بەشداری گفتوگۆو ئاشتبوونەوە بكات، كە دەكرا هیواو ئاشتی بۆ برا كوردەكانی خۆی ببات بەدیاری بۆ ئەو خاكە گەوزاوەی لەخوێن، كە تیایدا فازڵ چاوی بەدونیا هەڵێنا، ئەو خاكەی بووەتە بەشێك لەبوون و ویژدانی ئێمە.
ڕاستیەكەی، كوشتنی فازڵ، زۆر بەقووڵی كارەساتی ئێمە بەرجەستە دەكات. چونكە پیاوانی خاوەن ڕەوشت بەرز، لەو پانتاییانەی كە میللەتانی ئێمەی تیادا دەژیێت، حەز بەدیتن و هەست بەبوونیان ناكرێت. ئەم جوامێرانە هیچ ئەلتەرناتیڤێكی تریان نییە، جگە لە مل نانەڕێ بەرەو ئاسۆیەكی دوورترو خۆشاردنەوە. هەتا لەگەڵ ئەمەش، تەنانەت لەوان پایتەختە دوورانەش، هەمەجیەت پەل دەهاوێژێت بۆ لەئەرزدانی پیاوچاكان. لە ڤییەننا، ئەم شارە جوانە كە ببووە وێستگەی ئاشتی بۆ ئەوو، كەسانی وەك ئەوو خەڵكی تریش، فازڵ پەنای بۆ هێنا، بۆ پراكتیزەكردنی كاری ڕۆشنبیریی و زانستیی و، كۆششكردن لەپێناو ژیاندنەوەی پڕۆژەی شارستانییەت و ژیاری ئیسلامیی. ئنجا وەك بەروبوومێكی ئەم كۆششە دوو چاوانی "ئەلحیوار" ڕۆشناییان بینی. فازڵ، یەكەم كەس بوو هزرەكەی بەخشی و هەوڵی دابینكردنی پێداویستییەكانی دا بۆ ئەوەی بەردەوام بێت و هەناسە بدات. فازڵ بەبەردەوام هێمای ئەلحیوار بوو، بەو قەناعەت و هیواو خەونانەی كە لەخۆیدا هەڵیگرتبوون. ڕۆحێكی فیكری و تەولیفی و یەكڕیزی دەوڵمەندی بەبەر ئەم گۆڤارەدا كردبوو، كە بتوانێت بێپسانەوە لە سێ ساڵدا گەشە بكات.
بەڵێ فازڵ باوكی ڕۆحی گۆڤاری ئەلحیوارە.
چەند تەقەللای دا، بۆ ئەوەی ئەندامانی خانەوادەی ئەلحیوار لەهەوارەكانی هزردا كۆبكاتەوە. لەوكاتەی ئێمە لەدەوری فازڵ كۆبووینەوە، بۆ تاوتووكردنی ئامانج و مێتۆدەكانی جاڕدان و ڕابوونی ئەم گۆڤارە، فازڵ لەهەمان كاتدا بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەم ڕێگەیەدا، بوو بەپەیامبەری ئاشتی بۆ گەلی خۆی لەكوردستاندا. ئا لەم چركەساتەدا ماڵوێرانی ڕویدا!
ئای كە چەند ئازیزە لەسەر دڵمان ئەو ئەمانەتەی فازڵ بۆ ئێمەی جێهێشت. ئەمانەتێكی پیرۆزە لە ئەستۆمان، هیچ دوو دڵ نابین لەكۆششكردن لەپێناو پارێزگاریكردن لێی و پەرەپێدان و درێژكردنەوەی تیشكەكانی هزری و، بەرگریكردن لەبەهاكانی ئاشتی و گفتوگۆو سەربەستی و كەرامەت. ئەم بەهایانە، كە فازڵ خستنیە نێو دڵ و عەقڵیەوە، هەمیشە لە دڵ و دەروونی ئێمەو دۆستاندا، یادی ئەو بەژن و باڵایە جوانەی ئەم مرۆڤەی خۆشمانویست، ئەو سیمایە جوانە، بەزیندوویی دەهێڵێتەوە.
نەخێر. مرۆڤێكی وەك فازڵ نامرێ. ئەو جێنشینی دڵانی ئەوان كەسانەیە كە ناسیویانە، دەوڵەمەندیان دەكات و مەنزڵگەیەكیان لە یادەوەری خۆی و ئەو واتا بەرزانە پێشكەش دەكات، كە لەدوای مردنی خۆی جێیهێشت.
خوێنی بێتاوانان و پاكان، وەك خوێنی فازڵ، هاواری تۆڵە سەندنەوە ناكات، بەڵكو داوای ژیان دەكات و دەیخوازێت. گڕوتینی ژیانیش ستەم و ستەمكاران دەماڵێت و تەمەنی ئەو پلانەیان كورت دەكاتەوە كە بۆ كاری كرێت و ناڕەواو شووم دەیانكرد.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(*) یەكەم سەرۆكی وڵاتی جەزائیر و دۆستی نزیكی فازڵ ڕەسول. ئەم بابەتە لە گۆڤاری (منبر الحوار) ژمارە 14ی هاوینی 1989 بڵاو بووەتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە