RAKڕونكردنەوەیەك لە ڕەوتى ئاپۆچى كوردستان

Thursday, 21/04/2011, 12:00

1206 بینراوە


گەلى تێكۆشەرى كوردستان...
پشتیوانانى بەرژەوەندى نەتەوەیى گەلەكەمان...
ڕەوتى ئاپۆچى كوردستان، لە 4ى نیسانى 2011 دامەزراندنى خۆى وەك بزووتنەوەیەكى نەتەوەیى لە باشورى كوردستان ڕاگەیاند و لەو كاتەوە بە سەدان كەس لە ناوخۆ و دەرەوەى كوردستان پەیوەندییان كردووە بە ڕەوتەكەوە و پشتیوانى خۆیان ڕاگەیاندووە لەپێناو سەرخستنى ئەجێنداى ڕەوتەكە كە لەپێناو یەكێتى نەتەوەیى كورد و پاراستنى بەرژەوەندى گەلەكەمان خۆى ڕاگەیاندووە، هەروەها پرسیار و تێبینى زۆر ئاراستەى كۆمیتەى ڕاگەیاندنى ڕەوتەكە كراوە و ڕەنگە لاى بەشێكى هاوڵاتیان گومان لەسەر ئەجێنداى ئەم بزووتنەوەیە دروست بووبێت، بۆیە لەژێر ڕۆشنایى دەنگدانەوەى هاتنەكایەى ڕەوتى ئاپۆچى كوردستان لە باشورى كوردستان، دەستەى چالاكوانانى ڕەوتەكە بەپێویستى زانى زیاتر ڕونكردنەوە بدات بۆ گەیشتنى ناوەڕۆكى پەیام و ئەجێنداى ئەو ڕێكخستنە نەتەوەییە.
ڕەوتى ئاپۆچى كوردستان بریتى نیە لە پارتێك كە بۆ كۆمەڵێك مەرامى سیاسى و لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات هاتبێتە كایەوە، واتە ئێمە حیزبێكمان ڕانەگەیاندووە، بەڵكو ڕەوتەكەمان تەنها جوڵانەوەیەكى نەتەوەییە كە لەلایەن كۆمەڵێك چالاكوانى ئازادەوە لە باشورى كوردستان لە سۆنگەى پەرۆشیمان بۆ بەرژەوەندییەكانى گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست خۆى ڕاگەیاندووە و بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندی نیە بە هیچ لایەنێكى سیاسى و هیچ ڕێكخراو و دامەزراوەیەكى ناوخۆ و دەرەوەى كوردستان، ئەم جوڵانەوەیە هەڵقوڵاوى ناو گەلى باشورى كوردستانە و لەچوارچێوەى ئەجێندایەكى نەتەوەیى و نیشتیمانى بەپشت بەستن بە ناوەڕۆكى لێكدانەوەكانى ڕێبەر ئاپۆ كارەكانى خۆى بەڕێوەدەبات. ڕەوتى ئاپۆچى كوردستان، لە 4ى نیسان (عەبدوللا ئۆجەلان)ى وەك ڕێبەرى گەلى كورد لە هەر چوارپارچەى كوردستان ناساند و ئەو خاڵەى ڕاگەیاندنەكەى ڕەوتەكەش ڕوو بە ڕووى كۆمەڵێك تێبینى بوویەوە كە بەشێكیان پێیان وابوو مۆدێلى سەركردە پەرستى و گەڕانەوەى موقەدەسى سەركردە بەسەرچووە. بۆیە ئێمە ڕایدەگەیەنین باوەڕمان بە پەرستن و موقەدەس ڕاگرتنى سەركردەكان نیە، تەنانەت بەڕێز ئۆجەلان لە لێدوانێكدا خاڵە نەرێنییەكانى سەركردە پەرستى دەخاتەڕوو و ڕەتى دەكاتەوە. هەڵبژاردنى ئۆجەلان وەك ڕێبەرى گەلى كورد نیشانەى ئەوە نیە ئێمە مرۆڤێك بسەپێنین بەسەر گەلەكەمان، بەڵكو پێمان وایە عەبدوللا ئۆجەلان وەك ڕێبەرێك نەك سەركردەى حیزبێك، لە ساڵانى پێش دەستگیركردن و لەناو زیندانیشدا، ڕۆڵى بەرچاوى بینەوە لە درێژەدان بە خەباتى شۆڕشگێڕى گەلەكەمان و خستنەڕووى نەخشەڕێگاى چارەسەرى پرسى كورد. هەركەسێكیش بەرگرینامە و كتێبەكانى ئۆجەلانى خوێندبێتەوە ئەوا بەتەواوى نزیك بۆتەوە لە كەسایەتیەكەى و تێدەگات كە ئاپۆ بیرمەندێكى بێ وێنەیە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئاپۆچێتى بەماناى هەڵگرتنى بەرنامەى حیزبێك نایەت یاخود بە ماناى پەرستنى سەركردەیەك نایەت، بەڵكو ئاپۆچێتى چەمكێكە یاخود هێڵێكى ئایدۆلۆژییە و هەر ڕێكخراوێك دەتوانێت لە بەڕێكخستنكردنى كارەكانى بەرجەستەى بكات بەبێ ئەوەى پەیوەندى هەبێت بە حیزبێكەوە یان لایەنێكى سیاسى، واتە ئێمە خوێندنەوەمان بۆ كەسایەتى ئۆجەلان بەو شێوەیەیە و چارەسەرى پرسى كوردیش لە بەهەند وەرگرتنى ڕا و سەرنجەكانى ئۆجەلان دەبینین، پێشمانوایە گەلى كورد پێویستە هەمیشە خاوەندارى لە ڕێبەر ئاپۆ بكات، وەك ڕێبەرى نەتەوەیەك. لەلایەكى دیكەوە ئێمە لە یەكەم ڕاگەیاندندا ئاماژەمان بۆ ئەوە كرد كە ئەو ئاڵایەى ئێستا لە باشورى كوردستان بە ئاڵاى كوردستان ناسراوە گومانى زۆرى لەسەرە و ئێمە ڕەتیدەكەینەوە وەك ئاڵاى كوردستان، هەرچەندە لەگەڵ ئەوە كۆكین كە نابێت هەر لایەنێك دامەزرا بیر لە گۆڕینى ئاڵاى نەتەوەیەك بكاتەوە و پەسەندكردنى گۆڕینى ئاڵاى ئێستاى باشورى كوردستانیش ڕەنگە لاى بەشێكى گەلى باشور پەسەند نەكرێت، بەڵام ئەوە هەنگاوێكى سەرەكییە بۆ هاتنەكایەى یەكێتى نەتەوەیى كورد، چونكە پێمان وایە ئەو ئاڵایەى ئێمە باسى دەكەین تەنها لەلایەن بەشێكى كوردستانەوە بە دەستكارى كردنەوە لەلایەن پارتێكى كوردییەوە ڕاگەیەندراوە و هەربۆیەش لە باكور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواى كوردستان، گەلەكەمان دانى پێدانانێت و بە بەڵگەشەوە دەیسەلمێنین كە ئەو ئاڵایە ئاڵاى كوردستان نیە كە لە نیوەى یەكەمى سەدەى ڕابردوو هەبووە. بۆیە ڕەوتى ئاپۆچى كوردستان پێشنیار دەكات ئاڵایەكى نوێ بۆ كوردستان ڕابگەیەندرێت كە گەلى هەر چوار پارچەى كوردستان لەسەرى كۆك بن و لەو ناوەندەشدا لایەنە سیاسییەكانیش دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە دیاریكردنى. ڕەوتى ئاپۆچى لەڕێگەى پەیوەندییەكانى ئەنتەرنێت و بە تایبەتیش تۆڕى كۆمەڵایەتى فەیس بووك پەیامى زۆرى بۆ هاتووە كە هەندێك لە چالاكوانانى سیاسى و پارتە كوردییەكان، پێیانوابووە كە بەیاننامەى ڕاگەیاندنى ڕەوتى ئاپۆچى كوردستان بە زمانێكى زبر نوسراوە و پێیانوابووە نیەتێكى توندمان هەیە. ئێمە بە ئاشكرا ڕایدەگەیەنین ڕەوتى ئاپۆچى كوردستان دڵنیایى دەدات لە بەكارهێنانى زمانى زبر و توندیش دەبێت لە هەڵوێستەكانى لەپێناو پاراستنى بەرژەوەندى نەتەوەیى گەلەكەمان، چونكە پێمان وایە نەرمى نواندن لە ئاست پرسە نەتەوەیى و نیشتیمانییەكان هەڵەیەكى كوشندەیە كە هێزە سیاسییەكانى باشورى كوردستان پێوەى دەناڵێنن و بەو هۆیەشەوە چارەنوسى گەلەكەمانیان خستۆتە مەترسییەوە، ساڵانێكى زۆرە بەناوى سیاسەت و دیبلۆماسیەت مافەكانى گەلەكەمان دەدۆڕێندرێن و ئێمە ئەو هەڵانە دوبارە ناكەینەوە و زۆر بەتوندى دەوەستین دژى هەوڵەكان بۆ پاكتاو و سەركوتكردنى گەلەكەمان لە كوردستان، پێویستیشە گەلەكەمان هۆشیاربێت لە مامەڵەى نادروستى دەسەڵات، هەموو لایەكیش ئاگادار دەكەینەوە كە ڕەوتەكەمان پێى وایە دەسەڵاتى باشورى كوردستان هاوپەیمانى وەڵاتانى داگیركەرە و ئێمە متمانەمان پێى نەماوە و بە نوێنەرى گەلەكەمان نایناسین و پێمان وایە ئەو دەسەڵاتە خۆجێییە لەپێناو بەرژەوەندى حیزبایەتى خۆیان هەوڵى مانەوەیان دەدەن و زیان بە كوردستان دەگەیەنن، ئێمە وێڕاى ئەوەى هۆشدارى دەدەینە دەسەڵات لە ڕەفتارەكانى، ڕاشیدەگەیەنین خۆرى هەر دەسەڵات و هەر هێزێكى سیاسی كاتێك ئاوا دەبێت كە پشت لە گەلەكەى بكات و هەماهەنگى لەگەڵ دوژمنانى گەلەكەى بكات.
بەداخەوە چالاكوانانى ڕەوتى ئاپۆچى كوردستان، ناتوانن بەم نزیكانە ناسنامەى خۆیان ئاشكرا بكەن، لەپێناو پاراستنى جوڵانەوەكەیان، بەڵام بە شێوازى جیاواز هەوڵدەدات كە بەرنامەى كارى خۆى جێ بەجێ بكات و بانگەواز لە گەلەكەمان دەكەین پشتیوان بن بۆ ئەوەى چارەنوسى كورد لە مەترسى دووربخەینەوە و نەتەوەیى بوون هەموومان كۆبكاتەوە و یەك پارچەیى نیشتیمان بپارێزین و بەسەر ستەمكارى و پیلانى سەركوتكارى سەركەوین.

بەرخودان و سەركەوتن بۆ گەلەكەمان
ئازادى و ژیان بۆ ڕێبەرى گەلى كورد
یان ئازادى...یان ئازادى

RAKڕەوتى ئاپۆچى كوردستان
14ى نیسانى 2011
باشورى كوردستان

ئەدرەسى كۆمیتەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان:
Email: [email protected]
facebook: http://www.facebook.com/profile.php?id=100002255177815&sk=wall

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە