لە بێدەنگی هەولێردا دەسەڵات تاوانبارە یان ئۆپۆزسیۆن خەتابارە؟

Friday, 01/04/2011, 12:00

2227 بینراوە


هۆکاری نەڕوخاندنی دیواری ترس لەهەولێری پایتەختدا چەند بۆ توانای دەسەڵات دەگەڕێتەوە لە سەرکوت و خەفە کردنی دەنگە نارازییەکان، دەکرێت هێندەش بۆ شکست و بێتوانایی ئۆپۆزسیۆن و بێدەربەستییان لە خەرق کردنی ئەو دیواری ترسە هەژمار بکرێت. هەڵەیەک کە زۆربەی چاودێران تێیکەوتوون ئەوەیە کە هۆکاری سەرەکی ئەو بێدەنگییە دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی فەزایەکی ئازاد و دیموکراسی لەژێر سایەی ئیدارەی زەرددا. هەڵەی لایەنگرانی ئەو تێزە ئەوەیە کە بەسەر ئەو هەقیقەتەدا باز دەدەن کە قسە لەسەر شکاندنی بێدەنگی هەولێر دەکرێت. ئەگەر دەسەڵات لە هەوڵی خەفەکردنی هەموو دەنگێکی نارازی و جیاوازی لە هەولێر و بادیناندا نەبوایە، چ پێویست بوو باس لە ڕوخاندنی دیواری ترس و بێدەنگی لەو دەڤەرەدا بکرێت. ئەگەر دەسەڵات دیموکراسی بوایە و لەڕێگای بڵاوکردنەوەی ترس و قۆرخکردنی ژیان و ژیاری خەڵکییەوە درێژەی بە قەڵەمڕوەی خۆی نەدابوایە و هاوشیوەی وڵاتە دیموکرات و ئازادەکان سندوقەکانی دەنگدان سەنگی مەحەک بوونایە، چ پێویست بوو قسە لەسەر خۆپیشاندان و فشاری شەقام بکرێت بۆ چاکسازی.
بەهەمان شێوەش هەڵەیە ئەگەر هەڵوێستی لاواز و بێدەربەستی ئۆپۆزسیۆن لەهەمبەر هەولێردا بە مانای کەم نەفوزی و بێ جەماوەری ئەو پارتانە لەو شارەدا لێکبدرێتەوە. پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بەسەریەکەوە خاوەنی زیاتر لە سێیەکی دەنگەکانی ناو شاری هەولێرن. ئەگەر حیسابێکیش بۆ قسەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەسەر پێشێلکارییەکانی پارتی دەسەڵات لەپرۆسەی هەڵبژاردنەکانی هەولێر بکرێت، بەتایبەت ڕێژەی دەنگە تەزویرەکان و ئەو دەنگانەش کە لە ژێر فشاری ترس و نانبڕین دراون بەپارتی دەسەڵاتدار، ئەوا دەنگی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان نزیک دەبێتەوە لە نیوەی کۆی دەنگەکانی ناوشاری هەولێر. ئەگەر بنکەی رێکخستنە ناڕازییەکانی یەکێتیش، بەتایبەت لایەنگرانی کۆسرەت ڕەسول (کە دەسەڵات هاوشیوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان هەڵسوکەوتییان لەگەڵ دەکات)، بخرێتە سەر دەنگە خەفە و ناڕازییەکانی هەولێر ئەوا ڕێژەی بەرهەڵستکارانی دەسەڵات لە نێوەی دانیشتوانی پایتەخت تێپەڕ دەکات.
هەڵەیەکی تر، پێداگری هەندێک لە چاودێرانە لەسەر جودایی کەلتووری نێوان هەولێر و سلێمانی وەک هۆکاری بێدەنگ مانەوەی هەولێر. هاوشێوەی سلێمانی (ئەگەر زیاتریش نەبێت) لە هەولێریش هەم چینی ناوەڕاست ستراکتۆری شاری پێکهێناوە و هەم ئینتەلەجێنسیای شاری واجیهە و سیمای پایتەخت پێکدێنێت و هاوشیوەی سلێمانی توێژی فیوداڵ و ترادیسۆن کەمترین کاریگەری هەیە لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەوشاردا. ئەوەی ئەم دوو شارە لەیەک جیا دەکاتەوە ئەوەیە، لە دوو دەیەی ڕابردوودا بارودۆخی سیاسی ڕێگای نەداوە کە بژاردە (نوخبە)ی هەولێرهاوشیوەی سلێمانی بە تۆڕ و ڕایەڵی جۆراوجۆر لەدەوری یەکدا کۆببنەوە و ڕابەرایەتی بۆ درووست بێت. بۆیە ئەگەر لەسلێمانی بێ بەشداری و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ئۆپۆزسیۆن خۆپیشاندان بکرێت و بەردەوام بێت، ئەوا بۆ هەولێر پارتە سیاسیەکان دەبێت ئەو کەلێنە (نەبوونی ڕابەرایەتی یەکگرتووی نوخبەی شاری) پڕبکرێتەوە.
بەکورتی نە بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان لەلایەن پارتییەوە، نە کەم نەفوزی ئۆپۆزسیۆن لە پایتەختدا، وە نە نائامادەیی کەلتووری هۆکاری سەرەکین لە بێدەنگی هەولێردا. بەڵکو پشکی گەورەی بێدەنگ مانەوەی هەولێر و ناوچەکانی تری ژێر دەسەلاتی پارتی دەگەڕیتەوە بۆ سروشتی ڕاڕایی و هەلپەرستانەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان. پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان جگە لەوەی خاوەنی بەرنامە و کاری هاوبەش نین، لەهەمان کاتیشدا جورئەتی ئەوەیان نییە کە راستەوخۆ وەک حیزب بێنە مەیدان و بانگەشەی خۆپیشاندان یان لانی کەم کۆبوونەوە لەهەولێردا بکەن و داوا لەئەندامەکانییان بکەن بڕژێنە سەر شەقامەکان. لایەنی ئۆپۆزسیۆن بەگشتی و پارتە ئیسلامییەکان بەتایبەتی لەسەر بنەمای شەریکبوون لە دەسکەوت و خۆپاراستن لە بەرپرسیارێتیدا پەیڕەوی سیاسەتی چاوەڕێبکە و ببینە دەکەن. ئەم سیاسەتی چاوەڕێ بکە و ببینەی ئۆپۆزسیۆن تەنها لەهەمبەر هەولێردا پەیڕەو نەکراوە، بەڵکو لە یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینەکەی ١٧ی شوبات بەزەقی لە هەڵوێست و ڕاگەیاندنەکانی ئەو لایەنانەدا دەرکەوت. کام لایەنییان بەشیوازێک لە شێوازەکان لە رۆژی یەکەمدا لاوانی خۆپیشاندەرییان مەحکوم نەکرد. کاتێکیش خۆپیشاندانەکان سەرپێدەکەون و جەماوەری خۆڕاگر و ڕاپەڕیوی سلێمانی پاشەکشە بەدەسەڵات دەکەن، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دێنە سەر هێڵی گفتوگۆ و شەریک بوون لەدەسکەوتەکاندا. تەنانەت لەم هەنگاوەشیاندا هێندەی وەک وەسیتی نێوان دەسەڵات و خۆپیشاندەران دەردەکەون هێندە وەک نوێنەری خۆپیشاندانەکان و شەقام دەرناکەون.
زەرورەتی هاتنە مەیدانی ڕاستەوخۆی ئۆپۆزسیۆن لەهەولێردا هەر لەوەدا کورت نابێتەوە. بەڵکو، جگە لەوەی چارەنووس و گەشەکردن و نەکردنی ئۆپۆزسیۆن بەسراوەتەوە بە شکاندنی دیواری ترس و بێدەنگی دەڤەری ژێر دەسەڵاتی زەرد، لەهەمان کاتیشدا ئۆپۆزسیۆن لەنێوان دووڕیانێکی چارەنوساز دایە کە تەنها دوو بژاردەی لەبەردەم دایە. ئۆپۆزسیۆن دەبێت خۆی یەکلا بکاتەوە کە لە نێوان پاراستنی هەندێک بەرژەوەندی حیزبی و دەسکەوتی کاتی وە پاراستنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی کامەیان هەڵدەبژێرێت. هاتنە مەیدانی ئۆپۆزسیۆن لە هەولێر و شکاندنی تەلیسمی تۆقاندن لەوشارەدا دوو مەترسی سەرەکی سەر ئاساییشی نەتەوەیی کوردستانی پوچەڵ دەکاتەوە. ئەو دوو مەترسییەش بریتین لەو سیستەمی حوکمڕانییەیەی ٢٠ ساڵە بۆتە سەرچاوەی بەردەوام بەرهەمهێنانەوەی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و گەندەڵی و دابڕانی دەسەڵات و شەقام لەیەکتری وە دووەمیشیان سیستەمی دوو ئیدارەییە کە دەسەڵاتداران هەم داهێنەر و هەم پارێزەری ئەو سیستەمەن. عەدالەتی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی گەندەڵی و چاکسازی لەسیستەمی حوکمڕانیدا کرۆکی داواکاری جوڵانەوەی ١٧ی شوباتە. پەڕینەوەی ئەم جوڵانەوە عەدالەتخوازییە بۆ پایتەخت لەلایەکەوە فشارێکی زیاتر لەسەر دەسەڵات درووست دەکات بۆ ملدان بە داخوازییە رەواکانی جەماوەری کوردستان و لەلایەکی تریشەوە، ئەو دیواری دوو ئیدارەییە دەڕوخێنێت کە تائێستاش دەسەلاتداران توند دەستییان پێوەگرتووە.
بازدان بەسەر سیاسەتی چاوەڕێ بکە و ببینەی ئۆپۆزسیۆن دەبێتە مەسەلەیەکی ستراتیژی، ژیاری و ئەخلاقی. ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لەو قاوغەی تائێستای دەربچێت، تونای تێکشکاندنی تەلیسمی ترس و خەفەقانی هەولێری هەیە بەکەمترین زیان. بۆ نموونە دەکرێت ڕابەرایەتییەکی یەکگرتوو لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ هەولێر پێکبهێنرێت و ئەجێندا و میکانیزمێکی هاوبەش دیاری بکرێن. دووەم هەنگاو ئۆپۆزسیۆن ڕایبگەیەنێت کە وەک لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان خۆپیشاندان لەهەولێر ڕێکدەخەن و هەموو میدیاکانی خۆیان بخەنە خزمەت ئەو پرۆسەیە. هەنگاوێکی تر دەکرێت هەموو توانا پێوەندییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات بۆ فشار هێنان بۆ سەر دەسەلات چڕبکرێتەوە تا ڕێگا بە کۆبوونەوە و خۆپیشاندان بدرێت. لە حالەتی ڕێگا پێدان یان پێنەدانی خۆپیشاندان، دەکرێت ئۆپۆزسیۆن وەک دەسپێکی خۆپیشاندان سوود لەو کەسایەتییانە وەر بگرێت کە خاوەنی حیسانەی جۆراوجۆرن، بۆ ئەوەی ڕێگە لەدەسەڵات بگیرێت کە هاوشیوەی ١٧ی شوبات توندو تیژی بەکاربێنێت. بۆ نموونە، هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن خاوەنی زیتر لە ٥٠ پەرلەمانتارن (لەهەولێر و بەغدا)، کە خاوەنی حیسانەی پارلەمانتارین. توێژێکی تر مامۆستایانی ئایینین کە لە جۆرێک حیسانەی مەعنەوی بەهرەمەندن و لانی کەم دەیان مەلای عەدالەتخواز ئامادەییان بۆ بەشداریکردن لەناڕەزایەتییەکاندا هەیە. توێژگەلی تری کۆمەڵایەتی کە لەجۆرێک لە پشتێنەی مەعنەوەی بەهرەمەندن بریتین لە مامۆستایانی زانکۆ، هەروەها نوخبەی هونەرمەند و نوسەر و شاعیران، چ ئەوانەی هەولێرن یان ئەوانەی لە سلێمانی و شارەکانی ترن. ناکرێت هیچ کام لەم توێژانە تەنها بە موڵکی شارێک یان ناوچەیەک هەژمار بکرێن بەڵکو مولكی نەتەوەیین. هەرچەندە هیچ گەرەنتیەک نییە کە دەسەڵات دەست بۆ توندوتیژی دەرهەق بە کۆبونەوەیەکی لەم چەشنە نابات، بەڵام جیاواز لە هەلسوکەوتی لەگەڵ کۆمەڵیک گەنجی بێ حیسانە و بێ پشتیوان، بەر لەوەی دەسەڵات هەنگاو بۆ ئازاردانی هەرکام لەو توێژانە بەرێت هەزار و یەک حیساب دەکات. سەرکەوتنی هەنگاوێکی لەم جۆرە فەزایەکی گونجاو بەرهەمدێنێت تا توێژو چینەکانی تری کۆمەڵگا بێنە پاڵ ئەو توێژانە بەتایبەت هەرکام لە ئەندامانی توێژگەلی سەرەوە پشتیوان و جەماوەری خۆیان بەهرەمەندن.
بەکورتی، ئۆباڵی بێدەنگ مانەوەی هەولێر هێندەی لە ئەستۆی ئۆپۆزسیۆندایە، هێندە لە ئۆدەی دەسەڵاتدا نییە، چونکە لە دواجاردا، دەسەڵات بڕیاری خۆی داوە کە هەموو ڕێگایەک دەگریتە بەر بۆ مانەوە لە حوکمڕانیدا، وە ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش کار بۆ بنبڕکردنی ناشیرنیەکانی دەسەڵات نەبات، مانای ئۆپۆزسیۆنی خۆی لەدەست دەدات. بەداخەوە، تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن بەو ڕۆڵەی هەڵنەستاوە و پەیڕەوی سیاسەتی چاوەڕێ بکە و ببینە دەکات. ئەم سیاسەتەی ئۆپۆزسیۆن هەڵەیەکی مێژووییە و کاریگەری لە سەر ئاساییشی نەتەوەیی دادەنێت و پرسیاریش دەخاتە سەر سرووشتی ئۆپۆزسیۆن بوون و داهاتووی ئەو پارتانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە