د. سالار باسیرە: سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە هەرێمی كوردستان

Saturday, 14/08/2010, 12:00

2711 بینراوە


1) ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە باشووری كوردستان تا رادەیەكی زۆر دیاردەیەكی سیاسیی نوێیە وهەنووكە لە پەرلەمانی كوردستاندا سێ هێزی سەرەكیی ودیار، تەمسیلی ئۆپۆزیسیۆن دەكەن. پرسیارەكەم ئەوەیە ئێوە وەك چاودێرێكی سیاسیی چۆن سەیری شەقڵ وئەداو فۆرمی كاركردنی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە دەكەن؟ پێتانوایە بەشێوەیەكی تەندروست لەگەڵ واقیعە سیاسییەكاندا مامەڵە دەكەن؟
د.سالار باسیرە: پیشەكی ریگام پێبدە باس لەوە بكەم كەحیزبە بچوكەكان هەرگیز نەیانتوانیوە لەهەریم ببنە ئۆپۆزیسیۆنیكی راستەقینە وهەمیشە بەشداربوون لەدەسەلاتدا بەلام بی ئەوەی كاریگەرییان لەسەر دەسەلات هەبیت. كەواتە نەبوونە ئۆپۆزیسیۆن وهەلویستیكی راستەوخۆیان نەبوو بەرامبەر بە دەسەلات. حیزبە بچوكەكان لەلایەن دوو پارتە گەورەكە بەكار دەهێنران بۆ پرۆپاگاندە پیوەكردن بەوەی كە گوایە هەریمی كوردستان سیستەمیكی سیاسی پلورالیزمەو فرە پارتایەتی پەیرەو دەكات. بچوكەكانیش ئەم واقیعەیان دەزانی و مانگانە چەند دەفتەریكیش دۆلاریان قبول بوو.بودجەیەك كە لەلایەن حیزبەوە دراوە پێیان نەك لەلایەن یاساوە بەپێی بودجەی ئەحزاب.بەواتا پابەند كردنی بچوكەكان لەلایەن گەورەكانەوە بۆ مەبەستیكی دیاریكراو. هەربۆیە بەباشی دەزانم ئەو حیزبە بچوكانەی كەسالانیكی زۆرە هەن بیئەوەی كاراكتیری ئۆپۆزیسیۆن بوونیان تیدا بەدی كرابیت وناشیانەوی ببنە ئۆپۆزیسیۆنیكی راستەقینە ئیتر لەنێو یان دەرەوەی پەرلەمان بیت باشترە بچنە نیو دوو حیزبە گەورەكەوە بۆ ئەوەی سەر لەرای گشتی وپرۆسە سیاسیەكەش نەشیوینن. سەرنج راكێشە ئەگەر لایەنێك هەموو ئەم چەند ساڵە بەشداری دەسەڵات بوبێتو لەزۆربەی گەندەلیەكان بیدەنگ بوبیت.هەر زیاتر ئەم بارودۆخە بوو وایكرد وەك پیویست گەشەیان نەكردو جەماوەری ناڕازی وەك ئالتەرناتیڤ نەیانبینن. بەلام دەسەلاتیش نەیویستوە یاسای ئۆپۆزیسیۆن هەبیت (یاسایەكی لیبەرالی باش) بەواتا بەیاسایی كردنی ماف وكاری سیاسی ئۆپۆزیسیۆن نەبووە.خەلكیی پیویستی بەگۆران هەبوە، بارودۆخەكە پیویستی بەگۆران هەیە،هەربۆیە ئەمە بەسوودی بزوتنەوەی گۆران گەرایەوە.خەلكیی وەك خواست لەگۆراندا بووە بەلام لەباریكی ریكخراودا نەبووە.كەواتە بزوتنەوەی گۆران بەگشتی بەسەر حازریدا هاتوەو توانی سەركردایەتی بزتنەوەكە بكات و ریكی بخات بەلام هونەرەكە لەوەدایە چۆن تەحەكوم بەقۆناغەكانی تری دواتر دەكات.قۆناغی پیش هەلبژاردن شتیكەو دوای هەلبژاردن شتیكی دیكەیە.بەلام واقعەكەی ئێستە ئەوەیە كە یەكگرتوو وە كۆمەلی ئیسلامی لەپەرلەمانی هەریمدا ئەمجارە خۆیان وەك ئۆپۆزیسیۆن ناساندوە بەلام جیاواز لەمان لیستی گۆرانە كە بی پێشتر بەشداربوون لەدەسەلاتدا بۆتە ئۆپۆزیسیۆنیكی بەرچاو كە لەماوەیەكی كورتی دروستبونیدا بتوانێت 25 كورسی پەرلەمان لەهەریم و 8 هەشت كورسی لەپەرلەمانی بەغدا بەدەست بهینیت، ئەمەش بۆ ئەم هەریمە دیاردەیەكی نویی میژووی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنە.ئۆپۆزیسیۆن ئەگەر لەسەر نمونەی سێ حیزبەكە ئۆپۆزیسیۆنەكەی نیو پەرلەمانی هەریم قسە بكەین دەبیت بلیم ئۆپۆزیسیۆن پیویستە خاوەن بەرنامە بێت: بەرنامەی سیاسی،ئابوری وكۆمەلایەتی. ئۆپۆزیسیۆن بوون تەنیا بەقسەو دروشم نابێت بەلكو بەكردارە ودەبیت خاوەن ئالتەرناتیڤ بێت،ئەمە یەكیكە لەئەدای كاری ئۆپۆزیسیۆن.دەبیت هەمیشە شتیك هەبیت كەئۆپۆزیسیۆن لە دەسەلاتدار جودا بكاتەوە. بەقەناعەتی من یەكیك لەو كیشانەی كە پەرلەمانی هەریم،دەسەلاتی سیاسی هەریم توشی بووە بریتیە لەكێشەی دەستور. ئەم دەسەلاتە پیویستە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە ناچار بكریت پەیرەوی یاساو دەستور بكات،فشار بخاتە سەر دەسەلات بۆ گۆرینی یاسا خراپەكان وپراكتیزەكردنی یاسا باشەكان. بەلام كیشەكە لەوەدایە كە دەسەلات خۆی دەسەلاتیكی دەستوری نیە ئەگەر لەو دیدەوە بۆی بروانین كەپەرلەمانی هەریم هیشتا خاوەنی دەستوریكی شەرعی نیە.لەكۆتایی خولی دوەمی پیشووی پەرلەماندا یەكلایەنەو بەچەپلە دەستور تیپەریندران ئەمە لەكاتیكدا كەخولی پەرلەمان بەسەرچوبو. جگە لەوەش هیشتا راپرسی گشتی لەسەر دەستور ئەنجام نەدراوە بەوەی كە دەستور پەیمانیكە لەنیوان دەولەت وكۆمەلدا،كەواتە قورسە بوتری پەرلەمانی هەریمی كوردستان خاوەن ئۆپۆزیسیۆنیكی دەستوریە.لەبەر رۆشنایی ئەم راستیە كەواتە حكومەتیش دەكەویتە ژیر پرسیارەوە.هەروەها پەرلەمان خۆی لەباكگراوندا لەلایەن دوو حیزبە دەسەلاتدارەكەوە كۆنترۆل دەكریت، هەروەها هەریم سەرۆكیكی هەیە كەدەسەلاتی لەسەرو پەرلەمانیشەوەیە.لیرەدا دەبیت ئۆپۆزیسیۆن بزانیت ئەدای كارەكانی چیە لەپەرلەمانداو لە مەهامو ماف و ئەركەكانی خۆی تێبگات، هەروەها راستگۆ بیت لەگەل جەماوەرەكەی خۆیدا، ئەو جەماوەرەی كە ئەم نوینەرایەتی دەكات لەپەرلەمانداو متمانەی پی بەخشیوە. ئۆپۆزیسیۆن دەكری داوای پرسیارو وەلام بكات لەسەرۆكی هەریم بۆ ئەو وتارەی دوایی لەنیو پەرلەمان دوور لەچاوەكانی میدیا خویندیەوە، دەكری داوای رونكردنەوە بكات سەبارەت بەشیوازی گەشتەكەی بۆ توركیا، هەروەها وەستانەوە بەرامبەر پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان كە دەسەڵاتێكی زۆری بە سەرۆكایەتی پەرلەمان داوە كە ئەو دەسەڵاتە بۆ بەرژەوەندی لیستەكەی خۆیان بەكار دەهێنن. دەكری جەماوەرەكەی بهینیتە سەر شەقام بۆ نارەزایی دەربرین بەرامبەر نەبوونی شەفافیەت لە بودجەداو تیپەراندنی لە پەرلەمانداو دەرخستنی سەروەت و سامانی بەرپرسان...تاد. زۆربەی ئەمانە كاروئەركی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیە. خۆ ئەگەر رۆژگاریك هات ئۆپۆزیسیۆن گەیشتە دەسەلات و حیزبی حاكم بوە ئۆپۆزیسیۆن ئەوا ئەو كاتە ئۆپۆزیسیۆنی نوی سەنگەر لە دەسەلاتداری نوێ دەگریت.ئەمە سروشتی دەسەلات وئۆپۆزیسیۆنە.لێرەدا بەسوودبەخشی دەزانم لەتەجروبەكراوەكانی پەرلەمانە دیموكراسی وشارستانیەكانی تری ولاتان بكۆلریتەوە.

2) سەرباری هەر كەموكوڕی ورەخنە وسەرنجێكمان لەسەر فۆرمی كاركردنی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لەباشووری كوردستان. من دەمەوێ پرسیاری ئەوە بكەم خاڵە گەش و پۆزەتیڤەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە كوردستان لەچیدا دەبیننەوەو پێتانوایە خاڵە پرشنگدارەكانی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە لە كوێدایە؟
د.سالار باسیرە: بوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ئیستە لە پەرلەمانی هەریمی كوردستان بەتایبەت كە بەریگای هەلبژاردنی گشتیەوە ئەنجامدراوە بەتایبەت بزوتنەوەی گۆران كەلتوریكی نویی ئۆپۆزیسیۆن بوونی هینایە كایەوەو دەكری ئۆپۆزیسیۆن بوون چیتر ببیتە تەقلیدی سیاسی. خۆ ئەگەر لەهەموو خالەكانیشیدا بەدلمان نەبیت بەلام دیاردەیەكی پۆزەتیفە بۆ كۆمەلگایەكی وەك ئەوەی هەریمی كوردستان.دەسەلاتی سیاسی ئیتر دوور یان نزیك ناچارە مامەلەی لەگەلدا بكات.خۆ ئەگەر لەئایندەدا ئەم لایەنانەی ئۆپۆزیسیۆنیش گۆرانیان بەسەردا بیت بەلام كەلتورو تەقلیدەكە دەكری بمینیتەوە. هاتنی گۆران وای كرد كە ئەو دوو لایەنەی تر یەكگرتوو وە كۆمەل لەتەنهایی وبێهێزی بواری ئۆپۆزیسیۆن بووندا بێنە دەرێ.بەلام ئەدای كاركردنی ئۆپۆزیسیۆن لەهەریم بەگشتی لاوازەو ئەم دیاردەیەش هۆكاری خۆی هەیە.لەو كاتەوەی ئۆپۆزیسیۆن لەنیو پەرلەمانی هەریم دروست بووە پەرلەمان جولانەوەو ئەتمۆسفیریكی تری بەخۆیەوە گرتوە جباواز لە سالانی پیشوو.حیزب و دەسەلات هەرچەندە دیموكراتیش بیت بەلام بی بوونی ئۆپۆزیسۆن و ركابەر دەبیتە دیكتاتۆر.

3) ئایا ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی چیە، كی بە ئۆپۆزیسیۆن ناودەبرێت وشێوازی گەیشتنی بەدەسەلات چۆنە، ئەگەر لەسەر نمونەی هەریمی كوردستان قسە بكەین؟
د.سالار باسیرە: ئاسایی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بەتایبەت ئۆپۆزیسیۆنی پۆزەتیف دەبێت چاودیری وكۆنترۆلی دەسەلات بكات بۆ هەر لادانیك كە زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی بگەیەنیت.ئۆپۆزیسیۆن سەنگەر لەدەسەلات دەگریت وهەلەكانی دەقۆزیتەوە بۆ ئەوەی لەهەلبژاردنی داهاتودا زۆرترین دەنگ بەدەست بهینیت وبگاتە دەسەلات بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەكانی خۆی جێبەجێ بكات، بەلام تەنیا لەسیستەمیكی دیموكراسیدا ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێت ئازادانە كاربكات و گەشەبكات. مەرج نیە هەموو ئۆپۆزیسیۆنیك دیموكرات بیت،ئۆپۆزیسیۆنی ستەمكاریش هەیە.موجاهیدینی خەلق ئۆپۆزیسیۆنیكی ستەمكارە. لەئیران گوایە دژ بە رژیم بۆ ئازادی تیدەكۆشێت لەعیراقیش هاوكاری رژیمی تۆتالیتێری بەعسی دەكرد دژ بە بزوتنەوەی كورد بۆ ئازادی و مافی چارەنوس. هەندیكجار ئۆپۆزیسیۆن بە ریگای ئاشتیانە دەیەوی دەسەلات دەستاودەست بكات، بۆ نمونە لە رۆژئاوای ئەوروپا،هەندیكی تر بەریگای چەكو توندوتیژیەوە دەیەوی بگاتە ئامانج، بۆ نمونە تالیبان لەئەفغانستان. ئەمەش كەوتۆتە سەر ئەو شوین وزەمەنەى ئەو سیستەمە سیاسیەی تیدا دەژی. مەرج نیە هەموو ئەوانەی كە لەئۆپۆزیسیۆندان بەرامبەر بەدەسەلات تەباو كۆك بن لەبوچوونی سیاسیانداو لە فكرو ئایدیۆلۆژیای سیاسیدا.دەكری فكری چەپ،راست،ئاینی و كۆنزەرڤاتیڤ وتۆتالیتێر خۆیان لەنیو هیزە ئۆپۆزیسیۆنەكاندا ببیننەوە، بەلام بارودۆخیش هەیە كەبۆ قۆناغیك پیویستی بە یەكبوونی ئۆپۆزیسیۆن دەكات بۆ مەبەستیكی سیاسی دیاریكراو.عێراق نمونەیەكی بەرچاوی باسەكەمانە.لەكاتی گرتنەدەستی دەسەلات لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنێكەوە ئەگەر بەدلی ئەوی تر نەبوو ئەو لایەنەی تر دەشێت لێی ببێتە ئۆپۆزیسیۆن. كەواتە ئۆپۆزیسیۆن دەكرێ بالانس رابگریت ودەسەلات لەترسی لەدەست نەدانی دەسەلاتەكەی كاری باش و زۆرتر ئەنجام بدات. بەگشتی جیاوازی دەكریت لەنیوان ئۆپۆزیسیۆنی هاوكارو ئۆپۆزیسیۆنی توندا.زۆربەی كات لە سیاسەتی عەمەلیدا تیكەلەیەك لەم دووانە هەن.ئۆپۆزیسیۆنی توند هەولی خۆجوداكردنەوە ئەدات لەگەل حكومەتداو هەلەكانی دەخاتەروو بۆ سەنگەرگرتن لیی بۆ هەلبژاردنی ئایندەو خۆنیشاندان وەك ئالتەرناتیڤیكی باشتر. ئۆپۆزیسیۆنی هاوكار هەول ئەدات بۆچوونەكانی خۆی بگونجێنێت لەگەل یاساكانی حكومەتدا. لێرەدا ئەم ئۆپۆزیسیۆنە دەبیت دەست لەوە هەلبگریت رەخنەی توند لەحكومەت بگرێت.پارتە سیاسیەكانی باشوری كوردستان بەر لە 1991 خۆیان لەئۆپۆزیسیۆندا بوون بەرامبەر بە رژیمی بەعس، ئازادی وچارەنوسی سیاسی ونەتەوەیی گەلەكەیان كردبوە دروشم، كەچی بەردەوام لەشەری خویناوی یەكتردا بوون، ئیستە كەخۆیان دەسەلاتدارن دەبێت سەردەمی درندایەتی بەعسیان لەبیربێت بەرامبەر بەئۆپۆزیسیۆن وهەربۆیە دەسەلاتی كوردی خۆی وەك پرەنسیپ پیادەی پرەنسیپە دیموكراسیەكان بكات سەبارەت بەئۆپۆزیسیۆن و ئازادیەكان. دەبێت بزانرێ ئازادی نرخی چەندە گرانە. حیزبی سیاسی دەسەلاتدار هەیە كەناو دەبرین بەحیزبی هەلبژاردن،دروشمەكانی تەنیا بۆ مەبەستی مۆبیلیزەكردن و جولانی خەلكییە بۆ دەنگدان پێی لەكاتی هەلبژاردندا بێئەوەی خاوەن پرۆژەیەكی سیاسی وكۆمەلایەتی وئابوری راستەقینە بێت بە مەبەستی پراكتیزە كردنی. ئەو لایەنە هەتا هەلبژاردنیكی تر خوداحافیزی دەكات لەكۆمەل. ئۆپۆزیسیۆن دەكری بەپرۆژەی سیاسی پێچەوانەی ئەم ستراتیژە بیتەوەو جەماوەر بەلای خۆیدا رابكێشێت.

4) پەیوەندیی نێوان دەسەڵات وئۆپۆزیسیۆن لەكوردستاندا پەیوەندییەكە لەسەر بنچینەی رەتكردنەوەو نەفیكردنی یەكتر دامەزراوە. پرسیاری جیددی ئەوەیە تۆ وەكوو خۆت تا چەندە ئەم پەیوەندییە بە تەندروست دەزانیت؟ ئایا ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات یەكتری رەتدەكەنەوە یان بەپێچەوانەوە تەواوكەری كارەكانی یەكترن؟ سروشتی دیاردەو كیشەكان لەچیدان؟
د.سالار باسیرە: راستە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لەهەرێمی كوردستان دیاردەیەكی نوییە هەر لەبەر ئەم هۆیە جەستەیەكی نامۆیە بۆ دەسەلات بەتایبەت كە حیزبە دەسەلاتدارەكان هێشتا بەئەقلی سەردەمی شاخ رەفتاردەكەن و ئەزمونەكان نیشانیدا قبولی بەشداربوونی لایەنی تری جیاواز لەخۆیان زیاتر ناكەن، هەربۆیە ئۆپۆزیسیۆن مامەلەیەكی تەندروستی لەگەلدا ناكریت لەلایەن دەسەلاتەوە. بۆ نمونە یەكێتی نیشتمانی ئەگەر بەفیعلی حیزبیكی سۆشیال دیموكرات بوایە ئەوا دەبوو جۆرێكی تری لیبەرالانە مامەلەی لەگەل دیموكراسیەت وئۆپۆزیسیۆن بەگشتی وئۆپۆزیسیۆنی نیو پەرلەمان بكردایە یان بەلانی كەمەوە پرەنسیپەكانی سۆشیال دیموكراتیی لەنێو پێكهاتەكەی خۆیدا پراكتیزە بكردایە. مێژووی حوكمرانی كورد لەهەرێم بۆ دەسەلات وبەتایبەت بۆ ئۆپۆزیسیۆن كورتەو ئەم دیاردەیەش هۆو ئەنجامی خۆی هەبوە.كیشەیەكی تر لەوەدایە كەسیستەمە سیاسیەكە بروای بەدیموكراسیەت نیە. فاكت وئەزمونەكان ئەم راستیەیان خستۆتەروو،ئەمەش دەكرێ لەجودا نەكردنەوەی سێ دەسەلاتەكە لەیەكتر دەست پێبكیەن هەتا دەگاتە كاریگەری دەسەلاتی دوو حیزبەكە بەسەر ولاتدا...تاد. ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بەتێگەیشتنە راستەقینەكەی ئیتر هەر جیهانبینیەكی هەبێت ئەو ئۆپۆزیسیۆنە بەشێكە لەپرۆسە سیاسیەكە.زۆربەی جار دوور لەواقیعەوە هەولی ناشیرین كردنی ئۆپۆزیسیۆن،یان ناشیرینكردنی یەكتر دەدرێت. لەبەرئەوەی ئەم كەلتوری ئۆپۆزیسیۆن بوونە نوێیە لەهەرێمی كوردستان هەربۆیە كاری ئۆپۆزیسیۆن بوون بۆ ئۆپۆزیسیۆنیش قورسە بەتایبەت كەهیشتا یەكتر قبولكردن بەلایەنی كەمەوە لەسەر مەسەلە نیشتمانی ونەتەوەییەكانیش دروست نەبوەو بەئەقلیەتی تەنیا حیزبی وحیزبی سەرۆك و ئەقلیەتی تەقلیدی كار دەكرێت.دوای راپەرین ورزگاربوون لە دەسەلاتی بەعس هەر كەس و لایەنیك باسی لە ئۆپۆزیسیۆن بوون بكردایە بەخائین و سەر بەبەعس لەقەلەم ئەدرا، ئەو كاتە بەقۆناغی رزگاربوون لەبەعس دادەنرا بەلام ئیستە باردودۆخیكی تر هاتۆتە پیش كە دەسەلات چیتر ناتوانیت پاساو بۆ نەبوونی ئۆپۆزیسیۆن بوون بهینیتەوە.ئۆپۆزیسیۆن بوون حالەتیكی سروشتیە. دیاردەیەكی تر بریتیە لەدواكەوتویی كەلتوری سیاسی بۆ بەها دیموكراتیەكان تەنانەت لە هەموو ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراستدا. هەروەها دیموكراسیەت تەنیا روكەش بووە. دەسەلاتدار هەرگیز ئامادە نەبووە دەستبەرداری دەسەلات بێت ئەگەر مێژووی دەسەلاتەكەشی میژوویەكی رەشی گەندەلی بوبیت، ئەمەش بە زیان گەراوەتەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆن.لەبەر رۆشنایی دواكەوتوویی كەلتورە سیاسیەكە هەربۆیە ئۆپۆزیسیۆنەكان لای خۆشمان ئۆپۆزیسیۆنیكی هاوچەرخ نین و هەموو بەرهەمی واقعی كۆمەلگاكە خۆین. بەم پێیە پرۆسە سیاسیەكە دورودرێژە.كۆمەلگاكەش تەقلیدیەو كۆمەلگای تەقلیدیش زوربەی كات سەركردەی تەقلیدی بەرهەم دینیت.بۆ دەستگرتنیش بەسەر دەسەلاتداو بەرنەدانی كورسی دەسەلات ئەم دەسەلاتە تەقلیدیانە پەنا دەبەنە بەر هیزی ئەمن وموخابەرات و سەربازی وهێزی پۆلیس چیتر جەماوەر لەئامراز زیاتر هیچی تر نیە. دەبینین كە ململانێكان هەمیشە لەسەر ئاستی دوژمنایەتی و ملشكاندنی یەكتر دروست بووە. كێشەی ئەقلیەتی سیاسیشە،ئەقلی دەسەلاتە كە ئامادەی گوێگرتنی نیە وگوایە خۆی هەموو شت دەزانیت.ئەمانە كاریگەری خراپی خۆی هەیە لەسەر پرۆسەی دیموكراسی. پیویستە دەسەلات پشت بە لێكۆلینەوە زانستیەكان ببەستیت و تەكنۆكراتی بیربكاتەوە نەك بە ئەقلیەتی دەسەلاتی تەقلیدی.دەبوایە لەهەرێمی كوردستان سەنتەرو دەزگای لێكۆلینەوەی دیموكراسی هەبوایە،دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی هەبوایە، سەنتەری لیكۆلینەوەی حیزب وئۆپۆزیسیۆنی هەبوایە، دەزگای لێكۆلینەوەی لەسەر بەعسیزم وفاشیزم...تاد. هەبوایە.ئەقلیەتی سیاسی و كەلتوری سیاسی دەبیت وابیربكاتەوە كە بۆ دیاردەیەكی مەترسیداری وەك هەرەشەكانی توركیاو ئیران پیویستە دەسەلات وئۆپۆزیسیۆن پێكەوە هەماهەنگی بكەن چونكە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانیەوە هەیە.ئەم هەرێمەی هەتا ئێستە خاوەنی پرۆژەیەكی لەم شێوەیە نیەو ئەنجومەنێكی ئاسایشی نیە.كەواتە دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆن دەبیت بزانن لەكوی ململانیی یەكتر دەكەن و لەكوێ هەماهەنگی یەكتر دەكەن بۆ بەرژەوەندیە نەتەوەییەكان. كەواتە پەیوەندیەكان هەردوو دیوی تەندروست و ناتەندروستی تیدا بەدی دەكرێت. دوژمنایەتی و ناشیرینكردنی كویرانەی یەكتر دوور لە بنەما یاسایی و بنەما شارستانیەكان ناتەندروستە. ململانێ لەسەر دەستور، یان لەشكركێشیەكانی ئێران وتوركیا بۆ نێو خاكی هەرێم،یان كێشەی ئاودیوكردنی نەوت بەقاچاغ،داوای شەفافیەت كردن لەبودجەداو بەهەدەردانی سامانی نەتەوە... تاد. ئەمەیان ململانییەكی تەندروستە. بوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی تەندروست لە ناو دەسەڵاتێكى سیاسی تەندروستدا یەكێكە لە پێوەرەكانى دیموكراسى. دوا سەرنج ئاماژە بەوە ئەدەم كەلە باسكردنی ئۆپۆزیسیۆندا، ئۆپۆزیسیۆنی نێو پەرلەمان، هی دەرەوەی پەرلەمانیش هەیە بەلام كاریگەری وفشاری ئۆپۆزیسیۆنی نیو پەرلەمان زۆرترە وەك لەوەی دەرەوەی پەرلەمان.

5) بەو پێیەی رابەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان زۆرینەیان سەركردەكانی پێشووی یەكێتین وتەنانەت زۆرینەی بنكەی جەماوەریی گۆڕان لە یەكێتی جیابۆتەوەو هەمان بنكەی جەماوەریی پێَشووی یەكێتییە. ئایا دەتوانین بڵێین،بزووتنەوەی گۆڕان هەڵگری هەمان ئەو كێشەو قەیرانانەیە كە ئێستاو رابردوو یەكێتی نیشتمانیی بەدەستییەوە ناڵاندویەتی؟.
د.سالار باسیرە: بەشێكی سەرەكی سەركردەكانی گۆران لەهەناوی یەكێتیەوە هاتووە،بەلام نەوەیەكی نویشی لەخۆگۆتوە كەجیاوازە لەنەوە كۆنەكە لەبیركردنەوەو مامەلەی سیاسیدا، ئەمەش بۆ مەودای دوور دیاردەیەكی بیكیشە نابێت.بزوتنەوەكە بزوتنەوەیەكی جەماوەری گشتیەو هەتا ئەم ساتە وەختە ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراوی بەخۆوە نەگرتوە بەلام ئایا دەتوانێت هەتا سەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت؟ بەهۆی كۆمەلە فاكتەرێكەوە بزوتنەوەی گۆران توانی ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆی نیشانبدات بەتایبەت كەبەشداری دەسەلات نەبوو.ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆی پاراست بەلام هونەرەكە لیرەدا پاراستنیەتی بۆ مەودای دوور. هەربۆیە بزوتنەوەی گۆران دەبێت ئەو پرەنسیپە رەچاو بكات كە چی ئەم لەیەكێتی ولەپارتی جودا دەكاتەوە. ئەم بزوتنەوەیە پێویستی بەخۆ رێكخستنەوە هەیە جا لەقەوارەی حیزبدا بێت یان لە قەوارەیەكی سیاسی تردا بیت. ئەگەر گۆران ببیتە حیزب (هەرچەندە حیزب هیشتا شیوازیكی مۆدیرنە بۆ سیاسەت كردن) ئەوا هەمان هەلەی یەكیتی و پارتی دەكات ئەگەر شێوازی رێكخستنەكەی نەگۆرێت چونكە هەموو حیزبە كوردیەكان بەوانەشەوە كەخۆیان بەلیبەرال وسۆشیال دیموكرات دەزانن لەرێكخستنەكانی حیزبدا وبەسەركردایەتیشیانەوە شێوازێكی ستالینیانەیان هەیە.جگە لەوە دامودەزگاو ئۆرگانەكانی حیزبەكان (مەلبەندەكان،مەكتەبی رێكخستنەكان،كۆمێتەكان، مەكتەبەكان، كەرت وشانەو....تاد) ئەمانە زۆرتر بونەتە شوینی دامەزراندن بەشێوەی فەرمانبەران ورازیكردنی كەسەكانی خۆیان بێئەوەی سوودی میللی وەك پێویست هەبێت،ئەمانەش هەمووی بەپارەی گەل. كەواتە دەبێت پارتێكی سیاسی نوێ بەجیهانبینیەكی سیاسی هاوچەرخ گونجاو لەگەل واقعی كۆمەلایەتی كۆمەلی كوردی وەك كۆمەلیكی رۆژهەلاتی تەتقلیدی بی دەولەت كە كۆمەل وهاولاتی وعەدالەت بنەمای جیهانبینیەكەی بزوتنەوەی گۆران بێت هەرچەندە گۆران بێ بوون بەحیزبیش بریتی بووە لەرێكخراو.پرەنسیپێكی تری گرنگ بریتیە لەوەی دەسەلاتی بزوتنەوی گۆران ئاگادار بیت لەدوور كەوتنەوە لەبەشەخسكردنی ریكخراوەكە بەلكو لە بەسیاسی كردنی كۆمەل گرنگە.هەروەها دیاردەی دوور كەوتنەوە لەوەرگرتنی كەسە گەندەلەكانی نیو حیزبی تر لەلایەن سەركردایەتی گۆرانەوە كەلای جەماوەر چارەیان رەشە.ئەگەر ئاراستەی گۆران بەدیویكی باشدا نەروات ئەوا ئەمانە هەمووی مەترسی ئەوەی هەیە كە لەئایندەدا چیتر باس لە دوو یەكێتی بكریت،یەكیتیەكی خراپ ویەكیتیەكی زۆر خراپ.پیویستە بەردەوام كار بۆ گۆرینی چەقبەستوویی لەدەسەلاتی خۆیدا بكات وكەلتوری ئۆپۆزیسیۆن بوون لەنیو وە لەدەرەوەی پەرلەمانی هەریم بپاریزیت وبایەخ بەدروستبوونی ریكخراوە بیلایەنە كۆمەلایەتیەكان بدات ئەوانەی لەرووی كۆمەلناسی سیاسیشەوە بۆی بروانین دەكرێ فشار لەخوارەوە بۆ سەرەوە لەسەر دەسەلات دروست بكەن.بزوتنەوەی گۆران توانی بۆ هاولاتی هەندیك متمانە بۆ سیاسەت بگیریتەوەو توانی بەشدارپیكردنی هاولاتی لە سیاسەتدا وەك مافیكی گرنگ ییادە بكات.بایەخدان بەئەكادیمیستە باشەكان پیویستیەكی سیاسیەو تەكنۆكراتی بیركردنەوە دەبیت بەردەوام بەشێك بێت لەفەلسەفەی سیاسی بزوتنەوەی گۆران بەلام بەتەنیا پشت بەستن بەم لایەنەو رەچاونەكردنی چین وتوێژە كۆمەلایەتیەكانی كەش تییدا بەهەلە دەبینم. گۆران پیویستە هەندی پرۆژە ئەنجام بدات كەدەسەلاتی سیاسی ئەنجامی نەداوون بۆ نمونە دەستپیشخەری كردن لەدروستكردنی پرۆژەی ئاسایشی نەتەوەیی هەریمی كوردستان كە من خۆم وەك پرۆژەیەك پیشكەشم كردوە.وەك پیشتر ئاماژەم پیدا دەبیت شتیك هەبیت كەگۆران لەیەكیتی ولەپارتی جودا بكاتەوە ئەویش بەبەرنامەكەی،بەجودا كردنەوەی دروشی سیاسی لەگەل پرۆژەی سیاسی كە لەكاری رێكخراوەیی یان حیزبیدا پشتی پێ ببەستێت،هەروەها بەفەلسەفە سیاسی وكۆمەلایەتی وئابوریەكەی،بەپركردنەوەی ئەو بۆشاییەی لەنێوان گەنجان ودەسەلاتدا هەیە،بەراستگۆییەكەی،بەهەولی پراكتیزەكردنی پرۆژە سیاسیی وكۆمەلایەتیەكانی بەرۆحی شۆرشگیری،بەسیاسیكردنی بەرنامەكەی نەك بەشەخسی كردنی ودووركەوتنەوە لەسیاسەتی كاریزما دروست بوون كە جیگای سیاسەت وفكر بگرێتەوە،گەرنا لەهەركەوتنیكدا هاتنەوە سەر پیی خۆ كاریكی هەروا ئاسان نابیت بەتایبەتی لەناو هەریم وعیراقیكی ئەمرۆدا.مامەلەكردنیش لەگەل كۆمەلگایەكی تەقلیدیدا هونەرو ژیریی خۆی دەویت.ئەم بارودۆخە پیویستی بەژیریەكی زۆر هەیە بەتایبەت كەدەسەلاتە سیاسیەكە لەم قۆناغە میژوییەی ئەمرۆدا دوو ئالتەرناتیڤی هەیە یان دەگۆریت یان لەهاوكیشەی كۆتایدا هەرەس دەهێنێت. لەبەر ئەوەی پشتئەستوور بە فاكت گومان لەئالتەرناتیڤی یەكەم هەیە كەئەمەش پێویستی بەلێكۆلینەوەی خۆی هەیە كەواتە لێرەدا پێویستە سەركردەكانی گۆران هاوچەرخانە بتوانن بۆشاییەكانی دوارۆژی دەسەلات پربكەنەوە وببنە ئالتەرناتیڤی دوارۆژ، گەرنا دوور نیە جەماوەری بزوتنەوەی گۆران كە لەخواستی گۆرانەوە بۆتە بزوتنەوەی گۆران تورەیی ورقوكینەی خۆی لەیەكێتی ولەدەسەلات بەسەركردەكانی گۆران برێژێت. ئەمە جگە لەتورەیی سیاسی، سایكۆلۆجیەتی مرۆڤ وبەتایبەت كۆمەلی رۆژهەلاتیشە.

6) هەوالی ئەوە هەیە كەكار لەسەر پرۆژەی كۆنفرەنسیك بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لەهەریمی كوردستان دەكەیت.
د.سالار باسیرە: پرۆژەیەكم بۆ ئەم مەبەستە ئامادە كردوەو بۆ چەند لایەكم ناردوە بۆ سازكردنی كۆنفرەنسیك سەبارەت بەبابەتی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە هەریمی كوردستان. بوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی باش لەم هەریمەو لەباشوری كوردستان وەك هەوا وایە بۆ ژیان. سەرجەم سەرنج و بۆچونی لایەنەكان كۆدەكەمەوە هەتا لیژنەیەكی ئامادەكار دروست دەبێت. ئەو كاتە شوین و بەرواری كۆنفرەنسەكەش دیاری دەكریت. هەتا ئیستە كۆنفرەنسیكی لەم شیوەیە نەكراوە لەهەرێمی كورستان و كاتیشی دەمێكە هاتوە.

تێبینی: ئه‌م دیداره‌، گۆڤاری نێوه‌ند له‌گه‌ڵ د. سالارییدا سازکردووه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە