ئاڵۆزی گەورە بوون لە بیر و سیستەمێکی شێواودا

Saturday, 12/05/2012, 12:00

2404 بینراوە


هەموو مرۆڤێك لە منداڵیەوە تاکو پیری نەك هەر مافێکی رەوای خۆیەتی بەڵکو داخوازیەکی ناوخۆ و دەرونیەتی کە چاوەڕوانی دانپیانانی بکات لە لایەن دەوروبەریەوە. هەریەکە لە ئێمە کە کارێکی گەورە یان بچوك ئەنجام دەدەین لە ئاستی کارە ئەنجام دراوەکەمان دا چاوەڕوانین بە ڕێزەوە یان بە ئیجابی لە کارە ئەنجام دراوەکەمان بڕوانرێت و ستایش بکرێت ئەگەرچی بە تەنها ووشەیەکیش بێت. 
ئەبراهام ماسلۆڤ دەرونناسی بەناوبانگی ئەمەریکی لەو باوەڕەدایە کە دانپیانان یەکێکە لە پێویستیە سەرەتاییەکانی ژیان کە مرۆڤ لەگەڵیدا دێتە دونیاوە. تەنانەت ڕاستەوخۆ دەیخاتە دوای پێویستیە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ کە خواردن و خواردنەوە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانن. دیارە ئەم پێویستی و چاوەڕوانی لێ کردنە ئەگەر سەرەڕۆیی تیا نەکرێت و لە سنور و قەوارەی خۆیدا بمێنێتەوە، پەسەندکراوە و نابێتە جێگای ڕەخنە و سەرزەنشت. کەسانێك کە لە نێوان دوو تیرە و بنەماڵەی ناکۆکدا ئاشتی بەرقەرار دەکەن یان لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕێکی ناوچەییدا کورتە چێرۆك و هۆنراوە دەنوسن زیادەڕۆییە و جێگەی زەردەخەنەیە کە چاوەڕوانی پاداشتی نۆبڵ بکەن بۆ ئاشتی یان بۆ وێژە. دیارە ئەمە تەنها تاکەکانی کۆمەڵگا ناگرێتەوە بەڵکو کەسانی بەرپرس و خاوەن پلەو پایەی سیاسی و فەرمانبەریش هەمان مافیان هەیە وەکو مرۆڤێك چاوەڕێی ستایش لە کردارێکی باش و بە سوودی خۆیان بکەن. 
لە سیستەم و وڵاتانێك دا کە بە هۆی سیاسەت و ئیمتیازاتی بنەماڵەیی یان پەیوەندیە تایبەتیەکان و گوێڕایەڵی کوێرانە و پاشکۆیی، کەسانێك دەخزێنە ئاستە جیاوازەکانی دەسەڵات بە بێ هیچ ڕابوردو تاقیکردنەوەیەکی خەبات و تێکۆشان، یان بە بێ ئەوەی لە بوارەکەی خۆیان دا پسپۆڕ و خاوەن تاقیکردنەوەی دەوڵەمەند و بەسوود بن بۆ کۆمەڵگا و تەنانەت حیزب و بنەماڵەکەی خۆشیان، یان بێ ئەوەی خاوەندی بەرزبونەوەیەکی پلەیی بن لە و بوارەدا کە تیایدا لە کاردان . ئەمەش وادەکات کە نەتوانن خاوەندی ئەو بەها مەعنەوی و دەرونیانە بن کە نرخ و پایەی لای خۆی و دەوروبەر پێ بدات. بۆیە لە قۆناغێکی دیاریکراودا ڕوبەڕوی بەربەست و شەقامێکی داخراو دەبنەوە کە نەزانن دەبێت چۆن و لە چ ڕێگایەکەوە ستایش و دانپیانانێکی ڕای گشتی یان هیچ نەبێت ستایشی دەوروبەرەکە بۆ خۆی بهێننە دی. لە کۆمەڵگا و سیستەمە نا دیموکراتیەکان یان بە ڕواڵەت دیموکراتیەکان دا کەسانێک کە بە شێوازی دەسکرد خزێنراونەتە پلەیەکی بەرزی لێپرسراوەیی هەندێك جار ناچارن بۆ سەرپۆش کردنی کەم و کورتیەکانیان لە بواری پیشەییان و کەساییەتیان دا کە بۆتە بۆشاییەکی لەبەرچاو، بە جۆرێك خۆیان لە پێش دەوروبەرەوە هەستی پێ دەکەن بە ڕێگا و وەسیلەیەکی پێچەوانە بە خزمەت بە کۆمەڵگا پڕ بکەنەوە. بون و کاریگەری خۆیان بە پێچەوانەی ئاراستەی دروست و پەسەندکراو بەرجەستە بکەن. ئەو هەست بە کەم و کورت هێنانە بەرەو ئەوەیان دەبات کە بە کارێکی نەشیاو تەنانەت قێزەون بەرژەوەندیەکانی ئەو لایەنەی کاری بۆ دەکات و نوێنەرایەتی دەکات بخاتە مەترسیەوە و بە ئاراستە و بە مۆرکێکی سلبیانەوە بکەوێتە ناوەند میدیاکان و یەکەمین لاپەڕەی ڕۆژنامەکان و بەردەم ڕای گشتی.
کاتێك ووشەی کەس و کەسانێك بەکاردەهێنم بەو مەبەستە نیە کە بەرگری لە سیستەمێکی دیاریکراو و تاوان و کەم و کوڕتیەكانی بکەم و تەنها تاکەکان بخەمە ژێر پرسیارەوە.، بەڵکو دوان لە تاکەکانی ناو سیستەمێك خۆی لە خۆی دا دوانە لە بەشێكی ناو گشت و پێکهاتەی ئەو سیستەمە. 
کەسێکی بێ ڕابورد و کە تەنها مشتێك مرۆڤی هاوشێوازی دەوروبەری و بە مەبەستی دەسکەوت و بەرژەوەندیەکانیان بە ناڕەوا دانی پیا دا بنێن و ستایشی بکەن و هەرگیز نەیتوانیبێت جێ پەنجەی لە هیچ بوارێکدا دیاری بکات تەنها ڕێگایەکی بۆ بمبێتەوە ئەوە یە کە لە ڕێگای تاوان و ڕەشەکوژی و دەستدرێژی بۆ سەر کەسانێکی ئاسان لەدەست بونی خۆی دەسەلمێنێت. بە تایبەتی تیرۆرکردن و دەستدرێژی بۆ سەر گیان و ماڵ و کەرامەتی کەسانێك کە هاوڵاتیەکی ئاسایین و خاوەندی چەك و عەشیرەتی دڕندە و بنەماڵەی بە هێز و خێڵەکیانە و هاوئاست نیین، تاکو جێگای مەترسی ئەوە بن ئەمڕۆ یان سبەینێ بە شێوەیەك لە شێوەکان سەنگەریان لێ بگرن. لە یەکەم تێڕوانین و لێکدانەوەی سەرپێی و ناکامڵانەدا دەکرێت لەو کەسە بە ڕواڵەت لاوازانە وەکو وەسیلە و ئامانجێکی لەبار بڕواندرێت. بەڵام ئەم جۆرە تێڕوانین و هەڵسەنگاندنە یەکلایەنیانە هەندێك جار دەبنە هەڵەی کوشندە و ئەنجامەکەی وەك ئەو سیحرەی لە ساحیر هەڵدەگەڕێتەوە کاردانەوەی دەبێت. ئەمرۆ بۆ هەموان ڕوون و ئاشکرا بۆتەوە کە کەسانێك گەرچی تەنها خاوەندی قەڵەمەکانیان بوون، هێز و پشتیوانەکانیان سەدان ئەوەندەی ئەو خاوەن سامان و هێز و سەرۆك عەشیرەت و سەرۆك جاش و ئەنفالچیانە و کەسە حیزبیانە گەورە تر وکاریگەر ترە کە جێگای لێی سڵەمینەوەن. ئەوەی چاوەڕوان نەکراوە ئەوەیە کە ئەوانەی کە بە کورتبینیانە و هەڵسەنگاندنێکی هەرزەکارانە بە کەم دەزانرێن دەبنە زەنگی سەرەتای کۆتایی سستەمە تۆتاڵیتێرەکان و دەسەڵاتدارانی.
هەروەك چۆن لە قوتابخانەی ڕیالیزمی ماکیافیلیدا و لە بواری سیاسەتدا ئامانج وەسیلە پیرۆز دەکات، لە بواری هەوڵ بۆ دانپیانان دا دەکرێت هەمان هاوکێشە پیادە بکرێت. ئەندامێکی مافیای هەر وڵاتێك یان چەتە و ڕێگرێك ناتوانێت دانپیانان و ستایشی هاوڕێ و هاوکارەکانی لە ڕێگای کارێکی باشەوە بەدەست بێنێت. بۆیە بۆ ئەوەی دەوروبەریان ستایشیان بکەن و دانی پیابنێن تەنها ڕێگا و وەسیلەیان ئەوەیە لەوانی تر زیاتر تاوانکاری بکەن و کاری قێزەون تر بە ئەنجام بگەیەنن. ئالێرەدایە کە ئاڵۆزی بچوکی هەندێ مرۆڤ خۆی بەرجەستەدەکات، ئا لێرەدایە هەولی گەیشتن بە گەورەیی وەهمی مرۆڤە بچوکەکان بەرەو زەلکاوی نەك بچوکی تەنانەت ڕسوابون دادەخزێنێت و بەرە و دورەپەرێزی و گۆشەگیریان دەبات لە خەڵکان و ناوەندە تەندروست و مۆرالیەکانی ناوخۆ و دەرەوە.
کارڵ شمیت فەیلەسوف و یاساناسی ئەڵمانی کاتێك لە جیاوازیەکان دەدوێت، جیاوازی نێوان جوانی و ناشرینی دەکاتە بنەڕەتی جیاوازی لە ئێستێتیکدا، جیاوازی نێوان سوود و قازانج لە بواری ئابوریدا، جیاوازی نێوان دۆست و دوژمن لە دونیای سیاسەتدا.
لێرەدا جێگای ئەو باسە نابێتەوە کە شمیت تا چەند و بۆچی ڕووبەڕوی گەلێك ڕەخنە بۆتەوە و چۆن لێکدانەوەی جیاواز و تەنانەت دژ بەیەك بۆ بۆچونەکانی کراوە.
ئەوەی جێگای باسەکەی منە ئەو کەس و دەزگایانەن کە سەرباری ئەوەی لە لایەن کەسانێکی دەرچوی زانکۆ کەم تا زۆر ناسراوە جیهانیەکانن بە ڕێوەدەچن یان ڕاوێژکاری دەکرێن نەیانتوانیوە ئەو زانست و تیۆریانەی وەریانگرتووە بە شێوازێکی تەندروست و گونجاو لەگەڵ پێوانەکانی سەردەم دا پیادە بکەن. یان کاریگەری بیر و لێکدانەوەکانی زانکۆ ئەنجلۆزاکسیەکانی وڵاتانتێك کە لە سیاسەت دا ناوەندی جیهان و قوتابخانەی ڕیالیزمی ماکیافیلین ، زۆر بە حەرفی وەربگرن و پیادەی بکەن. ئەوەش بە تێکەڵەیەکی شێواوی ئەو دەوروبەرە کۆنەپەرستە کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندیە تەسك خوازیە سیاسیەی بنەماڵە و حیزبیەی کە تیایدا پەروەردە بوون . تەواوی ئەو فاکتۆرانە دەزگا و کەسایەتیەکی لێ دروست دەبێت کە نەتوانێت دووربینانە باش و خراپ دۆست و دوژمنی ستراتیژی و لە سەر بنەماکانی بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی ئەتەوەیی لەیەکتری جیابکاتەوە و کار و مامەڵەی لەگەڵ بکات. 
ئەو لێکدانەوە و پێکهاتە شێواوەی کەس و دەزگایانە بە تایبەتی دەزگا ئاساییشی و هەواڵگیریەکانی هەرێمەکەمان لەسەر ئەو بنەمایانە بنیات نراوە کە مەترسی دوژمن لە داگیرکەران و دەزگا سیخوریەکانی وڵاتانی دەوروبەردا نەبینێت کە ژوری عەمەلیات بەرامبەر ڕزگاریخوازانی پارچەکانی تری نەتەوەکەمان لە پایتەخت و شار و شارۆچکەکانی دا دەسوڕێنن. دوژمن لە مەترسی حکومەتی مەرکەز و تایفەگەرەیکانی و کردار و یاریە کانی دا لە مەسەلە چارەنوسیەکانی هەرێمەکەمان دا نەبینێت. ناکۆکیە ستراتیژیەکان وەکو ئامرازێك بۆ یەکلایی کردنەوەی ناتەباییە کاتیەکان و بەیەکدادانی بەرژەوەندیە تایبەتیەکان بەکار بهێنێت. دوژمن لەو کەس و لایەنانەدا نەبینێت کە دەیانەوێت هەرێمەکەمان لاواز و بێتوانا بهێڵنەوە و بە هۆی کەڵەکە بونی ناڕەوایی و گەندەڵی و لە دوائەنجام دا ئاژاوە و بەیەکدادانی ناوخۆ بە هەموو شێوازێك دەست بخەنە کاروباریەوە و ئەزمونی گەلەکەمان لەبار بەرن.
بە پێچەوانەوە دوژمن لە ئۆپۆززسیۆن و میدیای ئازاد و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای شارستانیدا دەبینێتەوە کە نەکێشراونەتە ژێر نفوز و ڕکێفی حیزب و دەسەڵاتەوە. دوژمن لەوانەدا دەبینن کە لەخەوی بەدیهێنانی جیهانێکی تردا دەژین. لە کەس و لایەنێك بە دوژمن دەڕوانن کە ناتوانن سەرشۆڕ و گوێڕایەڵی ئەو سیستەمە بن کە ناڕەوایی و توندوتیژ ی و گەندەڵی دەسڵاتدارانی حیزبی و بنەماڵەیی بەسەر خەڵکی کوردستان دا سەپاندووە.
کەسانێک بە دوژمن دەزانن کە ناوهێنانی مێیینەکان بە گوناحی کەبیرە نازانن و ناموس لایان ناو‌هێنانی مێینەکان نیە بەڵکو ناموس و کەرامەت لایان ئازادی مرۆڤ و خاك و پاراستنی بنەما نەتەوەیی و مرۆڤایەتیەکانە.
تێڕوانینی کەس و دەزگا حیزبی و بنەماڵەییەکان بۆ دۆست و دوژمن و لەیەکتری جیاکردنەوەیان شتێك نیە جگە لە تێڕوانینێکی تاریکی دواکەوتوانەی ڕۆژهەڵاتی کە بە ماکیافیلیزمێکی دڕی ڕۆژئاوایی موتوربەیە و زیاتر ژەهراوی کراوە. 
بۆیە شتێکی چاوەڕوانکراوە کە کەسێکی وەکو زەردەشت و خاوەندی دەنگە ئازادەکان و گۆڕانخوازان [ بە مانای فراوانی ووشەکە] بخرێنە پۆلی دوژمنانەوە و کۆنەپەرستان و سەرۆك جاش و ئەنفال چیەکان و دەسەڵاتدارانی تورك و فارس و عەرەب لە ڕیزی دۆستەکاندا دابنرێن.
فەیلەسوفی فەرەنسی میشل فوکو سەبارەت بە هەل و مەرجی تۆقان و ترساندن نمونەیەکی زیندو دەهێنێتەوە کە بە تیۆری زیندان ناسراوە. لەم تیۆریەدا لەوە دەدوێت کە چۆن پاسەوانەکان لە ناوەندی زیندانێکدا بنکەیەکی پاسەوانیان داناوە و سەرنجی ئەوە دەدەنە زیندانیەکان کە هەمیشە ئاگاداری هەڵس و کەوتیانن. ئەگەرچی هەندێك جار تاقە کەسێکیش لە بنکەی پاسەوانیەکەدا نەبێت بەڵام هەمان کاریگەری ترساندن و ئاگادارکردنەوەی هەیە لەسەر زیندانیەکان. ئەمەش دەبێتە بنەما یان ستروکتوری زیندانەکە.
ئەگەرچی فوکو بە یەکێك لە داهێنەرانی قوتابخانەی ستروکتورالیزم دادەنرێت کە ئەو تیۆریەی لەسەر دانراوە، بەڵام خۆی هەمیشە ئەوەی خستۆتە دواوە و لەو باوەڕەدا بووە کە تیۆری زیندان ناتوانێت بە شێوازێکی درێژخایەن کاریگەری خۆی بگێڕێت و ئەو ستروکتورە ناتوانێت موتڵەق و هەمیشەیی بێت.
ئەو دەزگایانەی کە بە بیری کۆنەپەرستیانە و هیوا و خەیاڵی ئەوەی کە دەتوانن بە کارێكی قێزەون هەمان تیۆری زیندانی فوکو پیادە بکەن، لەو باوەڕەدان کە بە تیرۆر کردن یان ئازاردان و هەڕەشە دەتوانن سەدان و هەزاران چاوترسێن بکەن و کۆنترۆڵیان بکەن و بنکەیەکی پاسەوانی و ترسێنەری هەمیشەیی لە بەرامبەر ئەوانەدا بنیات بنێن، کە دەنگی ئازادیان بەرزدەکەنەوە و پیرۆزیە ناپیرۆزەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە. دەیانەوێت بەو بەرنامە و سیستەمی تۆقاندنە ستروکتورێکی لەو جۆرە بنیات بنێن. بەڵام ئایا ئەمە تا چەند بۆیان هاتە دی. با لێگەڕیین لەو خۆ تاوانبارکردن و دەست خوێناوی کردنە و خۆ زیاتر ناشرین کردن و خۆ زیاتر بچوککردنەوانەی بەسەرخۆیان دا هێناوە. ئایا ڕوداوەکانی بەهاری عەرەبی و ١٧ ی شوباتی کوردی تەنها هێندەی سوود لێبینرا کە بەو ئاراستەیەیان دا بەرێت کە تیۆری زیندان چڕتر و بەبەرنامەتر بکەنەوە و دڕندانەتر پیادەی بکەن؟ ئەو ڕوداوانە هێندەی فێرنەکردون کە بەو ڕاستیە بگەن ئەو پەلە قاژە و دەستی بێهیوایی گرتن بە پوشەوە لە سەردەمی لافاوی توڕەیی جەماوەردا دادیان نادات.
ئەگەر ئەوان وا دەزانن بە توندوتیژی و دڕندەیی زیندانیەکان کۆنترۆڵ دەکەن و چاوترسێنیان دەکەن، بە پێچەوانەوە پەنجەرەی هیواکان ئاواڵەتر بوون و دەنگەکان بەرز تر و کاریگەر تر بونەتەوە. ئەگەر وا بزانن بە تیرۆر و تۆقاندن ناموسی خێڵەکی و بنەماڵەیی دەشۆنەوە، بە پێچەوانەوە خۆ و بنەماڵە و سیستەمی سیاسی و ئەزمونەکە نەك هەر بچوکتر دەکەنەوە بەڵکو لە سەرجەم ناموس و کەرامەت و ویژدانێکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی دایدەماڵن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە