هاوڵاتیان لە هەڵبژاردندا تۆڵە دەكەنەوە...

Monday, 15/06/2009, 12:00

4030 بینراوە


هاوڵاتیان لە هەڵبژاردندا تۆڵە دەكەنەوە...
هاوڵاتیەك : پێویستە بەڕێوەبەرى ناحیەى رزگارى (تۆبزاوە) دەست لە كار بكێشێتەوە
كۆمەڵگەى تۆبزاوە كە سەنتەرى ناحیەى رزگارییە و كەوتۆتە سەر رێگاى سەرەكى هەولێر موسڵ، لە دواى پرۆسەى تێكدانى گوندەكان لە كۆتایی هەشتاكانى سەدەى رابردوو لە لایەن رژێمى بەعسەوە دروست كراوە بۆ ئەوەى خەڵكى ئەو گوندە تێكدراوانەى بە زۆرەملێ تیادا كۆبكرێتەوە. لە ساڵى 2004 كراوەتە نەحیە، ئەم كۆمەڵگەیە تا ئێستا بەڕێوەبەرێكى ناحیەى باشى بە خۆوە هەڵنەگرتووە كە تواناى هەبێ خزمەتى خەڵكەكە بكات. ئێستا بەڕێز عەبدولستار گەردى بەڕێوەبەرى ناحیەیە. بۆ قسەكردن دەربارەى كێشەكانى ئەم كۆمەڵگەیە ئەم راپۆرتەمان بە پێویست زانى.
راپۆرت/ هاوڵاتیەكى تۆبزاوە
ناعەدالەتى لە پێشكەش كردنى خزمەتگوزارى
كۆمەڵگەى تۆبزاوە كە سەنتەرى ناحیەى رزگارییە و دانیشتوانەكەى لە هاوڵاتیانى دەشتەكانى شەمامك و قەراج و كەندیناوە و عەشیرەتى هەركى و برادۆست پێك دێ. شەقامێكى گشتى بە ناوەڕاستى كۆمەڵگەكە تێپەڕدەبێ كە بازاڕێكى گەورەى تیایە و جۆرەها كەلوپەلى لێ دەفرۆشرێ. شوێنێك هەیە پێى دەگوترێ ساحەى ریم و لەوێوە بەرەو سەروو گەڕەكى هەركى و برادۆست دەست پێ دەكات، لە سەرەتاى كۆمەڵگەكەش گەڕەكەكانى خەڵكە سۆرانیەكەیە. بە گوتەى هاوڵاتیان و دواى ئەوەى ئێمەش بۆ بەدواداچوون سەردانى شوێنەكانمان كرد، زۆرترین خزمەتگوزارى لەو گەڕەكانە كراوە كە هەركى و برادۆستى تیا دادەنیشێ و دامودەزگاكانى حكومەت بە بینایەى ناحیەوە گوازراوەتەوە ئەم گەڕەكانە. هاوڵاتیەك بە ناوى مام عەلى خدر دەڵێ (هەرچى كرابێ لەم كۆمەڵگەیە تەنیا بۆ گەرەكى هەركى و برادۆستە، ئێمە نازانین مودیر ناحیە بۆ ئەوەندە جیاوازى لە نێوان خەڵك دەكات. قوتابخانەیە هەر بۆ ئەوانە، جادەیە هەر بۆ ئەوانە، هەرچى بۆ ئەو كۆمەڵگەیە دەربچێ هەر بۆ ئەوانە)، ناوبراو باسى لە جیاكارى دیكەش دەكات كە بەرامبەر خەڵكەكە دەكرێ و دەڵێ (پار و پێرار دەستیان كرد بە تێكدانى خانووى تەجاوز، تەنیا هى سۆرانیەكان تێك درا و نەوێران یەك خانووى هەركى و برادۆستان تێك بدەن، وەرن سەیر بكەن خانوو هەیە لەسەر 900 مەتر بە تەجاوز لە ناوەندى ساحەى گشتى و لە نزیك ساحەى ریمان دروست كراوە و كەس نەوێراوە قسەى لە گەڵ بكات. لەم مانگەى رابردوو ناحیە دەستى كرد بە تێكدانى باخچە و بیستانەكان لەناو موجەمەع كە خەڵك لەبەردەم ماڵەكانیان دروستیان كردبوو، گوایە ئەم بیستانانە بە ئاوى پاك ئاو دەدرێن، لەمەش تەنیا گەڕەكى سۆرانیان شمولى كرد، لە سۆرانیەكانیش ئەوانەى پارتى بوون و لە رێكخراو و ناوچە بوون لێیان تێك نەدرا، یەك باخچەى هەركى و گۆڕانان تێك نەدرا). هاوڵاتیانى ئەم ناحیەیە زۆر دڵتەنگن بەو جیاكارییانە و بڕیاریان داوە لە هەڵبژاردن تۆڵەى خۆیان لەو حزبە بكەنەوە كە كەسى واى كردۆتە مەسئولى ئەم خەڵكە. لەم بارەیەوە عادل رەمزى دەڵێ (داوا لە خەڵكیش دەكەن دەنگ بدات، دەیبینن دەنگ بە كێ دەدەین، خەڵك بێزار بوو. با هەولێر هەر جوان بكرێ! خەڵكى تۆبزاوە خنكا لە تێنان، یەك قەترە ئاو نیە بیخۆینەوە، كارەبا نیە، خزمەتگوزارى نیە، كەس خۆى بە ساحێبى ئەو خەڵكە نازانێ، بەرپرسێكمان نیە گوێمان لێ رابگرێ. بە داخەوە بەرپرسى ناحیە یەك جار چیە نەهاتۆتە ناو خەڵك و گوێى لە داخوازیەكانى خەڵك نەگرتووە، ئەو وا دەزانێ تەنیا بۆ ئەوە دانراوە لە ژوورەكەى خۆى دابنیشێ و بیكاتە نیوەڕۆ و بچێتەوە، من لە جێى مودیر ناحیە بم و یەك تاكە كەس لێم رازى نەبێ، دەست لە كار دەكێشمەوە باشترە زۆر. بە راستى خەڵك چیتر ئەو هەموو ناحەقیە قەبوڵ ناكات. هەموو خەڵك رۆژى هەڵبژاردن تۆڵەى خۆى دەكاتەوە.)
بە گوتەى هاوڵاتیان ئەو بەڕێزە تا ئێستا بۆ یەك جاریش بە ناو گەرەكەكانى ئەم شارۆچكە فەرامۆشكراوە نەگەڕاوە و لە خەڵكەكەى نە پێچاوەتەوە. مام نادر وەلى كە هاوڵاتیەكى ئەم شارۆچكەیەیە دەڵێ (هاوڵاتیان گلەیی زۆریان لە مودیر ناحیە هەیە، بە هیچ جۆرێك نایەتە ناو خەڵك و بە كێشە و گرفتەكانى خەڵك ئاگادار نیە، بەیانیان كە دێتە دەوام بە ناو بازارى گشتى تێپەڕ دەبێ و خۆى بە تەلەفون كردن خەریك دەكات نەخۆ خەڵك رێگەى لێ بگرن و داواى چارەسەركردنى كێشەكانیان لێى بكەن).
بێ كارەبایى و بێ ئاوى
بە گوتەى هاوڵاتیان خشتەى دابەشكردنى كارەباى تۆبزاوە لە هەموو كوردستان جیاوازە، تۆبزاوە دابەشكراوەتە دوو بەش و بەسرە كارەباى نیشتیمانیان پێ دەدرێ، ئەویش بە خشتەیەكى پچڕ پچڕ و زۆر كەم. ئەمە بۆتە كێشەیەكى گەورە و گلەیى زۆرى لاى هاوڵاتیان لێ كەوتۆتەوە. مام نادر دەڵێ (وەرزى گەرما دەستى پێكردووە و ئێمە دەبێ رۆژێك نا رۆژێك كارەبامان هەبێ، خەڵك شەوێك دەخەوێ و شەوێك ناخەوێ. ئەم بێ كارەباییە كاریگەرى زۆرى كردۆتە سەر ژیانى خەڵك و گرفتى ئاوى زۆر كردووە، گەڕەك هەیە هەفتەى یەك جار و یەك كاتژمێر ئاوى بۆ دەچێ، خەڵكەكە زۆر پەرێشان و بێ چارەیە). هاوڵاتیان بە تەلەفون پەیوەندییان بە بەرێز پارێزگارى هەولێریش كردووە بۆ چارەسەركردنى كێشەكانیان، بەڵام تا ئامادەكردنى ئەم راپۆرتە هیچ هەنگاوێك بۆ چارەسەركردنى كێشەى ئاو و كارەبا نەنراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە