بەرپرسەکان شەرم و ترسیان لە دادگایی کردنیش نییە

Friday, 05/12/2014, 12:00

2905 بینراوە


دانا سەعید دوا بەدوای ئەو نووسینەم کە لە رۆژی 21 / 11 / 2014  بەناونیشانی (بە تونێلی دیوانی چاودێری داراییدا) بڵاوکردەوە، بە پێویستمزانی لە سەر هەمان مەسەلە، کە پەیوەندی بەو دوو دادگایی کردنەی قادری حەمە جانەوە هەیە، بە کورتی جارێکی رت لە سەریان بنووسمەوە، کە خۆم هەردوو جارەکە یەکێک بووم لە ئامادەبووانی دادگاییکردنەکە، کە لەو دادگاییەدا جەلال سامئاغا بەرەو رووی قادری حەمە جان بوویەوە و پەردەی لەسەر کۆمەڵێک تاوان و پیسخۆری  هەڵدایەوە، لەبەر ئەوەی کە راگەیاندەکان توخنی ناوەرۆکی دادگاییکردنەکە نەکوتوون و لێدوان و قسەیان نەکرد، جارێک بەبیانویی ئەوەی گوایە شەڕی داعش و باری ئاڵۆزی هەرێم رێگایان پێنادات لەسەر ئەم جۆرە شتانە و لەم کاتەدا بنووسن، بۆیە بە پێویستمزانی جارێکی تر قسەی لەسەر بکەمەوە
-----------------------

دادگایی ڕۆژی 30 / 6 / 2014  
لە دادگاییکردنەکەی ڕۆژی ٣٠/٦/٢٠١٤ قادری حەمەجان کۆمەڵێک بوختانی بۆ جەلالی ساماغا هەڵڕشت، ئەو بوختانانە کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد لێرەدا لەسەری دەوەستین و قسەی لەبارەوە دەکەین.
قادری حەمەجان لەبەردەم دادگا بەرامبەر جەلالی ساماغا کەوتە تەهشیر و ناوزڕاندنی کۆمەڵێ کەسایەتی بەڕێزی شاری سلێمانی، لەڕاستیدا کاک جەلال وەک خۆی نەک هەر بەرگری لەخۆی کرد، بەڵکو لەیەکەم ڕۆژی دادگاییەکەوە ٧٠٠ لاپەڕە دزی و پیسخۆری قادری حەمەجانیشی بەبەڵگەوە خستەڕو، ئەوەی ماوەتەوە ئەو کەسایەتیە بەڕێزانەیە کە قادری حەمەجان لەو دادگاییە بەوە تاوانباری کردون، گوایە کاتی خۆی زەویان لە ڕژێم وەرگرتوە، لەبەردەم دادوەر قادری حەمەجان وتی: کە جەلالی ساماغا بەبڕیاری مەجلیسی قیادەی سەورە لە ڕسوماتی تاپۆ عەفوکراون. مەبەستی ئەوە بوو، کە ناوی جەلالی ساماغا بخاتە پاڵ ناوی مەجلیسی قیادەی سەورە و لەکەداری بکات، لە ڕاستیدا هەمو بوختانەکانی قادری حەمەجان پوچەڵکراونەتەوە.
1. ساڵی ١٩٦٩ کۆمەڵەی هەرەوەزی کوردستان ٥٠٠ پارچە زەوی بەسەر ئەندامەکانیدا کە فەرمانبەرن دابەشدەکات. کاک جەلالیش ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە دەبێت، بڕیارەکە ئەیگرێتەوە و پارچە زەویەکە بە ٢٢،٥٠٠ (تەنها بیست و دوو دینار و پێنج سەد فلس) کە بۆ ئەوکاتە پارەیەکی کەم نەبووە.
2. دوای بەیانی ١١ ی ئازاری ١٩٧٠ وە بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٩٧٢ کە هەلومەرجی سیاسی ئاسایی دەبێتەوە، بڕیارێک دەردەچێ و ئەو کەسانەی کە زەویان لە کۆمەڵەکە کڕیوە، لە ڕەسمی تاپۆ عەفو دەکرێن، کە تەنها ١،١٢٥ (دینارێک و سەد و بیست و پێنج فلس) بووە واتە لە ٥% نرخی زەویەکە، جەلالی سامئاغاش یەکێک دەبێت لەوانە، کەچی قادری حەمەجان وای نیشاندا کە جەلالی سامئاغا بەتەنیا و بەڕاستەوخۆیی زەوی لە مەجلیسی قیادەی سەورە وەرگرتوە.
بانگەوازەکەمان بۆ ٤٩٩ کەسایەتیە، کە قادری حەمەجان تەشهیری پێکردون
ڕاستە قادری حەمەجان لەبەردەم دادگا لەو ٥٠٠ کەسە تەنیا ناوی کاک جەلالی ساماغای هێنا، بەڵام بێگومان بوختانەکەی ئەوانی تریش ئەگرێتەوە و نابێ بێدەنگبن، قادری حەمەجان دەیەوێت پێمان بڵێت ئەو ٥٠٠ کەسە لەڕێگای مەجلیسی قیادەی سەورەوە زەویان وەرگرتووە نەک لە کۆمەڵەی هەرەوەزی کوردستان، دەیەوێت بڵێت ئەو ٥٠٠ کەسە بە فەرمانی بەعس لە ڕەسمی تاپۆ عەفوکراون نەک لەهەلومەرجی دوای بەیانی ١١ ئازار، بۆیە دەبێت ئەوانیش ڕوبەڕوی قادری حەمەجان ببنەوە ، لەو ٥٠٠ کەسە تەنیا جەلالی ساماغا داکۆکی لەخۆی کردووە و درۆکانی پوچەڵ کردۆتەوە، ئێمە دەپرسین ئەی ٤٩٩ کەسەکەی تر لە کوێن؟ لەناویشیاندا کەسایەتی سیاسی و ئەدەبی و هونەری گەورەی کوردی تێدایە، ئێمە لێرەدا چەند ناوێک ئەخەینە ڕوو، کە وەک کاک جەلال زەویان لەگردی سەرچنار کڕیوە:
مەحمودی مەلا عزەت
محمد سادق مەلا حەبیب
سەردار غەنی شاڵی
باباعەلی ئەحمەد شێخ حسین بەرزنجی
جمیل نیزامەدین جلال
سهیلە جمیل عیسی
دکتۆر کەمال عبداللە ناجی
دکتۆر ئەحمەد کمال عبداللە شاڵی
سمکۆ عەزیزی هونەرمەند
ئەندازیار سیروان عارف
ئەندازیار فٶاد ئیبراهیم
پارێزەر کامیل ژیری شاعیر
حاکم کەمال مستەفا قادر/ سەرۆکی دادگای سلێمانی پێشوو
د. خەسرەو مستەفا خاڵ/ کە پردەکەی سلێمانی بەناوی ئەوەوە ناونراوە
هتد
ئەم زانیاریانە لە کتێبی ڕونکردنەوەکانی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانیدا بڵاو کراونەتەوە...

دادگایی ڕۆژی 30 / 9 / 2014 
گەربتەوێت لە کۆمەڵگای ئێمە کەسانی نالەبار و تاوانبار کەسایەتی تێکشکاو و گەندەڵ بدۆزیتەوە، ڕوبکەرە حزبە دەسەڵاتدارەکان، لەوێش گەربتەوێت نمونەیەک وەربگری تا لێکۆڵینەوەی سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتی لەسەر بکەی ئەوا کەسانی وەک قادری حەمەجان باشترین نمونەیە.
ئەم کەسە ماوەیەکە لەگەڵ کاک جەلالی ساماغا کەوتۆتە کێشمەکێشی دادگاوە، پێشەکی بۆئەوەی بزانین پیاوە سپیەکە کە کاک جەلالی ساماغایە و پیاوە تاریکەکە کە قادری حەمەجانە جیاوازی چیە لە نێوانیاندا ئەوا پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ ئەم لینکەی کوردستانپۆست (http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=99a31a4b)
دوای خوێندنەوەی ئەو جیاوازیانە، دەمەوێت باسی دادگاییکردنەکەی ڕۆژی (٣٠/٩/٢٠١٤) بکەم لەنێوان کاک جەلالی ساماغا و قادری حەمەجان، بەر لەهەرشتێ دوای ئەوەی لەناوەڕۆکی دادگاییەکە ئاگاداریان کردم، سەرسامم بە بوێری جەلالی ساماغا، بەبیروڕا نەتەوەییەکەی، بەڕاستگۆییەکەی لەشەڕی دژ بەپیسخۆری، کە ڕوبەڕوو بە قادری حەمەجانی وت دز- گەندەڵ - دزیی لە تۆوە داکەوت- داوەشێی بۆخۆت و چ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی، بەڵی زۆر کەس بەداخەوە دژ بە پیسخۆری دەنووسن، بەڵام کە بەرپرسێک دەبینن بێدەنگ دەبن، ڕەنگە ماستاویش بکەن وچۆکیش دابدەن، بەڵام جەلالی ساماغا تەنها ٣ مەتر دور لە قالەی حەمەجانەوە لە دادگا جامی غەزەبی خۆی بەسەردا ڕشت، لەکاتێکدا قالەی حەمەجان دەیان پارێزەر و پاسەوانی لەگەڵ بوو، جگە لەوەی بکوژ و ببڕ و بەرپرسە لە سلێمانی، بۆیە دەڵێم سڵاو لە جەلالی ساماغا پیاوە سپیەکە، پیاوە ئازاکە و ڕاستگۆکە لەشەڕی پیسخۆری، لەم هەڵوێستانەوە جەلالی ساماغا درێژە بەشۆڕشەکەی دەدات، شۆڕشی دژ بەپیسخۆری کە سەرەتا لە دیوانی چاودێری داراییەوە هەڵیگیرساند، ئەمڕۆش درێژەی پێدەدات بەڵام لەناو دادگا، کە یەکێک لەو گەندەڵانەی هێناوەتە گیروگاز ٧٠٠ لاپەڕە پیسخۆری و دزی قادری حەمەجانی پیشانی دادوەردا... قادری حەمەجان و تاقمە پارێزەرەکەی لەبەردەم جەلالی ساماغا هیچیان پێنەبوو جگە لەوەی ڕیزی بوختان هەڵببەستن، کە شەپۆلەکانی دەیانبات بۆ زبڵدانی مێژوو، بوختانەکان سەدان جار پوچەڵکراونەتەوە، زیاتر لە چەند بۆنەیەک تیشک خراوەتە سەر ئەو تاریکایە کە قادر و ستافەکەی کاری تیادەکەن، قادری حەمەجان لەم دادگاییەدا هەنگاوێکی تری نا، داهێنانی کرد بەوەی تاوانی پیسخۆری ببەخشێتەوە کە هیچیشی لەبەردەستا نیە کەوتە بوختان و درۆکردن، ستافەکەشی کەوتبونە جوینەوەی قسەکانی.
سڵاو لە جەلالی ساماغا کە وتی "وەرە خوایە شەق نەبەی قالەی حەمەجانی گەندەڵ قسەت پێبڵێت" بەڵام مرۆڤی شۆڕشگێڕ پشودرێژە، جەلالی ساماغاش هەر پیاوە سپیەکەیە با پیاوی ڕەش و تاریک و ستافەکەی و بوختانەکانیشی هەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە