بەردەرکی سەرا، بەردەرکی سەرایە، نەک مەیدانی ئازادیی

Saturday, 05/03/2011, 12:00

6458 بینراوە


ئەوانەی مێژووی شاری سلێمانییان خوێندبێتەوە، دەزانن کە بەردەرکی سەرا چ رۆڵ و ناوبانگێکی هەبووە. کاتێک باسی شاری سلێمانی دەکرێت،  ناتوانرێت بەردەرکی سەرا لە یاد بکرێت.
بەردەرکی سەرا بۆتە بەشێک لە پێناسەی ئەم شارە.
بەردەرکی سەرا مەیدانی هەموو قوربانیی و بەرخوردان و خەبات و راپەڕیین و ئازادییەکە.
 بەردەرکی سەرا مەیدانی ئازادیی نییە، بەڵکو بەردەرکی سەرایە، مەیدانێکە دروشم و بانگەشەی ئازادیی تێدا پیشاندەدرێت. چاک تێبگەن ئەی ئەوانەی کە دەتانەوێت مێژووی ئەم شارە بە شەقام و گۆڕەپان و هەموو شتێکییەوە بسڕنەوە، دەزانن کە بەردەرکی سەرا چییە و چ ناوێکی ئەفسوناویی  و شۆڕشگێڕانەی گرتۆتە خۆ!؟ لە شەڕی بەردەرکی سەراوە بیخوێنەرەوە. ئەوەی دەیەوێت با تەماشای وێنەی سەرای سلێمانیی بکات و مێژووەکەی هەڵبداتەوە. با لە مزگەوتی گەورەوە بڕوانێتە بەردەرکی سەرا، کە بنەماڵەی خائینی تاڵەبانی و دەسەڵاتدارە نەفامەکانی یەکێتیی هاتن سەراکەی بەردەمیان رووخاند و تێکیان دا. ئەم دەسەڵاتە نەزان و نەفامە کوردییە، چونکە خاڵییە لە مەعرفە و لە زانست، لە بری سەراکە تازە بکەنەوە، تێکیان دا. حکومەتی وڵاتانی دیکە ئاسەواری کۆنترین شوێن دەپارێزن و نوێی دەکەنەوە، چونکە مێژووی میللەتێک تەنها باسکردن و نووسینەوەی چەند کتێبێک نییە، بەڵکو بە پاراستنی ئەو یادگار و پاشماوە کۆنانەوە دەبێت، کە باو وباپیرانمان بۆمان جێ دەهێڵن.
گەلی میسر مەیدانێکیان هەیە ناوی (ساحە تحریر)ە لەوێیوە گەنجەکانی میسر تێدا کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی خۆیان دەست پێکرد، تا حوسنی موبارەکیان نەڕوخاند ئەو شوێنەیان چۆڵ نەکرد، کاتێکێش چۆڵیان کرد، هاتن خۆڵ و شوشە و قوتوو و کاغەزەکانیان کۆکردەوە و رایانماڵی،  ئەو ناوەیان خاوێن کردەوە، ئەمە بوو بە جێگای سەرنجڕاکێشانی وڵاتانی دیکە، کە ئەوانەی دەسەڵاتیان رووخان، وڵاتەکەی خۆیان خۆش دەوێت و بە پاکی رایدەگرن، ئەوانە تێکدەر و گێرەشێوەێن نیین، بەڵکو پێچەوانەکەی راست دەرچوو.
مێژووی بەردەرکی سەرا تەنها خۆپیشاندان و راپەڕینی تێدا ئەنجام نەدراوە، بەڵکو نمونەی قوربانیی و خەباتیشی تێدا نمایش کراوە، مەیدانی ئازادیی بەشێکی بچوکە لە پێناسەی بەردەرکی سەرا، بەردەرکی سەرا لەو بچوکتر نییە، زۆر لەوە گەورەترە کە تەنها بە مەیدانی ئازادی ناوببرێت و بچوکبکرێتەوە.

ئەوانەی بەردەرکی سەرا بە مەیدانی ئازادیی (ساحە تحریر) ناو دەبەن و دەیانەوێت ئەم ناوەی بەسەردا داببڕن، ئەوانەن کە خوێندنەوە و شارەزاییان بۆ مێژووی ئەم شارە نییە، بەشێکیان کەسانی بەرپرس و دەسڵاتدارن، بە مەبەست  لە پشتییەوە وەستاون و پێیان ئاساییە، مێژووی ئەم شارە لەو رۆژەوە بنوسرێتەوە کە خۆیان هاتوونەتە ناوی، ئەمەش عەقڵی دەسەڵات و بنەماڵەی تالەبانییە، هەروەها بۆ بووچوکردنەوەی کوردیشە لە ئاست گەلانی تر، بەوەی ناوی مەیدانی راپەڕینی میسر لە مەیدانەکەی خۆمان دەنێن و ئەوەی خۆشمان بچووک دەکرێتەو، ناوی بخەنە توونی باباوە.
ئەمە نەک بە ناوشیاریی بەڵکو بە خیانەتیشی دەزانم و هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ تێکدانی سەرای سلێمانی، کە دەسەڵات تێکیدا و نەیهێشت، لەوەیش، کە ئەمڕۆ ناوی بەردەرکی سەرا دەسڕنەوە و دەیکەن بە مەیدانی ئازادیی، دەبوو ئەوانەی ئەم ناوەی بەسەردا دادەبڕن، مەیدانی ئازادی بە بەشێکی بچوکی بەردەرکی سەرا دابنێن،نەک پێچەوانەکەی...
بەردەرکی سەرا، گەورەتر و مەزنتر و خوێناوییترە لە ساحە تەحریرەکەی قاهرەی پایتەختی میسر.

ڕووخاندنی سه‌رای سلێمانی ئاگرێک بوو له‌ مێژووی ئه‌م شاره‌یان به‌ردا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە