حاجى بەغاى نەدیوە..

Monday, 23/11/2009, 12:00

1371 بینراوە


جاران ئەم ناونیشانەى سەروە لەناو خەڵكى سلێمانى بەگشتى و لەناو كوڕە چوختییەكانى شاردا زۆر باوبوو. ئەم دەستەواژەیە بەو كەسانە دەوترا كە دەچونە تەمەنەوە و ئیتر بێئەوەى حەجیان كردبێت پێیان دەوترا حاجى، یاخود هەندێكیان حەجیانكردبوو بەڵام لەبەر ئەوەى هەر لەسەر قۆڵبڕینى خەڵكى بەردەوامبوون و هیچ سیفاتێكى حاجى راستەقینەیان تیانەبوو، وە زۆر بێئاگابوون لە دنیاو هەر خەریكى پارەپەیداكردن بوون ئەم نازناوەیان بەسەردا بڕابوو. ئەم پێشەكییە بەسە بۆ ئەوەى بابەتێك لەسەر ئەو دراما كۆمیدییە بنوسم كەلە كاتى بەجێهێنانى فەریزەى حەجى ئەمساڵدا لەشارى مەككەى پیرۆز نمایشكرا ئەویش (كۆنگرەى رۆژى عێراق) بوو. هەواڵى ئەم كۆنگرەیە رۆژى 23-11-2009 لە ماڵپەڕى (PUKmedia) بڵاوكراوەتەوە. من دەقى وتەكەى نوێنەرى حكومەتى هەرێم (حاجى یوسف میرزا)م گوێلێنەبووەو نازانم چیوتووە، بەڵام بەپێى هەواڵەكەى ماڵپەڕى ناوبراوبێت كاك حاجى باسى لە دەسكەوتەكانى خەلًَكى كوردستان كردووە لەسایەى پارلەمان و حكومەتى هەرێمى كوردستاندا!! لێرەدا پێویستە هەڵوەستەیەك بكەین و بزانین ئەو دەسكەوتانەى حاجى باسیكرددوە كامانەن. تۆ بڵێى حاجى باسى ئەمانەى كردبێت؟
1- شەڕى ناوخۆى ساڵانى دواى راپەڕین لەسەر پارەى گومرگى برایم خەلیل و گومرگەكانى سنورى ئێران.
2- دروستكردنى دوو حكومەت لە كوردستاندا تەنها لەپێناوى وەرگر تنى پلە و دەسەڵاتى بەرز و دزینى پارەى زۆرتر كە هەندێك لەوكێشانە تاكو ئێستاش چارەسەرنەكراوە بۆنمونە یەكگرتنەوەى هەندێك وەزارەت و دەزگاى تر.
3- هێنانەوەى سوپاى عێراق بۆ داگیركردنەوەى كوردستان لەلایەن پارتییەوە لە 31 ئابى 1996.
4- دەرهێنان و فرۆشتنى نەوتى كوردستان لەلایەن پارتى و یەكێتییەوە كە تاكو ئێستا كەس نازانێت داهاتەكەى چەندەو چۆن لوشدەدرێت.
5- سەدان و هەزاران گەندەڵى و دزى و راوەروتى تر كە ئەم دوو حزبە ئەنجامى دەدەن بەناوى حكومەتى هەرێمى كوردستان و پارلەمانەوە.

نامەوێت زیاتر لەسەر "دەسكەوتەكانى!!" خەڵك بنوسم و خۆتان تەواوى بكەن. دێمە سەر بەشێكى ترى وتەكەى مامە حاجى كە داواى لە ئامادەبووان كردووە (دوعاى سەرفرازى و سەقامگیرى بۆ كوردستان) بكەن. ئاخر حاجى گیان ئەوانەى تۆ قسەت بۆدەكردن چەندیان بڕوایان بە دۆزى كورد هەیە؟ چەندیان تاكو ئێستاش شیوەن بۆ سەدام دەگێڕن و پێیان وایە كورد ئەمریكاى هێناوە بۆ لەناوبردنى ئەو رژێمە بۆگەنە؟ ئەى مامە حاجى بۆ پێتنەوتن كە حكومەتى عێراقى دەستى خستۆتە بینەقاقاى كورد و دەیەوێت لە هەڵبژاردنێكى كارتۆنى و پڕتەزویردا ئەوەى بەخوێنى رۆڵەكانیشى بەدەستیهێناوە لەناوى بەرێت.
مامەحاجى، كوردستان پێویستى بە دوعایە بۆ نەمانى گەندەڵى و دزى! پێویستى بە دوعایە بۆ باران بارین چونكە ئەگەر كار وابڕوات حكومەتەكەى تۆ دابینكردنى ئاوى خواردنەوەش دەدات بە كۆمپانیاى بەرپرسەكان و ئەوكاتەش نرخى پەرداخێك ئاوى بەلوعە دەبێت بە دۆلارێكى ئەمریكى!
مامە حاجى، ساڵانێكە بەرپرسەكان لە راگەیاندنەكانى لەجۆرى (PUKmedia) خۆیان بەوە هەڵدەكێشن كە بارى ئاسایش لە كوردستان سەقامگیرەو كێشەى تیا نییە، تازە تۆ دواى سەقامگیرى بۆ دەكەى؟! ئیتر نازانم كامتان درۆ دەكەن، تۆ یان حكومەت؟ ئەوەیان بەجێدەهێڵم بۆخۆتان!!
ئەگەر تۆ باسى ئەم "دەسكەوتانە!!"ت نەكردبێت لە وتارەكەتدا كەلەسەرەوە ئاماژەمپێكرد ئەوا جارێكى تر دەگەڕێمەوە سەردەمى چوختیەتى و دەڵێم (حاجى بەغاى نەدیوە).

تێبینى: رێزم هەیە بۆ ئەو حاجیانەى كە بەراستى فەریزەى حەج بەجێدەهێنن و هیچ مەبەستێكى تایبەتییان نییە، ئەم نوسینەش رووى ئەوان ناگرێتەوە و خۆشیان دەزانن كەچەندەها حاجى ساختە هەیە. هیوادارم زویر نەبن و دووبارە داواى لیبوردن لەو كەسانە دەكەم كە حاجین، بەڵام بەدورن لەو كردەوانەى لەم نوسینەدا ئاماژەیان بۆ كراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە