هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


هاوڕێکانی شەهید ئارام نامەرد بوون، بۆیە ئارام چیدی ناگەڕێتەوە شەقامی سالم

Sunday, 12/04/2015, 20:55

7280 بینراوە


هەموو ڕۆژێک کە بەشەقامی سالمدا سەری کاسم بەرەو شەقامە چڵکن و قەرەباڵغەکەی مەولەوی هەڵدەگرم، لەبەردەم باخی گشتیدا تارمایی "ئارام" هەڵوێستەیەکم پێدەکات و پێم دەڵێ چییە هاوڕێ، خەڵکی شارهەمان پیاوی ترسنۆک دەکەنەوە بەسەرۆک ؟ 
 بەر لە چەند ساڵ لەشکرە زەردباوەکەی سەرۆک هاتن وەک ڕێزێک پەلاماری پەیکەری پیاوێکیان دا کە بۆ نیشتمان خۆی کردبووە قوربانی، حیزبەکەی کە لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا ناوی ئارام دەهێننەوە نێو ناوان، میدیا ئەهلییەکانیش باسی ئارام تێکەڵ بە هەواڵی سوخمەی مەمکی گۆرانی بێژ و ئەکتەرێکی لوبنانی و میسری دەکەن، باس لە تێهەڵدانی کچێک لە دەسگیرانی باوکی دەهێننە پێشێ، ئەمانیش دەیانەوێت بڵێن کە باسکردنی ئاران لە ئاستی ئەوانەدایە و قورسایی لەبەر ئارام دەکەنەوە و پێمان دەڵێن ئارامیش هەواڵێکە و یادکردنەوەیەکە وەکو ئەو هەواڵە بێتام و ناشرینانەی کە ئێمە بڵاوی دەکەینەوە، مێدیاکانی دەسەڵات و سیبەر و ئەهلییە موچەخۆر و خانەنشینکراوەکان، هەر ئەوەندە دەتوانن جوانی بە باوەشی ئارامدا بکەن ولەولاشەوە بەڕەوە دەچنە سەر گۆڕەکەی و ئەوانیش واتە هاوڕێکانی ئارام و حیزبەکەی جارێکی تر پەیکەری ئارامیان نەهێنایەوە شەقامەکەی سالم.  لەم ڕۆژانەدا هاوڕیەکم پێی ووتم :یەکێک لەقوتابیە گرینۆکەکەی ئارام لەو باڵەخانە بەرزەی" جاف تاوەر" بە یەک ملیۆن دۆلار شوقەیەک (فلات)ێکی لە ئەحەسوری کۆنە موستەشاری جاش و مقاولی ئێستای نێچیر بارزانی کڕیوە. .  
 ژیان چەند سەمەرەیە. . .  ! شەڕی ناوخۆ کە خراپترین شەڕە، ڕوو لەهەر ووڵاتێک بکات و هەر نەتەوەیەکیش پێوەی گیرۆدە بێت، هەرگیز لە بیریان ناچێتەوە و ئاسەواری بە جوانی و بە وشیاری پڕ دەکەنەوە، ئەو ساڵەی ئارام لەلایەن پارتییەکانەوە لەتوو پەرت کرا، شار هەر ماوەی لەژێر چەپۆکی هێزێکدا بوو، ژن و منداڵ گەنج و پیر هەر ڕۆژەی بۆ جێگەیەک ڕایان دەکرد ئای لە ڕۆژانی شەڕ، کە باوک بوون چ بەڵایەک بوو!
لە بیرمە ئارام کە شکێنرا ترسنۆکترین کەس و بێڕەوشترین مرۆڤ لە سەری پەیکەرەکەی ئارامی دەدا، ئەو دەم سەرۆک هێندە شەڕمن بوو، هێندە داماو بوو نەی دەزانی یاری بە چ ئاگرێک دەکات، بەوەشەوە نەوەستان کاتێکیش ئاشتبوونەوە سەرۆک قسەیەکی هێندە بێمانی کرد پیاو ڕشانەوەی دەهات ئەو ووتی: "من و تاڵەبانی، پاکترین کەسین کە تاوانمان نەبوو لەشەڕی ناوخۆدا".  ئاخر گەلێک زیهنی وەک زیهنی ماسی بێت سەرۆکی واش لەماڵەکەی خۆیدا رابەرایەتی دەکات.  ڕۆژگار هات و ڕۆی هەر لەبەر تارمایی پەیکەرەکەی ئارامدا شێرە کوڕانی سەرۆک گەلێکیان دایە بەر دەستڕێژی بیکەیسی و شەقامی سالمیان خوێناوی کرد، دوای ماوەیەکیش کوڕە جەربەزەکەی هات لەبەردەمی لقی چواردا ووتی:" هێز نییە پارتی لەسلێمانی داببڕێت". 
 ئارام هاوڕێکەم:
هەندێک برین و ئازار هەن میللەتێک دروست دەکەنەوە، ئازار هەیە مێژوی نەتەوەیەک بەکۆڵ هەڵدەگرێت. .  کەچی ئێمە نە ئەنفال برینمانە و نەشەنگال بۆتە ئازارمان، کە دەبوو شەنگال ئازارێکی ساڕێژنەکراوە بوایە و بۆ هەر کوێ بڕۆشتینایە نەفرەتمان لەو سەرۆکە بکردایە، کە دەستی وەک جامانەکەی سوور و خوێناوی بە بڕینچاوایە، نەک دەنگ بۆ کورسییە پیسە چڵکن و تاواناکەی درێژبکرایەتەوە وپیرۆز بکرایە! ئەوەی مەسعود بارزانی بوو شەنگالی بەرهەم هێنا.  ئەگەر کاتی خۆی ئێمە لەسەر ٣١ی ئاب و ئاشبەتاڵ سنورێکمان بۆ ئەم بنەماڵەیە دابنایە، نە شەنگال نە ٣١ئاب نە خەندەق لێدان نە ئەو هەموو تاوانەی لەسایەی ئەم بنەماڵەیەوە بەرهەم هاتوون، ڕووی نەدادا، ئەوە ماوەی ١٢ساڵە بەناوی سەرۆکی ئەم هەرێمە کورد زیاتر ئەتک دەکرێت، پیاوە تەنها خۆی بەسەر ئەم میللەتەدا ناسەپێنێت، بەڵکو هەرچی تاوان و خیانەتە جوانی دەکات و دەڵێت کوردینە وەکو ئێمە ئێوەش خیانەت لە خۆتان و لە خاکتان بکەن!.  هاوڕێیەک بۆی گێرامەوە کاتێک کە مەسعود بارزانی دوای ماوەیەک لە ڕاپەڕینی خەڵک تەشریفی هێناوە بۆ سلێمانی، لە تاسڵوجە چەند بەرپرسێکی یەکێتی لەمەڵبەندەوە دەچن بۆ پێشوازیی، ئەو کەسەی کە سەرۆکی وەفدەکەی میوانە ڕوولەشار دەکات بە هەلی دەزانێت کە داوا لەمەسعود بارزانی دەکات کە"سنورێک بۆ جاشەکان دابنێت، هەر هیچ نەبێت پۆست و پلەیان پێنەبەخشێت" مەسعودیش لەوەڵامدا دەڵێ ئەو چەکدارانە گەلێک لە "مام ڕۆستەم"ی ئێوە شەریفترن. 
کاتێک ئەم کاکەیە ئەو گفتوگۆیە لەگەڵ مەسعودا دەکات، جێیان دەهێڵێ و دەچێ بۆ دۆڵی جافایەتی و نایەتەوە ناو شار، ئەمە ئەو پیاوەیە لە گەرمەی ڕاپەریندا ئاوا بیری کردۆتەوە، دەڵێن ڤایرۆزەکان لەناو پیسایدا ژیانیان نوێ دەبێتەوە.  بەڕاستیش هەروایە گەر هەموو جاشەکان نەبونایە بە پارتی و یەکێتی، ئێستا ژیان بە جۆرێکی تر لەم هەرێمە دەگوزەرا. 
 بەڵێ هەر پێنج حیزبەکە هێواش هێواش خەڵکی ئامادە دەکەن کە سەرۆکە تاوانبارەکە بکەنەوە بە ڕابەری خۆیان. 
 ئارام ئەگەر ئەم هەرێمە هەرەسی نەهێنا و جارێکی تر ئەم حیزبە قەشمەرانە چوونەوە پرۆسەی هەڵبژاردن، تکایە ڕێگە مەدە ناوی تۆ بکەنەوە سەر مەشقی مێدیا ڕوو زەردەکەیان و بێن لە سایەی تۆوە سۆزی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان هان بدەن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە