ئازارو ناڵەی جەستە بێ خوداکان

Tuesday, 14/04/2015, 22:32

3108 بینراوە



زاموسوێی ئازارومەینەتیەکانی ئەنفال،تەنها لەنێو هەستودیدی ڕزگاربوەکانیدایە،نەک لەنێوهەست و دیدی سیاسیەکاندا.
ئازاروناڵەی جەستە هیلاک و بێخوداکان،تەنها ئەوانە بوون کە ئازارەکانیان بینی و کەوتنە ژێر پێی ئایەتی ئەنفال و زاڵمانی ناسیۆنالیزمی بەعسەوە. کوا سیاسیەکان پەی بەو ئازاروخەمە قوڵانە دەبەن،کامە ڕۆژ بوو سیاسیەکانی کورد،توانیان لە ئازاروخەمەکانی ڕزگاربوانی دوای ئەنفالی بەدناو کەم بکەنەوە لەماوەی ئەو 27 ساڵەی ڕابردودا، ئاخۆ تا چەند ساڵی تر یاد دەکرێتەوە و لەو نێوەشدا هەر خەڵەتاندن دەکرێت بە بەرۆکی ڕزگار بوانی ئەنفال و ڕزگار بوانی دوای کیمیاباران و گشت خەڵکی زەحمەتکێشی باشوری کوردستاندا؟ پرسیارەکان زۆرن،هێندەی خەم ساردی مێژووی دەسەڵاتداران،دەسەڵاتدارانێک کە تەنها هۆکارن لە بەردەوامی خەموناسۆریەکانی نێو ژیانی ئەو خەڵکە زەحمەت کێشە. لاوانەوە و بەزەیی پێدا هاتنەوە نەک بەردێک ناخاتە سەر بەردێک بۆ بنیات نانی کۆمەڵگایەکی ئازادو زیندوو،بەپێچەوانەوە هەمیشە کۆمەڵگا نوقمی دواکەوتوویی و فەلسەفەی بێبیر کردنەوە دەبات. ئایا بەزەیی پێدا هاتنەوە و فرمێسک ڕشتن،دەتوانێت دەرگا داخراوەکان بەرووی ژیاندا بکاتەوە،یان هەردەم قوفڵەکان توند تر دەکاتەوە! دیارە هەمو ئەوە دەزانین کە تا کۆمەڵگا نوقمی هەژاری و خەمداری بکرێت،ئەوکات ئاستی وشیاری و بەئاگا هاتنەوەش ڕوو لە شکست بوون دەبێت و بەزەیی پێداهاتنەوە جێگای دەرک کردن بەبونێکی زیندوو دەگرێتەوە.
کۆمەڵگا لەنێو پەروەردەی خۆ بەبوون بوندا دەتوانێت پەی بەتواناکانی خۆی ببات،نەک لەنێو فەرهەنگی بەزەیی و زەلیل بوندا. ئێمە لەقۆناغێکدا دەژین، بون خراوەتە جێگای نەبون،چونکە گەر بون هەبێت،دەبێت تێڕامان و پرسیار کردن و گەڕان بەدوای وەڵامدا هەمیشە لەبزوتندا بێت. بەڵام لەم ڕۆدا،ئەم جۆرە تێڕامانه وونە،بەئەندازەیەک وونە،کە زۆرینە تێیدا کراوە بە ڕۆبۆتێک کە بەدەستی مرۆڤ هەڵسوڕێنرێت یان بەرمەجە بکرێت و بەپێی خواستەکانی ئەوی دایناوە هەڵسوڕێت،مرۆڤی سەر بەچینە زەحمەتکێشەکەی کۆمەڵگای ئێمەش وای لێکراوە. مەخابن،ئێمە لەقۆناغێکدا دەژین،درۆوفێڵ و چەوساندنەوە خراوەتە جێی پەروەردە و بەئاگایی هاتنەوەی کۆمەڵگا، مرۆڤی زەحمەتکێشی کۆمەڵگای ئێمە کە لە چینە زەحمەتکێشەکەیە کراوە بەسواڵ کەر، ئیتر چی لەنێو خێزانی ئەنفالکراودا بێت یان خێزانی کیمیاباران کراودا بێت یان لە خێزانی ئەوانەدا بێت کە بەر ئەو دوو تاوانە نامرۆڤانەیە نەکەوتن. مەخابن،ئەوە نان پێدانێکە کە دەسەڵاتی خۆماڵی دای بە کۆمەڵگا. لێرەدا دەکرێت ڕاستیەکمان بۆ دەرکەوێت، کە چەوسێنەر لەهەرچ نەتەوەیەک بێت هیچ جیاوازیەکی نیە، چونکە چەوساوە هەست بەئازارو مەینەتیەکانی سەر ژیانی دەکات و چەوسێنەریش چێژ لەو کارەی خۆی دەبات. ئالێرەدایە کە دەبێت، تێبگەین کە ژیان لەنێو کۆمەڵگای چینایەتیدا برایەتی و یەک دەستی و یەک زمان چ درۆیەکی مەزنە کە ڕۆژانە لەڕێی پرسەکانی دەسەڵات و مینبەری مزگەوتەکان و قوتابخانەکانەوە دەفرۆشرێتەوە بە کۆمەڵگا.
ژیان لەنێۆ کۆمەڵگای چینایەتیدا هێندەی واقیعێکی دژ بەیەک نیشان دەدات،ئەو ژیانە درۆینانە نیە کەدەسەڵاتداران و مەلاکان بەگوێی کۆمەڵگایدا دەدەن. ژیان لەنێۆ کۆمەڵگای چینایەتیدا تەنها دەتوانێت درۆ و خیانەت کردن بەرهەم بهێنێت نەک ژیانێکی دوور لەدرۆ و چەوساندنەوە و حورمەت داری.
ئەوان ڕۆژانە درۆ دەکەن،گەر درۆ توانای ووتەی هەبوایە،ڕووی هەرچی سیاسی هەیە ڕەشی دەکرد. خۆ سیاسیەکان تەنها لە یادی ئەنفالدا،خەڵکی ڕزگاربویان بیر دەکەوێتەوە،تەنها لەیادی هەڵەبجەدا،کیمیا بارانیان بیر دەکەوێتەوە،هەردوای ئەو چەند ساتە کە هەستێکی درۆینانە دەردەبڕن،دواتر، تەنها خەمیان سەرخستنی قازانجە ناڕەواکانیانە.
سیاسیەکان درۆ دەکەن، گەر درۆیان نەکردایە،هەڵبەت نەژیانی ڕزگار بوانی دوای ئەنفال و کیمیا باران بەم شێوەی ئێستا دەبوو،وە نەژیانی خەڵکە زەحمەت کێشەکەش بەم ئەندازەی ئێستا،بێکاروهەژار کراو دەبوو. کوردستانی باشوور،هێندە سامانی هەیە،کە بەشی سێ تا چوار هێندەی دانیشتوانەکەی بکات،بەڵام کوا ئەو ژیانە دوور لە سوێیە! مەخابن،کۆمەڵگا لەژێر دەستی دەسەڵاتێکی هێندە ناڕەواوو تەسک بیر کەرەوەدایە،هەمو ڕۆژێک ژیانی هەژاران تێیدا ئەنفال دەکرێت. بۆ وا دەزانن ئەنفال چیە!ئاخۆ پێشمەرگەیەک لەبەری جەبهەدایەو بەرەنگاری لە حورمەتی کۆمەڵگا دەکات دژی بەدڕەوشترین بزوتنەوەی ڕەشی ئیسلامی،تا نەتوانن بێنە نێو کۆمەڵگاوە و داگیری نەکەن،گیرفانی بەتاڵی هەست پێ دەکرێت لەلایەن چەتەکانی خاوەن دەسەڵاتەوە،یان تەنها خودی ئەوە،دەزانێت وا سەری مانگەو پارەی کرێی نیەو پارەی ژیانیشی نیە! ئاخۆ کرێکارێک دەچێتە مەیدانی کار و کاری وەچنگ ناکەوێت تا بژێوی خۆی و مالومنداڵی پێ دابین بکات، کێ هەیە هێندەی ئەو هەست بەبێزاری و خەمگینی بکات کاتێک بەدەستی بەتال و جەستەی خەمۆکیەوە دەگەڕێتەوە نێو ماڵەکەی؟ بۆرژواکان، تەنها ئەوانن داگیر کەری ژیان و ناشیرین کردنی واتاکانی ژیانێکی حورمەتداری دوور لە چۆک دادان و کۆیلە بونێتی. جەنگەکان و قەیرانەکان و گرانی و بێکاری تەنها خواست و بەرهەمی ئەو چینە چەوسێنەرەی سەر کۆمەڵگایە. جا ئیتر ئەو دەسەڵاتە کوردی بێت یان بێگانەیی هیچ جیاوازیەکی نیە. ماناکانی شەق وەشاندن، هەریەکە، گەرچی جۆراوجۆریش بێت.
بۆرژواکان تەنها خاوەنی فرمێسکی تیمساحاوین بۆ هاوبەشی خەمیان لەگەڵ چەوساوەکانی ژێر دەستیاندا. بەداخەوە،هەرچی میدیای بینراو بیستراویش هەیە،هەموو لەخزمەتی ئەو ئایدۆلۆژیا پارە پەرستەی بۆرژواکاندایە،نەک بێن و ئەسڵی خەمەکان دەربڕن و چارەسەری ڕیشەیی بدەنە گوێی کۆمەڵگادا. ئاخۆ گەر دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان بەشێک نەبوون لە کردەی ئەنفالی بەدناو،چۆن ڕێگایان دەدا،ئاستی وشیاری کۆمەڵگا بەو ئەندازەیە بێتە خوارەوە،کە ڕەوە کولەی سەلەفی و داعشیزم تێیدا،بەئارەزوی خۆی گەرا دابنێ؟ کوا ئەو دەسەڵاتە جیاوازترە لەو دەسەڵاتەی هەستا بە کردەی ئەنفالی بەدڕەوشت! خۆ گەر وانەبوایەو دەسەڵاتی هەرێم وەک ئەوی دوێنێ نەبوایە،دەبوا ئێستا کۆمەڵگایەکی پەروەردە کراو بە تەواوی زانستێک کەخزمەت بەکۆمەڵگایەکی زیندوو بکات،بوونی هەبوایە؟ئاخۆ کارێکی وا بەرچاو دەکەوێت؟ یان پێچەوانەکەی دەبینرێت. فڕێدانی کۆمەڵگا بۆ نێو زەلکاوی پیس بوو،زەلکاوێک کە هەر چرکەو نیشاندەری ئەنفال کردنێکی بەردەوامی لەهەگبەدایە. من لەو یادانەدا،هێندەی دی،ڕقم لەدەسەڵاتداران و میدیاکانیان دەبێتەوە،چونکە بەغەیری درۆو خەڵەتاندن،هیچی تریان لێ نابینم. ئازار و مەرگەساتی ئەنفال تەنها لای ئەوانەن کە ڕزگاریان بوو لەو کارە بەدڕەوشتیەدا،نەک ئەوانەی تەنها بۆ یادەکە ئەنفالیان بیردەکەوێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە