چۆنێتی بەرنگاربونەوەی درێژکردنەوەی وویلایەتێکی تر

Saturday, 18/04/2015, 23:11

4791 بینراوە


بێدەنگی کۆی کایە بەناو سیاسیەکانی باشوری کوردستان و بەنهێنی گفتوگۆکانیان، لە مەردرێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم و چەندبارە دیاریکردنی مەسعود بەرزانی وەك سەرۆك ،یەك مانا هەڵدەگرێ کە هەر یەك لەو حزب وپارت و رێکخراو لایەنەنانە چاوەروانی بەشێکی زۆرتری کێکەکە دەکەن لە بری بێدەنگ بوونیان یان رازی بوونیان لەسەر بەخشینی نازناوی سەرۆکی هەرێم  ،لەم ساتە وەختە مەسعود بەرزانی ووتەیەکی تووند و هەرەشە ئامێز فرێدەداتە بازاری لایەنە سیاسیەکان وبەر گۆی کۆمەڵگەی کوردی و دوا بەدوای  ئەوەش بە ماوەیەکی کەم تەقینەوەیەك لە عەینکاوە روودەدات . من تێ ناگەم بۆ رووداوی لەو چەشنە تەنها لە کاتی نزیك بونەوەی هەڵبژاردن و دیاریکردنی پۆستەکان روودەدەن ،لە گەڵ ئەوەشدا نامەوێ رودانی ئەو کارانە بە کارتی فشار لەقەڵەم بدەم لە لایەن کەسەوە بۆ ناچارکردنی لایەنەکانی تر . 
نزیك بوونەوەی دیاری کردنی سەرۆكی هەرێم (ناڵێم هەڵبژاردن ) زەنگێکی خەتەرناكە و مەودایەكیشە بۆ دیاری کردنی بتەوی هەنگاوی کایەیەكی شارستانی لە حوکم رانی خۆ بەخۆ و ئاڵۆوگۆرکێی پۆستەکان یان نا پتەوی وقۆرەخکردنی لە لایەن چەند کەس و بنەماڵەیەکەوە . رەنگە ئەم هاوکێشەیە پێویستی بە تێفکرینی زۆر نەبێ و هەموو ئەوەمان لەبەر چاوبێ ئەگەر ئێمە بەرنگاری بریارەکانیان نەبین کەی وچۆن مەسعود دەبێتەوە بەسەرۆكی هەرێم .
خۆ ئەگەر هیچ هۆیەکی دیاریکراویش نەبێ کە بەدەیان و سەدان هۆکار هەن خەڵکی نایانەوێ ئەو ببێتەوە بەسەرۆك ، تەنها وەك مۆراڵێکی مرۆڤایەتی هیچ بەجوانی نازانم جارێکی تر بۆ پۆستی سەرۆك دیاری بکرێتەوە .چونکە  قۆرخکردنی ئەو پۆستە لە لایەن بەڵا ماڵەی بەرزانی ، بێ بەهاکردن و سرینەوە و بە کەم زانینی تەواوی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانە و شیاوێتی ئەو شوێنە بە بنەماڵەیەك دەبەخشێ وهەرێمی کوردستانیش دەکات بە مەملەکەتی بەرزانیەکان و وەك والی ویلایەتی هەرێمی کوردستان ناوی دەخزێننە مێژووەوە . 
تەنها لەبەر ئەوەی ئێمە وەك رۆشنبیر و خەم خۆرانی کۆمەڵگەی کوردی وخاکی کوردستان وتاکی کورد ، نامانەوێ ئەم پرسانە بەشەر یان بەتوندوتیژی چارەسەر بکرێت و دەیان بارە شەرە ناو خۆیەکان هەڵنەگیرسێن  ،کە دەزانین ئەوان بۆ هەلێك دەگەرێن تاکو ئاشوب وشەر هەڵگیرسێن و جارێکی تر هۆکارێکیان بەدەسەتەوە بێ بۆ درێژە پێدانی ماوەی ویلایەتی بەرزانی ، من پێشنیاری ئەم خاڵانە دەکەم و هیوادارم کوردستان پۆست وەك دەستپێشخەر و ناوەندێ کە هەردەم لە بەرەی گەل و کۆمەڵگەی کوردی بوە ،،ببێتە بڵندگۆی ئەو بانگەوازەو کاری جدی بکات و پەیوەندی بە تەواوی ناوندەکانی میدیای ئازادەوە بکات و رێپیشاندەر بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو دور لە توندوتیژی . 
یەکەم / خۆ ئامادەکردن بۆ رێپێوانی هێمنانە دژی درێژکردنەوە یان دیاریکردنی کەسێکی تر لە بنەماڵەی بەرزانی بۆ ئەو پۆستە 
دووهەم / کەڵك وەرگرتن لە سۆسیال میدیا و جۆرەکانی تری پەیوەندیە خێراکان بۆ کۆبونەوی بەپەلەو لە ناکاوو یان دیاری کراوو لە ئان وساتی جیاوازدا 
سێ هەم/ سود وەرگرتن لە ئامێری تەلەفزێۆنی نا جێگیر و بلندگۆ و سینەمای بچوك و گەرۆکەکانی سەرشەقام و گرتەی ڤیدێۆیی و رادێوو هەموو ئەو ئامێرانەی لە دورەوە دەتوانرێ خەڵکی پێ ئارەستە بکرێ  ، بۆ دروستکردنی رای گشتی دژ بە درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی .
چوارەم / دورست کردنی شوێنی کۆبونەوەو کۆکردنەوەی خەڵکی وقسەکردن و لێدوان و گفتوگۆ لە چەشنی سەرای ئازاد و بەستنی سمینار وکۆر و کۆبونەوە بۆ کەسانی شارەزا و دروستکردنی رای گشتی
       پێنجەم  / پەنا بردن بۆ تاکتیکی( نافەرمانی مەدەنی ) یان بەرنگاربوونەوەو ناگۆرایەڵی شارستانی ( العصیان المدني)             Civil disobedience
کەڵك وەرگرتن لە خەبات و تێکۆشان و تاقیکردنەوەی گەلانی هندی و فەرەنسی و ئەمەریکی و ئەفریقی کە دەیان ئامانجی گەورەیان بەدەست هێناوە لە رێی گرتنە بەری ئەو سیاسەتە (ناگۆرایەڵی شارستانی) .ئەم کارە پێویستی بە رێکخستن وبەدواچون و تەنسیقێکی زۆر هەیە ، رەنگە لە رێی بانگەوز یان پلاوکراوەو میدیاکانەوە ئاسانتر کارەکە ئەنجام بدرێ ، بۆ دەستپێك وەك نارەزایی دەکرێ هەموو بە یەك کاژێر مانگرتن دەستپێبکەین لە فەرمانگەو دەزگاکان وشوێنی کارەکانمان یان تەنانەت نە جولانمان لە ناوجادەکان و شەقامەکان وەك هیمایەك بۆ نارەزایەتی ،، ئەم کردەوانە دەکرێ ببێتە دەستپێکی شۆرشێکی سپی کە چۆك بە گەندەڵ کاران و مافیاکانی حزبە کوردیەکان بدات و رەگ و ریشەیان لە ناو کۆمەڵگەی کوردی هەڵدەتەکێنێ و دڵنیایی سەرکەوتنی زۆر بەرزە .
لێرەوە وەك کوردێك کە شانازی بە ئازادی وخەباتی کوردەوە دەکەم ،وەك کەسێك کە هەوڵ ئەدەم بۆ بەرفرەوانکردنی پەنتایی ئازادی و مافی ئازادی رادەربرین ورای جیاواز داواکارم لە هەموو ئەو کەسانەی کە کاریگەریان هەیە لەسەر دەوروبەری خۆیان ،داواکارم لە ئەو کۆمەڵە و گروپ و دەزگاو یەکانەی بەناوی کۆمەڵگەی مەدەنی و سێکولار قسەدەکەن و دەم دەکوتن لە مافی مرۆڤ ومافی بوونی رای جیاواز ، خۆ ئامادە بکەن و هەمەئەهنگی دروست بکەن و لە بەر رۆشنای ئەم چوار خاڵەو دەیان رێگە و رێچکەی دورلە توندوتیژی بەرنگاری بێدەنگی درێژکردنەوەی ماوەی وویلایەتی بارزانی بدەن و رێگە خۆش بکەن تا کەسێکی شیاو و بەتواناو دوور لە حزبەکان بۆ ئەو پۆستە  دیاری بکرێ . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە