هەڵۆ ئارام : یادی سەد ساڵەی جینۆساید کردنی ئەرمەنەکان

Thursday, 23/04/2015, 22:23

5272 بینراوە


لە مێژوی مرۆڤایەتیدا زۆر جار خەڵکانێکی سیڤیل  بە کۆمەڵ کوژراون . بە مەبەستی سیاسی، دینی ، نەتەوەیی یان ڕەگەز. ئەمەش بە جینۆساید ناودەبرێت.
جینۆساید یان کوشتنی بەکۆمەڵ دەبێتە تاوانی جەنگ، ئەمەش زیاترە لە کوشتن چونکە کوشتنی بە کۆمەڵ زۆرجار زیانی جەستەیی و دەرونی لێ دەکەویتەوە بۆ پاشماوەو کەسوکاری قوربانیەکان.  

لەپاش ساڵی ١٩٤٨ ز دوای جەنگی جیهانی دووەم نەتەوەیەکگرتوەکان یاسایەکیان دانا بۆ ناساندنی جینۆساید و مەحکوم کردنی, تا ڕێگری بکرێت لە دووبارە روودانی ئەو تاوانانەی کە لەو جەنگەدا ڕویاندا وەک کوشتنی بە کۆمەڵی یەهودیەکان و قەرەچەکان لە ئەوروپادا.
جینۆساید لە پاش دەرچونی ئەو یاسا نێودەوڵەتیە ناسێندرا وەک تاوانی جەنگ. ناوی جینۆساید لە کاتێکدا بەکار دێت ئەگەر کوژراوەکان لەسەر بنەمای نەتەوەیی ، ئاین یان ڕەگەز کۆمەڵکوژ بکرێن.
ڕاگواستنی زۆرەملێش جۆرێکە لە جینۆساید لە هەمانکاتیشدا هەموو کوشتنێکی بە کۆمەڵ ناو نانرێت جینۆساید. ئەمەش ئەوە ناگەێنێت کە کوشتنەکانی تر کاریگەری کەمتر بێت بەڵام لە یاسادا جیاکراوەتەوە.

تاوانبارانی جینۆساید لە هەموو کاتێکدا حوکم دەدرێن بە یاسا نێودەوڵەتیەکان . ئەگەر تاوانبارەکە کەسی سیاسی بێت ئەوا دادگا حوکمی دەدات لەسەر بنەمای یاسای دژە مرۆڤایەتی.

جینۆساید کردنی ئەرمەنەکان لە ساڵی ١٩١٥ز دا یەکێکە لە تاوانە گەورەکان لە مێژودا کە  بە
ڕاگواستنی ئەرمەنەکان دەستی پێکرد لە تورکیا وە بەرەو بیابانەکانی سوریا لە بەرواری
 ٢٤-٤-١٩١٥ ز دا . ئەرمەینیا لە سەرەتای سەدەی ڕابردوا بەشیک بوو لە دەوڵەتی عوسمانی        ( تورکیای ئەمرۆ) بەڵام لە جەنگی جیهانی یەکەمدا تورکیا لایەنی ئەڵمانیای هەڵبژارد  و ئەرمەنەکان لایەنی ڕوسیایان هەڵبژارد. تورکەکانیش لە دیدی خۆیانەوە ئەمەیان وەک خیانەتی نەتەوەیی بینی. ویستیان بەم جۆرە شکست بە ئەرمەنیەکان بهێنن.
زۆرینەی ئەرمەنیەکان لە نزیک دێهاتەکانی خۆیان دەکوژران یان ڕەوانەی کەمپی کوشتن دەکران. ئەم کەمپانەش زۆر دور بوون و زۆربەیان لە بیابانەکانی سوریا بوون .
دەستگیرکراوەکان دەبوو بە پیادە بڕۆن بەرەو بیابانەکانی سوریا. هیچ کەس بۆی نەبوو خواردن یان خواردنەوە لەگەڵ خۆی بەرێت بەم هۆیەشەوە خەڵکێکی زۆر لە ڕێگادا گیانیان لەدەست دەدا پێش ئەوەی بگەنە کەمپ و کوشتارگەکانی دەوڵەتی عوسمانی.  سەرەڕای ئەوەی کە خواردن و خواردنەوەش قەدەغە کرابوو زۆرجاریش لە ڕێگادا ئەشکەنجەیان دەدان تا دەمردن یاخود سەریاندەبڕین یان بە کۆمەڵ گولە بارانیان دەکردن.
ئێستا تورکەکان و ئەرمەنەکان زۆر جیاواز لە یەکتر بیردەکەنەوە لە ژمارەی کوژراوەکان وە خاڵێکی تریش کە تورکیا جیاواز لە هەموو جیهان بیر دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵکوژیەکە بە ڕوداوێک ناو دەبات وە توشی هیستریا دەبێت کە گوێبیستی وشەی جینۆساید دەبێت.
تورکیا دەڵێت ئەو خەڵکانە لە برسا مردون و باری جەستەییان تەواو نەبوە و ژمارەی کوژراوەکان لە دووسەد هەزار بۆ پێنج سەد هەزار کەس تێ ناپەڕێت. بەڵام زۆرینەی وڵاتانی دونیا و ئەرمەنەکان زۆر جودا لە تورکیا دەڕواننە ژمارەی قوربانیەکان. بە وتەی ئەرمەنیەکان ژمارەیان دەگاتە پێنج ملیۆن و سەد هەزار کەس . ئەوەی جێگای داخە کەس ژمارە ڕاستەکە نازانێت و دەوترێت هەشتسەد هەزار بۆ پێنج ملیۆن کوژراو دەبێت.
 جینۆ ساید کردنی ئەرمەنەکان لای ئەرمەنیەکان و زۆرینەی وڵاتانی جیهان دانی پێدا نراوە . تازەترین وڵات کە بەفەرمی دانی ناوە بە جینۆسایدکردنی ئەرمەنەکاندا  وڵاتی نەمسا یە لە بەرواری ٢٢-٤-٢٠١٥ ز دا بەم هۆیەشەوە تورکیا لە ٢٣-٤-٢٠١٥ ز دا باڵیۆزی خۆی بە فەرمی لە نەمسا کێشایەوە!
تورکەکان تەواوی بەڵگەنامەکانی جینۆساید کردنی ئەرمەنەکانیان حەشارداوە و کەس بۆی نیە بیانبینێت. نایانەوێت کەس لەم باسە بپرسێت و بەشیکی زۆری بەڵگەکانیش بە دەستی ئەنقسەت لەناو براون.

نمونەیەکی تری جینۆساید لە میژوودا کوشتنی بەکۆمەڵی  ئۆکرانیەکان بوو لە لایەن ستالینەوە.  لە ساڵی ١٩٣٠ دا ئۆکرانیا ویستی جودا ببێتەوە لە ڕوسیا،  ستالینیش ئەمەی نەدەویست و بەم هۆیەوە ئابڵوقەی ئابوری خستە سەر ئۆکرانیا و نزیکەی حەوت ملیۆن کەس لە برسا گیانیان لە دەستدا.

پۆڵ پۆت دیکتاتۆری کەمبۆدی  لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا  دوو ملیۆن کەسی لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی خۆی کوشت. ناوبراو خوازیار بوو دەوڵەتێکی کۆمۆنیستی دروست بکات.  بۆ بەجێ هێنانی مەرامەکانی خۆی  نەیارەکانی خۆی لە ناوبرد. پۆڵ پۆت کەمپێکی دروست کردبوو بە ناوی ( کیڵین فێڵد ) واتە مەیدانی کوشتارگە.

زۆر جێگای داخە کە جینۆساید تا ئەمڕۆش  ڕوو دەدات. نمونەی تازە لە ساڵی ١٩٩٤ ز دا لە وڵاتی ڕواندا هەشت سەد هەزار توتسی بونە قوربانی . هۆکارەکەشی نەتەوەیی بوو. ئەوانەی کۆمەڵکوژیەکەیان ئەنجامدا خۆشیان هاوڵاتی هەمان وڵات بوون و لە خێڵی (هوتو) بوون.
لە ئەوروپاش لە ساڵی نەوەدەکان بە هەمانشێوە جینۆساید کرا دژ بە گەلی بۆسنیەکان . بۆسنیەکان و کراواتیەکان لە جەنگدا بوون دژبە  سێربیەکان . هەڵبەتە پێش کۆتایی هاتن بە حوکمی شوعیەت لە یۆگۆسلافیا ئەم نەتەوانە پێکەوە دەژیان.بەڵام سێربیەکان خەڵکانێکی زۆری موسوڵمانی بۆسنیەیان کوشت و کوژراوەکانیش هەموو خەڵکی سیڤیل بوون. کوڕی گەنج و پیاوی پیریان لە ژن و منداڵ جیا دەکردەوە و دەنێردران بۆ کەمپی کوشتن و ژنەکانیش دەستدرێژی سێکسیان دەکرایە سەر. ڕاگواستنی بە کۆمەڵ کاری ڕۆژانەی سێربیەکان بوو. لێرەدا بۆسنیەکان دووسەد هەزار قوربانیان هەبوو.

نمونەیەکی دیاری تری جینۆساید لە وڵاتی خۆمانە ئەویش ئەنفالی بەدناوە کە لە لایەن حوکمەتی بەعس و عەرەبی شۆڤێنی بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن ئەنجام درا دژ بە گەلی کورد. ئەم خەڵکانەش تەنها تاوانیان ئەوە بوو کە کورد بوون ! ژمارەی تەواوی قوربانیانی ئەنفال تا ئێستا دیار نیە و زۆرینەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە