ئینگە و لەنگەی شۆڕشەکانی کورد و پلانگێڕیەکان (١٩بەشی)

Saturday, 25/04/2015, 23:23

2060 بینراوە


کوردستان و شەڕی داعش...
-  دوای ئەوەی داعش لە چاو تروکاندنێکدا ڕۆژی ١٠-٦-٢٠١٤ز. موسڵی گرت و بە ویلایەتی ژێر خەلافەتی خۆی ڕایگەیاند، پەلاماری بەرفراوانی بۆ دەوروبەر و دوور و نزیک برد و ترس و دڵڕاوکێ و نائارامی سەرجەم کوردستان و عێراق و جیهانی گرتەوە...
- لە سنورەکانی موسڵەوە پاش ماوەیەکی کورت شەنگال و مەخموری بەشی کوردستانی داپلۆسی و خستیە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و کۆمەڵکوژی و ئەنفالی لەو دەڤەرانە ئەنجامدا!! کورد نەیتوانی تا ئەو کات هیچ بەرنگارییەکیان ببێتەوە!!.
- سیاسەتی کوردی و دەوڵەتی کورد لە کوردستانی باشور تا ئەو کات لە بەرامبەر ئەو جۆرە پەلامار و هەڕەشانە وەک نوستوو وابوون! سەرقاڵی خۆیان بوون.. ململانێ و دووبەرەکی چەند دەستە و ئیدارەیی، نەبوونی هێزی یەکگرتوو و پارێزەر، نەبوونی پلان و پارێزگاری لە کوردستان؛ لە لایەکیترەوە خەریک بوون بە بازرگانی و گیرفان ئاخنین و پرۆژەی جەردەیی و فرۆشتنی سەروەت و سامانی سروشتی و نەتەوەیی بە دەورو بەر و جیهانی دوور و نزیک، لە سەرقاڵیی خاک و ناوچە داگیرکراوەکان لە گەڵ بەغدا و بێئاکام مانەوەیان و پاڵ لێدانەوەیان، کەوتبوونە سارد بوونەوە و خۆ ون کردن لە ئاست بەرژەوەندیە ستراتژیەکانی گەل و نەتەوە و خاک و مێژوو و وڵاتەوە.! جرت و فرت بۆ دەوڵاتانی دراوسێی دژە کورد،  کڕین و فرۆشی خاک و سەرمایەی کورد و کوردستان و خستنە ژێر پرسیاری سەروەری نیشتمانی؛ ببوونە هۆکاری پلان و دەسئاواڵایی دوژمن و پیلانگێڕان بۆ سەر کوردستان و دیسان لە بار بردنی ئەو ئەزموون و دەسکەوتە گرنگە کە بۆ کورد و کوردستان بە دەست هاتبوون!.
- گرتنی شەنگال و چەند ناوچەیەکی گرنگی کوردستان لە لایەن داعشەوە، بە داخەوە کارەساتی زۆر قێزەون و نامرۆیی لێکەوتەوە و ئەو ناوچانە بە دانیشتوانی و جێگاو شوێنیانەوە، مەرگ و ترس و ئاگر و ئاسن و گولە، دەستدرێژی و بێڕێزی لە لایەن پەلاماردەرانەوە کەرامەتی هەر تاکێکی کوردی وڕوشاند!
- بێویژدانی نەبێت و ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە پێش ئەو هێرشانە بۆ سەر خاکی کوردستان، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەلە قاژەدا بوو بۆ ڕاگەیاندنی کوردستانێکی سەربەخۆ و لە چەند دیمانەیەکی ڕاستەوخۆدا باسی لەو ئامادەسازی و کار و چالاکیانە کرد کە دەبێ چۆن و چی بکەین بۆ سەربەخۆیی... باسی ڕیفڕاندۆمی کرد لە ناو کۆمەڵگەی کوردی لە کوردستانی باشوور بۆ ئەو پرۆسەیە و سەرنجی دۆست دوژمنی بۆ لای خۆیان و مەسەلەی گرنگی کورد ڕاکێشا، ئەمە وێڕای ئەوەی کە لە ڕوانگەی زۆر کەسانەوە پێیان وا بووە و وایە کە بارزانی لە پێناو بەرژەوەندی و چەسپاندنی زیاتری پلەو پایەی خۆی حیزبەکەی بۆ هەتایە لە کوردستان دەیەویست و دەیەوێ بەردەوام بە تاک و حیزبی یەکەم و دەسەڵاتدار بمێننەوە؛ کە ئەوەش مافی هەر کەس و حیزبێکە ئەگەر لە حیسابی گەل و نەتەوە و پاماڵکردنی حەقی خەڵک و حیزب و کەسانیتری کوردستان نەبێت!.... 
- بەڵام دیار بوو کە پلانی دوژمنان چۆنین بەرنامە و ئامانجەکیان گۆڕی و چۆن ئەو بارودۆخەیان تێکدا و لانی کەم وە دوایان خستەوە!! وەک باس ئەکرێت یەکێک لە ئامانجەکانی داعش و دەستەکانی پشتەوەیان هەر ئەوە بووە گوایا لە کوردی تێک بدەن!. بە هەر حاڵ سیاسەت سەر و بنی بۆ ماوەیەک ناڕوون و نادیارە و دەنگی درەنگ دەردێت و پلانەکانی بۆ خەڵکی ئاسایی درەنگ ڕوو دەبن!، بەڵام دوور نیە کە ئەوە ڕاست بێت، کە هەردەم دوژمنی کوردان زەرەری لەو جۆرەیان زۆر بە کورد گەیاندووە!!
- بە هەمەحاڵ؛ مەبەستی گرنگ لێرەدایە کە دەبێ لێی ئاگادار بین؛ -.. داعش، گەر چی زیانی زۆری گیانی و ماڵی بە کورد گەیاند، بەڵام قازانجی زۆریشی بۆ کورد هەبوو... وەک دەبێژن؛ '' ئەگەر خوا بیەوێ دوژمنیش دەبێتە سەبەبی خێر''. 
- وەک باسمان کرد، کورد تا ئەو ماوەیە لە خەوی غەفڵەتا بوو! لە مێژوودا ئەگەر بۆ سەرەتای دەوڵەتی مادەکان بگەڕێینەوە مێژوو بۆمان ئێژێتەوە کە سەرانی ماد لە خۆش خزمەتی و خۆبایی و پاڵدانەوە و بێ ئاگای لە هەژارانی وڵاتەکەیان و گرنگی دان بە خەو و خواردنەوە و لەشپەروەری، ببوونە هۆکاری لە دەستچونی دەسەڵات و کۆتای پێهێنانیان لە لایەن دوژمنانەوە لە قاتی سەرەوە چوونەوە بۆ ژێرخان و ژێر دەستیەوە.... 
- دەسەڵاتی کوردیش لە کوردستانی باشور پێیان وابوو ٢٠ ساڵ بەسە بۆ کورد و ئیتر دەوڵەت و کاری ئیداری بۆ خۆیان دەچنە پێش و هەر کەس کاری خۆی ئەزانێ؛.. بێ ئاگا لەوەی کە چ بۆشایی و کەم و کۆڕی زەبرێکیان لە هەیکەل و پەیکەری دەوڵەت و وڵات و نەتەوە دەوڵەتیان پێکهێنابوو!!. بە خۆشی یان ناخۆشیەوە داعش زیندوویی کردنەوە!...
- بە هاتنی داعش کورد لە خەوی لەشپەروەری ڕاچەنی و هاتەوە بەرخۆ... کەوتە پەلەقاژە و هاوار و یارمەتی لە دەرو دراوسێ و دوور و نزیک.. سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی و وڵاتەکەی ڕاکێشا... وەک دەزانین لە کاتی پەلامارەکانی داعش بۆ ناوچەکانی کوردستان، تەنیا چەند کیلۆمترێکی مابوو کە هەولێری پێتەختی کوردان بخەنە ژێر چەکمە و بەیداخی خۆیانەوە و ئاوات و مانجی کورد دیسان ببەنەوە و مێژوو چەنپاتە بکەنەوە!!.‌
- ڕووداوەکان لە ڕێگای ڕاگەیەنە گشتی و تۆڕە خێرا کۆمەڵایەتیەکانەوە بۆ جیهان گوازرانەوە و هەموو لایەکی مەدەنی و دەوڵەتی لە کارەساتەکان و ئەنجامەکانی ئاگادار بوونەوە و زوو کەوتنە خۆ.... ڕۆژئاوا بە تایبەت بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی و پاراستنی باڵانسەکان زوو ڕۆیشتەوە گۆڕەپانەکە و هێرشەکانی داعشی بە هەموو جۆرە چەکێکی ئاسمانی و زەوینی بەر پەرچ دایەوە... کوردیش چەکی سووکی پێدرا و بە هاوکاری گوایا ئێران پێشگیری لە گرتنی هەولێر کرا و نەیانهێشت داعشیەکان بیگرن!!...
- بۆیە دەتوانم بێژم؛ ئەو ڕووداوانە قازانجیشیان زۆر بونن و بوون بە پاڵپشت و هێزێکی گەورەی ڕاگەیاندن و یەکگرتنی کورد و چالاک کردنەوەی هێزی پێشمەرگە،...
- کورد بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لە شەڕی پارتیزانی و جەبهەیی دوور کەوتبووەوە، نەوەیەکی نوێ شەڕ نەدیبوو، بێ ئەزمون لە چەک و چۆڵی سەربازی، بێ ئاگا لە جۆر و پلانی سەربازی و شەڕی کۆڵانان و دەستە و یەخە... ناشارەزا لە سنوورەکانی کوردستان و بێ هەست و سۆز بۆ بەرنگاری و پارێزگاری کوردستان و نەتەوە و نیشتمان... وا مەزەندە ئەکرا ئەگەر ئەو ڕووداوانە بە خێرایی نەهاتنایە ئاراوە کورد بۆ خۆی لە ماوەیەکی کورتدا دەستی لە هەموو شت هەڵدەگرت و خۆی دەتواندەوە....
- ئەو هەڕەشانە کوردی یەکخستەوە، سنوورەکانی کوردستانی ئازاد کرد و هەموو خاکی کوردستان بۆ یەکەمجار لە سایەی داعشەوە کەوتەوە دەستی کورد و هێزی پێسمەرگە.. بەشداری هەموو کورد و بەشەکانیتری کوردستان بە هێزی سیاسی و مەدەنیەوە و پشتگیری لە کوردستانی باشور، بەرنگار بوونەوەی هەمەلایەنەی کوردی سیاسی و مەدەنی، زمان و قەڵەمی گشت ڕۆشنبیران، هیمەت و هەڵمەتی گشت کوردپەروەران و نیشتمان پارێزان، میدیا و ڕاگەیەنە خێراکان بوونە هۆکاری بەرچاو ڕوونی بۆ کورد و ڕاکێشانی سەرنجی هەموو جیهانی مەدەنی و سیاسی و بە تایبەت دەوڵەتمەردانی خاوەن هێزی جیهانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی دۆزی کورد و مافەکانی. بە باوەڕی من لە ماوەی ئەو چەند مانگەدا بە ڕادەی هەموو مێژووی کورد یارمەتیدەر بووە بۆ بە ئامانج گەیشتن و باوەڕ بوون بە دامەزرانی وڵات و ڕەوینەوەی ترس لە کۆمەڵگای کوردیدا..
- لەو شەڕە نەخوازراو و داسەپاوەدا کە خەریکە خۆی لە ساڵێک نزیک ئەکاتەوە، بە داخەوە لە بەرەکانی شەڕدا نزیک ١٥٠٠ پێشمەرگە بوونەتە قوربانی و بە سەدان بریندار بوون و چەندین دیلیش کەوتوونەتە دەستی داعش و بەشێکیان بە شێوەی نامرۆیی و دوور لە هەر یاسا و ڕێسایەکی خوایی و بەشەری، و سامناکترین شیوە کوشتوون و شەهید بوون..
- ئەو شەڕە نەخوازراوە یەخەگیرە، نە شەڕی کورد بوو، نە کوردیش دەبوا بیکردایە و خۆی بخستایە ناو ئەو بارگرژیە ئاڵۆزە کە ئەتوانم بێژم بە دەیانساڵیتر کۆتایی نایەت...! سیاسەتی کوردی دەیتوانی بە جۆرێکیتر بارودۆخەکە بگۆڕێت و خۆی لێدەرباز بکات بەڵام پیلانی دوژمنان و سیاسەتی چەوتی دوژمنکارانەی دراوسێکان؛ '' لە بانەوە یار و لە ژێرەوە مار! گەزەی توندیان کرد و ژەهری خۆیان ڕژاند!.. 
- هیوادارم کورد بتوانێت خۆی توشی زەرەر و زیانی زۆرتر نەکات، بەشداری شەڕی دەرەکی نەبێ و تەنیا سنوورەکانی کوردستان بپارێزێ... کاریان نە بە موسڵ و نە بە بەغدا و نە بە ئەودیوی حەمرینەوە هەبێت!!. چونکی هیچ کەس و هێز و لایەنێکی بیانی و ناکورد، تەنانەت بۆ ڕزگاری بستێکیش لە خاکی کوردستان نەک هەر هاوکاری کورد و پێشمەرگە نەبوون، بگرە زەبر و زیانیشیان بە کورد و کوردستان و پێشمەرگە گەیاندووە... ئیتر بۆ کورد ببێتە کەوا سووری بەر لەشکری '' عەجەم و عەرەب و تورکی تاتار ''!؟
- درێژەی هەیە....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە