خەڵک بەکوشتدان تەنها لە پێناوی میللەتدا رەوایە

Sunday, 26/04/2015, 0:12

3780 بینراوە



ملکەچیی جەماوەری باشور دەستەڵاتێکی رەهای دروست کردووە -
ئەوەی دەنگی داوە بەرپرسیارە لە قەیران -
ئەرکی سەر شانە بزانیت بۆچی و بۆ کێ بەکوشت دەچیت -
-------------------------------------------------
ساڵی ١٩٢٢ ئینگلیزەکان شێخ مەحمودیان لە بەندیخانەی هندستانەوە هێنایەوە بۆ ئەوەی بەکاری بهێنن دژی نفوسی تورکەکان. ئەو کات ژمارەیەک وڵاتپارێزانی کورد جوڵانەوەیەکیان دروست کردبوو هەتا "رانیە"یان گرت. ئەم جوڵانەوەیە هێزێکی بچکۆلەی تورکیان هێنا بوو تا "رەواندز" بۆ فشارخستنە سەر ئینگلیزو هەڕەشەکردن لێی. لە کوردستان و عێراق دژایەتیی بەریتانیاو نۆکەرەکانی سەری هەڵدا بوو. ئینگلیزەکان بیریان لەوە کردەوە کە شێخ مەحمود لە بەندیخانەی هندستانەوە بهێننەوە بۆ ئەوەی بەکاری بهێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی کوردستان و بەربەستی ئەو جوڵانەوەیەو نفوسی تورک. ئەو کاتە هێشتا کێشەی موسڵ یەکلایی نەبوو بووەوە. موسڵ دوای وەستانی جەنگ لە لایەن ئینگلیزەکانەوە گیرا بوو.
ژمارەیەک لە کاربەدەستانی ئینگلیز رایان لەسەر هێنانەوەی شێخ نەبوو. چونکە دەیانزانی کە شێخ نابێت بە داردەستی ئەوان و ئەو بۆ سەربەخۆیی کورد هەوڵ ئەدات. کاتێک کە شێخی نەمر گەشتە بەغداد لەوێ لەگەڵ مەلیک و کاربەدەستانی ئینگلیزدا کۆ بووەوە. شێخ دوبارە داوایان لێ دەکات کە دان بنێن بە مافەکانی کورددا. ئەوسا ئەویش هەرچی لە دەست بێت دەیکات بۆ دەرکردنی تورکەکان. بەڵام ئەوان بە هیچ جۆرێک مافی کورد بابەت نابێت لایان. ئەوان لە دووی جاش و بازرگانی خوێن دەگەڕان. دیارە هەندێک لە ئینگلیزەکان وایان زانیووە کە ئەم جارەیان شێخ دوای شکست، بەندیی و دەربەدەریی بیر لە بەرژەوەندیی خۆی دەکاتەوە. بەڵام شێخ لەم بارەیەوە دەڵێت:
"ده‌یانه‌وێت کار و فه‌رمانێکی پۆلیسییم پێ بسپێرن، خه‌ڵک له‌ خۆم کۆ بکه‌مه‌وه‌و بچم تورکه‌کانیان له‌ ره‌واندز بۆ ده‌ربکه‌م. من هه‌موو ژیان، سه‌روماڵ، که‌سوکار، هاوڕێ و دۆستم له‌ پێناوی کورددا داناوه‌، ئێستا من چۆن ئه‌و کاره‌ پۆلیسییه‌ ناشرینه‌ ده‌که‌م؟ ئینگلیزه‌کان به‌ڵێنیان داومێ که‌ هه‌رچی ئه‌و موڵک و ماڵه‌م که‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو هه‌موویم بده‌نه‌وه‌و یارمه‌تی ماڵییشم بده‌ن، به‌ڵام من چۆن بۆ ماڵی دنیا شتی وا ناشرین ده‌که‌م؟"
هه‌روه‌ها شێخی نه‌مر ده‌ڵێت: "ئینگلیزه‌کان و فه‌یسه‌ڵ منیان بۆ ئه‌وه‌ هێناوه‌ته‌وه‌ که‌ تورکه‌کانیان بۆ ده‌ربکه‌م به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ هیچ گفتوگۆکردنێکدا ده‌رباره‌ی دوارۆژی کوردستان هیچ به‌ڵێنێک بده‌ن (13/283)."
ئینگلیزەکان هەر لە بەغداد ئەم هەڵوێستەی شێخ بێ ئومێدی کردن. بۆیە کە گەشتە کفری ئینگلیزەکان ویستیان بە بیانووی پرسەوە بیبەن بۆ کەرکوک و لەوێوە بینێرنەوە بۆ بەغداد. بەڵام ئەو لەو تەڵەیە تێگەشت. لە جیاتی ئەوە چوو بۆ قادرکەرەم و لەوێوە بۆ سلێمانی. پاش ماوەیەکی کورت یەکەم کابینەی حکومەتی کوردستانی دامەزراندو خۆشی کرد بە مەلیک. دامەزراندنی کابینەو ئیدارەی پاشایی وەڵامێکی سیاسیی بوو بەرامبەر بە دامەزراندنی پاشایی لە عێراق. شێخ لە کردەوەداو ئامادە پیشانی دا کە کوردیش ئەتوانێت وەکو عەرەبی عێراق مەلیک و ئیدارەی خۆی هەبێت و توانای بەڕێوەبردنی خۆی هەیە. ئەمە لە کاتێکدا روناکبیرە خاینەکانی بەکرێگیراوی ئینگلیز دەیان نوسی ئەگەر کورد لە عێراق جیا بێتەوە ئەی توتنەکەی لە کوێ ساخ دەکاتەوە؟
ئینگلیزەکان کە زانیان شێخ بە بێ مەرج شەڕ بۆ ئینگلیزو عێراق ناکات پەنایان برد بۆ سمایل خانی شوکاک (سمکۆ) کە کار بکاتە سەر شێخ. سمکۆ ئەو کاتە لە ئێران شکستی هێنا بوو. پشتگیریی ئینگلیزەکان بۆ ئەو زۆر بوو. سمکۆ چەند نامەیەکی نوسی بۆ شێخ و سەردانیشی کرد لە سلێمانی. سمکۆ داوای لە شێخ کرد کە گوێڕایەڵیی ئینگلیزەکان بێت، تورکەکانیان بۆ دەربکات لە رەواندز بۆ ئەوەی لە ئاکامدا بەریتانیاش پاداشتی ئەو بداتەوە. بەڵام سروشتی سیاسەت پێچەوانەی چاوەڕوانییەکەی "سمکۆ" یە. لە سیاسەتدا بەزەیی و پاداشت جێگایان نییە. هێزو رێکەوتن دەخوات. بەزەیی و پاداشت جاش لە بەکارهێنەرەکەی چاوەڕێ دەکات. پاداشتیش دەستکەوتی سیاسیی نییە، شڕەخۆریی و رسواییە.
ئەوەی ئینگلیزەکان پاداشتی شێخ مەحمودیان پێ ئەدایەوە کە تورکەکانیان لە رەواندز بۆ دەربکات شڕەخۆریی بوو نەک دەستکەوتی سیاسیی. سمکۆش لەو راستییە تێگەشت.
پرەنسیپێک لەوانەی کە شێخی نەمر لە گفتوگۆکانییدا لەگەڵ سمکۆ پیشانی داوە بریتییە لەمەی خوارەوە:
"خەڵک بەکوشتدان تەنها لە پێناوی بەرژەوەندیی گەلدا رەوایە."
دەستەڵاتی ئەمڕۆی پارتەکان لە بەردەمی ئەم پرەنسیپە سیاسییەدا خۆیان دەبیننەوە. بۆ ئەوەی پیشانی بدەن هەر شەڕێک کە بە پێشمەرگەی دەکەن شەڕێکی رەوایە پێویستە لە پێشەوە بیسەملێنن کە ئەو شەڕە بۆ بەرژەوەندیی میللەتە. ئەگینا پێچەوانەی ئەم پرەنسیپە سیاسییە لادان و بازرگانییە. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ پرسیارە لە بەردەمی هەر کەس و رێکخراوێکدا ئەوەیە کە ئایا بە پێی چ بنەمایەک پێشمەرگە لە ناوچە وازلێهێنراوەکاندا لە شەڕدایەو دەخرێتە جەنگی گرتنەوەی موسڵەوە؟ هەر پێش ئەوەش بە گشتیی ئایا پێشمەرگە خۆی بۆ کێ، بۆ چی و بۆ چ بەرژەوەندییەک بە کوشت ئەدات؟
بەڵام ئایا لە راستییدا جەماوەری کورد مافی پرسیاری داوە بە خۆی؟ هیچ مەرجێکی لەسەر دەستەڵات هەیە؟ دەستەڵات ئەگەر چی بکات رەوایی سیاسیی نامێنێت و پێویستە لاببرێت؟
وەڵامەکە روونە: کورد گەلێکی بێ کۆنتراکتە. بێ مەرج خۆی خستۆتە دەستی دەستەڵاتەوە. وەکو جان جاک رۆسۆش دەڵێت: "گەلێک بێ مەرج خۆی بخاتە دەستی هەر دەستەڵاتێکەوە هیچ نرخێک وەرناگرێت لە باتی."
ئێمە لەبەردەمی شۆڕشێکدا وەستاوین خۆتانی لێ مەدزنەوە!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە