مستەفای سەید قادر بە کام ئامار؟

Sunday, 26/04/2015, 9:28

4125 بینراوە


یەکێک لە هەرە بەدبەختی یەکانی میللەتی کورد نائاگایی و نا ڕۆشنبیری سەرکردەو لێپرسراوەکانی و فەرماندەکانی یەتی لە بارەی جوگرافی بەتایبەت جوگرافیای کوردستان، لە مێژوو بەتایبەتی مێژووی کوردستان. وەیان ئەوەتا بە مەبەست باسی جوگرافیا و مێژووی کوردستان دەکەن بە هەڵە هەرچەندە ئەمە گومانێکی دوورە، بەڵام لە ڕابردوودا شتی وامان بینیوە، بۆ نموونە ئێران و تورکیا چەندەها بار سنوورەکانی باشووری کوردستانیان تۆپباران و بۆمباران کوردووە، هێرشی یان هێناوەتە ناو خاکی باشووری کوردستان و تەنانەت ئێران پایەگای لە هەندێ ناوچەی ناوەوەی باشووری کوردستان سازکردووە بە تایبەتی لە ناوچەی حاجی هۆمەران و باڵەکایەتی کەچی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە تەواوی هەواڵەکانی یان بە درۆ دەخستەوە یان بێئاگای خۆی نیشان دەدا!؟ تا ئێرە کە جەبار یاوەر یەکێکە لە فەرماندەکان و لێپرسراوەکانی یەکێ لە پارتە کوردی یەکانی تەواو سەرشۆڕی ئێران و تورکیان، بەهەرحاڵ، بەڵام چی بە مستەفای سەید قادر بڵێین کە ئەویش بەهەڵە ئاماری جوگرافیا و دانیشتوانی باشووری کوردستانی بە هەڵە دا!؟ ئایا ئەوە ئەو پەندە کوردی یە یە کە دەڵێ گا لە گەڵ گای بێ خوی دەگرێ؟ واتا لە جەبار یاوەرەوە فێر بووبێ، یاخود نەخێر ئەویش بێئاگایە لە زانیاری لە مەڕ باشووری کوردستان؟ ناسینی جوگرافیای کوردستان یەکێکە لە هەرە بنەما ڕۆشنبیری و ئاگایی یەکانی تاکی کورد، بەتایبەتی تریش کەسێک پلە و وەزیفەیەکی بە دەست بێ.

ماوەیەک پێش ئێستا مستەفای سەید قادر بە سەرۆکایەتی وەفدێک سەردانی چەند وڵاتێکی ئەوروپی کرد لە وانە فەڕەنساو ئەڵمانیا. لە فەڕەنسا وتی تەنها لە سەدا ٥ ی خاکی کوردستان ماوە لە ژێر دەستی داعش دەبهێنرێ و ئازاد بکرێ لە سەدا ٩٥ ی ئەو خاکەی کوردستان کە لە ژێردەستی داعش دابوو ئازاد کراوەتەوە؟ ئەو قسەیە ئەگەر لە بێئاگایی جوگرافیای کوردستان بێ ئەوە کارەساتە کەسێکی ئەوەندە بێئاگا بێ و وەزیر بێ. ئەگەر قسەکەی بە مەبەست بێ، تێناگەم چێ مەبەستێکی هەبووە. بەڵام با بزانین جوگرافیای باشووری کوردستان لە کوێ وە بۆ کوێ یە؟
نووسین و دەستنیشانکردنی جوگرافیای باشووری کوردستان لە کەسێکی پسپۆڕی جوگرافیا تا کەسێکی ناپسپۆڕی جوگرافیا جیاوازی زۆری تێدایە چەندەها نەخشە نەخشێنراون کە زۆر جیاوازی یان هەیە و هیچیشیان ڕەسمی نین. بەڵام پاڕلەمانی کوردستان ئەو ناوچانەی کە بە کوردستانی داناون و ئێستا کێشەیان لە سەرە و بە ناوچەی ماددەی ١٤٠ ناسراون بریتین لەو شوێنانە؛ کە هەرچەندە پاڕلەمانیش خۆی لە ناوچەی بەدرەو جەسان و شارەبان بواردووە بە کوردستانی دانەناون؛
 
لە تەواوی پارێزگای کەرکووک. بەڵام ئێستا داعش دەسەڵاتی بە سەر ٢ لە سەر ٥ ی خاکی کەرکوکدا هەیە ئەگەر نیوە نەبێ. ڕاستە حەویجە کە بە ناحیەکانی یەوە عەرەبنشینن بەڵام لە ناو خاکی کوردستان دان. ئەگەر مستەفای سەید قادر ناوچەکانی حەویجە بە کوردستان نەزانێ ئەوا پێچەوانەی پاڕلەمانە.

توزخورماتوو لە پارێزگای سەلاحەدین، کە لەوێ تەنها توزخورماتوو و یەک ناحیە بە دەست کوردەوەیە، ئەوەی تر ئامرلی و سلێمان بەگ لە ژێر دەستی کورد دانین کە دوو ناحیەی زۆر گەورەن بە تایبەتی سلێمان بەگ، لە ژێر دەستی سوپای ئێراق و حەشدی شەعبی دان، کە بۆ گێڕانەوەیان بۆ سەر کوردستان هەر وەک ئەوەی کە لە ژێر دەستی داعشدابن وان لە لای من، چونکە من زۆر جیاوازی نابینم لە نێوان حەشدی شەعبی و داعش، بە تایبەتی بۆ گەڕنەوەیان بۆ سەر خاکی باشوور. 

لە پارێزگای دیالە ناوچەکانی خانەقین و مەندەلی بە ناوچەی کوردستانی دەستنیشان کراون بەڵام تەنها خانەقین لە ژێر دەستی کورددایە لە گەڵ جەلەولا بە هەماهەنگی حەشدی شەعبی. سەعدیە لە خانەقین و تەواوی مەندەلی و بە دەیان گوند لە ژێر دەستی کورددا نین و دەکرێ مستەفای سەید قادر ئەو ناوچانە بە کوردنشین و ناوخاکی کورد دانەنێ.

لە پارێزگای هەولێر هێشتا دەیان گوند ماون لە ناوچەی مەخمور و گوێڕ کە ئازاد نەکراونەتەوە، هەرچەندە زۆرینەیان لە کوردنشینی داماڵراون، بەڵام خاکی کوردستانن و لەوانەیە مستەفای سەید قادر ئەو ناوچانەی بە ناوچەی کوردستان دانەنابێ.
لە پارێزگای نەینەوا، ناوچە فراوانەکە؛ تاوەکو ئێستا شەنگال بە ناحیەی قەیرەوانی یەوە، تەلەعفەر بە ناحیە عیاضیەوە،  حەمدانیە بە ناحیەکانی بەرتەلە و نەمروودی یەوە، تەلکیف و بەعشیقە و بەشێک لە ئەلقوش کە ناوچەیەکی یەکجار فراوانن لە ژێر دەستی داعشدان. لەو ناوچانە، تەلەعفەر و عیاضیە، زۆرتر تورکمان نشینن، بەڵام لە ناوخاکی کوردستاندان. حەمدانیە و تەلکیف بە ناحیەکانی یانەوە زۆرتر ناوچەی مەسیحی و شەبەکی کورد و کورد و عەرەبنشینن، بەڵام لە ناوچەی کوردستاندان. بەو پێ یەی مستەفای سەید قادر بێ، دەبێ ناوچەکانی ڕەبیعە و زوماریش بەشێک لە هەرێم نەبن کە ئێستا ئازاد کراونەتەوە، چونکە زۆرتر عەرەبنشینن.
ئەو ناوچانەی باسمان کردن نەک هەر لە سەدا ٥ ی ئەو خاکەی داعش دەستی بەسەردا گرتوون زۆرترن، بەڵکو لە ئاستی هەموو هەرێمی کوردستانیش لە سەدا ٥ زۆرترن. بە باوەڕی من ئەو ناوچانەی هێشتا ماون ئازاد بکرێن زۆرتر لە نیوەی ئەو ناوچانەن کە داعش دەستی بە سەردا گرتبوون. تۆ بڵێی مستەفای سەید قادر وڕێنە بکاو قسان لە گیرفانی خۆی دەربهێنێ!؟
------------------------------------------------------
وەزیری پێشمەرگە: (95%)ی ئەو ناوچانە ئازاد کراونەتەوە کە پێشتر داعش دەستی بەسەردا گرتبو  
(سبەی):
وەزیری پیشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێورەسمی كۆتایی هاتنی خولێكی مەشق و راهێنانی فەوجی چواری لیوای شەش لە بنكەی  پڵنگەكانی زێرەڤانی لە هەولێر بەڕێوەچو رایگەیاند:  هاوپەیمانان بەردەوامن لە مەشق و راهێنان بە هێزیی پێشمەرگەی كوردستان و ئاشکراشی دەکات کە (95%)ی  ئەو ناوچانە ئازاد کراونەتەوەە کە پێشتر داعش دەستی بەسەردا گرتبون.
لە وتارەکەیەدا، مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەخێرهاتنی  فەریق یۆرک فۆڵمەر جێگری سەرۆک ئەرکانی ئەڵمانیاو فەرماندەی مەشقی خولەکە کۆڵۆنیۆل شنایدەر و هەمو ئامادەبوانی کرد و هەروەک ستایشی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە لە ماوەی رابردودا  توانیویانە خۆڕاگرانە و خۆ نەویستانە بەرگری لە خاكی كوردستان بكەن و لە (95%)ی ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکەنەوە كە لەلایەن داعشەوە دەستیان بەسەردا گیرابو.
باسی لەوەشکرد، لەسەرەتادا بە هۆی چەند هۆکارێکەوە داعش پێشڕەوی کردبو لەو هۆکارانە نا بەرامبەری هێز و لە ناکاوی هێرشی داعش  و خۆ ئامادەنەکردنی ئیمە بو کە داعش توانی پێشڕەوی بکات، بەڵام لە ئێستادا و بەپێی پلانێک کە پێشتر دایانڕشتبو  زۆربەی ئەو ناوچانە رزگارکراونەتەوە کە پێشتر داعش دەستی بەسەردا گرتبو. 




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە