کورد پشکی نییە لە قەڵاچۆی ئەرمەندا

Wednesday, 29/04/2015, 19:57

5985 بینراوە


تورکیا ئێستاش بەو ئەقڵەوە تەماشای کورد دەکات کە ئەرمەنەکانی بێ قەڵاچۆ کرد
لە ناو کورددا رایەک هەیە گوایە دان ئەنێن بە راستییدا کە کورد بەشدارە لە قەڵاچۆی ئەرمەندا لە تورکیا. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا پێوەر چییە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە کورد پشکی هەیە لەم تاوانەدا یان نا؟
تاوانێک کە کورد پشکی هەبێت تیادا پێویستە دەستەڵاتێکی سیاسیی کورد لێی بەرپرسیار بوو بێت. کورد دەستەڵاتێکی سیاسیی نەبووە هەتا لەگەڵ تورکدا رێکبکەون لە سەر پڕۆژەی قەڵاچۆکردنی ئەرمەن بۆ ئەوەی هەردولا بە حسابی خۆیان سودی لێ ببینن یان مەبەستیان بێت. ئەو کوردانەی کە بەشدار بوون لە کوشتاری ئەرمەنەکاندا نوێنەری سیاسەتێکی کوردیی نەبوون. کەسانێک بوون کە دەستەڵاتی عوسمانیی راپێچی کردوون بۆ ئەو کارە دژوارە. سیاسەتەکە سیاسەت و بڕیاری تورک بووەو مەبەست و ئەنجامی کارەکەش پەیوەندیی بە تورکەوە هەبووە. بە واتۆ بێت ئێستا نزیەکەی ٧٠ هەزار جاشی کورد لە تورکیادا هەن. لە ئەنفالەکانی باشوری کوردستانیشدا جاشی کورد بەشدار بوون. ئەم جاشانە وەکو کەس تاوانباران بەڵام نوێنەری کوردو سیاسەتێکی کوردیی نەبوون و نین. ئەوەی بڕیاری ئەنفالی داوە دەستەڵاتی بەعسە. بۆیە باسکردنی کورد لە قەڵاچۆکردنی ئەرمەندا لە تورکیا هیچ بنەمایەکی سیاسیی نییە. ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە لە سودی دوژمنانی کوردە ئەم دەستە خوێناوییە بە کورد بسڕرێت. لە راستییدا لەناو ئەرمەنەکانیشدا سایت و نوسەر هەیە کە لەسەر ئەم تاوانە دژی کورد قسە دەکەن. بەڵام کاتێک کە کورد خۆی تێگەشتنێکی راستی نەبێت لەسەر کێشەکەو ئەرکی خۆ ناشرینکردن ببینێت بۆ دوژمن ئەوا بۆ بێگانەش ئاسانترە کە ئەم خاشاکەش فڕێ بدەنە ماڵی کوردەوە.

ئەگینا کۆمەڵەی ئیتیحاد و تورەقی ساڵی ١٩٠٩ شێخ سەعیدی باوکی شێخ مەحمودو نزیکەکانی بە دەستبەسەریی برد بۆ موسڵ. ئەم کارەش بە پیلان و هاوکاریی ژمارەیەک بازرگانی خەڵکی سلێمانی رووی دا کە لقی ئەو کۆمەڵەیەیان دروست کردبوو. لە موسڵ پیلانێکیان رێک خست و فەرتەنەیەکیان نایەوە کە کۆتایی بەوە هات چونە سەر ئەو ماڵەی شێخ سەعیدو دەستبەسەرەکانی تری لێ بوون. لە ئەنجامدا هەموویان بە گولـلە، لیس و چەقۆ کوشتن، دووان لەوان شێخ سەعیدو شێخ ئەحمەدی کوڕی بوو. کۆمەڵەی ئیتحاد و تورەقی دواتر لە باکوری کوردستان سیاسەتی فەوتانی گرتە بەر بۆ هەردوو قەوم کوردو ئەرمەن. بۆ کورد توانەوەو راگوێزانی هەڵبژاردو بۆ ئەرمەنیش سیاسەتی قەڵاچۆ. ئەم سیاسەتەشی بە یاسا داڕشت. رۆژی ٢٤/٠٤/١٩١٥ ئەو رۆژە بوو کە بە لێشاو ئەرمەنەکانیان لە ماڵ دەرهێنان بۆ قەڵاچۆ. بەگشتیی کەسە سیاسییەکانی کورد لە ژێر دەستەڵاتی عوسمانییدا بە درێژایی مێژوو بەشیان راپەڕین، ئیعدام و تیاچون بووە. شێخ عوبێدوڵای نەهریی، شێخ سەلامی بارزان، شێخ سەعیدی پیران، سەید رەزاو ئیحسان نوری پاشاو وڵاتپارێزانی تر تا دەگاتە ئەمڕۆ کە تورکیا نکۆڵیی لە بوونی کورد دەکات. 
تورکیا ئێستاش بەو ئەقڵەوە تەماشای کورد دەکات کە ئەرمەنەکانی بێ قەڵاچۆ کرد. هەر بەو ئەقڵەشەوە لەگەڵ دەستەڵاتی باشوردا دەجوڵێتەوە کە ژمارەیەک کوردی بۆ شڕەخۆریی بۆ قەڵاچۆی ئەرمەن راپێچ کرد. ئەوەی لەگەڵ تورک بەشدار بووبێت بۆ جاشێتیی یان ناچاریی بووە. جاشیش ئەوساو ئێستاش دژی کورد خۆشی بەکار هاتووەو بەکار دێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە