سەرۆک جگەرەیە

Friday, 01/05/2015, 21:16

7682 بینراوە


ئێستا ئەگەر سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانی وازبێنێت و بچێتە بەرزان دابنیشێت، هەموو لایەک دەچن بە دوایدا بیهێننەوە. سەرۆکی هەرێم لە جگەرە ئەچێت. جگەرەکێش هەم پێی ئەکۆکێت هەم لەشیشی داوای دەکات.
ژمارەیەک میدیاو پارتەکان کەوتونەتە گفتوگۆ لەسەر ئەوەی کە ماوەی سەرۆکی هەرێم تەواو دەبێت. سەرۆک خەڵک هەڵی ببژێرێت یان پەڕلەمان؟ ئیتر مەسعود بارزانی مافی ئەوەی نییە ببێتەوە بە سەرۆک. بەڵام ماف بە گوێرەی چی؟
وەڵام: بە گوێرەی یاساو دیموکراتیی. بە گوێرەی شتانێک کە بوونیان نییە لە دەرەوەی سەرۆک. هەر ئەوەندە هەن کە لای سەرۆک هەبن. بە رستەیەکی تر، ئەوەی لە دەرەوە هەیە لە یاساو ماف ئەوەیە کە سەرۆک دەیبەخشێت. ئەم سەرۆکەش نە خوداوەند ناردوویەتی نە چوار چاوی هەیە. لەوە دروست بووە کە جەماوەری خەڵکەکە بە هەموویان لە خۆیان دروستیان کردووە. ئەگینا بیهێننە بەرچاوی خۆتان ئەگەر لە سبەینێووە دەوری چۆڵ بکەن ئیتر ئەبێت سواری پاس ببێت.
پەڕلەمان گەدەی سەرۆکە. ئەوە هەرس دەکات کە سەرۆک دەیخوات. پارتەکان هەوڵ ئەدەن ئەو کەسانە بنێرن بۆ پەڕلەمان کە پارەی چەور وەربگرن و بنێشتی دەمی سەرۆکەکانیان بجونەوە. ئەوەی ساویلکە بێت یان لە یارییەکە تێ بگات ماستاوچی بێت، لە هەڵبژاردندا دەنگ زۆر دەهێنێت.
ئیتر کام یاسا؟ کام دیموکراتیی؟ ئێمە کەی بۆ دیموکراتیی ئەبین؟ بۆچی بە جلێکەوە تەماشای خۆتان دەکەن کە لە بەری یەکێکی تردایە؟
هەموو لایەک ئەیەویت دەستە چەورەکە بە سەرۆک بسڕێت. ئەو چەورەییەی ئەوەتا بەسەری هەموو لایەکەوە. قسە، رەخنەو جنێو ناچنە قەپانەوە. گرنگ ئەوەیە لە رۆژی هەڵبژاردندا یەک کەس لە ماڵەوە نەیەتە دەرەوە. هەر کەس دەنگی دابێت ملکەچیی و بێدەنگیی بۆ هەموو ئەو شتانە دەربڕیووە کە کراون و دەکرێن. بۆیە چۆن سەرۆک خەڵک دروستی دەکات گۆڕانیش ئەبێت لە خۆتەوە بێت. ئەگینا سەرۆک چی بکات کاتێک کە ئەو لە تۆ دروست بووبێت.
گەلێکی ملکەچ سەرێک لە خۆی دروست دەکات بۆ ئەوەی بێمافیی خۆی تەسلیمی ئەو بکات نەک بۆ ئەوەی بڕیاری شتێک بدات کە ویستی خەڵک نەبێت. سەرۆکێکیش هەموو مافێکی لە دەستدا کۆ بووبێتەوە هیچ هۆیەک نییە بە ئارەزووی خۆی و بۆ بەرژەوەندیی خۆی ئیش نەکات. بۆیە ئەو بۆڵەو هێنان و بردنەی کە دەکرێت هیچ بناغەیەکی ماددیی نییە. پەڕلەمان کارتۆنییە. کەڵەشێر هێلکە ناکات یاسایەک هەبێت رێگا لە شتێکی سەرۆکەکانیان بگرێت. راستییەکەی ئەمەیە:
مەسعود بارزانی سەرۆکێکی نەریتییە. سەرۆکێک نییە دەزگاو سیستێمێکی سیاسیی لەوێدا داینابێت و بتوانێت لاشی بەرێت. لەشێکی کولتوریی دروستی کردووە کە ناتوانێت بێ سەر بێت. ئەگەر مەسعود بارزانی لابچێت ئەبێت کوڕێکی دابنێت.
هەموو سەرۆکی پارتەکانی تریش سەرۆکی نەریتیین و لە پەنا مەسعود بارزانیدا هەوڵیانە بۆ بچڕینی بەشی خۆیان. بۆ نموونە، ئەگەر پارتێک ئەمەی پێ قوت ناچێت با لە ئێستاوە سەرۆکەکەی خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکی هەرێم. ئەگینا مریشک لە هێلکەیە یان هێلکە لە مریشک، هەر مشتومڕی بەش و پارەیە. جەماوەریش پێویستی بەوە نییە روناکبیران، پەڕلەمان و سەرۆکی پارتەکانی دی دانانەوەی سەرۆکی بۆ تێكەڵاوی یاساو قسەی زل بکەن. دەستەڵاتداران هەر شتێک بڵێن و بکەن هەر دەخوات. جەماوەر بێ مافە، ملکەچەو بەندە بە بڕیاری دەستەڵاتدارەکانییەوە. تا ئەم شەقامە هەبێت چاو بنوقێنن و بێ خەم لێ بخوڕن! کە ئەمەش نەما هەرچییەک بڵێن بێ هودەیە. چونکە ئەوسا کێشەکە قسە نییە. دەستەڵاتەکەیە کە قسە دەکات. دەستەڵاتێک کە هیچ هۆیەک نابێت بۆ هەبوونی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە