ئینگە و لەنگەی شۆڕشەکانی کورد و پلانگێڕیەکان (٢٠بەشی)

Friday, 01/05/2015, 21:22

2021 بینراوە


پلانگێڕیەکانی شەڕی سوننی و شیعە، و یەخەگیریی کورد بەو شەڕەوە!
- لە هەر سات و کاتێکی لەبار و گونجاو بە ڕێکەوت یان بە هەر بارودۆخێکی سیاسی ژیئۆپۆلیتیکی، کە بۆ کورد پێشهاتبێت، نەحەزان و دوژمنانی ئەو گەلە بەشمەینەتە، کەوتوونەتە پەلەقاژەو پلانڕێژی بۆ ئەوەی نەهێڵن چارەنوسی کورد بێتەوە سەر گۆڕەپانی هاوقەتاری و خۆناسی و ڕزگار بوون لە ژێر لاق و پێی داگیرکەران و ڕەگەز پەرەستاندا. هەرچەندە پێشتر ئاماژەم پێداوە، ئەو ڕووداوە نەخوازراوە کە هاتە ئاراوە و توندئاژۆی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی کردە زەنگی خەتەر و مەترسی بۆ سەر گەل و نەتەوە و خاکی کوردستان، کوردی لە خەو ڕاچڵەکاند و وشیاری کردەوە.. وا ڕاچەنی و کەوتە خۆ کە باوەڕ ناکەم بە قەت هەموو دەورانی شۆڕشی کوردیی، ئەوەندە ئەمجارە کورد بە تایبەت لە مەڕ پێشمەرگە و شەڕی جبهەیی لە ڕوانگەی بەرنگار بوونەوە و شەڕی سنوورەکان و پاراستنی بەرژەوەندیەکان و خاکی کوردستان یەکگرتوو بووبێت..!! کە هیوادارم یەکگرتن و هاوپەیمان و دۆستایەتی ببێتە بنەمای فیداکردنی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و بنەماڵەیی لە پێناو کورد و کوردستان و نیشتمان و نەتەوە...
- چەند ئاماژەیەکمان دا لە ڕەخسان و سودی هاتنی داعش و شەر لە سنوورەکانی کوردستان. بەڵام بە واتای ئەوە نیە کە هاتنی داعش و پەلامارە ناڕەواکانی بە ئەرێنی و کاری باش لێک بدەینەوە و بزانین؛ نەخێر! بەڵام وەک ئێژن: '' خوا مەیلی لە سەر بێت دوژمن ئەبێتە سەبەبی خەیر''.... ترس و هێرش بۆ سەر کوردستان بوونە هۆکاری زیاتر ناساندنی کورد لە هەر چوار بەش و بە تایبەت کوردی ڕۆژئاوا و یەکینەکان و گریلا... لەو لاشەوە، پێشمەرگە و حکومەت و دەسەڵاتی کورد و هاوکاری و یەکگرتن و هاوپەیمانی جیهان، بە کورد و پێشمەرگە و دەنگدانەوەی قارەمانەتی ژنان و پیاوانی ناو جەرگەی شەڕگەکان کە بەو پەڕی لێبوردویی و خۆ ڕاگریەوە خوینیان بەخشی و ئازایەتیان نواند بۆ ئەوەی بتوانن بەرنگار ببنەوە لە پێشڕەوی داعشیەکان بۆ ناو خاک و جەرگەی کوردستان، بیرۆکە و سیاسەتی جیهانی بە قازانجی کورد وەرسوڕان...
- وێڕای ئەو پەسنبێژیانە، کە بۆ کورد و پێشمەرگە و شەڕڤانانی کوردستان لێرەدا باسمان لێوە کردوون، لە لایەکیترەوە هاوپەیمانی و هاوکاری دەرو دراوسێ نەبایە کورد بەری هێرشی لێشا و لەشکری زۆر و بۆری داعشیەکانی نەدەگرت و لە ماوەیەکی کەمدا دەتوانم بێژم زۆر شوێنی کوردستانیان داگیر ئەکرد و وێراناکاری و کاری ناڕەوایان لێ ئەنجام ئەدا... بەڵام بە خۆشیەوە تا ئیستا ئەو پلانگێڕیە نەیتوانیوە بە ئامانجی ناڕەوای خۆی بگات، و هەر چی کات بەرەو پێش ئەچێت کورد زۆرتر لە شەڕ و پلانەکان ئاگاداری پەیا ئەکات و سەرکەوتن بە دەست ئەهێنێت...
- ماوەی دە مانگێکە شەڕ یەخەی کوردستانی باشور و ڕۆژئاوای گرتووە و هەتا ئیستاش هەر درێژەی هەیە... بە سەدان کیلۆمتر کورد شەڕی جبهەیی ئەکات، ساتێک ئەڕواتە پێش و دەمێک دیفاع ئەکات...
- بەداخەوە لەو ماوەیەدا تا ئیستا دەتوانم بێژم بە هەزاران پێشمەرگە و شەڕڤان، گیانایان قوربانی خاک و نیشتمان کردووە و بە دەستی سوپای بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە '' داعش'' کوژراون و شەهید بوون. هەروەها بە هەزاران کەس بریندار و بە سەدانهەزار کەس ئاوارە و بێ ژیان و سەرپەنا ماونەتەوەو لە شوین و ماڵی خۆیان دەربەدەر کراون...
- دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامی و داعش بە ناوی خەلافەتەوە بە قەوڵی خۆیان بۆ شیعە و دژە شێعەگەرایی پەلاماریان دا و گوایا ئامانجیان گرتنی بەغدا و موسڵ و ڕۆمادی، دواتر پەلاماری ئێران و ئینجا سوریە و ئوردون و ئەو جێگایانەی خۆیان مەبەستیان بوو بیگرن،،، هەرچەند کوردستان بەشیک بوو لە پلانەکەیان بەڵام بەو جۆرە نەبوو کە ڕووبەڕووی کورد کرایەوە..! بە هەرحاڵ، هەڵەکە لە کوردەوە بووبێت یا خۆ داعش کردبێتی یان پلانی دەر و دراوسێ بووبێت کە هەیە، داعشیەکان وەرسوڕانەوە؛ و کوردیان کردە ئامانج و ئەوەیان کرد کە تا ئیستاش دۆخەکە زۆر نالەبارە...
- ئێران لەو شەڕەدا قازانجی کرد و لە ئاوی لێڵ ماسی دەگرێ!
- کورد هەردەم لە سیاسەتدا تا ئیستا هەر کۆڵ بووە و نەیتوانیوە بەرنگاری پلانی دوژمنەکانی بێتەوە وەک پێویست... ئێران گورج خۆی تکانە ناو ڕووداوەکە و لە چاوتروکانێکا خۆی گەیاندە شەڕی پێشەوەی سەنگەرەکانی دژە داعش لە نزیک هەولێر و ویستی بە تیرێک نەک دوو نیشان چەند نیشانەیەک بپێکێ کە پێکای...!!: یەکەم؛ بە بەشدار بوونی هێزە کوردیە بەرهەڵستکارەکانی خۆی لەو ڕێگایەوە وەدەرناو نەیهێشت بەشدار ببن... دووەم، بە دەسەڵاتی کوردی ڕاگەیاند کە؛ '' من نەبم هەر هێزێک دەتوانێت ڕاتانبماڵێت''....!! سێهەم، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی شێعە و دوورخستنەوەی شەڕ لە نزیک ماڵ و حاڵی، لە هەموو شەڕگەکانی دژە داعش بەشدار بوون و شان بەشانی پێشمەرگە و سوپای دەوڵەتی بەغدای دامەزراوی دەستی خۆی پێ ببپارێزێ، و کەڵەگای زیاتر پەرە پێبدا و دۆخ و ئاوەکە زیاتر لێڵ بکات بۆ شکار و بەرژەوەندیەکانی باڵای فکری و مەزهەبی خۆیان..
- نسکۆ و کەم کۆڕیەکانی دەسەڵات و میدیای دەوڵەتی کوردی لەو دەروازەوە؛
 - هەر لە سەرەتاوە میدیای کوردی بارودۆخەکەی وا گواستەوەو شڵەژان کە کورد خەریک بوو ورەی بەربدا.. دووەم؛ زۆر هەوڵیان ئەدا کە نوختە لاوازەکانی سیاسی و سەربازی کورد بگوازنەوە بۆ سەر تیڤی و سەتەلایت و گشت ماڵپەڕە زوو گەیەنەرەکان، بۆیە؛ بە تایبەت لەو کاناڵانەوە دوژمن بە ئاسانی و سانایی هەواڵی نهێنی و شەڕگەیی بە هێز و لاوازی کوردی بە دی ئەکرد!... 
سێیەم؛ بەرزکردنەوە و تاریف کردنی کەسانێکی بیانی و تەنانەت دژە کورد چ لە لایەن دەوڵەت و پیاوانی حکومەتییەوە، چ لە لایەن میدیا کوردیەکانەوە، وەک ئەوەی کە هەموو کوردستانیان ئازاد کردبێت و ئەوان لە خودی کورد دڵسۆزتر بووبن؛ بۆ ماوەیەک هەموو کون و قوژبنەکانی تیڤی و ڕۆژنامەو گۆڤار و ماڵپەڕە تۆڕیەکانی گرتەوە کە بەو کارانەیان ڕووناکبیرانیان هەراسان کرد!!!.. وەک؛ ئێژن: '' کاسەی لە ئاش داختر'' ، یان'' دایانی لە دایک دڵسۆزتر''.!! 
- هندێک لە سیاسەتوانان و حوکمڕانانی کورد ئەوەندە ساویلکەو هەژارە لە سیاسەت و گواستنەوەی بەرژەوەندیەکان، دەکرێ بێژم بە چەقەنەیەک و پیکەنینی زاڵم و فێڵبازانی دەرو دراوسێ باوەڕ ئەکەن و خۆیان ئەخەنە بەردەمیانەوە!...
= * یا، خۆ لە باوەش گرتن، ماچ و مۆچ کردنی کەسانێکی قاتڵ و دژە کورد کە بە ئاشکرا سەران و ڕێبەرانی کوردیان تیرۆر کردووە، لە کوردستان بە فەرشی سوور پێشوازیان لێدەکرێن و بە شانازیەوە لە هەموو میدیا کوردیەکانەوە وێنە و هەواڵیان بڵاو ئەکەنەوە، وەک ئەوەی کە سەربەخۆیی و ئازادی کوردستانیان بە خەڵات بە کورد بەخشیبێ!!؟؟
- ڕۆژگاریک لە ترسی هەڕەشەی '' زەین و عبدالهادی عامری و مامری و کەڵەشێری...''، کە ماوەیەک لە کورد، و ناوچەکانی کەرکوک و دەوروبەری هەڕەشەیان ئەکرد و پەلاماریان ئەدا و کورد و پێشمەرگەیان ئەگرت و ئازار و ئەشکەنجەیان ئەدان و تەنەت ئەیانکوشتن؛ کورد ومیدیای کوردی تۆقابوون و هەر رۆژە هاوارێکیان لێ بەرز ئەبووەوە!.... لەملاشەوە  '' قاسم سولەیمانی و گەیلانی و ولیانی''، کە نازانم بەشداری شەڕیان کردبێ یان نە لە تەک پێشمەرگە؛ هندێک سەرلەشکر و سەر سوپا و تەنانەت ئەندامانی باڵی دەوڵەتی و حیزبی وا باس و تاریفیان ئەکردن کە وەک ئەوەی کورد پیاو و قارەمانی تیا نەبووبێ و نەبێ!، بێجگە لە سولەیمانی مولەیمانی نەبێ!!! من نازانم کورد بۆ وا خۆی بە کەم و سوک ئەزانێ و ئەوەندە لە ڕادەبەدەر پەسنبێژی لە بیانی و تەنانەت ڕەقیب و دوژمنی خۆی ئەکات!؟ ...
- داخۆم؛ لە باتی باس و هەڵکێشانی کەسانی وەک قاسم و جاسم و بەو ڕادەیە باسکردنیان کە ئاوتەخواز بوون کورد چوار پیاوی وای تیدا ببێت، باشتر نەبوو کە باس لە قارەمانای کورد و پێشمەرگە و کەسایەتی وەک کاکە حەمەی حاجی مەحمود و کوڕە شەهیدەکەی و دەیان و سەدان کەس لە گریلا و ژنە شەڕڤانەکانی کوردستانی هەر چوار بەش بکرێ، کە نەک هەر کورد تەنانەت هەموو ئازادی خوازانی جیانیش شانازییان پێوە ئەکەن!؟....
- زۆر بەداخم بۆ بەشێک لە سیاسەتوان و پیاوی ناو ڕێبەرایەتی حیزبی و سەربازی کورد کە نەک هەر نەشیاو، بگرە بێ تواناش لە قسە و تاکتیکی سیاسی و مانۆڕی سەربازی، و هەروەها زیان و زەرەری زۆرترە بۆ کورد، تا قازانج و بەرژەوەندی...!!
- کورد دەبێ لە کات و ساتی حەساس و ناسکدا هەوڵ بدا، بە کورد و ئەندامانی لێهاتوویی خۆی، گرنگی حەماسەیی ببەخشێت، نەک پێچەوانەکەی...
- درێژەی هەیە....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە