کورد تورکی کوێر کردووه‌

Saturday, 23/05/2015, 22:09

4187 بینراوە


ده‌سته‌ڵاتی تورکیا بایی ئه‌وه‌نده‌ ناتوانێت له‌ خه‌و هه‌ستێت که‌ ئه‌وروپا بیکات به‌ ئه‌ندام له‌ یه‌کێتییه‌که‌یدا. ئه‌رکێکی نیشتیمانییه‌ بۆ تورک که‌ خۆی له‌ به‌رده‌می ئاوێنه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپییدا رابگرێت. پرسیار له‌ خۆی بکات: ئێمه‌ کێین که‌وا نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی بتوانین له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی تری ئه‌وروپادا له‌ ماڵێکدا بژین و به‌ زمانێکی ئینسانیی قسه‌ بکه‌ین له‌ یه‌کتریی تێ بگه‌ین؟
تورک ئه‌م توانایه‌ له‌ کوێوه‌ بهێنێت که‌ دان به‌م راستییه‌ تاڵه‌ی خۆیدا بنێت؟ تورک ئه‌م بوێرییه‌‌ چۆن په‌یدا بکات که‌ به‌یانییه‌ک له‌ خه‌و هه‌ستێت خۆی بگۆڕێت؟ تورکیا که‌ی ئه‌بێت به‌ تورکیای ئیسمائیل بێشکچی؟
تورک له‌به‌ر ئه‌وه‌ مافی مرۆڤ پێشێل ناکات چونکه‌ خاوه‌نی سوپا و یاسای شمشێره‌. به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆحی تورک گیروده‌ی جه‌هله‌. تورک هێشتا له‌ سه‌ده‌کانی به‌ردینه‌وه‌ خه‌به‌ری نه‌بۆته‌وه‌. ده‌سته‌ڵاتی تورکیا وا ده‌زانێت هێز ئه‌وه‌یه‌ که‌ سوپاکه‌ی بتوانێت چیاکانی کوردستان داگیر بکات. سه‌ربازه‌کانی سه‌ری بڕراوی کورد به‌ ده‌سته‌وه‌ بگرن. تورکیا له‌وه‌ تێ نه‌گه‌یشتووه‌ ئیراده‌ ئه‌وه‌یه‌ هێزت هه‌بێت بۆ پێشێلکاریی به‌ڵام موراڵی ئه‌وه‌ت هه‌بێت به‌کاری نه‌هێنێت. شانازیی سه‌ربازه‌کانی تورک ئه‌وه‌یه‌ که‌ قاچه‌ له‌پۆستاڵگیراوه‌کانیان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر سنگی پێشمه‌رگه ‌کوژراوه‌کانی کورد. تورکیا هێشتا له‌سه‌ر ئه‌م چه‌رخه‌ خه‌به‌ری نه‌بۆته‌وه‌ ئه‌م شانازییه‌ ببینێت چه‌ند شه‌رمه‌زارییه‌. دوژمنه‌کانی تورکیا چاویان له‌ تاوانه‌کانی ده‌وڵه‌ت ده‌نوقێنن. ده‌یانه‌وێت تورکیا هه‌ر له‌ جێگه‌دا بێ و له‌ جه‌هلی خۆیدا بڕزێت.
هه‌ر جارێک حکومه‌تی تورکیا مافێک ئه‌دات به‌ کورد مرۆڤ له‌ سه‌ر زه‌وی‌ شه‌رمه‌زار ده‌کات. هه‌واڵێک دێت په‌ڕله‌مان یاسایه‌‌ک لا ئه‌دات. ئه‌م یاسایه‌ هه‌ر کوردێک وشه‌ی کوردیی به‌کاربهێنێت سزای ئه‌دات. مرۆڤ له‌و په‌ڕی دنیا دائه‌چڵه‌کێ و ده‌پرسێت: بۆ شتی وا ماوه‌ له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌که‌مان؟ ئه‌مانه‌ ماف نین ده‌سته‌ڵات ئه‌یاندات به‌ کورد. ئه‌وه‌ تورکیایه‌ هه‌موو جارێک جه‌هلی خۆی ده‌رده‌خات.
ده‌وڵه‌تی سوید له‌و په‌ڕی دنیا ده‌رفه‌ت ئه‌دات به‌ منداڵی کورد له‌ قوتابخانه‌کانیدا زمانه‌که‌ی خۆیان بخوێننن. ئه‌مه‌ درۆی نیسان نییه‌. حکومه‌تی تورکیی به‌ره‌سمیی ناڕه‌زایی دژی حکومه‌تی سویدیی ده‌رده‌بڕێت. سویدییه‌کان له‌ زمانی باڵنده‌ و ئاژه‌ڵ، رووه‌ک و ماسی تێ ده‌گه‌ن. به‌ڵام سه‌ریان ده‌ئاوسێ و به‌ وشه‌ی سویدییش له‌م ئەقڵە تورکییه‌ تێ ناگه‌ن. ئاخر زمان هه‌ر وشه‌ نییه‌.
تورک دان به‌ بوونی کورددا نانێت. کورد به‌ تورکیی نه‌بێت ناتوانێت به‌ چاوی تورکدا ره‌ت ببێت. کورد تورکی کوێر کردووه‌. تورک به‌م چاوه‌ کوێره‌وه‌ ته‌ماشای دنیاش ده‌کات.
هۆ قارداش! سوید وڵاتێکی تره‌. نه‌ته‌وه‌یه‌کی تری لێ ده‌ژی. که‌وتۆته‌ ئه‌و په‌ڕی تۆپی زه‌ویه‌وه‌. نه‌که‌وتۆته‌ ناو تورکیاوه‌. هه‌ر کاتێک لافاو سویدی راپێچ کرد بۆ ناو تورکیا ئه‌وسا مه‌یه‌ڵه‌ له‌ قوتابخانه‌کانیا منداڵی کورد به‌ زمانی دایکیان قسه‌ بکه‌ن! ئه‌رێ تورکیا ئه‌مه‌ زه‌وقه‌ یان نه‌خۆشیی؟
کێ له‌ جیاتی ده‌وڵه‌تێک ته‌ریق ده‌بێته‌وه‌ با له ‌ناو پۆستاڵێکدا گوڵێک بڕوێنێت بۆ سه‌بوریی!
کورد چاوی تورکی کوێر کردووه‌. تورک به‌م چاوه‌ کوێره‌وه‌ منداڵه‌کانیشی به‌ خێو ده‌کات. دایکێکی تورک له‌ وڵاتی سوید ته‌له‌فون هه‌ڵده‌گرێت بۆ قوتابخانه‌ی منداڵه‌که‌ی:
"هه‌لاو! منداڵه‌که‌م نایته‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌. به‌ وانه‌کانی ئێوه‌ نه‌خۆش که‌وتووه‌. ئێوه‌ له‌ ده‌رسا باسی کوردتان کردووه‌. منداڵه‌که‌ی من به‌م باسه‌ تای به‌رز ئه‌بێته‌وه.‌"
ئێ دایکم باشتر نییه‌ ته‌له‌فون بکه‌یت بۆ خوداوه‌ند؟ لێی بپرسیت بۆچی دنیای وا خواروخێچ دروست کردووه‌ تۆ سه‌رت پێی بیه‌شێت؟ ئه‌رێ قارداش تۆ به‌ راستیی وایت یان حه‌نه‌ک ئه‌که‌یت؟
قارداش! بۆچی چاوه‌ڕێی قه‌ڕنێکی تر ده‌که‌یت چاوه‌کانتی تیا بکه‌یته‌وه‌؟ له‌ جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مدا روخایت. له‌و رۆژه‌وه‌ چاوت به‌ دنیادا هه‌ڵنایه‌ت. هه‌تا چاوت نه‌که‌یته‌وه‌ ته‌مه‌نی روخانت هه‌ر درێژتر ده‌بێته‌وه‌.
قارداش چۆن قه‌ده‌غه‌ی ده‌که‌یت چۆله‌که‌کانی کوردستان به‌ کوردیی بجریوێنن؟ ده‌نوکی که‌وی چیاکان چۆن ده‌به‌ستیت نه‌قاسپێنن؟ چۆن به‌رخۆله‌کان فێر ده‌که‌یت به‌ تورکیی بباعێنن؟ قارداش مه‌ترسه‌ مانگاکان له‌ کوردستان به‌ تورکیی نابۆڕێنن! که‌ڵه‌شێر به‌یانیان به‌ تورکیی بانگ نادات! مه‌ترسه‌ کورده‌کان له‌ زێدی خۆیاندا به‌ کوردیی بئاخڤن!
قارداش! هه‌زار ساڵی تریش چاوت دابخه‌یت هه‌موو ئاژه‌ڵێک یه‌ک دڵی هه‌یه‌. دوو سی هه‌یه‌. دوو چاوی هه‌یه‌. دوو گوێی هه‌یه‌. سه‌گ، من، کونده‌په‌پوو، تۆ، به‌راز، که‌ر، تاوس، مشک و حوشتر. تۆ هه‌ر ترست له‌ ئێمه‌ زیاتره‌. تۆ هه‌ر رقت له‌ هه‌موومان زۆرتره‌. تۆ هه‌ر جه‌هلت هه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ نیمانه‌.
قارداش پۆستاڵه‌کانت له‌ کوردستان دابکه‌نه‌ و گوڵیان تیا بڕوێنه‌. ده‌بابه‌کانت مه‌هێنه‌ره‌وه‌ با مریشک هێلکه‌ی تیا بکه‌ن. قارداش چاوت بکه‌ره‌وه‌! ئه‌وروپا بووه‌ به‌ ماڵێکی گه‌وره‌. تۆ قوڕتومی کوردت گرتووه‌ ناوێریت به‌ری بده‌یت. وا ده‌زانیت ده‌ستی لێ به‌ربده‌یت ده‌خنکێیت. نازانیت ئازاد ئه‌بیت. وه‌کو منداڵێکی گڕۆز هێشتا گه‌وره‌ نه‌بوویت ده‌ست بۆ ماڵی خه‌ڵک نه‌به‌یت. تۆ ته‌نها له‌ خاکی خۆتدا ناشرین نیت.
قارداش! ئه‌م هه‌موو به‌ها جوانه‌ت هه‌یه‌. ئه‌م هه‌موو مرۆڤه‌ میهره‌بانه‌ت هه‌یه‌. ئه‌م هه‌موو هونه‌ر و ئه‌ده‌به‌ت هه‌یه‌. بۆچی هه‌مووی بۆ رقبوونه‌وه‌ی دڵه‌ برینداره‌که‌ت سه‌رف ده‌که‌یت. بۆچی باخچه‌یه‌کیان لێ دروست ناکه‌یت هه‌موومان له‌ سێبه‌ره‌کانیدا دابنیشین.
ئه‌م جه‌هله‌ ئه‌ژدیهایه‌ به‌ تۆپ و ته‌یاره‌ له‌ ناو ناچێت. ئه‌م ئه‌ژدیهایه‌ ترس و تارکییه‌. چاوه‌کانت بکه‌ره‌وه‌ هیچ له‌ ناو به‌رگی جه‌نه‌ڕاڵه‌کانی رقدا نامێنێت. پڕ ده‌بنه‌وه‌ له‌ ئاسمان و ره‌نگی ده‌ریا، له‌ خۆشه‌ویستیی.
قارداش به‌ میوانیی وه‌ره‌ بۆ قه‌ندیل با لاوه‌کانی په‌که‌که‌ چایه‌کت بۆ لێ بنێن. که‌یبانۆیه‌ک له‌ گوندێکی بناردا نانێکی گه‌رمت بداتێ به‌ ماسته‌وه‌. قارداش ئه‌وه‌ تۆ خه‌ریکی چیت؟ قارداش وه‌ره‌ با توند باوه‌شت پیا بکه‌م. ئه‌و سه‌هۆڵه‌ ره‌قه‌ی ناو سنگی تۆ به‌م دڵه‌ گه‌رمه‌ی من دەتوێتەوە.
قارداش وه‌ره‌ تۆ سمێلی راستت بتاشه‌! منیش سمێڵی چه‌پم. به‌وه‌ی له‌ هه‌ردوکمان ده‌مێنێته‌وه‌ سمێڵێکی تیا ده‌بێت پێی له‌ ئینسان بچین.
قارداش هه‌موو سوپای دنیا بهێنیته‌ سه‌رم. ئه‌و که‌سه‌ی یه‌کێکی تری دابێت به‌ زه‌ویدا، خۆشی به‌ پێوه‌ نییه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە