فوئاد مەعسوم بەو چاو و ڕووییەوەی چۆن دەتوانێ سەرۆک کۆمار بێ؟

Wednesday, 27/05/2015, 14:22

3645 بینراوە


بەراورد کردنی جەلال تاڵەبانی کاتێ بوو بە سەرۆک کۆمار لە گەڵ بوون بە سەرۆک کۆماری فوئاد مەعسومدا جیاوازی یەکی زۆری هەبوو، بەو حاڵەش جەلال تاڵەبانی بەدەر نەبوو لە سوکایەتی پێکردن لە لایەن عەرەب و تورک و فارسەکانەوە.
جەلال تاڵەبانی کەسێکی بە تواناتر و ناسراوتر لە ناو عێراق و ناوچەکەو تەنانەت جیهانیش بوو لە چاو فوئاد مەعسوم، کەچی بەو حاڵەش سوکایەتی یان پێ دەکرد. تازە بە تازە کە جەلال تاڵەبانی ببووە سەرۆک کۆمار بانگهێشتنی کرابوو لە لایەن سەعودییەوە بۆ کۆنگرەیەکی وڵاتانی عەرەبی وەک سەرۆکی وەفد، کەچی ئەو کورسی یەی کە پێی وترابوو بۆ ئەوە و لەسەری دانیشێ، ئیبراهیم جەعفەری کە سەرۆک وەزیران بوو لە سەری دانیشت و جێگایەکەی تاڵەبانی گرت. جەلال تاڵەبانیش دوای ماوەیەک بە پێوە وەستان کورسی یەکیان بۆ هێنا. ئەویش لە جێگایەک بۆیان دانا کە وەکو میوان حیسابیان بۆ کرد، لە کاتێکدا تاڵەبانی دەبوایە وەک سەرۆکی وەفدی عێراق بەشداری کردبا. جەلال تاڵەبانی هێندە سووکایەتی پێکرا تا لە نێوانی گفتوگۆیەکی توندی نێوان خۆیی و نووری مالیکیدا توشی جەڵتەی دەماغ بوو و هێشتاش پێ یەوە دەناڵێنێ.
فوئاد مەعسوم نە کە سێکی بە توانایە، نە کەسێکی ناسراوە، وە سەردەمی جەلال تاڵەبانی بە شێوەیەکی گشتی پێگەی کورد بە هێزتر بوو. پێگەی ئێستای کورد لە بەغدا زۆر لاوازترە کە فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراقە. 
ڕۆژی ٩ی ئایار ٢٠١٥ چوار پاسەوانی سەرۆک کۆماری عێراق (فوئاد مەعسوم) لە فەوجی یەکی لیوای دووی سەرۆکایەتی کۆمار، دوای گەڕانەوەیان لە بە غداوە بۆ شارەدێی خورماتوو لە لایەن چەکدارە چەتە نە ناسراوەکانەوە ڕفێندراون. هەروەها ڕۆژی ٧ ئایاری ٢٠١٥ نیزیکەی ٥٠ پاسەوانی تر لە کاتی گەڕانەوەیان لە بەغداوە هەر بۆ خورماتوو لە لایەن چەتەکانی حەشدی شەعبی یەوە لە بازگەی ئامرلی ڕێگری یان لێکراوەو نەیانهێشتووە بە ئۆتۆمبیلەکانی خۆیان بگەڕێنەوە، لە بەرئەوە زۆری یان لێکراوە بە پیادە بگەڕێنەوە خورماتوو!؟
فوئاد مەعسوم و سەرۆکایەتی یەکەی تاوەکو ئێستا ڕاگەیاندنێکی وایان بڵاو نەکردۆتەوە کە دروست باس لەم ڕووداوانە بکەن، تەنها ئەوە نەبێ کە ڕەتیان کردۆتەوە فوئاد مەعسوم داوای ناوبژیوانی کردبێ لە ئێران بە پێدانی پارە بە چەتەکانی حەشدی شەعبی بۆ ئازاد کردنی چوار پاسەوانەکانی، کاتێ چەند ڕۆژێ لە مەو پێش بە سەردانێ چوو بۆ ئێران و لە لایەن وەزیرێکەوە پێشوازی لێکرا نەک لە لایەن حەسەنی ڕوحانی سەرۆک کۆمارەوە!
ئەم هاوکێشە سیاسی و سەربازی یە ئاڵۆزانە وامان پێ دەڵێن کە فوئاد مەعسوم دەسەڵاتی چەتەکانی حەشدی شەعبی نی یەو، کاربەدەستانی شیعەش نەک هەر هیچ هەنگاوێک نانێن بۆ ئازادکردنی ئەو چوار پاسەوانانە، بەڵکو تاوەکو بۆیان بکرێ دیزە بە دەرخۆنەی دەکەن و بەمە ش هەتا دێ فوئاد مەعسوم و کاربەدەستانی تری کوردی پێ سووک دەکەن و پێ بێ دەسەڵات دەکەن، چونکە فوئاد مەعسوم وەک سەرۆک کۆمار بەشێک لەو پاسەوانانە بۆ پاراستنی خۆی بەکار دێنێ کە وەک میرات لە جەلال تاڵەبانی یەوە بۆی ماوەتەوە، وە بە مەش ئەوە دەردەکەوێ کە فوئاد مەعسوم زۆرترین پاسەوانی هەیە لە ناو کوردەکاندا لە بەغدا، چونکە میراتی جەلال تاڵەبانی لە پاسەوانیدا زۆرتر لە ٣ هەزار پاسەوان بوو. فوئاد مەعسومێک بە و هەموو سووکایەتی پێکردنە ڕازی بێ کە سەرۆک کۆماری عێراقێکی ئاوابێ کە چەتەکان دەسەڵاتیان زۆرتر بێ، ئەو سووکایەتی یەی پیرۆز بێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە