سەرۆکەکانی پارتەکانی هەرێم، حدکاو پەکەکە، ئەمریکاو ئیرادە

Wednesday, 27/05/2015, 15:23

8793 بینراوە


سەرۆکەکانی پارتە بەشداربووەکانی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێـم خاوەن یەک هەلوێستی سلبین بەرامبەر بە گەشەکردن و بەرەو پێشەوە چوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باشووری وڵاتدا. ئاژاوەنانەوەی نێوان حدکا و پەکەکە ویست، خواست، ئارەزوو و هەڵبژاردەی هەمویانە. هەر هەمویان پێکەوە  خاوەن سەدان هەڵوێستی سیاسیی دۆڕاون، مەقاشی دەستی تورکیاو ئێرانی دژە مرۆڤاییەتیی و کوردن،  تاوانبارن لەدۆڕاندنی پرسی سەربەخۆیی و کوشتنی ئیرادەی نیشمانی و نەتەوەیی لە خودی تاکی کوردی باشوردا. 
پەکەکە ئیمرۆ بە هەڵوێستی سیاسیی راست لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتدا لە هەموو پارتە سیاسییە کوردییەکانی وڵاتی بردۆتەوە، ئەمە راستییەکە ناتوانرێت خۆی لێبدزینەوە یان نکۆڵیی لێبکەین. 
سەڕۆکی پەکەکە، بۆ ماوەی سالانێکی زۆرە زیندانی کراوێکی تەنیایە لە دورگەیەکدا، تاوەکو ئەو سات و کاتە سەری دانەنواندوە بۆ هیچ دوژمنێکی کورد. نەتوانراوە بکڕدرێت لەلایەن تورکیاو زلهێزەکان، لە زیندانەوە چۆکی بە شۆرشی کورد دانەهێناوە بۆ دوژمنانی میللەتەکەی، بڕوبیانوی نەدۆزیوەتەوە بۆ ساردکردنەوەی مەشخەڵی شۆرشی چەکداری. سەڕۆکی پەکەکە هیج موغرایاتێک نەیتوانی ملی پێ کەچ بکات وکو پارە، نەوت، پۆست، ژن و مەشروباتی رۆحی  یان ژیانی ئازادی دەرەوەی زینددان.
ئۆجەلان، تا ئەو سات وکاتە، لە هەموو تاقیکردنەوەی میللەتەکەی یەکەمی هێناوە، ئەزمون سەلەماندویەتی کە سەرۆکێکە توانیوییەتی پارێزگاری لە ناونیشان، ناوبانگی بوون بە سەڕۆکی میللەتێکی ژێر دەستی چەوساوە بکات. بە گیانیی لێپرسراوەیی مامەڵەی لەگەڵ بوون بە سەڕۆکی میللەتێک کردوە. مانەوەی ئاپۆ لەسەر ئەو هەڵوێستەی، بێگومان لە مێژوودا تۆمار دەکرێت، پاش نەمانیشی دەبێت بە سونبلی سەرکردەییەکی خۆراگری خاوەن ئیرادە کە دەبێتە ماییەی شانازیی بۆ ئەندامانی پارتەکەیی و میللەتەکەی.
سەرکرداییەتی پەکەکە لە قەندیل گوزەران دەکەن. بۆیەک ساتیش نەچوونەتە ژێر رکێفی دەستەڵاتیی سیاسیی بنەماڵە وخێزان لە هەرێمدا. کۆشک، تەلار، پارە، مەیخانەو یانەیی شەوانی شارەکانی باشووری وڵات کاردانەوەی نەبوو لەسەر ئیرادە، ویستی نیشتمانی، نەتەوەییان و سارد بوونەوەیان لە شۆرشی چەکداری درێژخایەن. هێزی گەریلاشیان زۆر یان کەم بە هەرچوار پارچەی کوردستاندا بڵاوە پێکردەوە جگە لە بوونی شانەی رێکخستنی خەوتوی ناو شارەکان. 
 سەرۆکی حدکا بۆ ماوەی بیست ساڵ دەچێت بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی، وەرگرتنی بودجەیی تەرخانکراو لەلایەن سەرکردە بودەڵەکانی باشوری وڵات، لە شارۆچکەی کۆییە هێزی پیشمەرگەی حدکایی ئیفلیچ کردوە، بووە بەهۆی ساردکردنەوەی مەشخەڵی شۆڕشی چەکداریی حدکا لە رۆژهەڵاتی وڵات بە بیانوی ئەوەی شەرایتی سیاسیی باشووری وڵات رەچاو دەگرێت!
سەرکرداییەتی حدکا ئیرادەی ئەوەیان تیا نەبوو بڕیار بدەن لە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵیک دۆکیومێنت کە لایانە، ئیسپات بووە کە  کام لە سەرۆکەکانی باشور دەستیان هەبووە لە تیرۆر کردنی سەڕۆکی پارتەکەییان قاسملو و هاورێکانی. هەتا ئەو ساتە زاتی ئەوە ناکەن ئەو دۆکیومێنتانە بڵاوبکەنەوە بۆ دەرخستنی راستییەکان.
 سەڕۆکەکانی یەکێتی و پارتی پاسادارانی ئێرانیان هێنایە سەر بارەگاکانی حدکا، کەچی سەرکرداییەتی حدکا هەر قبوڵیان بوو لە سێبەری ئەوان لە کۆییە دابنیشن، بە ئارامی ژیان بەسەر ببەن و هێزی پێشمەرگەی حدکاش بەرەو نەمان و پەرەوازەیی ببەن. 
قەندیل لە هەموو کاتێکدا بوونی هەبووە ئەگەر سەرکرداییەتی حدکا ئیرادەیی بەردەوامی بونیان تێدا مابوو بۆ خەبات، کۆشش کردن و بڕیاردان بۆ پەنا بردن بۆ قەندیل، نەبوون بە کۆیلەو زەلیلی بەردەستی سەڕۆکەکانی پارتە بەشداربوەکانی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم بەتایبەتی ژێر دەستیی هێرۆ و مەسعود.
سەرۆکەکانی پارتی بەشداربووی حکومەتی بنکە فرەوان و حدکا. دەستیان هەبوو لە خنکاندنی ئیرادەی میللەتی کورد لە باشور و رۆژهەڵات. ئەو سەرکردانەن کە بڕوایان تەنیا بە هێزی مادیی، پارە و پشت بەستن بە زلهێزەکانی دونیا هەییە. 
سەرۆکەکانی دونیا بە تایبەتی زلهێزەکان ئەو دیاردە و ڕاستیانە زۆر باش دەبینن، کە ئەمە هۆکارێکی گرنگە ئەگەری گۆڕینی ستراتیژیەت و تاکتیکی سیاسیان لە ئایندەیەکی نزیک دەربکەوێت بەرامبەر بە پارت و سەرکردە سیاسییەکانی کورد.
ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣وە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە قەوارە و کیانی سیاسیی عیراق و هەرێم کردوە، بەڵام ئەو هەڵوێستە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو پشتیوانی کردنە هەتا هەتایی هەروا بمێنێت، وسەرۆکەکانی پارتە بەشداربوەکانی حکومەتی بنکە فرەوان هەموویان پێکەوە لە ئاخورێکدا بلەوەرێن. 
ئەشتۆن کارتەر دوای گرتنی شاری رومادی لە لایەن داعشەوە، بە ڕاشکاوانە رای ئەمریکایی راگەیاند دەربارەی سوپای عیراق گوتی " سوپایی عیراق خاوەن ئیرادە نییە بۆ پارێزگاری کردن لە خۆی، ئێمە دەتوانیین یارمەتی سوپای عیراق بدەین بە چەک، تەقەمەنی، راهێنانی سەربازی پشتیوانی هێزی ئاسمانی، دانی کات بەڵام ئێمە ئەو توانایەمان نییە ئەو ئیرادەیە لە نێو تاکی سوپای عیراقی دروست بکەین بۆ ئەوەی پارێزگاری لەخۆی بکات و توانایی شەر کردنی هەبێت دژ بە داعش".
دیاردەیی نەبوونی ئیرادە لە سەرۆکەکان  بە تایبەتی و بەگشتی لە تاکی باشوری وڵات، دیاردەییەکی هەست پێکراوە هەتا لەلایەن زلهێزەکانی دونیا. لە هەمانکاتدا ئەو ئیرادەییە لە تاک و سەرکردەی  یەپەگە و پەکەکە، میللەتەکەمان لە باکور و رۆژئاوا بەدیدەکرێت، ئەم راستییەش روونە بۆ زلهێزەکان، بوو بە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان لە بڕیاریدانیان بۆ پشتیوانی کردنیان لە بەرخوردانی میللەتەکەمان لە رۆژئاوایی وڵات لە بەرەنگاری بوونەوەیان لە جەنگی دژ بە داعشدا. 
  
تێبینی:  هەڵوێستی ئۆجەلان  لە زیندانی تورکیا تاوەکو ئەو بەروارەی ئەو بابەتە نوسراوە، مایەیی رێزو شانازیی هەموو کوردێک و ئازادیخوازێکە.


سەرچاوە:
چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەشتۆن کارتەر لە رادیۆیی بیبیسی لەندەن بە زمانی ئینگلیزی لەبەرواری ٢٤/٥/  ٢٠١٥ پەخششکراوە لەو لینکەی خوارەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە