چیرۆکی پیاوێکی گوندێکی بناری قەندیل

Tuesday, 02/06/2015, 1:35

4044 بینراوە


لە کوێرەدێکی بناری قەندیل ئەگێڕنەوە کابرایەك ئەبێ زۆر ئارەزووی هەیە زیاتر لەژنێکی هەبێ،بەڵام لەبەرئەوەی ژنەکەی زۆر زۆر باش و لێهاتوو ئەبێ،کابرا ئەگەڕێ بۆ پاساوێك تا بتوانێ حەز و ئاواتەکەی بێنێتە دی. کەڵکەڵەی ژن هێنان زیاتر تاوی بۆ دێنێ و بۆیە ڕۆژێك ئەکەوێتە گفتۆگۆ لەگەڵ ژنەکەی پێی ئەڵێ؛ ژنەکە لەڕاستیدا تۆ ئەوەندە ساڵانە خێزانی منیت و خاوەنی باوەشێك مناڵین ،خوا هەڵناگرێ لەباشە زیاتر و لەدڵسۆزی هیچی ترم لە تۆ نەدیوە وە هەر خودا خۆی ئەزانێ ئەجری تۆ چەندە لام گەورەیەو هەتا ماوم قەرزار بارتم و نازانم چۆن چۆن ئەو هەموو چاکە و پیاوەتیەت بدەمەوە.
ژنەش بەلایەوە سەیرە پیاوەکەی بەو شێوەیە ئاخافتنی لەگەڵدا ئەکاو لەدڵی خۆیدا ئەڵێ ڕەنگە جوبرائیل سەردانی کردبێ و لەوانەیە ڕوحی بکێشێ،دەنا بۆچ ئەم کابرایە ئەوەندە سەریح و ڕاستگۆیە. تۆ بڵێ کابرا دڵی خەبەری دابێ و لەمردن نزیك بوبێتەوە(ژنەکە بەم شێوەیە بیری لەقسەو ووتەکانی مێردەکەی کردبۆوە).
بەهەرحاڵ کابرا زۆر خەریکی شێرو ڕێو بوو تا هاتە سەرئەوەی کەوا بەژنەکەی ووت؛ لێت ناشارمەوە و ئەوەی لەدڵمدایە ئەیخەمە نێو دەستت و دواتر خۆت قەزاوەت بدە. لەڕاستیدا ژنەکە ئەوە ماوەی ئەو چەند ساڵە تۆ گەلێ بەدەست من و مناڵ و میوانەوە هیلاك و شەکەتم کردووی و خواش هەڵناگرێ گەلێ لەش سووك و ئازاو ماڵ و میوان دۆست بووی،بەڵام بەخوا لەپاداشتی ئەو هەموو خزمەتەی کە کردت،نیازم هەیە پاداشتت بدەمەوە بەوەی ژنێکی تر بێنم تەنها لەبەرخاتری ئەوەی کەوا تۆ چیدی دی ئەوەندەی تر هیلاك و ماندوو نەبی . ئێستێ کاتی ئەوە هاتوە( تۆ تەنها بۆ گەمان و ئەویش بۆ کابان).
پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەوەتەی هەن چەندین پارت و ڕێکخراوو حزب و تیرەو عەشیرەت بەکاردێنن بۆ مەبەستی خیانەتکاریانەیان دژ بە میللەتەکەمان. هەر بۆ نمونە کاتی خۆی دژ بە کوردانی ڕۆژهەڵات دەستیان لەگەڵ پاسداران تێکەڵاو کرد بۆ لێدانی حزب و پارتەکانی ڕۆژهەڵات. لەباکوور دەستیان لەگەڵ سوپای تورك و هەندێ تیرەو عەشیرەتەکانی ئەوێ کرد بۆ لێدانی هێزەکانی یەکێتی لەهەکاری. هەر دوای ئەوە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو چەندین حزبی وەك (شیوعی و پارتی دیموکراتی گەل و حزبوڵای شۆڕشگێر) بۆ لێدانی یەکێتی و دواتر لەسالانی نەوەدەکان و هاوپەیمانی بەست لەگەڵ یەکێتی بۆ لێدانی پەکەکە. تۆ سەیرکە پارتی هەردەم ئەو پارت و حزبانەی بەکار هێناوە بۆ کابانی و خۆشی بۆ گەمەکان.
هەنووکە پارتی جارێکی تر(حدکا)بەکار دێنێ بۆ تێکدانی ئەو سەرکەوتنانەی پەکەکە و هێزەکانی سەر بەوان وەدەستیان هێناوە دژ بە داعش و هاوپەیمانەکەی لە تورکیا تەنها بۆ ئەوەی دڵی ئەردۆگان  زیاتر لەخۆی ڕازی بکا و دەلاقە بخاتە نێو ڕیزەکانی گەلی کوردەوە. ئائەمەیە ئەو مەسەلەیەی وەك کابرای کوێرە دێکە کەووتی( ژنێك بۆ گەمان و ژنێك بۆ کابان).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە