باوکێک بە وێنەیەکی داماوەوە کۆمەڵگاکەمان بەرەو نابوتی دەبات

Tuesday, 02/06/2015, 2:21

5679 بینراوە


ئەگەر بڕیارە کارێک بۆ ئایندەی نەتەوەکەمان بکەین، کاتی ئەوە هەر ئێستایە، هەموومان دەزانین لە بێدەنگییەوەیە کردارەکان سەرهەڵدەدەن، دەمەوێت بڵێم باوک و دایکەکان هەمووڕۆژێک بە منداڵەکانیان دەڵێن ئێمە ئێوەمان خۆش دەوێت، کەچێ لەڕاستیدا باوکان دەیانەوێت کوڕەکانیان کۆپی خۆیان بن و دایکانیش کچەکانیان کۆپی کراوەی ئەوان دەربچن، کەچی لەکاتێکدا باوک و دایکەکان ژیانیان پڕێتی لە داماویی هزری کۆیلەبوون.ئەوان نەیانتوانیوە بە سەرخۆشیاندا شۆڕش بکەن و لایەنی کەم خۆیان بدۆزنەوە تا منداڵەکانیان چێژێک لە ژیان ببینن.
لەتێڕامانی ئەم وێنەیەدا مرۆڤ هەست بەزەلیلی خۆی دەکات، واهەست دەکات هەموو شتێکی خۆی لەدەست داوە، هەربۆیە لەتێڕامانی وێنەیەکی وا قێزەوندا هەست بە ئازار دەکەین، ئەم وێنەیە هیچ خۆشییەکمان ناداتێ، بەڵکو دەمان باتە سەرابێک و تینوێتی چاومان کوێر دەکات و هەناسەسواردەبین.
 من نازانم ئەم کاکەیە چەندە پارتی یە؟ چی وای لێکردوە منداڵەکەی بکاتە قوربانی ڕێبازێک، کە تاکو ئێستا ئێمەی بە کەنارەکانی ئارامی نەگەیاندوە ؟ تەماسای ناو مالەکەی بکە و بەراوردی بکە لەگەڵ ماڵی نێچیرداا، چۆن ئەم باوکە بیر ناکاتەوە کە بۆچی خۆی بەو هەژارییە و سەرۆکەکەشی لەو ناز و نیعمەتەدایە!، یان بۆ بیر ناکاتەوە بزانێت ئایا نێچیر، یان مەسعود بارزانی چەند جار چەقۆیان لە ملی مناڵەکانی خۆیان نزیک کردۆتەوە و پێیان وتوون دەتان کەین بە قوربانی پارتیی!؟ نەک هەر ئێمە وەک نەتەوە بەڵکو ئەم سەرکردانە خۆشیان، کە دەر دەکەون دەڵێیت بۆشەڕ دەچن، دەیان ئۆتۆمۆبێلی گوللەنەبڕو سەدان چەکداری ترسنۆکیان لەگەڵدایە.جارێکیان سەیری بەرنامەیەکم دەکرد لەسەر دنیای ئاژەڵ، لەوێ زانیم جاڵجاڵۆکە هەیە کاتێک نێرینەکەی لەگەڵیدا جوت دەبێت، مێینەکە دوای گەیشتن بەچێژ نێرینەکە دەخوات، بیرم کردەوە ووتم ئەگەر چێژ وابێت لای مرۆڤەکان کەسمان غیرەتمان نەتەکرد نیگای کچێکی شۆخیش بکەین.ئەم وێنەیە ڕێک ئەو جنسی جاڵجاڵۆکە مێینەیەم بیر هێنامەوە.هەست دەکەم ئەم بەڕێزە تەنها کۆیلەیەکە بەدەست غەریزەی خۆیەوە.
 پێم باشە باسی هەواڵێک بکەم کاتێک لێشاوی پەنابەرە کوردەکان ڕوویان لە تورکیا و یۆنان کردبوو بۆ گەیشتن بە ئەوروپا ئەو دەمەبوو کە زۆرجاران لە دەریای ئیجەدا کوردەکان گیانیان دەبووە خۆراکی ماسییەکان، لەوسەروبەندەدا پاپۆڕێک بەسەرنشینەکانییەوە کە زۆریان کوردبوون و لە ناو دەریاکەدا گیرابوون لەسنوری ئیتالیا، یەکێک لەباوکەکان منداڵێکی خۆی گرتبوو بەدەستییەوە لەڕۆخی پاپۆڕەکەدا، دەینەڕاند و هاواری دەکرد، ئە گەر بێنە پێشەوە و بتانەوێت بمان نێرنەوە بەرەو تورکیا ئەوە منداڵەکەم هەڵدەدەمە ئاوەکەوە......! پۆلیسێکی ئیتاڵیش ووتی:"پیاوی بچوک واز لەمناڵەکەت بێنە گەر شەهامەتت تێدایە خۆت فڕێدەرە ئاوەکەوە".دوایی پێشی وت: ئێمە ناهێڵین منداڵەکەت هیچی لێبێت، وەک بڵێن منداڵەکەت باوەکی خۆی ترسنۆک دەر نەچێت.
منیش بەهەمان شێوە ڕووی دەمم لەو باوکە گەنجە دەکەم و پێی دەڵێم هێژا، ئەگەر تۆ خۆت پیاویت، بڕۆ چەقۆ بخەرە ملی خۆت، بچۆ پەتێک لە ملت بئاڵێنە و خۆت ئامادە بکە بۆ خنکاندن! ئەگەر پیاویت و گیرەت و شەهامەتت تێدایە بڕۆ خۆت بتەقێنەوە با ماڵە باتی مەلامستەفا زیاتر نیشتمانەکەمان هەڵلوشن و هەراج بکەن، واز لەو رێگا کورتە بهێنە چونکە ئەو کە گەورەبوو یەکەمین شتێک کە دەیکات گۆڕینی ناوەکەیەتی.کاتێک ئەو گەورە دەبێت ئاسەواری ئەم دەسەڵاتە هیچ نەماوە دڵنیابە.با ئەم وێنەیەش بەمیرات لەدوات جێ نەمێنێت تامنداڵەکەت قێزت لێبکاتەوە.
 سیاسیە کلاسییەکانی نیشتمانی ئێمە نایانەوێت خەڵکی بگۆڕدرێن، چونکە دەزانن کاتێک ئەوان گۆڕانیان بەسەردا هات، ئیتر ناچنە ژێر فەرمانی ئەوانەوە، بەر لەماوەیەک بە برازاکەم ووت خەریکی کۆششکردن بوو لە وانەکانییدا، واسەرگەرم بوو، لێم پرسی چی دەخوێنیتەوە؟ ووتی مێژوو، پێی ووتم : "مامە تۆ هیچ دەربارەی مەلامستەفا دەزانی" ؟ ووتم گەنجە جوانەکە ناشێ لەکتێبی مێژۆکەتاندا باسی ئەو جەنەڕاڵە بکات؟ خەریک بوو بڵێم: ئا کە من منداڵ بووم ئەو ئاشباتاڵی کرد و بە بێ ئەوەی داوای لێبوردن بکات وهەموو وارەکەشی لەگەڵ خۆیدا برد و لەبەر چاوان وون بوو.
 خۆزگە تاکی کۆمەڵگاکەم ئاگامەند دەبوو، دەشزانم لە ئاگامەندیدا کێشە و تەنگەژەی زۆر دەست پێدەکات، بەڵام ئەو تەنگەژانە وات لێناکات گەر بەدرۆش بێت کێردێک لەسەر گەردنی منداڵەکەت دانێیت و خۆت بکەیتە قوربانی ڕێبازێک کە ٦٠ساڵە شکست و نەهامەتی ئەچنینەوە لەسایەیدا.تۆ وەرە سەیری ئەم تراژیدیایە بکە ئەم گەلەی ئێمە پێدا تێدەپەڕێت ؟
 باوکە گەنجەکە! من دەزانم تۆ لەو پیاوانەیت کە "فازیل میرانی" دای بەگوێماندا کە ٣٠٠٠ فیداکاری هەیە، خۆیان بۆ کاک مەسعود قوربانی دەکەن کەچی کە داعش هات بۆ گوێر و مەخمور یەکێک لەو فیداکارانە غیرەتیان نەبوو لەوێ وجودیان هەبێت.باوکە گەنجەکە دەزانم مەرتەبەی تۆی سۆرانی ناگات بەو ١٠٠٠پیاوەی عەشرەتەکەی کاک مەسعود بەڵام ئەوانیش وەک تۆن دڵ لە دڵ مەدە نمونەکانی کاک"سیروان بارزانی"یە کە هەڵهاتنیش بە ئازایەتی دەشوبهێنێت لە شەڕدا.یان تۆ لەو جەنەراڵانە دەچی کە سەر شانەکانیان هەمووی داڵ و شمشێرو ئەستێرەیە، کەچی بە قولەپێی شەڕڤانێکی کچ ناگەن، باوکە گەنجەکە تۆ بەوێنەیەک چیرۆکی مردنێکمان بۆ دەگێڕیتەوە کە سبەینێ کوڕەکەت قێزت لێبکاتەوە پێت بڵێ باوکە چۆن وابیرت کردەوە؟ دڵنیابە کوڕەکەت سبەینێ نەفرەتت لێدەکات، تا زووە داوای لێبوردنی لێبکە، چونکە کە مردی شوێن پێکانیشت لەگەڵ خۆتا دەمرێت.تۆ بۆ کوڕەکەت دەکەیتە قوربانی؟ بۆ ئەوەی موچەکەت نەبڕن، یان بۆ ئەوەی بیسەلمێنی چەندە بە کۆیلەیی خۆت ئاسودەی؟ 
 ئەم وێنەیەت بڵاو کردۆتەوە، لەڕێگەی وێنەکەتەوە پرسیارێکت ئاراستەکردووین، تۆ هێندە زیرەک نیت پرسیارمان لێ بکەیت، ئەوە وێنەی منداڵێکی زەلیلە کە کێردێک لەسەر گەردنێتی پرسیارمان لێدەکات، ئێمە لە چ کۆمەڵگایەکدا ژیان دەکەین ؟
 باوکە گەنجەکە، دوا ووتەم بۆت ئەوەیە هەرچیەک دەیکەیت لەناخی دڵتەوە بیکە، نەک وەک ئەرکێک، من دەزانم تۆ منداڵەکەت سەرنابڕی، چونکە کەس نییە لە ژووی ماڵەکەیدا قوربانی بکات.ئێستا دەزانم تۆ چەند ئازار دەچێژی، چونکە ناتوانی چێژ لە ژیان ببینیت، ئەوەی تۆ بەخەیاڵتا هاتووە پیشانی ئێمەی بدەیت شایانی بەزەیییە.من لەناخەوە بەزەیم بە داماویی و هزری باوکێکدا هاتەوە کە لەسەر ئەژنۆکانی ژیان بکات و بڵێ من ئازادم.ئێمە لە کۆمەڵگایەکداین کە لەسەر بناغەیەکی سایکۆلۆجی دروست دانەمەزراوە، بۆیە باوکێکی ئاوا بیانوی خۆی هەیە بۆ ئەم ڕەفتارە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە