چلەی یەکێتی و زوڕناژەنەکان!

Tuesday, 02/06/2015, 18:52

6926 بینراوە



ماوەی دوو هەفتەیە زوڕناژەنەکانی یەکێتی دەستیان کردووە بە ژەنینی میلۆدییەکی ناشاز و سواو و مێشکی ئەم خەڵکەیان بردووە. ئەمجارە هەلپەرست و بەرژەوەند خوازەکانی یەکێتی گوندێکی کوردستانیان لەبەر چاوی خەڵک خست. یاخسەمەر ڕەنگە بۆ لەمەولا ببێتە ناوێك کە ئیتر کەس حەز نەکات بیبیستێت. یاخسەمەر گوندێکی جوان و دڵگیری کوردستان، شوێنێکی سەخت و پاڵپشتی پێشمەرگە لە ڕۆژانی سەختی خەباتدا و هێلانەی هەڵۆ سەربەرزەکانی کوردستان بوو. بەڵام یەکێتی بەم کارەی ئەو بیرەوەرییە جوانەشی پیس کرد، دەتوانین بڵێین ژینگەی یاخسەمەریشی تێکدا.
ئەوەی جێگای سەرنج بوو یەکێتییەکان، واتە کاسەلیش و زوڕناژەنەکان، وایاندەزانی ئیتر لەم ڕۆژەدا یەکێتی و سەرانی حیزب(بەڵێندەر و بازرگانەکانە سیاسییەکان) هەموویان دێنە ناو خەڵك و بەشداری (یادە مەزنەکە) دەکەن، کەچی کەسیان لەوێ نەبوون و لەهیچ کونێکەوە دەرنەکەوتن. 
یەکێتی هەتاکو لەم جۆرە کردار و ڕەفتارانە بەردەوام بێت هێندەی تر خۆی ڕیسوا و سووك دەکات. یەکێتی دەیتوانی ئەم رۆژە بەکاربهێنێت بۆ ڕێکخستنەوەی ناوماڵی خۆی، نەترسانە دەست بخستایەتە سەر برینەکانی لاشەی خۆی و دەست بکردایە بە تیمار کردنیان، بەڵام وا دیارە چارەنووسی ئەم بازرگانانە تەنها شکست و شەرمەزاریی و ڕیسوا بوونی تزیاترە، نازانێت خەڵکی چەند لێیان پڕە و لە دەرفەتێک دەگەڕێن دەرسی مێژوویان بدەن. 
هەروەها جارێکی تریش وازیان لە مامەی خۆیان نەهێناو، وەک بتێك لەم مەخسەرەیەدا بەکاریان هێنا و تا ئێستاش بەردەوامن بە سووکایەتی کردن بەم پیاوە، کە جگە لە لاشەیەک کە تەنیا دڵی لێدەدات و دادەنیشیت، هیچی تری تێدا نەماوە. تۆ بڵێی ئەمەش لە چارەی مام جەلال نووسرا بێت و پاداشتی کارەکانی خۆی بێت وەریدەگرێت.
سەرنجێکی تر دەربارەی ئەم "یادە مەزنە" ئەوە بوو ، کۆمەڵێك شایەر و لۆتیان هێنابوو، لەگەڵ ڕیزم بۆیان چونکە مرۆڤن، بەڵام ئەوەی لای من سەیر بوو بینینی هونەرمەند (کاڵێ ئاتەشی) بوو. هەرچەندم کرد نەمزانی ئەم کەسە چۆن و چی دەکات لەوێ؟! تەنها دەتوانم بڵێم پارە بەرد دەکات بە ئاو و کەسایەتی کوردیش بە داخەوە لە قوڕ نەرمترە بۆ پارە.
یادە مەزنەکەش تەواو بوو و یەکێتی لەجاران شپرزە تر و پەرش و بڵاو تر و وێران تر. با چاوەڕوانی ئەتوار و ڕەفتارەکانی یەکێتی بکەین لە داهاتوودا و بزانین ئەمجارە بەچی دیکە سەرساممان دەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە