هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


لەیادی یەکێتی، پێوستە تاڵەبانی دادگایی بکرێت

Tuesday, 02/06/2015, 20:23

6773 بینراوە


وا تاقمە هەڵوەشاوەکەی تاڵەبانی بەرەو یاخسەمەر کەوتنە رێ، تا بتوانن لەڕێگای تاڵەبانییەوە جارێکی تر بە پینە و پەڕۆ  ئەو ڕێکخراوە پیر و پەکەوتە و کەنەفتە نەختێ چارەسەر بکەن . یەکێتیەکانی ئەمڕۆ کەخۆیان لەکۆمەڵێک خەڵکی بازرگان و تاڵانچی و مافیا ئەبیننەوە بەتەمان بەم کۆتایی تەمەنەی سکرتێرەکەیان خۆیان لەبەرچاوی میللەتی کوردی باشووردا شیرین بکەن و ڕووی ڕەش و قیزەوەنی چەندین ساڵەیان سپی بکەنەوە. ئەمان بەهۆی کۆمەڵێک دروشمی بریقەدار و سواو بەتەمان ئەو هەموو خیانەت و کوردکوشتن و جاشایەتیەیان بە خەبات و کوردپەروەری بفرۆشنەوە. هەڵبەت یەکێتی ئەمڕۆ هیچی لە یەکێتی جاران ناچێ و ئەم دەم و چاوە ناشرینانەی ئەوڕۆ کە لەسەر مێژووی یەکێتی و خەباتی هاوڕێیان و خوێنی شەهیدان ئەلەوەڕن و خۆیان دەوڵەمەند کردوە ، تەنها ئەو کاتانە باسی قارەمانێتی و داستانە مەزنەکانی یەکێتی ئەکەن کە بەنیازن دزیەك، یان فەرهودێك بکەن، دەنا ئەم یەکێتیانەی ئەمڕۆ هەر هەموویان بە سکرتێرەکەیانەوە پێوستە دادگایی بکرێن و لە زیندانەکاندا قایم بکرێن.
تاڵەبانی وەك کەسی یەکەمی ئەم ڕێکخراوە گەلێ تاوانی دژ بە کورد و یەکێتی و لایەنەکانی تر کردوە کە ڕەنگە لەسەر هەر یەکێ لەو تاوانانە ئەگەر لەسێدارەدان بەرۆکی نەگرێ،ئەوا حەتمەن زیندان تاکە هەڵبژاردەی گونجاوە بۆ ئەو کەڵە خاین و خۆفرۆش و کورد کوژە. لێرەدا ئێمە تەنها یەك لەو تاوانانە باس ئەکەین و ئەوانی تر بەجێدێڵین بۆ ڕۆژانی دوایی و با بزانین ئەو کەسە کە ئێستا وەك خواوەند لە سلێمانی پاڵی لێداوەتەوەو ڕۆژانە چەندین کەس هاتوو چۆی ئەکا،بەڕاستی شایەنی ئەوەیە وەیان ئەو خەڵکانە بێ بەهاو کۆیلە و مرۆڤی ناشایستەن؟!
تاڵەبانی لەوەتی هەیە خەریکی سوکایەتیی بووە بە کورد و پێشمەرگە و کوردستان. ئەم کەسایەتیە جگە لە درۆ و بوختان هیچی تری سەوز نەکردوە بۆ گەلی کورد. با پێکەوە گەشتێکی کورت لەگەڵ داستانی قارەمانێتی تالەبانی بکەین و بچینە قوڵایی ئەو هەموو سووکایەتیەی، کە ئەو بەم کوردە هەژارەی کردوە و ئەوسا ئەزانن ئەم پیاوە چەندە تاوانبارە.
تاڵەبانی هەر لەسەردەمی لاوێتیەوە خۆی ڕادەستی هێزەکانی عێراق ئەکات و بەناوی جیابوونەوە لە مەکتەب سیاسی و لەتەك هەریەك لە: (برایم ئەحمەد و عەلی عەسکەری  و عومەر دەبابە و چەندانی تر) پاڵ ئەدەنەوە بە سوپای عێراقی و چەك و دەبابە بەکاردێنن و ئەبن بەجاش و ڕۆڵەی کورد دەکوژن و دایکانی کورد جگەرسووتاو دەکەن. ئەم مۆدێلە کە ڕەنگە لەوەو پێش ئاوا بەر بڵاو نەبوبێت و خەڵکی لای ئاسایی نەبوبێ، ئەم هات و کردیە کارێکی باش بووبێت، لێ تالەبانی خەڵکی فێری جاشایەتی کرد. دیارە یەکێک لەو سووکایەتیانەی تری تاڵەبانی ئەوەبوو کە کاتێک پێشمەرگەیەك شەهید دەبوو و دواتر هەواڵەکەیان دەگەیاندە تاڵەبانی ، ئەمیش یەکسەر دەیووت: ئەویش قنگی کردە ڕەشەبا؟. کلیکی ناو ئەو کەوانەیە: (بابە تاهیری شێخ غەریب). سووکایەتی تاڵەبانی سنووری دیل  و زیندانی تێپەڕاند و ئەوەبوو کاتێک (مەلا بەختیار) دەگیرێت و ئەخرێتە زیندانەوە بە فەرمانی تاڵەبانی میز بەمەلا بەختیاردا ئەکەن. ئەمە جگە لەوەی لەسەر خواردن و قەل و چڵێسێتی خۆی چەندین جار سووکایەتی بە پاسەوانەکانی خۆی کردوە و بە مالۆس و دەبەنگ و چەندین جاری تریش بە گۆچان وەشاندن حەسیر مەیانی پێکردوون.
تاڵەبانی سنووری سووکایەتی بەو هەموو گووندنشین و ئەنفال و کیمیا بارانکراوانەی دەستی سەدام دەکات و ئەڵێ(ئاخ بۆ دوو هەڵەبجەی تر). تاڵەبانی ڕەنگە لەسووکایەتی کردن بە کورد ژمارەی پێوانەیی شکاندبێ و کەس نییە هێندەی ئەم کابرایە میللەتی خۆی لای سووک بووبێت، یان هەوڵی ئەوەی دابێ کە زیاتر زەلیل و سووکی بکات. ئەوەتا کاتێک دەبێ بەسەرۆك کۆماری عێراق لەزاری خۆیەوە نوکتە لەسەر کورد ئەکات و کورد وەك میللەتی پلە دوو نیشان دەدات. لەیەکێک لەنوکتەکانی(ئەڵێ عێراق  حاڵی خۆی زۆر جوان بوو نۆرەی ئەوەیە کوردیش حکومی بکات). هەروەها بەم جۆرە سووکایەتییانە نەوەستا و وویستی ئەوەندەی تر میللەت خۆی بەکەم بزانێ و نەتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ،ئەوەتا ووتی (دەوڵەوتی کوردی خەونی شاعیرانە). بۆیە تاڵەبانی ئەم سووکایەتییانە بە کورد ئەکات تا دڵی ئاخوندەکانی ئێران و تورکیای کەمالیزمی لێ نەڕەجنێت و کار و کاسپیەکەی هەردەم گەرم بێ. تاڵەبانی جگە لەو سووکایەیتانەش لە تیرۆرکردنی قایمقامی سلێمانی(زانا) ڕۆڵی پاریزەری لە دادگاکان دزی و خۆی کەوتە نێوانەوە و خێزانەکەی زانایان دەست خەڕۆ کرد. ڕەنگە ئەوەش بەیادی خوێنەری بەڕێز بێنینەوە کەوا چۆن لەکاتی سەرۆك کۆماری چۆن شیعری بۆ عەرەبە شیعەکان دەگوت لەکاتی تیرۆرکردنی (حەکیم). تاڵەبانی جگە لەوانەش یارمەتی خێزانەکەی سەدامی دا و چەندین تاوانی تری کرد لەوانە ئازادکردنی (تاریق ڕەمەزان)ی فڕۆکەوان و چەندین تر. بۆیە داوا لە خەڵکی دەکەین لەیادی یەکێتی ئەو هەموو تاوان و سووکایەتیەی تاڵەبانی لەیاد نەکەن و چی تر فریو نەخۆن. با هەموان بەدەنگێکی بەرز داوای دادگایی کردنی ئەم کەسە بکەین و نەهێڵین پێش مردنی وەك قارەمانێك ناوی بچێتە نێو مێژووی گەلی کوردستان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە