بەم حاڵەوە سەرۆک ناگەرێتەوە ناوتان

Tuesday, 02/06/2015, 22:11

5487 بینراوە


• سه‌رۆك مام جه‌لال سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان گه‌یشته‌ بینای‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌
• كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر سه‌رۆك مام جه‌لال سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان گه‌یشته‌ بینای‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌.
• دوای گەیشتنی مام جەلال سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی بەئامادەبوونی بەڕێزیان و كۆسرەت رەسوڵ عەلی و د.بەرهەم ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی كە تیایدا ئەندامانی مەكتەبەكانی یەكێتی و وەزیرو پەرلەمانتارانی یەكێتی لەكوردستان و بەغدا بەشداری دەكەن دەستیپێكرد
 ئەمەی سەرەوە ئەو هەواڵەیە کە دیسانەوە ئاسمانی سلێمانی پڕکردەوە لەتەقەی خۆشی. 
وا چل ساڵ بەسەر دروستکردنی یەکێتیدا تێدەپەڕێت. مێدیاکانی یەکێتی بەردەوام دەڵێن "سبەینێ ئێمە لەیاخسەمەرین " خۆشبەختانە منیش یەکێک بووم لەو مێژووەدا ئاگاداری وردو درشتی بووم. کەچی ئەمڕۆ کەسانێک ئەو مێژووە دەگێڕنەوە کە شایستەی پێکەنینن. بۆیە دەڵێم واز لە مامتان بێنن، با هێمنانە وەک هەموو مرۆڤەکانی سەر ئەم ئەستێرەیە بڕوات و لەکۆڵمان بێتەوە، دوایی مێژوو بڕیاری دادگای ئەو دەدات، یان تاوانبار دەردەچێت یان بۆ هەتا هەتایە ئازاد دەبێت. ئەو پیاوەتان کردۆتە بووکەڵە وا نیشانی دەدەن کە ئەو لەو کەسانەیە نەمری جەستەی مسۆگەر کردووە. بەڕاستی ئەم کردەوە قێزەونەی ئێوە مێژووی یەکێتی و ئەو هەموو قوربانییەش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
 دەگێڕنەوە خوا لە تانزانیا و کینیا لە ئەفەریقا دا سندوقێک لای خەڵکەکە دادەنێ بەداخراوەی و پێیان دەڵێت، تکایە ئەم سندوقە مەکەنەوە، ژنێکی بێشەرم و لاساری وەک دادە هێرۆ بە ئامەدەبوونی هاوسەرەکەی سەرپێچی دەکات و فەرمان و داوای خوا پشگوێ دەکات و سندوقەکەی دەکاتەوە، لەوکاتەوە ئەو ژنە کە وەک دادەهێرۆ بوو بەڵایەکی بۆ مرۆڤایەتی خوڵقاند، دوای کردنەوەی سندوقەکە ئیتر نەخۆشی و مردن لەناو سندوقەکە ئازادبوون و خەڵکی پێوەی دەناڵێنن. لەکتێبی "مردن لەڕوانگەی ئاینەکانەوە" ئەم کورتە چیرۆکەمان بۆ دەگێڕێتەوە. 
 ئەگەر هێرۆ سندوقەکەی نەکردایەتەوە ئەوە نەیەکێتی بەو دەردە دەچوو، نەمردنیشی سبەینێ ڕادەگەیەنرا. سیاسییەکان هەمیشە وا دەری دەخەن کە کەسانی پاکن، ئەوان لە وێنەکاندا کە دەیگرن پڕن لەمیهرەبانی، لە سۆز، لە عەشق، وەک پەپولە خۆیان نمایش دەکەن. بەڵام لەڕاستیدا ئەوان دڕندەیەکن بەهیچ ئاژەڵێک بەراورد ناکرێن.
لە ناو سیاسەتمەدارەکاندا یەك کەسی دەستپاك و ڕاستگۆ نادۆزیتەوە، ئەگەر دۆزیتەوە, گومانت نەبێ هەم گێلیت هەم فریودراویت......!
( لەفلیمی ئەدریان برودی ئاوای ووت. The Pianist)
ئەمڕۆ دژەکان ئەتوانن یەکتر ببینن لەو کۆڕ و کۆبونەوانەدا، بەڵام ئەوانە خەڵکانێکن لە شەڕدان، کە تاسەر سەر ئێسقان دژی یەکترین، من لەناو ئەم کەسانەدا ژیاوم، ئەوان لەدورەوە جوێن بەیەک دەدەن و سوکایەتی بەیەک دەکەن، لەنزیکەوە وێنە لەگەڵ یەکدەگرن و زەردەخەنە نیشان دەدەن، ئەمە سروشتی هەموو مافیا و بازرگانی سیاسیی کوردە، کە سیاسەت و بازرگانیان تێکەڵ کردوە. کاتێک ئەمانە بەچاوی کراوەوە خەو بەڕابردوە دەبینن و ناتوانن بەچرکەش لێی غافڵ بن و عاقڵ بن، ئەوە مانای وایە کە ئەوان داهاتوویان بەرەو نادیار سەری هەڵگرتووە. 
یاخسەمەر ئەو جێگەیەی کە تاڵەبانی لە دوای گفتوگۆی شۆڕش لەگەڵ بەعسییەکاندا کۆتایهات. تاڵەبانی لەوێدا هەواری لێهەڵدابوو کەچی ئەو یەک دوو ساڵە، تاکە جارێک تۆپێک لێی نەدا، فڕۆکەیەکی دوژمن نەچووە سەری، ئەوە ئەو پرسیارە گوماناوییە کە دەکرێت لە دادگادا ساغ بکرێتەوە. بەڵام کاتێک لە ڕۆژەکانی ئەنفالدا تاڵەبانی لە ئەوروپا بوو، یەکەمین ڕۆژی ئەنفال گوندی یاخسەمەر بە فڕۆکە جەنگێکان بۆردمان کرا "شەهید غەفور چاوجوان سورکێو، کەمال بۆزانی، پێشمەرگەیەکی تر، کە خزمی سەلاح چاوشین بوو، لەوێدا شەهید بوون، شەوی یەکەمی ئەنفالیش بە ڕاجیمەی کیمیاوی و تۆپی دوورهاوێژ لەوێ درا، بەڵام تالەبانی و دادەهێرۆ وجودیان نەبوو.
 "ئەگەڕێنەوە بۆ یاخسەمەر", کێ هەیە ئەم ڕاستییە نەزانێت، ئەگەر تۆزێک ئازایەتی تێدا بێت. 
 پرسیارەکە لێرەوە دەکرێت سەرهەڵ بدات، ئێوە تاکەی بەرۆکی ئەم کابرایە بەرنادەن ؟ 
 ئێستا ئێمە لە شەڕداین لە دژی چەتەکانی داعش، بەڵام لەدوای ساڵی ١٩٩١ەوە جەنگاوەر نەماوە واتە پێشمەرگە و کەسایەتییەکەی تەنها لەمۆزەخانەکاندا نمونەی وێنەکانیان ڕەنگە مابێت، ئەوانەی ئەمڕۆ کە ناوتان ناون پێشمەرگە جگە لەخزمەتکارێک هیچی تر نین. جەنگاوەر نەک هەر لای ئێمە لەباشوردا نەماوە، بەڵکو لەسەر گۆی زەوی تەکنەلۆژیا و کەرەسەی جەنگ کارێکی کردووە، لەکاتێکدا داعشێک ئۆتۆمۆبێلێکی پڕ تەقینەوە دەتەقێنێتەوە ئەوە جەنگاوەر نییە، بەڵکو کۆیلەیەکی ترسنۆکە بەرژەوەندی وایە کە بەحۆرێکان بگات. پێشمەرگەیەکیش دەسڕێک دادەخات سواڵ دەکات من وەک بەشداربوویەک شەرم لەو مێژووەدەکەم و داوای لێبوردن لەهاوڕێ شەهیدەکانم دەکەم کە ئێوەی ناسیاسی و بازرگان کەسایەتی پێشمەرگەتان لەهەموو بەها جوانەکان ڕووتکردەوە.
  
نهێنی مردن چی یە ؟ داخۆ لە تاڵەبانی بگەڕێن تا بە هێمنی ئەو ماوەیەی ماوێتی بیگوزەرێنێت، چاکتر نییە لەوەی، کە ئێوە سوکایەتی پێدەکەن، من بۆخۆم تاسەر ئێسقان بەزەیم بەم پیاوەدا دێتەوە، کە ئێوە لێیناگەڕێن بۆخۆی سەرێک لەسەر بالیفەکەی بنێ و بحەسێتەوە. مردن مانای فەنابوون نییە، گەر چی وەک حەتمێتێک دەربازبوون مەحاڵە بەڵام ئێوە بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە هەمووڕۆژێک ئەم پیاوە ئازار بدەن. لەکاتێکدا ئەو کەڵکی ئەوەی نییە ئاوا گەمە بەلاشيیەکی لاواز و ماندوویەوە بکرێت. ئەوەی ئێوە دەیکەن جگەلەوەی لەهیچ جێگەیەکی ئەم دنیایەدا نەکراوە.
 ئەلبێر کامۆ دەڵێت : خۆشبەختی زۆرجار جگە لە بەزەییەک بە بەدبەختی خۆمان، هیچی تر نییە. بەراستی ئەوە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ئەمڕۆ لە یاخسەمەر کۆببوونەوە، ئەگەر ئێوە وەفاداری شەهیدانن و لەخەمی پێشمەرگەدان و دەتانەوێت لەشەڕەکاندا سەرفرازبن، تەنها پارەی بەنزین و ئەو مەسرەفەی ئەمڕۆتان بدایە بە کەرەسەی جەنگ، من دڵنیام بەو پارەیە شەنگال ئازاد دەبوو، بەڵام یادەکەی ئێوە مردنێک و پارچە پارچەبونی ئەو مێژووە ڕادەگەیاندن کە هەزاران گەنج خۆی کردە قوربانی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە