هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


خوێن و قەرەبوو!

Saturday, 06/06/2015, 22:26

4737 بینراوە


ئەرکی تاک بەرامبەر بە کۆمەڵگاو نیشتمانەکەی لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر دەگۆڕێت، بەو ماناییەی لە قۆناغی بزوتنەوەی رزگاریدا یان لە بارو دۆخی رووبەروو بونەوەی جەنگدا، تاک لە لایەن پارتی پێشەرەو بەجۆرێک پەروەردە دەکرێت کە کەلتوری ئامادە باشی تیادا بڕویندرێت بە لە گیانی لەخۆ بوردوی، چڕ کردنەوەی تواناکانی بۆ خزمەتکردن بە پرسی ڕەوایی گەل و نیشتمانەکەی، ئەو جۆرە بەهاییە دەبێت بەبەرزترین ستاندەر و بەخەڵک دەناسرێت.
لە مێژوودا هاتوە کاتێک میللەتان بە قۆناغی رزگاری نیشتمانی تێپەر بوون  یان رووبەرووی جەنگ بوونەتەوە، سەرکردەکانی ئەو میللەتانە بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە میللەتەکە دەرباز بکەن، هەوڵیانداوە لەو قۆناغەدا بەها نیشتمانیی، نەتەوەییەکان، ئازادی، ئازاییەتی ، چاونەترسی، پیاوەتی و رۆحی بەرەنگاری بوونەوەو ئیرادەی بەهێز وەکو بەهایی سەرەکی بە خەڵک بناسێنن، میللەت هۆشیار بکەنەوە  لە گرنگی بوونی ئەو بەهایانە لە ناخو دەروونی تاکەکاندا لەو قۆناغە مێژوویە دیاری کراوەدا.  لەدەرئەنجامدا ئەم جۆرە پەروەردە کردنە هێزێکی مرۆیی ئەوتۆی لێ لە دایک بووە کە توانراوە بەکاربهێنرێت بۆ رووبەروو بوونەوەی سەختیەکان وگەیشتن بە داوا ڕەواکانی ئەو میللەتانە.
لە شۆرشی فرەنسادا لە نێوان ساڵانی ١٧٧٨-١٧٩٩دا، سەرکردەکان، رۆشەنبیرو فەیلەسوفی ئەو زەمانە، هەوڵیان دابوو کە چەند بیرۆکەیەک، بەهایەک کە پێیان وابووە گرنگە بۆ ئەو قۆناغە مێژوویە دیاریکراوەدا بە میللەتی فرەنسی بناسێنن، پەروەردەیان بکەن بۆ ئامادەکردنی هێزێکی مرۆی ئەوتۆ،  ئامادەییی ئەوەیان تیادا لە دایک ببێت بۆ بەشداریکردنیان لە شۆرشی فرەنسادا بە مەبەستی سەرکەوتن.
ئەو بەهایانە بریتیبوون لە ئازادی، یەکسانی، یەکگرتن. ئەو دروشمانە بوون کە بەهایی بەرزو گرنگیان هەبوو، لە ماوەیەکی کەمدا بوون بەهۆی راکێشانی نەک تەنیا کۆمەڵگای فرەنسی بەڵكو پەیدا کردنی لایەنگر لە نێو کۆمەڵگای ئەوروپیش.  
"، The Social Contract چان چاک رۆسۆ لە " 
 گوتویەتی " پیاو بە ئازادی لە دایک بووە بەڵام لە هەموو شوێنێکدا کۆت و زنجیر کراوە"،  بە مانای ئەوەی پیاوەتی لە ئازدی بوونە، هەر پیاوەێک رازی بێت بە کۆیلەیی بژێت مانای وایە ئەو بەها گرنگەی پیاوەتی لەدەستداوە کە لە سروشتدا پێی بەخشراوەو لەگەڵی لە دایک بووە کە ئەویش ئازادییە. ئەم جۆرە پێشنیارە گیانی هاندان بووە بۆ تاکی پیاوی فرەنسی ئەو کات کە بوونی ئازاییەتی گرنگە بۆ چوونە جەنگەوە  بۆ پارێزگاری کردن لە پیاوەتی کە لە ئازادیدا بەدیدەکرێت.  دووبارە دەنووسێت " پیاوان بە ئازادی لە دایک دەبن لە مافەکانیشیان یەکسانن وە بە  ئازادیش دەمرن".
  دەستوری شۆرشی فرەنسا وا بینراوە کە کۆنتراکتێکە لە نێوان تاک و کۆمەڵگدا بەیەکەوە بەستراونەتەوە لەسەر بیناغەی ئەوەی کە تاک دەبێت ئامانجە تایبەتەکانی لە نێو چوارچێوەی کۆنتراکیتک بێت لەگەڵ کۆمەڵگا، بەو مانایەی هەردوو لا کۆنتراکتێک پێکەوە دەیان بەستێتەوە کە بە گوێرەی یاساو دەستور هەردوو لا ماف، ئەرک و لێپرسراوەیان دیاری دەکرێت.
لەساڵی ١٨٠٢دا دوای ئەنجامدانی ریفەرەندم و هەڵبژاردنی ناپلیۆن بە سەڕۆک، بە پێی یاسا ناپلیۆن هەقی  هەبوو دەستکاری دەستور بکات ، یەکەم شت کە ویستی هەبوو بیکات گۆڕینی سیستەمی خوێندن بوو وە پێی وابوو ئەو سیستەمە دەبێت  لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا بێت، لە قوتابخانەکان دەبێت وانەی مۆراڵ،بەهاکان و سیاسەت بگوترێتەوە. ناپلیۆن گوتیەتی" بۆ سیستەمی خوێندنی لە قوتابخانەکان ئامانجی سەرەکیم ئەوەیە کە وانەی سیاسەت، مۆراڵ و خوڕەوشت لە قوتابخانەکاندا بەفەرمی بگوترێتەوە".
جگە لەو بەهایانە، سەرکردەو پارتی پێشەرەو لە نێو میللەتان هەوڵیانداوە ئەوەی عەقڵ پێی دەشکێت هەوڵبدەن وەکو ئامرازێک بەکاری بهێنن بۆ خزمەتی میللەتەکەی خۆیان بە مەبەستی رزگارکردنی کۆمەڵگاکەیان لە تەنگەژە ئابووریی، سیاسییەکان و سەربازییەکاندا بە تایبەتی لەکاتی رووبەروو بوونەوەی جەنگدا.
لە جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵانی ١٩١٤- ١٩١٨دا کە لە نێو وڵاتە بەهێزەکانی دونیادا هەڵگیرسا، ئەو وڵاتانە جگە لە هێزی ئاسمانی، زەمینی وسەرماییەی مرۆیی روویان لە بەکارهێنانی سەرماییەی ئاژەڵیش کرد بەتایبەتی 'سگ'.  بەمەبەستی راهێنانیان و سوود لێوەرگرتنیان لە بەرەکانی شەڕدا.
 قوتابخانەی راهێنانی سەگان لە سکۆتلاند بە فەرمی دامەزرا بوو، ئەو کات ٤٠٠٠ سەگ دەرچووی ئەو قوتابخانەیە بوون وە نێردران بۆ بەرەکانی شەڕ. 
ئەڵمانیا لەو جەنگەدا ٣٠٠٠٠ هەزار سەگ، بریتانیا، فرەنسا و بەلجیکا ٢٠٠٠٠ هەزار سەگیان راهێنابوو دایانمەزراندبوون لە نێو سوپا بەشداریان پێکردن لە بەرەکانی جەنگ. لە سەرەتادا ئەمریکا تەنیا سەگی بەکاردەهێنا بۆ هەندێک ئەرک بەڵام لەدواییدا بوو بە یەکێک لەو دەوڵەتانەی کە زۆرترین سەگی راهێنان پێکرد لە رێزەکانی سوپایی ئەمریکی و دایمەزرانددن.  سەگەکان بەجۆرێک راهێنرابوون لە بەرەکانی شەردا زۆر جار سەرکردایەتی قافڵەی سەربازییان کردوە، ئیسپات بووە کە وەکو سەربازێک جێگەی متمانە بوونە بە تایبەتی لە گەیاندنی پەیام لە نێوان بەرەکانی شەردا.
میللەتەکەمان و وڵاتەکەمان  ئیمرۆ لە قۆناغی رزگاری نیشتمانیدایە و لە پاڵ ئەوەش رووبەرووی جەنگی داعش دەبێتەوە. لە هەرپارچەیەکی کوردستان پارت و سەرکردەی زۆرمان هەن. لە هەندێک پارچەی کوردستان ئەوە بەدی دەکرێت کە بەهای نیشتمانی، نەتەوەیی، ئازادی سەربەخۆیی لەلایەن هەندێک لە پارتی پێشرەو بە خەڵک ناساندراوە، هەوڵدراوە رۆحی بەرەنگاری بوونەوە لە نێو تاکی کوردا لە دایک ببێت کە بە پلەی یەکەم لەو بەروارەدا لە باکوور، رۆژئاوا، کەمتر لە رۆژهەڵات بەدی دەکرێت،  پارتی پێشەرەو لەو بەشانەی کوردستان توانیویەتیی بەهایی نیشتمانی و نەتەوەیی بەرز بنرخێنێت، هەوڵبدات ئازادی وەکو ئامانجی سەرەکیی لە ناخی تاکی کوردی ئیمرۆی ئەو ناوچانە زیندوو بکاتەوە و ئامادە بوونیان تیادا دروست بکات بۆ بوون بە قوربانی ئەو بەها گرنگانە.
کارەساتی مەزن ئیمرۆ لە باشووری وڵاتدا بەدیدەکرێت، ئەوەی ناوی بەهای نیشتمانی، نەتەوەیی، ئازادی بێت لە لایەن سەرکردە، پارتە بەشداربووەکانی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێمدا بایەخی پێنەدراوە، لە ماوەی بیست و چوار ساڵدا تاکی  کوردی باشور لەسەر ئەوە پەروەردە دەکرێت کە چۆن خۆپەرست بێت، کەچۆن ملکەچو کۆیلە بێت، کە چۆن هیج نرخێک بۆ ئازادیی و سەرفیرازی، بەرژەوەندیی گشتی دانەنێت، ترسنۆک و درۆزن بێت، چۆن هەموو پرنسیپێک و مۆراڵێک لە پۆست، پارە، خزمەتکردنی لێپرسراواندا ببینێت. ئەوە دیاردەیەکی زەقە کە دەرکی پێدەکرێت کە ماییەی خۆشحاڵییە بۆ دوژمنانی میللەتەکەمان وە ماییەی نارەحەتییە بۆ دۆست و دڵسۆزانی پرسی  میللەتەکەمان. 
بێگومان نمونەی جۆری پەروەردەی سەقەت گەلێک زۆرن کە کراون بە یاساو بۆ بەرەو هەڵدێر بردنی نەوەی ئێستاو دوارۆژ. یەکێک لەو نمونانە جۆری پەروەردەکردنی منداڵە شەهید. تۆ بەهۆی ئەوەی منداڵە شەهیدیت دەتوانێت ئەو هەڵوێستەو پێگەیی باوکت بەکار بهێنیت بۆ هەندێک دەستەکەوتی مادیی.  بەرزکردنەوەی نمرە بۆ چوون بۆ دانیشگا، ئەرز وەرگتن، یان کۆمەڵی دەستەکوتی مادیی تر کە بێگومان ئەم جۆرە پەروەردە کردنە ناخی تاک گەندەڵ دەکات و تاکێکی خاوەن بەها بەرزەکان و مۆراڵی راست بەرهەم ناهێنێت.  هەر منداڵە شەهیدێک هەقی ئەوەی هەیە هەلی بۆ برەنخسێندرێت بچێت بۆ دانیشگا ئەگەر خۆی ئارەزووی لەسەر بێت و توانیی هەبێت، ئەو هەلە پێوێستی بە بەکارهێنانی خوێنی یەکێکی تر نییە کە رۆژێک لە رۆژان ئامادە بووە خوێنی خۆی فیدا بکات بۆ بەها بەرزەکانی وەکو ئازادی و سەرفرازی.
سوتانی لاشەی پێنج هەزار مرۆڤ لە کیمیا بارانی هەڵبجە، قەرەبوەکەی ئازادی بوونی مرۆڤی کوردە لە ژێردەستیی، نەوەکا پەروەردەکردنی خەڵکی هەڵبجە لەسەر بیناغەی ئەوەیی کە قەربووکردنەوە بە پارە نرخی ئەو قوربانییە مەزنەییە. بەبێ ئەوەش خەڵکی هەڵبجە هەقی خۆیانە گرنگیان پێبدرێت وەکو شارۆجکەیەکی کوردستان بودجەی بۆ تەرخان بکرێت بە مەبەستی گەشپێدان و ئاوەدان کردنەوەیی. هەڵەبجە بەبێ ئەوەش مافی ئەوەی هەییە ببێت بە پارێزگا و گرنگی پێبدرێت.
  هێسک و تروسکی ١٨٨٠٠٠ مرۆڤ، لە ژێر ناوی قەرەبووی کەس و کاری ئەنفالەکان خەڵک هاندەدرێت بچێت بۆ دەرگای دامو دەزگا حکومییەکان بۆ بە دەستکەوتنی بڕێک پارەی ئیجگار کەم وەکو نرخێک بۆ ئەو کۆشتنە بە کۆمەڵە. هەر تاکێک لە خزمو کەسی ئەنفالەکان مافی خۆیەتی ژیانێکی بەختەوەری بۆ دابین بکرێت، گرنگی بە تەندورستی باری دەروونی، خویندنی بدرێت منداڵەکانیان سەنتەری تایبەتیان بۆ بکرێتەوە بۆ پەروەردە کردنیان بجۆرێک لە دوارۆژدا ببن بە تاکیکی خاوەن مۆراڵ و هەڵگری بەها بەرزەکان بەبێ ناونان قەرەبووی ئەو قوربانییە بە پارە.  
قەرەبووی خوێنی شەهیدان، کۆمەڵ کوژی هەڵبجەو جینۆسایدی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال   دەبواییە نرخەکەی، هەڵکردنی ئاڵاو دیاریکردنی سنووری جوغرافیایی کوردستان و سەربەەخۆیی بواییە. 

سەرچاوە:

1- Dogs in World War One

The Sacred Values of the French Revolution -2

 French Revolution 1787-1799 -3

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە