ئەم بەرپرس و خائینە کوردانە لە ئامەد چی دەکەن!؟

Sunday, 07/06/2015, 12:39

3642 بینراوە


وەک ئاگادارن هەمووساڵێک لەشاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیادا پێشەنگای کتێب دەکرێتەوە، مەلا بەختیاریش لەسەر بودجەی قەیوانەکان هەر بەوەدا دەگات سەفەرەکانی خۆی درێژە پێبدات. لە خواروی ئەفەریقاوە تا ئەوروپای هێمن و چوونی بۆ هەموو کۆڕ و سمینارو یادەکانی سۆسیال ئەنتەر ناشناڵەکانی دنیا و پێشەنگای کتێب و دوایش گەڕانەوە بۆ لای عەشرەتی زەنگەنە و جافەکانی گەرمیان و ناو هۆزەکانی کوێستان. ئەو ساڵەی، کە گەنجێکی کورد لە نەورویژ مەلا بەختیایر دایە بەر تەماتەی ڕزیوو، ئەمە بۆی نەبوو بە وانە ژیانی، هێندەمان زانی پەندێکی تری دا بەخۆی، بەوەی لەناو پێشەنگای کتێبەکانی فرانکفۆرتدا تورکێک نەخشەی کوردستانی لەت و پەتکرد و جێێوی بە کورد دا، مەلا بەختیار زمانی لاڵ بوو داوای وەرگێڕی دەکرد، من چەند جارێک سەیری ئەو ڤیدیۆ کلیپەم کرد نەمزانی دەیویست قسەکانی بۆکێ وەربگێڕێت ؟ لەکاتێکدا دەوری هەموو کوردبوو. ئاخر ئەو فێرە تەنیا دەنگت هەڵبڕێت، مەلا ئیتر بۆ هەموو شتێکی دیکە پاشەکشێ دەکات. لە یاخسەمەر چەندە بەستەزمان بوو کاتێک گیرایەوە هێنایانەوە بۆ لای مامی گەورەی.
 دوێنێ مەلابەختیار دیسان لە "ئامەد" دەرکەوتەوە، دەرکەوتنی ئەم دەموچاوە پۆخڵەی بەرپرسێکی دەسەڵات، بۆمان بوو بە جێگەی پرسیار و خەم، ڕەنگە خوێنەر بپرسێ داخۆ من ڕقێکم لەم ئەم کاک بەختارە هەیە ؟ بە دڵنیایەوە پێتان دەڵێم "نا " تەنها من بەزەیم پێدا دێتەوە، ئەو کەسێکە تاکو ئێستا بەدوای خۆیدا دەگەڕێت، مرۆڤێک خۆی لێ وون بوبێت، چۆن دەتوانێ ڕێگە پێشانی خەڵکی بدات؟
 باکوری ووڵات لەسەر ڕێڕەوێکی زۆر باش لە خەباتدایە، بەبڕوای من چونی ئەمانە بۆ ئەوێ مانای شێواندنێتی، بۆنمونە ئەم مەلا بەختیارە لە وولاتی سوئید پارەی بەخشێوە، بەچەند کوردێکی نەفسنزم، کە دەنگی خۆیان بۆ سۆسیالدیمکراتەکان بدەن. سۆسیالدیمکراتەکان ئەو ساڵە ١٠% پاشەکشێیان کرد. ئەم بەڕێزە لە هەندێ جێگە خۆی وەک فەیلەسوف دەر دەخات، پاشان بەڕیوەبەری دەزگایەکی فکرییە و بەر لەماوەیەک بەرپرسی لیژنەی ئۆڵمپی بوو، بێئەوەی بزانێت شەقێک لەتۆپێک هەڵبدات، هەر وادەکات کتێبێک دەخاتە بازاڕەوە، بێ لەو داڕشتنانەی کە زوو زوو لە چاو کوێرەکەیدا دەر دەکەوێت.
 لەجێگەیەک هاوڕیەکم باسی کتێبێکی براکەی کرد کە داوایان لێکردبوو بەچاپی بگەیەنێت، کاتێک ڕووی لە مەلا بەختیار کردبوو، ڕاستەو خۆ ووتبووی من پێشەکی بۆ دەنووسم، گەرچی کاتم نییە ئێستا بۆ خوێندنەوەی، بەڵام نووسەرەکە ڕازی نەبوو‌! ئەمە نوکتە نییە راستییە و رووی داوە.
هەموو دەزانین، ناو یەکێتی نیشتمانی وەک مەنجەڵی سەر ئاگردان دەکوڵێت، کەسیان یەکتر ناخوێنەوە، کێشەکان وا ئاڵۆزبوون، کە لەیادی ٤٠ساڵەی ئەم حیزبەدا بەجوانی دەبینرا، ئەم ناکۆکییە قوڵ و بێسنورە لە ناو ئەم حیزبەدا و وایلێکردووین، کە کەسمان نازانین لەگەڵ کامە سیاسییاندا سەروکارمان هەیە؟ سەمەرە لەوەدایە خۆشیان نازانن کە خەریکی چین، لەدنیادا نەبووە ماڵی خۆت ئاگری تێبەر بووبێت و تۆ لەهەوڵی کوژانەوەی ماڵە دراوسێکەتدا بیت.
مەلا بەختیار دەبوو لەخۆی بپرسیایە، کە ئەوان ماوەی ٢٤ساڵە هەرێمێکیان لەبەر دەستایە بەو هەموو توانا مادیەوە، چیان کردوە کە ئێمە وەک کورد شانازی پێوەبکەین ؟ ئەم بەڕێزە لەهەموو دەرکەوتنێکیدا کۆمەڵێک فشە دەکات، کە دوای ماوەیەک فشەکانی دەبێتە نوکتە و خەڵکی پێی دەترقێتەوە، چونکە ئەو کەسێکە تا ئێستا بە هزری ساڵانی حەفتاکان لە دنیای سیاسەت دەڕوانێت، ئەوەش شێوەیەکە لە ونبوون و خۆ نەدۆزینەوە.
مەلا بەختیار لە بیری چۆتەوە و کە قوتابخانەیەکی فەسادی داناوە و چۆن بچن ژنی حیمایەکانی خۆیان داگیربکەن، یان بکڕوزێنەوە وەک تۆ لەزیندانەکاندا و داوای لێبوردن بکەن لەکردارەکانتان، یان ناوی هەموو برادەکانتان لە زینداندا بخەنەسەر کاغەز بۆ ئەوەی گیانی خۆتان قوتاربکەن، یان لەشەڕەکاندا خۆتان بدزنەوە بەپاساوی ئەوەی ناوچەکە بۆ شەڕ گونجاو نییە، یان کە دەورتان بەحیمایە گیرابوو خۆتان با بدەن وەک ئەوەی ئەوەی جەنەڕاڵێکی هێندە جەربەزەبن، یان پەیامنێرێکی ماستاوچی تەلەفۆنەکەت بۆ بگرێت و خۆت لێ ببێتە موسای گەریلا و پیشانی بدەی، کە داعش لەبەر تۆ هیچ پێشڕەوییەک ناکات لەگەرمیان، یان بەحیمایەکەت بڵێیت بڕۆ فیشيک بنێ بە ئۆتۆمۆبیلەکەمە و خۆت قوڕاوی بکە دوایی بڵێ من ئاوا شەڕدەکەم. 
ئەگەر مەلا بەختیار سەد جاری تریش بچیتە ئامەد ناتوانی سۆزی تاکێکی کورد بۆخۆی رابکێشیت، چونکە مێژوو بە ساختەکاری نانوسرێتەوە، مەلا بەختیار نەخۆشی خۆدەرسختنی هەیە و هەست بە کەمی دەکات، لە بیرە ساڵی ١٩٨٤ کاتێک نوێنەری تالەبانی چوونە ناو کۆپتەرەکەەوە بەرەو بەغدا دەیبردن، ئەم مەلا بەختیارش بە زۆر خۆی فڕێ دایە ناو کۆپتەرەکە رۆژنامەنووسەکەی (ا‌لثورة) لەمە سەری سووڕما و دەرفەتی هێنا وێنەی گرت. هەموو نوێنەرانی نێردراو بۆ بەغدا دەستیان کرد بەپێکەنین، مەلا بەختیار بەلایەوە گرنگ نەبوو خۆی تێفڕێدا،. دوای ٣٠ساڵ دەرکەوت، کە مەلا بەختیار هەمان کەسایەتییە، هەمان پیاوە کە دەیەوێت دەرکەوێت و بڵێیت پەیەدە چووە ناو پرۆسەی دەنگدانەوە، منیش لە ئامەد بووم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە