چۆن رەخنە بگرین؟

Friday, 19/06/2015, 12:50

3248 بینراوە


میشیل فۆکۆ لە چاوپێکەوتنێکی ،  لەگەڵ ڕۆژنامەی  ( لبراسیۆن ) ی فەرەنسی دا  ، ئەڵێ : " ئێمە دەبێ خۆمان لەو دوڕێگایە رزگار بکەین  ،   هەردوکیان بە بن بەستمان ئەگەیەنن  : یا لایەنگری کەسێک دەبین ، یا دژی دەبین  .. نابێ لە بیرمان بچێت : دەتوانین لە بەرامبەر حکومەت دا هەڵوێستێکمان هەبێت و هەڵوێستەکەشمان بپارێزین .. کار کردن لەگەڵ حکومەت دا  ، نە بە مانای مل کەچییە  و نە بە مانای قبوڵ کردنی تەواو ...  
کەسێک دەتوانێ لەگەڵ حکومەت دا کار بکات و لە هەمان کات دا نائارام بێت و سەرسەختیش بکات  ، من تەنانەت بڕوام وایە  ئەم دوانە پێکەوەن .." هەروەها دەڵێت  .." ڕیفۆرمی خۆ بە خۆ بونی نیە ، ڕیفۆرم لە هەوادا نایەت  ،  ڕیفۆرمی " سەربەخۆ لە ڕیفۆرمیستەکان  "  نەکراوە و  ناکر ێت .. ناکرێ حساب بۆ ئەو کەسانە نەکرێت کە ئەرکی ئەنجام دانی گۆڕانکاریەکانیان لە ئەستۆدایە .. لەمانەش گرنگتر بە بروای من دەشێ لە نێوان ڕەخنە  و گۆڕان  ، ڕەخنەی  " ئومێداوی " و گۆڕانی " واقع " دا ، بەیەک گەیشتنێک هەبێت ..
ئەو بارەی واقعی سیاسی  و ڕۆشنبیریی ئێمەی تێدایە ، وا دیارە " بە پێی ئەو قسانەی فۆکۆ "  لە زەمانی ئەویش دا  لە فەڕەنسا هەبوە .. واتە  قەیرانی ڕەخنەی  دۆستانە و بنیاتنەرانە  ، ڕەخنە لای ئێمە ، بۆ شکاندن و ڕەتکردنەوەی تەواوە .. یا ئەبێ بە ڕەهایی لایەنگری حزبێک  یا حکومەت بیت ، لە هەمو ئیش و کارێکی دا ستایشی بکەیت و بەرزی بکەیتەوە ، کوێر بی لە ئاستی هەمو هەڵە  و کەم و کوڕییەکانی دا ، وەک  سارتەر ئەڵێ  : "  برغویەک بیت لە ماکینەیەکی گەورەدا " لە خزمەتی ئەو ماکینە دا بیت و خۆت هیچ بڕیارێکت نەبێت    .. یا ئەبێ :  بە هەمان ڕەهایی دژی بیت و بەر نەفرەتی بەیت .. کوێر بی لە ئاستی هەمو ئیش و کاری باش و  دەسکەوتەکانی دا .. ئەمەش لە ئەنجامی ئیمانی دەروێشانە  ( یا پیرێژنانە ) ی  خەلکی سادە  و ناڕۆشنبیر  و نەخوێندەواری  خەڵکە.. یا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی  و دەسکەوتی کەسییە  ، لای  هەلپەرست  و بێ مۆڕاڵەکان  ... بەرژەوەندی  و دەسکەوتی  خۆیان بە حزبێکەوە  یا  بە حکومەتەوە گرێ داوە ، کار و کردەوەی حزب یا حکومەت لای ئەو مەبەست نیە ، گرنگ بەرژەوەندی خۆیەتی پارێزراو بێت ...
نوسەرانیش گەر بە لایەک دا نەیشکێننەوە ، واقعی بنوسن و دۆست  و نەیاری هیچ لایەنێک نەبن  ، ئەوە نوسینەکانیان روناکی نابینێت و لە گیرفانیان دا ئەمرێت .. وەک سارتەر ( میتۆدێکی فکری سەربەخۆی هەبو )  رۆژنامەکان هیچیان بۆ بڵاو نەئەکردەوە ، خۆی بە تەنیا ڕۆژنامەیەکی دەرئەکرد  و خۆیشی ئەیبردە بازاڕ لەگەڵ مناڵە ڕۆژنامە فرۆشەکان دا ڕۆژنامەکەی خۆی ئەفرۆشت .. زۆر جار لەگەڵ مناڵەکان دا ئەگیرا  و ئەبرا بۆ بنکەی پۆلیس ..
هەندێ لە نوسەران و چالاکانی سیاسیشمان ، لە قۆناغێکی ژیانیان دا ، لە حزبێک دا چالاکیان هەبوە ، بەشێکی تەمەنیان  و بەرژەوەندی خۆیان  سەخاوەتمەندانە بەخشیوە بەو  حزبە ، بە باوەڕێکی راست و پایەدارەوە خەباتیان کردوە بۆ میلەتەکەیان ، ماستاوچی نەبون و سەری بڵندیان نەوی نەکردوە بۆ دەسکەوتی تایبەتی .. دوای ڕاپەڕین ،  حزب ئەکەوێتە قۆناغێکی نوێوە ، لە حزبێکی شۆڕشگێڕی دژ بە دەسەڵاتەوە ئەبێتە حزبیکی  خاوەن دەسەڵات ،  ( برۆدۆن ) ئەڵێ " ناگونجێ  حکومەت ڕۆژێ لە ڕۆژان بتوانێ بێتە شۆڕشگێڕ ، لەبەر هیچ نا ، تەنیا لەبەر ئەوەی حکومەتە " ....  ئیتر ئەم حزبە وا تێ ئەگات : پێویستی بە جەنگاوەری ئازاو خاوەن هەڵوێستی مەردانە نابێت .. ئەمان پەراوێز ئەخرێن و ماستاو  چی و هەلپەرستەکان جێی ئەمان ئەگرنەوە  .. لایەنگری نوێ  پۆست و ئیمتیازات  لە دەسەڵات دا وەرئەگرن .. ناچار جەنگاوەرانی سەردەمی سەختی و ناهەمواری ،  ئەبنە نەیاری سەرسەختی  دەسەڵات ، بۆ ئەوەی تۆڵەی خەباتی لە کیس چوی خۆیان بکەنەوە ،  ڕاست و چەپێک بە چاک و خراپ دا دێنن ، دەسەڵات ئەبێتە مۆتەکەیان .. بێ ئاگا لەوەی هەمو حزبێک لە دەسەڵات دا گۆڕانی بە سەردا دێت ، هەمو حزبێک لەو سەری دەریای ئاتلەسی تا ئەم سەری دەریای ئارام هەمو وەک یەکن ، هەر یەک بە دروشمێک هەوڵی وەرگرتنی دەسەڵات ئەدات ، کە وەری گرت ، گەزی چی و جاوی چی .. دروشم و بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن ، ئەبنە مەرەکەبی سەر کاغەز .. لە دەسەڵاتی پێشو رەنگە خرابتر بن ..
حزبی دەعوە خەباتی دژی ڕژێمی بەغدا ئەکرد ،.. کاتێ ڕژێمی بەغدا ڕوخا و دەسەڵات کەوتە دەستی شیعەکان ، لە سەر دەمی مالکی دا ئەو غەدرەی ئەمان لە چینە هەژارەکانی شیعەی عراق یان کرد ، ڕژێمی بەغدا نەی کردبو ، گەنجێکی شیعە باسی خۆی کرد لە تەلەڤزیۆن دا .. وتی  : "  سێ ساڵە کۆلیجم تەواو کردوە ، زۆرم هەوڵ داوە ، لە دەرگای زۆر فەرمانگە  و بەرپرسم داوە ، تا دابمەزرێم ، بێ سود بو . "  لە کاتێک دا باوکی  ئەم گەنجە یەکێک بوە لە دامەزرێنەرانی حزبی دەعوە ،  ساڵی حەفتاکان لە لایەن ڕژێمی بەغداوە گیراوە  و لە سێدارە دراوە  " ... ئەمە وەفای حزبەکانە  بۆ مناڵی شەهیدەکانیان ، لای ئێمەش  ئەم حاڵەتانە  زۆرن  ... لەوە  بێ ئاگا ین  هەمو شۆڕشێک دوای سەرکەوتن ، ئەبێتە پارێزەری دەسەڵات ، لەبەر ئەوەی خۆی خاوەنی دەسەلاتە..ئۆپۆزسیۆن ڕەخنەیان لە دەسەلات ئەگرت ، بەوە  " حزب دەس ئەخاتە کاروباری حکومەتەوە ، وە کەسانی حزبی لە پۆستە ئیداریەکان  دا دائەنرێن ، ئەبێ حزب لە حکومەت جیا بکرێتەوە ، کەسانی پسپۆڕ و بێلایەن ، لەسەر پێودانگی توانا  و شارەزایی لە پۆستەکان دا دابنرێن .. "  ئەمانە بەشێک لە وتاری ئۆپۆزسیۆن بو .. 
   کاتێ ئۆپۆزسیۆن چونە دەسەڵاتەوە هەمان شتیان کرد ، ئەو پۆستانەی لە حکومەت دا وەریان گرت ، یەک بێ لایەن یان دانەنا ، هەموی درا بە چالاکانی خۆیان ..
         ئۆپۆزسیۆن نەچونایەتە دەسەڵاتەوە ، ڕۆڵیان لە چاکسازی دا گەورە ئەبو .. ئێستا بونە بەشێک لە دەسەڵات هیچ ڕۆڵێکاین لە چاسازی دا نامێنێت ..هیچ دەسەڵاتێک چاکسازی ناکات ، فشاری جەماوەری لەسەر نەبێت ...       
    زۆربەی شۆڕشەکانی جیهان ، دوای گەیشتن بە دەسەڵات ، توشی ئەو پشێوی و تەنگژانە بون .
 دوای سەرکەوتنی  شۆڕشی فەڕەنسا ، ڕۆبسپێر قەسابخانەیەکی دانا ، خزم و خانەوادەی وەزیرەکانیشی لێ بێ بەش نەکرد ..لە نێوان ساڵانی ١٧٩٣ _ ١٧٩٤ ، ( ١٦٠٠٠ تا ٤٠٠٠٠ )  فەرەنسی سەری پەڕێنرا ، لە سەر دەستی لیژنەی پاراستنی گشتی ، دوای دەست بە سەرا گرتنی دەسەڵات لە لایەن ڕۆبسپێرەوە ... ناپلیۆنی یەکەم ساڵی ١٧٩٩ دەستی گەیشتە دەسەڵات ، ڕژێمی پاشایەتی گێڕایەوە ، لە ژێر فەرماندەیی خۆی دا ، بەو شێوەیە ئارامی گەڕایەوە وڵات ..
لە وڵاتانی نەرویج  ،  دانمارک  ، اسپانیا  و بەریتانیا .... شۆڕشیکی وەک شۆڕشی فەرەنسا ڕوی نەدا ، ڕژێمی پاشایەتی بڕوخێنرێت  و ڕژێمی کۆماری دابمەزرێت ..  شۆڕشی بەریتانیا ساڵی ١٦٦٦ بوە هۆی چاکسازی  و گۆڕانکاری گەورە  ، لەگەڵ مانەوەی پاشایەتیش دا ..  ئێستا نابینی  ئەو وڵاتانە ی پاشایەتین جیاوازیەکی وایان هەبێت ، لە گەڵ فەرەنسادا لە چەمکەکانی  پێشکەوتن و دیموکراسی و مافی مرۆڤ .. ئیسپانیا تا ساڵی ١٩٧٥ فڕانکۆی دیکتاتۆر حوکمی ئەکرد ، لەو ساڵەوە چوە ڕێزی وڵاتانی ئەوروپاوە .. بە پشتگیری و یارمەتی دارایی یەکێتی ئەوروپا ، لە ماوەی ٢٥ ساڵ دا هەنگاوێکی گەورەی نا ، گەشتەوە بە کاروانی پێشکەوتنی ئەوروپا ..ئەو وڵاتانە   بە ڕیفۆرم و فشاری جەماوەر ،  ، هەنگاو بە هەنگاو شان بە شانی فەرەنسا رۆشتون ..هەر چەند (  کانت  ) باوەڕی وایە : دیموکراسی ، تەنیا لە سیستەمی کۆماری دا ، پیادە ئەبێت .. بەڵام کانت لەم سەردەمەدا بوایە  ، بیرو بۆچونێکی تری ئەبو ، ئەیبینی ڕژێمە پاشایەتیەکانی ئەوروپا  وەک کۆماریەکان ، دیموکراتی  و مۆدێڕنن ..
 
... دوای هیچ شٶڕشێک وڵات نەبوە بە شامی شەریف و بەهەشتی بەرین .. بە چاکسازی و هەوڵ و کۆششی ڕیفۆرمخواز و ڕەخنە گرە واقعیەکان ، ڕۆشنگەری  و هوشیار کردنەوەی خەڵک  ، هەنگاو بە هەنگاو ، مەملەکەت  بەرەو باشتر چوە ..گەر حزبێک دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردن دا و پێکهێنانی حکومەت ، پشتی لە خەڵک  کرد و ڕاستگۆ نەبو لەگەڵ بەڵێنەکانی دا کە بە خەڵکی دابو، پێویستە ئەندام و لایەنگرانی خۆی پێش  جەماوەر لێی قبوڵ نەکەن  و بە شێوازی مەدەنی ناڕەزایی دەربڕن و کۆڵ نەدەن تا ئەیخەنەوە سەر ڕێڕەوی  ڕاستی خۆی ...
   ئەمانە بە گشتی هۆکاری نەبونی ڕەخنەی واقعیانە و دروستکەرانەیە ... با هەڵسەنگاندنێکی واقعیانە بۆ بارو دۆخی هەرێمی کوردستان بکەین ، لە دوای ڕاپەڕینەوە    کارەکانی حکومەت بێ دەمار گیری و ، بێ لایەن هەڵسەنگێنین ....

کاتێ حکومەت هەڵەیەک ئەکات نابێ یەکسەر داوای ڕوخان یا  گۆڕینی بکەین ، ئەوانەی داوای گۆڕانی حکومەت ئەکەن ، لە هەمو بار و دۆخێک دا .. داوای دەسەڵات بۆ خۆیان ئەکەن .. هەڵپەی کورسی  و سامانیانە ، حکومەت وەک مناڵ وایە ، ئەبێ بەردەوام چاودێری بکرێت  و فێر بکرێت  ، سەرزەنشت بکرێت و ڕەخنەی لێ بگیرێت  ... بەردەوام میلەت  ، چاودێر بێت بە سەریەوە ،  فشار دروست بکرێت لە سەری و  نەهێڵرێ پێ خوار دابنێ .. هەڵەو نەخۆشیەکانی بخرێتە پێش چاوی  و چارەسەرەکەشی بۆ دیاری بکرێت .. وەک هیگڵ ئەڵێت : " دەوڵەت وەک بونەوەرێکی بایۆلۆجی وایە ، لە دایک ئەبێت ، گەشە ئەکات ، گەورە ئەبێت ، پیر ئەبێت ، نەخۆش ئەکەوێت  و پاشان ئەمرێت .. " هەر وەها دەڵێ : " دەوڵەت هێندە پیرۆزە ، هاوڵاتیان ، بەهای خۆیان لە سایەی دەوڵەتەوە دەست ئەکەوێ .."
  هەر وەک چۆن حکومەت  وەک مناڵ ئەبێ لە ژێر چاودێری دا بێ و پەروەردە بکرێ ، هەر وەها حکومەتیش میلەت پەرەردە ئەکات ، لە ڕێی دەزگاکانی ڕۆشنبیری  و ڕاگەیاندنەوە ، ئەو مادانەی پێشکەش ئەکرێت ، خەڵک ئاڕاستە ئەکات ، ئەو دەزگایانە ئەتوانن مادەیەکی پەروەردەیی  ژەهراوی دەرخواردی خەڵک بەن .. پیشاندانی بەردەوامی فیلم  و فیلم کارتۆن  و زنجیرەی  توند  و تیژی  و جەنگ  و خوێن ڕشتن ، مناڵ فێری پەروەردەی توند و تیژی ئەکات ..  لێرەدا هوشیاریی تاک  ڕۆڵی گرنگی هەیە لە هەڵبژاردنی پەروەردەیەکی شایستەدا ..
 
    حکومەت دروست کردن کارێکی سانا نیە ، روخاندنی حکومەت  و دروست کردنی حکومەتێکی تر و ، ئەویش گەندەڵ ئەبێ ، ئەبێ بروخێ  و ، دیسان حکومەتێکی تر .. دەساو دەس کردنی دەسەڵات ، چ بە شێوەی ئاشتیانە  لەڕێی سنوقەکانی دەگ دانەوە ، یا لە ڕێی شەڕ  و خوێن ڕێژی و کودەتاوە  بێت  ، هیچ لە بار و دۆخی وڵات ناگۆڕێت ، هەنگاوێک مێژو ناباتە پێشەوە ، ( بێ گومان دەساو دەس کردنی دەسەڵات ، گەر ڕو بدات ، لە ڕێی سندوقەکانی دەنگ دانەوە باشترە ، تا لە ڕێی شەڕو خوێن ڕشتنەوە ) ئەمە سوڕانەوەیە بە دەوری بازنیەکی بەتاڵ دا .. چارەنوسی وڵات وەک لیبیا و ئەفغانستان و یەمەن و ......لێ دێ .  ( سارتەر لە شانۆیی  " دەستە پیسەکان  (  گێژاو ) " دا  لە فۆرمێکی  هونەری   جوان دا  باس  لەو بازنە بەتاڵە ئەکات  ) .
  ڕەخنە گرتنی واقعی لە حکومەت و فشاردروست کردن بۆ جاکسازی و چارەسەری کێشەکان ، هەنگاو بە هەنگاو ، تەنیا ڕێگای چارەسەری چاکردنی بارو دۆخی وڵاتە .. حزبی ( س )  بڕوات  ( ص ) بێت و ( ص ) بڕوات  ( ع ) بێت و .... هیچ لە بار و دۆخی وڵاتێک ناگۆڕێت ، تەنیا ماندو کردنی خەڵکە و دواخستنی پڕۆسەی چاکسازی یە ..
  ئازادی و دیموکراسی ، یەکسانی و دادپەروەری و هەمو مافەکانی هاوڵاتی .. هیچ حکومەت  و حزبێک  لە هەر ڕەنگێک بێت ، لەسەر سینیەکی ئاڵتونی ، بە دیاری پێشکەشی میللەتەکەی  ناکات .. ئەبێ میللەت بە زۆر ، بە پێداگری  و فشارو  کۆڵنەدان مەفەکانی  خۆی  لە حکومەت  بسەنی .. وەک  ئەو ڕستە کورتە  پڕ لە حەقیقەتەی کە ئەڵێت : " ماف ئەسەنرێ ، نادرێ " مەبەست  تەنیا  مافی نەتەوەیەکی ژێر دەست نیە لە نەتەوەیەکی باڵادەست .. مافی  هاوڵاتی  لە حکومەتەکەی  هەمان شتە ، " ئەسەنرێ نادرێ " ..
   فشار دروست کردن لەسەر حکومەت بۆ ئەوەی خواستەکانی خەڵک بەدی بێنێ . تەنیا بە ڕۆشنگەری و هوشیارکردنەوەی خەڵک ، ئاشنا کردنیان  بە مافەکانیان ، دروست کردنی ئیرادە  و باوەڕێک تییان دا ، کە خۆیان خاوەنی چارەنوسی خۆیانن ، خۆیان ئەتوانن بە دەستی خۆیان نەخشەی دوا ڕۆژی خۆیان بکێشن ..   
    هیگڵ دەنوسێ :"  دەولەت بەرجەستە بونێکی ڕاستەقینە و کارایانەی ئایدیای باڵای ئەخلاقیە  وتاکە فرمانیشی ئەوەیە یارمەتی مرۆڤ بدات لە دەست حاڵەتی نامۆ بونی خودی دەربازی بکات ، ئەو نامۆبونەی مرۆڤ کەوتۆتە داوی و ئاسان نیە دەرباز بێت لێی .."
  هەندێ لە هەڵەکانی حکومەتی هەرێم ، درێژەدان بو بە هەڵە کوشندەکانی ڕژێمی بەغدا  پێش ڕاپەرین  ، وەک نمونەیەک ...پاش داگرتنی لادێکان و کۆکردنەوەی خەڵک لە ئۆردوگا زۆرەملێکان دا ، ڕژێمی بەغدا بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بێ دەنگ  بکات  ، هەر یەک بە ناوی ئیشێکەوە موچەی بۆ بڕینەوە ، فێری تەمەڵی کردن .. حکومەتی هەرێم لەسەر ئەم کارە  (  دامەزراندنی خەڵک  ) بەردەوام بو ، تا زۆربەی دانیشتوانی هەرێمی کردە موچە خۆر، بێ ئاگا لەوەی ، ئەم کارە  قەیرانێکی گەورە دروست ئەکات  لە دواڕۆژ دا  بۆی چارەسەر ناکرێت ... دو هۆی تر هەبو بۆ ئەم  لێشاوی  دامەزراندنە ، لە سەرەتادا    ، ئەیانویست پاداشی ماندوبونی پێش راپەڕینی  خەڵک بەنەوە ..لە لایەکی تر ،  ململانێی دو حزبی دەسەڵات دار،  بۆ زۆرکردنی جەماوەری خۆیان ، کێ  بەرکێیان لە دامەزراندنی خەڵک دا ئەکرد ..
   لە سەردەمی قەیرانە گەورەکان ، وەک جەنگ ، و سەردەمی دروست بونی کیانێکی سەربەخۆ ، یا لە دایک بونی  حکومەتێکی تازە دا ، ئەبێ میللەت یەکگرتو و یەک رابەری مەزن و  یەک وتاری سیاسیی هەبێ .. فرە حزبی  و ململانێ  و هەڵبژاردن و دیموکراسی  ، بۆ دوای دامەزراندنی دەوڵەت و دروست بونی کیانی میلەتێکە ، بەهێزی ستالین و یەک حزبی نەبوایە لە یەکێتی سۆڤیەت ، ئە و وڵاتە لە چنگی سوپای نازی رزگاری نەئەبو ... کەمال ئەتاتورک و دروست بونی کۆماری تورکیای علمانی ..بە فرە حزبی و دیموکراسی نەئەکرا . بەریتانیا  لە ساڵی ١٦٦٦ ەوە باشترین سیستەمی دیموکراتی تیایە  ،   ڤۆڵتێر لە سەردەمی خۆی دا نەی توانی لە فەرەنسا نوسینەکانی خۆی بڵاو بکاتەوە ، ڕایکرد بۆ بەریتانیا .. لەوێ نوسینەکانی  بە  ناوی  نامە ئینلیزیەکان ەوە بڵاو ئەکردەوە  ، زۆر سەرسام بو بە دیموکراتی بەریتانیا ، کە لە فەڕەنسا دا نەبو ، لە گەڵ ئەو هەمو دیموکراتیەدا ، لە جەنگی جیهانی دوەم دا ، چەرچل  سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بو بێ هەڵبژاردن ، ئەیان زانی پاراستنی وڵاتەکەیان لە سوپای هتلەر ، زۆر گرنگترە لە هەڵبژاردن  ، ئەیان زانی لەو قەیرانەدا چەرچل لە هەمو کەس باشترە بۆ ڕابەری وڵات .... نمونەی تر زۆرن لە مێژودا ، سەلمێنەری ئەوەن :  فرە حزبی و دیموکراسی بۆ سەردەمی  جەنگ و لەدایک بونی دەوڵەتی نوێ ناشێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە