هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


پەیامەكەی سەرۆك و هەرێم لەبەردەم دوو مۆدێلی حوكمڕاندا

Sunday, 05/07/2015, 19:48

2286 بینراوە


بەرێككەوتن و ململانێ‌ توندەكانی وڵاتانی زل هێز لەسەر سەكۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەبونی ئیرادەیەكی بەهێزی ناوخۆیی , زۆرێك لە وڵاتانی ئەم ناوچەیە خاوەنی دەسەڵاتی لۆكاڵی خۆیان نین , هەر لەم ڕوانگەیەوە زۆربەی سیناریۆ و یارییەكان دەكەوێتە ناو گۆڕەپانی زۆرێك لەم وڵاتانە , لە دوای بەهاری عەرەبی و دەركەوتنی داعش و گۆڕانكاری لە نەخشەی بەرژەوەندی جیهانی و ناوچەیی ....ئەو ڕێككەوتنانەی كە پێشتر بۆ دابەشكاری لەسەر ئەم ناوچانە جێبەجێكراوە بەروە هەڵوەشاندنەوە دەچێت ,  چونكە لە ڕوی جیوپۆلەتیك و ئابورییەوە جیهان بەرەو پێشچونی خێرای بە خۆیەوە بینیەوە , ئەمەش وا دەكات بەرژەوەندییەكان هەڵكشان و داكشانی تێ‌ بكەوێت , هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕیكەتننامەی (سایكس بیكۆ ) بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت , ئەگەر ئەمە لەسەر نەخشەی سیاسی ڕووی نەدا بێت , ئەوا لەسەر پەیوەندییەكان و بەرژەوەندی و دەركەوتنی هێزەكانی تر گۆڕانكاری خێرای بەخۆیەوە بینیوە , خۆ ئەگەر دەركەوتنی بەهاری عەرەبی و دەركەوتنی داعش بوبێتە هۆیەك بۆ بەریەككەوتنی دوولایەنی دژ بەیەك و دروست بونی بۆشاییەكی سیاسی , ئەوا ئێران توانی ئەم بۆشاییە پڕ بكاتەوە ببێتە قوتب , كە دەتوانین بڵێین ئێستا ململانێكە لە نێوان ئێران و ئەمریكادایە , ئەمە لە كاتێكدا ڕوو دەدات كە هیلالی سونی بێ‌ سەر و بێ‌ سەرپەرشت دەمێنێتەوە , توركیای عوسمانی توشی پاشەكشەی سەخت دەبێت وە ناتوانێ‌ ببێتە كارئەكتەری سەرەكی ناو ڕووداوەكان لە ڕوی سیاسیەوە , هێڵی كێرڤی دادەبەزێت , لە لایەكی ترەوە سعودیە ناتوانێ‌ ڕوڵی باوك بۆ هیلالی سونە بیبنێت , لە بەرامبەردا ئێران توانی هەر لە پاكستان و وڵاتانی دەریای قەرزوینەوە بۆ ئەفغانستان و لوبنان و فەلەستین و یەمەن و سوریا و عێراق بخاتە سەر ئاسایشی نەتەوەی خۆی و بە وردی كار لەسەر هەموو هێزەكان بكات , وە ببێتە یارچییەكی باشی ناو ئەم گۆڕانكاریانە و باشترین سیناریۆ و تاكتیكی هەبێت .
ئالێرەوە كە دێنە سەر هەرێمی كوردستان ئەوا ئەوەی پێ‌ ی دەوترێت ڕیككەوتننامەی ستراتیژی , ئەوەندەی لە نێوان توركیا و ئێراندا بوە , ئەوەندە لە نێوان پارتی و یەكێتیدا نەبوە , لە دوای ئەوەی توركیا تەنها وەك دەروازەیەكی ئابوری دەمێنێتەوە وە لە ڕووی سیاسییەوە سفر دەبێتەوە , ئیتر هەموو ئەو هێزانەی درێژكراوەی سیاسەتی توركیان , دەكەونە بەر ڕەحمەتی باڵادەستی ئێرانەوە .
ئالێرەوە كاتێك بەشار ناكەوێت و ڕۆژئاوا بەهێز دەبێت و پەكەكە دەبێتە بەشێك لە ستراتیژیەتی سەربازی ئەمریكا و ناتۆ و بەرەی دژە تیرۆر بە پێ‌ ی بەرژەوەندی خۆی لەگەڵ ئێران ڕێكدەكەوێ‌ , وە ئەم هێزانە دەبرێنە سەر مێزی گفتوگۆی (هاوترسی و هاوبەرژەوەندی ) بەرامبەر داعش , ئیتر ئێران هەوڵی كۆنتڕۆڵی ناوچەی دەسەڵاتی توركیا دەدات , هەرێمیش دەكەوێتە چوارچێوەی نەخشەی ململانێكانەوە .
وەك دەوترێت دار لە ڕەگەوە هەڵتكەند چڵ و لقەكانی ووشك دەبێت , كە توركیا دەكەوێت لە بەرامبەردا هەموو ئەو هێزانەی سەر بە توركیان دەكەون , خۆ ئەگەر پێشتر زۆنی زەرد و سەوز هەبوبێت , بە پێ‌ ی ڕێككەوتننامەی ستراتیژی ( یەكێتی و ئێران و توركیا و پارتی ) بوو بێت , ئەوا ئەمڕۆ لە سایەیی گۆڕانكاریەكانی ناوچەدا زۆنی زەرد بەرەو سەوز بونەوە دەچێت , وە ڕێككەوتننامەی ستراتیژی كە ڕێككەوتنێكی دابەشكاری بوە بەرو هەڵوەشاندنەوە دەچێت , سەرەتای ئەم هەڵوەشاندنەوە لە وێوە دەست پێ‌ دەكات كە توركیا ئامادەیە كارتەكانی بفرۆشێت , بۆ دەربازبون لە قەیرانەكانی , لە 23 ی حوزەیراندا كاتَێك نوێنەری 20 وڵات ئامادە دەبن و نوێنەری توركیابانگهێشت دەكرێت و  ئامادە نابێت , وە ئامادە بونی ئێران بە شێوەیەكی كاریگەر دەكاتە ئەوە كە بە هەندێ‌ غاز نەیهێشتبێت توركیا ئامادە بێت , ( ئەمە لە كاتێكدایە هەڕەشەی دەركردنی توركیا لە ناتۆ هەیە ) .
لە هەرێمی كوردستاندا ململانێیەك هەیە لە نێوان دوو مۆدێلی حوكمڕانیدا , لە ئێستادا باڵا دەستی مۆدێلێكیان دەردەكەوێت , ئەو دوو مۆدیلەش ( مۆدیلی سەرۆكایەتی كە دەكاتە مۆدیلی خلیجی و وەلی عهدی و باڵادەستی بنەماڵەیەك و پاشایەتی و پشتاو پشت , لە بەرامبەردا مۆدیلی پەرلەمانی كە سەۆك تێدا تەنها تەشریفاتیە و دەسەڵاتەكان تێدا دابەشكراوە ) لە دوای گۆڕانكاری ناوچەكە پارتی دیموكرات دەكەوێتە بەردەم هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتننامەی ستراتیژی , كە پشكی شێری دەسەڵاتەكانی ناو هەرێمی بردوە بە ڕازی بون و تەوافقی یەكێتی , لە لایەكی ترەوە دەكەوێتە بەردەم دەركەوتنی هێزیكی كاریگەر و یارچییەكی باشی ناو ئەم هاوكێشانە , كە بزوتنەوەی گۆڕانە , یاری لە سەر هەموو ئاستەكان دەكات , خاوەنی باشترین سیناریۆ و تاكتیكە ئامانجیشی پەرلەمانیە , ئەم هێزە هەموو هێزەكانی دەرەوەی پارتی دەخاتە سەر ئاراستەی خۆی بە سود وەرگرتن لە گۆڕانی هێزی ناوچەكە , لەم نێوەندەدا پارتی بە هێزەكانی نەیاری خۆی دەورەدراوە , هەر لە پەكەكە و ڕۆژئاواوە تا دەگاتە زۆنی سەوز , پارتی ناچارە دەست بۆ دەسەڵاتەكانی بەرێت و خۆی لەگەڵ ئەم كەوتنانەدا بگونجێنێ‌ .
كاتێك سەرۆكی هەرێم پەیامەكەی بڵاو دەكاتەوە , باكگراوندی توانای لاواز دەردەخات كاتێك پەنا بۆ سازان دەبات و لە سەرۆكی هەرێمەوە دەبێتەوە بە سەرۆكی حیزب , وە كەوتنی مۆدێلی خلیجی پێوە دیارە , خۆ ئەگەر داعش بەكارنەهێنرێت وەك كارت بۆ شەڕی شیعە و ناو ئێران , ئەوا بە تەواوەتی ئەم جۆرە مۆدێلە دەكەوێت , خۆ ئەگەر لە ڕێ‌ ی توركیاوە داعش وەك كارتی ململانێكان بەكار بهێنرێت ئەوا ئەم هاوكێشە دەگۆڕێت , ئەمەش زەحمەتە چونكە ناتۆ و ئێران هاو بەرژەوەندین .
لەسەر ئاستی یەكەم پارتی لەبەردەم تەواوبونی وادەی سەرۆكی هەرێمە , ئەگەر بە پێ‌ ی ڕێككەوتننامەی ستراتیژی لە بەرامبەر سەۆكی عێراقدا بوبێت , ئەوا ئێستا ئێكسپایەر بوە , دەبێت پارتی بتوانێت یارییەكانی تری دەست پێ‌ بكات , كاتێك مسعود بارزانی پێداگری دەكات لەسەر سازانە كۆن و نوێیەكان , بۆ مانەوەی پشك و دەسەڵاتەكانی پارتیە , بە درێژایی 20 ساڵی ڕابردوو یەكەم جارە هاوپەیمانیەتییەكی گەورە لە دەروەی پارتی دروست ببێت و پارتی بكرێتە دەروە , كە ئەمە زۆر ئاماژە هەڵدەگرێت , پەیامەكەی سەرۆكیش ئەوە دەردەخات كە دەبێت ئەو هاوپەیمانییەتە پشكی بدەنێ‌ لەسەر بناغەی(سازانێكی نوێ‌ ) وە بە ناچاریش پارتی دەبێت واز لە مۆدیلی خلیجی بهێنێت .
ئێستا پارتی لەبەردەم دوو سیناریۆدایە , یا ئەوەتا سازان بكات و پەرلەمانی قبوڵ بێت , یا ئەوەتا دەبێت حكومەت هەڵوەشێنیتەوە و جارێكی تر بە پێ‌ ی دەستكەوتەی هەڵبژاردن حكومەت دروست بكاتەوە و ئەو كات لەبەردەم هێزەكاندا هەر سەركەوتو نابێت , وە توركیاش نەما تا بتوانێت یەكگرتوو بەرێتە سەنگەری پارتیەوە , هەموو گوشارەكان ئەوە دەردەخەن كە پارتی پەرلەمانی قبوڵ بێت واز لەو هەموو دەسەڵاتە بهێنێت و بەقەد خۆی لە سێبەری سستمی پەرلەمانیدا پشكی هەبێت , نەك قۆرخكردنی تەواوی جومگەكانی دەسەڵات و دان بە كەوتنی مۆدێلی خلیجیدا بنێت , لێرەوە سەرەتاكانی شكستی ئەو هەوڵەی پارتی بۆ مۆدیلی خلیجی دەركەوتوە .  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە