هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


هەندێك جار موزایەدە خراپ نیە

Sunday, 05/07/2015, 20:21

2251 بینراوە


ئەوەی رۆژ نیە گوێبیستی نەبین و سەرو بنی زمانی سیاسەتمەداران و روناكبیران و چاودیران پێوەی لكابێت و دوبارەكردنەوەی رۆژانە بێت، وشە و چەمكی موزایەدەیە لەسەر سەرجەم بابەتەكان و بەتایبەتی ئەوەی تایبەتمەندە بە پرسەكانی رۆژەڤ  و بابەتە گرنگ و هەستیارەكان و هیچ  لایەن و كەسێكمان نەبینیوە موزایەدە نەكات، بەڵام  ئەوەی ئاسایی نیە هەمووان  لە سەرجەم بابەتەكاندا موزایەدە بە خراپ لەقەڵەم دەدەن .ئەوەی خەڵك لەسەری بەهەڵە راهاتووە كە چەكی موزایەدە تەنها لەسەر بواری خراپەیە .
جا ئەگەر وردبین بین، ركابەری و پێبشركێ جۆرێكە لە موزایەدە و هەوڵدان بۆ پێشكەوتن لە زۆر بواردا، بەڵام هەمیشە وەك ئەوەی جوێن و هەڵوێستێكی باش نەبێت لەقەڵەم دەدرێت . ئەوەی دیار و روونە ئەگەر موزایەدە كردن لەسەر پرسێك لەهەر بوارێكدا بێت چ جای سیاسی لە قازانجی گەل بكەوێتەوە، دەبێت بڵێین هەزار مەرحەبا، كێ هەیە لە باڵاكردنی ئاستی  بژێوی خەڵك و پەنا بردن بۆ موزایەدەی لایەنەكان زەرەر بكات ئەگەر تەنها موزایەدەكە بە سەر زارەكی نەبێت و بگاتە سەر ئەرزی واقیع و پراكتیزەكردن، كێ بە موزایەدەكردن  لە یارمەتیدانی خەڵكی كوردستان لەهەر چوار پارچەكە قەڵس بێت، كێ هەیە بە موزایەدە لە سەر زیاتر بە مەدەنی كردن و دیموكراسی بونی كوردستان بێزار بێت، بەڵام گەر موزایەدەیەك  تەنها لە پێناو ئامانجێكی خەیاڵی و ئیعلامی بێت، خەڵك زەرەرمەند دەبێت و دەچێتە رێرەوی چەواشەكاریەوە، ئەوە پێی دەڵێن خەڵەتاندنی خەڵك و یاریكردن بە چارەنوسی میللەت، لەم بارەشەوە سەرجەم حزب و بەرپرسانی  كوردستان قسوریان نەكردووە .
زۆر جاریش موناقەسە خراپە و موزایەدە بەكەڵكی پرسە گرنگەكان دێت، كێ هەیە لە موناقەسەكردن لەسەر پاشكۆیەتی و خۆلكاندنی لایەنەكان بە میحوەر و وڵاتانی ناوچەكەوە زەرەر نەكات، كێ هەیە لە موناقەسە (كەمكردنەوە) لەسەر گرژی و روبەروبونەوە و ناكۆكیە ناوخۆییەكان و خۆ دورخستنەوە لە كارە نابەجێكان بە هەموو شێوەیەك بێ تاقەت نەبێت . كێ هەیە لە موناقەسە كردن لەسەر هەوڵەكانی بڵاوبونەوەی گەندەڵی و خۆخۆری بە هەموو جۆرەكانیەوە بێزارنەبێت .
هەموو هاوڵاتیەك حەقی خۆیەتی گەر لە موزایەدە و موناقەسەكانی بەرپرسە باڵاكان بكۆڵێتەوە و جەخت لەسەر لایەنە ئیجابیەكانی هەردوو چەمك بكاتەوە . دەكرێت نەك تەنها بە قسە بەڵكو بە فیعلی  جۆر و ناوەرۆك و دەردان و دەرهاویشتەكانی موزایەدە و موناقەسەكان بخوێنرێتەوە وهەڵوێست لەبارەیەوە دەرببرێت، نەك هەموو شتێك بە زارەكی لێكبدرێتەوە . 
بۆیە دەڵێم، موزایەدە لەسەر شتی باش خراپ نیە و لەسەر شتی خراب باش نیە، بەڵام موناقەسە لەسەر شتی باش باشە  و لەسەر شتی خراب خراپە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە