هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


کۆمۆتراژیدیاکانی ھەرێمی کوردستان (بەشی چوارەم)

Monday, 06/07/2015, 23:28

3119 بینراوە


٤- کۆمۆتراژیدیای ئەکادیمی بوون و بڕوانامەی باڵا
ھەر کۆمەڵگایەک ، بەگوێرەی پێویستیەکانی خۆی تاکەکانی پەروەردە دەکات بۆ ئەوەی رۆڵێک لە ناو کۆمەڵگاکەیدا بگێڕێت، بێگومان ئاستی تاکەکان و تواناکانیان لە بوارێک لە بوارەکانی ژیان ، وا دەکات ئەو کەسایەتیانەی کەوا کۆمەڵگا، لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی پەرە سەندنیدا ، بۆ تاکەکانی فەراھەم دەکات و بەرھەمیان دەھێنێت، رێک لەگەڵ تواناکانی ئەو تاکەدا بگونجێت ، لە دواجاریشدا ئەو کەسایەتیە زۆر بە لێوەشاوەییەوە لە ئەرکەکانی قۆناغەکەی خۆیدا تێبگا و بە کارامەییەوە رۆڵی خۆی لە نێو کۆمەڵگادا ببینێت، لە کۆتایشدا ئەو پڕۆسەیە ئادگاری نوێبوونەوەو ھاوچەرخ بوون و دانەبڕان لەسەردەم ،بە کۆمەڵگاکە دەبەخشێت، بێگومان ئەو پڕۆسەیەش پڕۆسەیەکی سروشتی و ئاسایی نێوھەموو کۆمەڵگایەو ئەو بنەمایە تەندروستەیە کە (کاڵا بە قەد باڵا ) لەکایەکانی سیاسی و ئابووری و رۆشنبیری و پەروەردەیی و ... ھتد ،بەرھەم دەھێنێت!!!
بەڵام ئەوەی ئەو پڕۆسە گەشەسەندنە لە رێرەوی خۆی لادەدات و کۆمەڵگا دووچاری سەرلێشێواویو پاشا گەردانی دەکات ، ئەو ھێزانەن کە جڵەوی دەسەڵاتی کۆمەڵگایان بە دەستەوەیە !!! لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکان ، ئەو ھێزانە لەبەر ئەوەی لەرێگای شەرعیەتی راستەقینەوە جڵەوی دەسەڵاتیان نەگرتۆتە دەست و ھەمیشە خۆیان لە ژێرەوەی کورسیەکانیان دەبیننەوە، ھۆکاری سەرەکین بۆ تێکچوونی سیستەمی کۆمەڵایەتی بە چەمکە فراوانەکەیەوە ، کە کۆی سیستەمەکانی تر دەگرێتە خۆی، ھەر لە سیستەمی سیاسیەوە تا دەگاتە سیستەمی ئابوری و تەندروستی و کارگێڕی و رۆشنبیری ...، واتە لە سایەی ئەو جۆرە دەسەڵاتانەدا ، کۆی کۆمەڵگا لە رەوتی گەشە سەندنی سروشتی خۆیدا بە لاڕێدا دەبردرێت...کەئەمەش دەبێتە ھۆی ئیفلیج بوونی کۆمەڵگا ، ئەگەر ھێزی گۆڕانی راستەقینەی ناو کۆمەڵگا نەتوانن بەربەست بۆ ئەو جۆرە ھێزو دەسەڵاتە دابنێن ، و نەتوانن دۆخەکە بەرنەوە سەر ھێڵی سروشتی خۆی ، ئەوا تێکچوونی شیرازەی رۆڵی تاکەکانی نێو کۆمەڵگا، پاشا گەردانییەکی ھێجگار ترسناک لەگەڵ خۆیدا دێنێ و دەبێتە ھۆی دروستکردنی بۆشاییەکی سیاسی ھێندە گەورە ، کە مرخی ھێزە بێگانەکانی دەوروبەری خۆش دەکا بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە بقۆزنەوەو ھەژموون و باڵا دەست بوونی خۆیان بەسەرئەو کۆمەڵگایەدا بسەپێنن ، تەنانەت لە ھەندێک حاڵەتیشدا داگیری بکەن!!!واتە ئەگەر ھێزە گۆڕانخوازو چاکخوازەکانی نێوکۆمەڵگا نەتوانن دۆخەکە بخەنەوە سەر ئاڕاستەی راستەقینەی خۆی ، ئەوا ئەو بۆشاییە ھێزی دەرەکی بۆ خۆی رادەکێشی کە چاوی تێببڕن و لە کۆتایشدا داگیری بکەن!
ھەموو سیستەمەکانی نێوکۆمەڵگا گرنگن و بایەخی تایبەتی خۆیان ھەیە ، بەڵا م لەو بایەخ و گرنگییەدا ھەرگیز لە یەک ئاستدا نین و تەنانەت ھەندێک جار لە بایەخدا ، بواری بەراورد کردنیش لەنێوانیاندا پەسند نابێت...، بۆ وێنە سیستەمی ھزری کۆمەڵگا ، کە رۆڵی پزیشکێک دەبینێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوکۆمەڵگاو ھەمیشە ئەقڵی کۆمەڵگا بە گەنجی دەھێلێتەوە ، بۆ ئەوەی لە ئاستی قەیرانە نێوخۆی دەرەکییەکاندا دابێت ، لە لایەک چارەسەر بدۆزێتەوە ، لە لایەکی تر داھێنان بکات و شتی نوێ بگورێنێت ، بۆئەوەی کۆمەڵگا لە رکابەری و ململانێی لەگەڵ جیھانی دەرەوەیدا ، دوا نەکەوێت و بەجێنەمێنێت!!!دیارە زانکۆکان و کایە ئەکادیمییەکان وەک بنکەیەکی مەعریفی ، وەک ئەرکێکی سروشتی خۆیان ، دەبێت رۆڵێکی گرنگ لە سیستەمی ھزری ببینین و ببن بە ئەقڵی کۆمەڵگا ، ئەو ئەقڵەی کە دەتوانێت رۆڵی ئاژیارێک بگێڕێت لە ھوشیارکردنەوەو ئاگادار کردنەوەی کۆمەڵگا لەو مەترسیانەی کە لە ئارادان و ئەو مەترسیانەی گریمانەو پێشبینی روودانیان دەکرێت!بۆیە ھەرکاتێک زانکۆو کایە ئەکادیمییەکان دووچاری نەخۆشی ببن ، ئەوە واتای ئەوەیە کە ئەو کارگەیە وێران بووە کە دەکرێت ئەقڵ بەرھەم بێنێت و بنەمای ئەقڵی ئەو کۆمەڵگایە نەخۆش کەوتوە!بێگومان ئەو نەخۆشیە بە تەنیا کاریگەری لەسەر خودی ناو زانکۆکان نابێت ، بەڵکو دەپەڕێتەوە بۆ کایە ھزرییەکانی تری ناو کۆمەڵگاو ئەو رۆشنبیرانەش دەگرێتەوە کە دەرفەتی تەواو کردنی خوێندنی باڵایان بۆنەڕەخساوەو نەیانتوانیوە خۆیان لە نێوەندە ئەکادیمییەکان بدۆزنەوە!راستە لە دەرەوەی زانکۆکان زۆرجاران ئەقڵی وا دێتە بەرھەم،کە دواجار کاریگەری لەسەر زانکۆکانیش دەبێت ، بەڵام لە رووی کۆمەڵگاییەوە ، زانکۆ ئەو کارگەیە کە کۆمەڵگا توانای لێ سەرف دەکات وبە شێوەیەکی سیستەماتیک کار لەسەر بەرھەم ھێنانی ئەقڵ و تواناکانی نێو کۆمەڵگا دەکات! کەواتە ئەرکی زانکۆکان ئەوەیە کە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگادا ھەبێت و بە داھێنانەکانیان ، لە ھەمووکایە مەعریفی و رەفتارییەکاندا، وا لە خەڵکی ئاسایی بکەن کە لاساییان بکاتەوەو جێ ھەنگاوی ئەوان ھەڵێنێت ، ھاوکات خۆی لە رەفتارو ھزرە نا تەندروستەکانی دەرەوەی نێوەندە ئەکادیمییەکان بپارێزێت و رێگا نەدات زانکۆ بکەوێتە ژێر کاریگەری شەقامەوە ، ھەر کاتێکیش ئەمە روویدا ، واتای ئەوەیە کە نێوەندی ئەکادیمیەکان لە حاڵەتێکی تەندروستدا نین و پێگەی راستەقینەی خۆیان لە دەست داوە !!!
دیارە زانکۆکان لە دنییای پێشکەوتوودا، توانیویانە زۆر بەچاکی ئەو ئەرکەی خۆیان جێبەجێبکەن و ببنە بنکەیەکی داھێنان لە ھەموو بوارەکانی ژیان ،ئەگەر نەشتوانین بڵێن ھەموو زانکۆکان ،بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین لە ھەر وڵاتێکدا چەند زانکۆیە دانسقە و لەو ئاستەدا زانستیانە رۆڵی پێشەنگ بوونی خۆی دەبینێت ، بۆ وێنە زۆرینەی داھێنە پزیشکیەکان لە ناو زانکۆکان و تاقیگەکانی زانکۆکان دێتە بەرھەم ،بەڵام بە پێچەوانەوە لە وڵاتە دواکەتوەکاندا ، زانکۆکان جگە لە نەزانی و دواکەوتوویی ناتوانن شتێکی تر بەرھەم بھێنن!!! چونکە لە بنەڕەتدا ، لەو جۆرە وڵاتانەدا زانکۆ بۆ ئەوە دانەمەزراوە تاوەکو ئەو ئەرکە جێبەجێبکاو کۆمەڵگا بخاتە ئاستی قۆناغەکەی خۆیەوەو بەرەو پێشکەوتنی بەرێت ، بەڵکو زانکۆ وەک کەل و پەلێکی جوانکاری بەکاردەھێنرێت ، بۆ ئەوەی فەرمانڕەواکان لافی ئەوەی پێ لێبدەن کە ئەوانیش زانکۆیان ھەیەو وەک تراویلکەیەک نیشانی دنیای بدەن و خەڵکی پێ فریو بدەن ، ئەگینا لە بنەڕەتدا زانکۆو کایە ھزرییەکان بە گەورەترین مەترسی دەزانن بۆ سەردەسەڵاتەکانی خۆیان ، کەواتە لەو وڵاتانەدا دەبێت زانکۆ ھەبێت ، بۆ ئەوەی پاساو بۆ پێشکەوتنخوازی ستەمکارەکان بھێنێتەوە ، ھاوکات دەبێت زانکۆکان ، لە بەھاو ناواخنی خۆیان پووچەڵبکرێنەوە، بۆئەوەی خەڵک ھوشیارنەکەنەوەو مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتە دواکەوتوو فەرمانڕەوا ستەمکارەکان دروست نەکەن ، کە بەداخەوە زانکۆکانی کوردستان رێک دەکەونە خانەی دووەمەوە !!!
لە دوای راپەڕینەوە ، بەتایبەتیش لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و رووخانی رژێمی سەدام،دەرفەتێکی نوێ بۆ خەڵکی کوردستان ھاتە پێشەوە بۆ ئەوەی بخوێنن،شەپۆڵی رووکردنە خوێندن کوردستانی گرتەوە، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا کارێکی زۆر پۆزەتیڤانە بوو، بەڵام ئەوەی کێشەی بۆ ئەو شەپۆڵە دروست کردوو لە بەھاکانی و داماڵی و لە پۆزەتیڤیەوە بۆ نێگەتیڤیەکی مەترسیداری گۆڕی، ئەوەبوو زۆرینەی زۆری ئەو خەڵکە بۆ ئەوە نەگڕانەوە کە بخوێنن و خۆیان رۆشنبیر بکەن و بڕوانامەیەک بەدەست بێنن بۆ ئەوەی خزمەتی کۆمەڵگاکەی خۆیانی پێبکەن، بەڵکو مەبەستیان تەنیا پارچە کاغەزێک بوو کە پێی دەگوترێت بڕوانامەو بەھەر جۆرێکیش بێت ، بۆئەوەی پلەی وەزیفی خۆیانی پێ بەرزکەنەوەو مووچەکانیان زیاد بێت ، یاخود لە ململانێی نێوەخۆی حزبیدا بەکاریبھێنن ، یاخود حزبەکان رکابەری حزبەکانی تری پێبکەن و لە سەندیکا پیشەییەکاندا،وەکو سەندیکای پارێزەران،ئەندازیاران،یەکێتی مامۆستایان ، ...ھتد،ئەمە بووە ھۆی ئەوەی بە لیشاو خاوەن بڕوانامەی بەرز بێننە بەرھەم و بە بێئەوەی فڕیان بەسەر زانست و رۆشنبیرییەوە ھەبێت!کەواتە زانکۆکانیش بوونە ئەو گۆڕەپانە ژەھراوییەی کە ھەردوو حزبی سەرەکی کوردستان ، یەکێتی و پارتی ، بە پلەی یەکەم یاریان لەسەر دەکرد، بێگومان حزبەکانی تریش لەمە سوود مەند دەبوون و لەپەنای ئەو دوو حزبەدا بنکڕیان دەڕنییەوە!ئەمە بووە سۆنگەی ئەوەی کە لە قۆناغی ئێستادا زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان ، لە ھەموو بەھا مەعریفی و ھزرییەکاندا دابماڵرێن ، لە جیاتی ئەوەی ببنە بنکەیەک بۆ بەرھەمھێنانی ھزرو دیاردە شارستانییەکان ، بوونەتە ئاشێکی ئاولێبڕاوبەرھەمی ستۆک دەخەنە بازاڕەکانی کوردستانەوە، ئەو بەرھەمەی جگە لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و ژاراویکردنی بواری ھزری و پووچەڵکردنەوەی بەھا مەعریفیەکان ، شتێکی زیاتری پێ نییە ، لە کوردستاندا زانکۆکان جێگای ھەموو شتێکیان تێدا دەبێتەوە تەنیا زانست نەبێت !!!ئەوەی لە زانکۆکانی کوردستان دەگوترێتەوە ، ئەو بابەتانەن کە بەھا زانستییە سەردەمیانەکەی خۆیان لە دەستداوە ، تاوەکو ئێستاش ، لەبەشێکی زۆر بابەتەکاندا،چەند پەڕەیەکی روو زەرد لەتەک یەک ئاخنراوە و ناوی (مەلزەمە) ی لێنراوە ، ئەمە ھەموو سامانی ھزری و مەعریفی بە شێکی زۆر لەو کادیرە حزبیانەیە، کە ئێستا جلی ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆیان پۆشیوە !!! زانکۆکانی کوردستان بوونەتە باشترین گۆڕەپان بۆ نمایشکردنی جل و بەرگ ، باشترین بازاڕ بۆ حزبایەتی ، گەرمترین بازاڕ بۆ نیفاق و دووروویی و ملشکاندن و راپۆرت نووسین و پووچەڵکردنەوەی توانا ئەکادیمییەکان ، باشترین کارگە بۆ بەرھەم ھێنانی پەرلەمانتاری نەزان ، سیاسەتمەداری بێ قییەم ، چاودێری سیاسی بێئاگاو نمایشکارە بێ مۆرالەکانی سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان !!!
زانکۆکانی کوردستان لە جیاتی ئەوەی کاریگەرییان بەسەر شەقامی کوردییەوە ھەبێت ، خزمەتی کۆمەڵگای کوردی بکەن ، کە بە قۆناغێکی مەترسیدارو چارەنووس ئامێزدا گوزەر دەکات ، لاساییەکی کوێرانەی بەھا نێگەتیڤەکانی سەرشەقامەکانیان تێدا دەکرێتەوە!!!ھەموو وڵات وێران بێت بەقەدەر مووچەیەکی حەرام لای کادیرەحزبی بە ئەکادیمی کراوەکانی زانکۆکان بەھاو بایەخی نیە!بۆیە ئەگەر زانکۆکانی وڵاتە دواکەوتوەکان یەک جار دواکەوتوو بن ، زانکۆکانی کوردستان ھێندەجارە دواکەوتووترن کە ھەموو سیفاتێکی زانکۆبوونیان لە دەستداوە، ، زانکۆ بۆتە ئەو ماکیاژەی کە عەشیرەتە سیاسیەکانی کوردستان ، کە بەھەڵە ناوی حزبی سیاسیان لە خۆیان ناوە ، دەیانەوێت رووخسارە دزێوقێزەونەکانی خۆیانی پێ جوان بکەن!!!لەبەرئەوەیە نەوەیەکی نوێی ھەلپەرستی وایان بەرھەم ھێناو خستیانە بەردەم کۆمەڵگا، کە لەھەلپەرستیدا کەس تۆزیان لەدوا نەکاو نەزانن کە لەو دیو لووتی خۆیانەوەوە دنیایەکی تر ھەیە، کە خەڵکانی تر ھەنەو خاوەنی گەدەن و ئەوانیش وەک ئەو پێویستیان بە خۆراک و ئاوە !!!
دەسەڵاتی کوردی زانکۆکانی بە دەردی ھەموو کایەکانی تری ناو کۆمەڵگای کوردی بردووە،لەبەر ئەوەی سیاسەتمەدارە بازرگانەکان ، کە چەندین ساڵە بە ناوی خەبات و کوردایەتیەوە بازرگانی بە خوێنی خەڵک دەکەن ، بەرامبەر بڕوانامەی باڵاو ئەکادیمیە راستەقینەکان(کە بەداخەوە ژمارەیان زۆر کەمە) خۆیان بەکەم دەزانی و لە گرێکوێرەیەکی دەروونی دەژیان،بۆیە مۆدیڵیک لە ئەکادیمیان ھێنایە ئارا، کە کڕنووشیان بۆ ببات و ھەستی خۆ بەکەم زانینەکەیان بڕەوێنێتەوە!بۆیە ئێٍستا کاری سەرەکی ئەو کادیرە حزبیە بەناو ئەکادیمانە،پڕکردنەوەی بۆشایی دەروونی بەرپرسەکان چارەسەری نەخۆشی دەروونی خۆبەکەم زانینی ئەوانە!
دەساڵ بەر لە ئێستا کتێبیکم لەسەر زانکۆ نووسی و داوای ئەوەم کرد پێویستە لە زانکۆکان ئەحکامی عورفی رابگەیەنرێت ، ئێستا گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی کە پێویستە ژمارەیەکی زۆر لەو زانکۆکانی کوردستان ھەر دابخرێن ، ئەو توانا مرۆیی مادیانەی لەو زانکۆیانە بە ھەدەر دەدرێت، لەچەند زانکۆیەکی کەم چڕبکرێتەوە بۆ ئەوەی واتا بۆ زانکۆکان و کایە مەعریفی و زانستییەکان بگەڕێتەوە!بێگومان ئەمەش شۆڕشێکی پێویستە،تا زانکۆکانیش نەخرێنەوە سەر ھێڵی راستەقینەی خۆیان ، ناکرێت لەو کۆمەڵگایە چاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورە بین و حاڵی کۆمەڵگاش ھەرگیز لەو دۆخەی ئێستا باشتر نابێت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە