دزێک بیرەوەریم دەنوسێتەوە

Sunday, 12/07/2015, 16:03

4365 بینراوە


 بێدەنگ ئەم ڕۆمانە بخوێنەرەوە، تۆغەریبە نیت، تۆ لەشوێنێکی ترەوە نایەیت...!
 ئەلبێر کامۆ لە یاداشەکانیدا بەرگی یەکەم دەڵێ : گەر دەتەوێت ببیتە فەیلەسوف، ڕۆمان بنووسە.
 من باوەڕم نی یە "شوان حەسەن" لەهەوڵی ئەوەدابێت ببێتە فەیلەسوف، تائەو جێگەیەی من ئاگام لێبێت نوسەری ئەم ڕۆمانە ژیانی بەسادەی گرتوە بێئەوەی بیەوێت و پلانی فەیلەسوفبونی هەبێت. لەبەر نزیکی و هاوڕیەتیم لەکاکی نوسەرەوە، بەر لەچاپکردنی ڕۆمانەکەی من ئەو شەرەفەم پێبڕا دەستنوسەکە بخوێنمەوە.ئەمڕۆ جارێکی تر ڕۆمانەکەم لەبەر دەستدایە و یەکێکە لەکتێبە نایەبەکانی ناو کتێبخانە غەریبەکەم، کەکاتێک سەیری کتێبخانەکەم دەکەم، هەست دەکەم لەشکرێکی تۆکمەو تەیار لەسەفەردایە لەگەڵم و لێم جودا نابێتەوە بەچرکەش.
 هەڵبژاردنی ئەم چیرۆکە زیاتر هەڵبژاردنێکی وریایانەیە کە خوێنەر دەبات بۆ گەشتێک کە لە شاری هەولێرەوە دەستپێدەکات، بەناو گەڕەکێکی میلیدا کە ژیان لەوێ سادەی داگیری کردوەو باوکێک لەماڵێکدا ئیمپراتۆرێکی زاڵمەو بەیاسای خۆسەپێنی و پلانێکی جەهەندەمی خێزانێک بەڕێوە دەبات، باوکێک خۆپەرست و تەنانەت لەو پیاوانەدەچێت کە خۆراکە باشەکانی بۆ خۆی دەوێت. بەوەشەوە نەوەستاوە منداڵێکی کردۆتە سیخور بەسەر خێزانەکەیەوە. لەگەڕەکەکەشدا ئێوارانی هەینی باوکە نەوسنەکە دەیەوێت حەمامێکی گەرم بکات و منداڵەکان بەدڵی خۆی لەناوجێگەبنێ. بۆسپێدە گەڕەک و جۆگەلەی ئاوەکان بۆنی حەمامیان لێدێ. ئەو پێمان دەڵێ لەهەموو جوتبونی باوک و دایکەکاندا منداڵێک دەزێت و دەبێت بەمنداڵی گەڕەک و دەکەوێتە ناو کۆڵانە چڵکنەکەوە. لێرە لەم گەرەکەدا یاساچینایەتێکان بۆ خۆیان خۆیان بەڕێدەکەن. نەمارکسێکان نەئاینەکان ناتوانن ژینگەی ئەم گەرەکە میلیانە ڕێکبخەن، چونکە وەڵامەکانی ئەوان هی سەردەمێکی ترە و نوسەر پێمان دەڵێ، ئەوکارە لەمحاڵ محاڵترە دەستی تێوەردەیت. 
ئێمەی نەوەی سەردەمی ساڵانی هەشتاکان هەموومان لەناو ئەو گەڕيکە میلیانەدا تەمەنێکمان بەسەر بردوەو ئاشنای ئەو ژیان و ژینگەیەین کە هەموومان خاوەنی چەندین چیرۆکین و لەگەڵماندا ئەژین ئەو چیرۆکانە بۆتە بەشێکی هزرمان.
 بەڵام ئێستا شارەکان وا گەورەبوون گەڕەکە میلێکان بونەتە پارکەرینی ئۆتۆمۆبیلەکان و ئەو خانوە تاکوتەرایانەی ماویشە دەرگاکانی یان کڵۆم دراوە، یان تابلۆیەک بەخەتێکی ناشرینی پێوەیە بۆ فرۆشتن لەگەڵ ژمارەی تەلەفۆنێک بۆ پەیوەندی کردن بە میراتگرانی خانۆکانەوە. گەڕەکەتازەکانیش هەموویان بەخانو خەڵکەکەیەوە لەیەک مۆڕ دەبنەوە و کەسی یەکتری ناناسێت. چیرۆکەکە سەفەری کوڕێکە بۆناو دنیای سیاسەت و ئەوپرسیارانەی کە ئاینەکان بەتابوی دەزانن، چونکە ئەو پرسیارانە گومان دروست دەکەن و وەڵامەکانی و خودی پرسیارەکانیش مرۆڤەکان بێبڕوادەکەن و ڕووتیان دەکەنەوە لەدینداری. تێکەڵەیەکە لەسەفەری کارئەکتەرەکەمان بۆ سەرزەمینی دەرەوەی شار و چوون بۆ چیا وبوون بە پێشمەرگە، دوای بۆ سەر 
زەمینە ئارامەکەی ئەورپا و نیشتەجێبوون لەوێ.
بەرلەئەورپا ئەو دەرکی بەوەکردوە لەڕێگەی گفتوگۆکانێوە لەگەڵ هاوڕێکانی، کە حیزب مرۆڤی کۆیلەی دەوێت، خواش بەهەمان شێوە کەسی غوڵامی دەوێت و نابێت لەگوناحەکان نزیک بینەوە، پرسیار لەبون و نەبوی ئەو بکات. 
مزگەوت ئەو جێگەیەیە کە تەنها نێرینەکان دەچنە ناوی، کەچی نوسەر زۆر بەئازایەتیەوە لەهۆنراوەیەکدا کچەکە دەباتە مزگەوتەکەوە بۆ ماچکردن ئیتر ئەمە لەو کاتەدا لەتابو تابوتربوە. 
 لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئافرەت نەدەچوە ناو مزگەوتەوە، تەنانەت کەدەشمردن لەماڵەوە دەشۆران بەئێستاشەوە و بەخێرای دەبرێنە گۆڕستانەکان تابیانکەن بەژێر خاکەوە. ئێستا ژنان شانسی ئەوەیان هەیە لە ڕیزی دواوە نوێژی هەینی بەکۆمەڵ بکەن. 
 ئەم ڕۆمانە دەیان پرسیاری ئاوا زیندوو لای خوێنەر دەوروژێنێت کە مایەی هەڵوێست وڕامان لەسەر کردنە، بەهەرحاڵ لای من وابوو نازانم لای ئێوە چۆن دەبێت؟ چیرۆکەکەمان بەردەوامەو پاڵەوانەکەی دەبێتە پێشمەرگە لەشاخ و داوای ئەنفال لەسەر زەمینە ئارامەکەی ئەورپادا دەگیرسێتەوە.
 ڕۆمانەکە باسی شاری ئەستەمبوڵ ناکات، کە شارێکە ئاسیاو ئەورپا ئاوێزانی یەکتر بکات، بەڵام کاکی نوسەر بەشێوەیەکی جوان ئاسیاو ئەورپای ئامێزانی یەکتر کردوە، دووجۆر زیندانمان بۆ وێنەدەکات زیندانێک لەئاسیادا کە لەزیندانێکان دەدەن و جەستەیان ئازاردەدەن، بەڵام لە ئەورپا پاڵەوانەکەمان دەکەوێتە ناو زیندانەوە لەپشتی دەرگا داخراوەکانی زیندانەوە لەسەر هیچ ڕۆحی ئازار دەدەن، ئەو پێمان دەڵێ کە لەم ووڵاتە بیرۆکراتیانەی ئەورپادا بە پەڕەی کاغەزەکان مرۆڤ سەردەبڕن.
 لێرەش پاڵەوانی ڕۆمانەکەمان چیرۆکەکانی ناو زیندانە ساردو سڕەکەی ئەورپامان بۆ دەگێڕێتەوەو باسی کارئەکتەرەکانمان بۆ دەکات کە بۆچی لەپشتی دەرگا داخراوەکانەوە دانیشتوون؟ 
ئەو پێمان دەڵێت هەندێکیان بۆ گەیشتن بە پارە، چارەنوسیان گەیشتوە بەم جێگەیە و بۆیە بەم ڕێگەیەدا ڕۆشتوون تا لەڕێگەکەیان بەختەوەری بچنەوە دوای نەیانتوانی وە، بۆخاتری چنینەوەی بەختەوەری لەڕێگەی پارەوە هەموو شتێکی بەهاداریان لەدەست داوە، ئەوان لەڕێگەی خاڵەکانی جەستەیانەوە چیرۆکەکانی ناو زیندانمان بۆ دەگێڕنەوە.
 ئەم ڕۆمانە کۆمەڵێ بابەتی فکری دەستکاری دەکات کە شایستەی هەڵوێست لەسەر کردنە و خوێنەر دەتوانێ ئەولایەنانە دەرک پێبکات. ئەم کتێبە نایەبە لەو کتێبانە نی یە کەدەستت پێکرد بەرەو لاپەرەکانی دوای بچیت بزانی ئەنجام چی لێدێت و بەکوێ دەگات. بەپێچەوانەوە ئەم تەکنیکەی ئەم ڕۆمانەی پێنوسراوە گەرچی لای من سەرەتا قورس بوو، بەڵام کاتێک خوێندمەوە و تەواوم کرد هەستم کرد شتێکی جیاوازم خوێندۆتەوە کە ماندوبونەکەمی بەزایەنەداو شایەنی ئەوەبوو ئەو چەند کاژمێرەی بۆ تەرخان بکەم.
 سەرئەنجام هەست بەوەدەکەیت کە ئەم ڕۆمانە لە دنیایەکی نوێداو بە تەکنیکێکی نوێ نوسراوە کە زیاتر لەژێر کاریگەری نوسەرە کانی ئەم سەردەمەیە، پشتێکی زۆری بە گێڕانەوە بەستوەو هزر بەچرکە غایب نی یە لەگەڵ نوسەردا، ئەو دەزانێ بۆکوێ ملی ناوە، ئەو پێمان دەڵێ دەتوانی نامەی نهێنیش لای کەسێکی نەخوێندەوار بپارێزیت.
لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ کاکە"شوان حەسەن" کەوتینە گفتوگۆ ئەو ئاماژەی بەهاوڕیەکی دا کە ڕەخنەی لە دیزاین و بەرگی کتێبەکەی گرتوە و هیچ خۆی لەقەرەی ناوەڕۆکی نەداوە، منیش ووتم هاوڕێم ناشرین ترین دیزاین و چاپی کتێب "شەوەسپێکانە" لەگەڵ قورئانەکەی کۆمەڵەدا، من بۆخۆم چەندین جار خوێندومنەتەوە و لام خۆشترین و باشترین ئەو کتێبانە بوە کە تا خوێن لەبەدەنمدا هامشۆ بکات بیرم ناچنەوە.
ماوەتەوە بڵێم دەستخۆشی لەهاوڕی ئازیزم دەکەم بەهیوای بەردەوام بوونت، ئەم ڕۆمانە شایستەی ئەوەیە بخوێنرێتەوە
زۆر نوسەر هەیە کە ئێمە ناویان دەزانین و بونەتە ژمارە لە نوسەرانی کورد، تاکە شانسێک کەهەیان بوە ئەوەبووە ئەوان لەسەردەمێکدا نوسیویانەو کتێبیان بەچاپگەیاندوە کە ئەم دنیا پێشکەوتوە نەبوە، دڵنیایان دەکەمەوە، ئەگەر ئێستا کتێب چاپبکەن دەبێ بیدەنە گڵۆبەڕۆژە فرۆشەکان، ئەوانیش ئێستا لەلولەدا گڵۆبەڕۆژە نافرۆشن، تونی حەمامەکانیش ئێوە خۆش کتێبەکانتان ناتوانێ حەمامێکیش گەرم کات. دواسەرنجم ئەوەیە کە ڕاستگۆی نوسەرە، من بۆخۆم وام هەرکتێبێک دەخوێنمەوە ئارەزوومە نوسەرەکە بناسم پاشان کتێبەکەی بخوێنمەوە، چونکە زۆرکەس هەن دەنوسن کەچی کەسایەتیان زۆر جودایە لە نوسین، ئەوان باسی جوانی دەکەن کەچی خۆیان زۆر قێزەون و ناشرینن، جارێکی تر هیوای سەرکەوتن.

 ئەم بابەتە بڵاوکراوەی "نسێ " ژمارەی ١٣٧تدا بڵاو کراوەتەوە کە دەزگای "زاری کرماج" دەری دەکات 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە