کۆچی گەنجان

Monday, 20/07/2015, 23:55

3327 بینراوە


گەنجان خوێندنیان تەواو کرد .. بڕوانامەی زانکۆ  یا پەیمانگایان وەرگرت .. دوای ئەوە ئەبێ چی بکەن ؟ .. بێگومان ئەیانەوێ خەوی چەند ساڵەیان وەدی بێنن .. دامەزرێن و  ببنە کارمەند و موچە وەرگرن .. ئەو کاتە خێزان دروست ئەکەن و سەربەخۆیی وەرئەگرن و ئەبنە خاوەن ماڵ و منداڵ .. ئەمە پێی ئەڵێن سونەتی ژیان .. لەم بارو دۆخەی هەرێم دا دامەزراندن نیە ، موچە نیە ، هیچ هەڵبژاردەیەکی تر نیە بۆ گەنجان .. کەوابێ خەوەکەیان بەتاڵ بوەوە .. پاش ئەم نائومێدییە سەری خۆیان هەڵنەگرن چی بکەن ؟! چاوەڕێ بکەن ؟! تاکەی ؟! ئاخر شەڕی داعشیش  تەواو بێت و  بارودۆخی هەرێمیش باش بێت و ئاسایی بێتەوە  ، حکومەت ناتوانێ هەمو میلەتەکەی بکاتە کارمەند و موچەخۆر ، کێشەی دامەزراندن  کاتی نیە ، نەبەسراوە بە بارودۆخی هەرێمەوە .. گریمان هەرێم ئەبێتە حکومەتێکی سەربەخۆی دامەزراو و  دەوڵەمەند وەک ( کوێت ) .. ئەوکاتەش ناتوانێ هەمو گەنجان دامەزرێنێ و هەمو میللەت بکاتە موچەخۆر ..  
 لەبەر ئەوەی لادێ ئاوەدان نیە .. واتە کاری کشت و کاڵ و ئاژەڵداری و باخەوانی نەبۆتە پیشەیەک کۆمەڵێ خەڵکی لەسەر بژی .. پیشەسازیش نیە .. هێندە کارگەمان نیە خەڵکێکی زۆر لە خۆ بگرن  و بێتە بەدیلێک بۆ دامەزراندن .. کاری کرێکاریش کە کرێکاری دەرەوە : بەنگلادشی ، هیندی ، عەرەب .....تاد ، پێی هەڵئەسن .. گەنجی خاوەن بروانامەی زانکۆ پێی شەرمە بیکات .. خۆ گەر ئەو شەرمەش بشکێنێ و مل بەو کارانەش  بات ، بەشی هەمو گەنجانی بێکار ناکات .. ئیتر گەنج ( خاکی هەمو عالەم بەسەر خۆی دا نەکا چی بکا ) سەری خۆی هەڵنەگرێ چی بکا ؟!
 
 نە حکومەت و نە خەڵک نایانەوێ لەوە تێ بگەن ، ئەم هەمو زانکۆ و خوێنکار و بڕوانامە وەرگرتنە کارێکی زۆر هەڵەیە لەم هەرێمە دا بۆتە نەریت .. ئاخر گەڕەکێک پێویستی بە یەک بەرگدروە ، بیست ی لێبێ ، ئیشیان نابێت .. گەڕەکێک پێویستی بە نانەواخانەیەکە ، بیست ی لێبێت ، ئیشیان نابێت .. هەمو پیشەیەک بەقەد پێویستی ئەبێ هەبێ .. ئەم هەرێمە بچوکە ئەو هەمو دەرچوی زانکۆیەی بۆچییە ؟! وەک لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ  ژ.  (    ٤٠٥٧ ) لە  ٢٠٠٦ / ٨ / ٢٧  باسم کردوە .. ئەم هەرێمە چوار هێندی ئوسترالیا دەرچوی کۆلیجی کشت و کاڵی  هەیە .. لەهەر کیشوەرێکی ئەوروپا زیاتر ئەندازیاری هەیە .. لە سوپای ئەمەریکا زیاتر ئەفسەری پلە بەرزی هەیە .. حکومەت ئاگای لەخۆی نیە چی ئەکات !! هەر زانکۆیە و ئەکرێتەوە .. ئاخر کە زانکۆت زۆر بو ،  خوێندکاری زانکۆت زۆر ئەبێ .. خوێندکاری زانکۆ تا مردن لە زانکۆ دا نابێ ، دەرئەچێ و بڕوانامە وەرئەگرێت  ، ئەو کاتە داوای دامەزراندن و موچەت لێ ئەکات  .. داوای زەوی و شوێنی نیشتەجێ بونت لێ ئەکات .. منداڵی  سەرمایەدار  و پیشەوەرە دەست ڕەنگینەکانیش ، ئەیانەوێ  مناڵەکانیان زانکۆ تەواو کات  و بێتە موچەخۆر .. مناڵەکانیان فێری پیشەکەی خۆیان ناکەن .. ئەم هەمو زانکۆیە بۆ دەسخەڕۆکردنی گەنجانە و هیچی تر .. زانکۆ بۆ خوێندەواری  و ڕۆشنبیری نیە .. یەکێک بنەڕەتی تەواو کات ئەبێتە خوێندەوار .. ڕۆشنبیریش بە خوێندنەوە  و  هەوڵدانە .. پەیوەندی بە بڕوانامەوە نیە ..
 موچەی حکومەت تاکی ئەم هەرێمەی تەمەڵ و بێ دەسەڵات کرد   موچە نەیهێشت لادێکان ئاوەدان بێتەوە.. شار بێ لادێ ناژی .. هەمو دانیشتوانی هەرێم ڕژاونەتە شارەکانەوە .. وڵاتانی ئەوروپاش ، خاوەنی چەند سەرچاوەی دارایین ، واز لە کشت و کاڵ ناهێنن ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە