پۆستەكەى بارزانى و ئایندەیەكى مەترسیدار

Saturday, 25/07/2015, 21:42

2092 بینراوە


لە برى ئەوەى  لە ڕێگاى پۆستى سەرۆكى هەرێمى كوردستانەوە خەمى دێرێنەى میللەتەكەمان بێتەدى ، لە برى ئەوەى ئەم پۆستە ببێتە دەروازەیەك بۆ بە دیهێنانى مافەكانى میللەتەكەمان و  سەربەخۆیی ئابورى هەرێمى كوردستان و بنیات نانەوەى ژێرخانى ئابورى هەرێمى كوردستان ، لە برى ئەوەى گەندەڵآ بنەبڕبكرێت و سامانى ئەم وڵاتە بخرێتە خزمەتى هاوڵاتیانەوە.
 لە برى ئەوەى هێزێكى  نیزامى نیشتمانى مەشقپێكراو  دوور لە دەست تێوەردانى حیزبییەوە ، پێك بهێنرێت بۆ پاراستنى هەرێمى كوردستان ، لە برى ئەوەى دام و دەزگاكانى هەرێمى كوردستان بە دامەزراوەیی بكرێن و كەسانى شیاو لە شوێنى شیاو دابنرێن ، لە برى ئەوەى سیستەمى حوكمڕانى بكرێتە پەڕلەمانى و یاسا سەروەر بكرێت ، لە برى ئەوەى پەیوەندى هەرێم و بەشەكانى ترى كوردستانى گەورە توندو تۆڵ بكرێن و هاوكارى بكرێن ، 
لە برى ئەوەى زەمینە سازى بۆ گەشە كردنى پڕۆسەى دێموكراسى و هەڵبژاردنى بێ غەل و غەش بكرێت و دەستاو دەستكردنى دەسەڵات بە شێوازى دێموكراسیانە ئەنجام بدرێت ، لەبرى ئەوەى گەنجەكانمان والێ بكەین پابەندى خۆیان بۆ نیشتمان نیشان بدەن و ببنە پارێزەرى  و خۆیانى بۆ بەخت بكەن ، هەموو ئەوانەو زۆر پرسى تریش لە سایەى پۆستەكەى بەڕێز مەسعود بارزانیدا تەواو پێچەوانەن و  لە ژێر مەترسى گەورەدان  و كۆى پڕۆسەى سیاسى هەرێمى كوردستان و بەرژەوەندییە كانى گەل و نیشتمان ، خەریكن ببنە قوربانى پۆستەكەى سەرۆكى هەرێم .
ئەوەى ئێستا   لە گۆڕەپانى  سیاسى هەرێمى كوردستان زورترین  قسەو باسى لەسەرە ، پۆستەكەى سەرۆكى هەرێمى كوردستانە . لە ئێستادا لیژنەیەكى 21 كەسى دیاریكراوە بۆ هەمواركردنەوەو نوسینەوەى  دەستورى هەرێمى كوردستان و یاساى سەرۆكایەتى هەرێمى كوردستان و دەستیان كردوە بە كارەكانیان . لە 23 حوزەیرانیشدا بزوتنەوەى گۆڕان و یەكێتى و یەكگرتو و كومەڵى ئیسلامى هەر یەكەیان بە جیا پڕۆژەیەكیان پێشكەشى پەڕلەكان كرد  و خوێندنەوەى یەكەمیشى بۆ كرا بۆ چۆنیەتى هەموار كردنەوەى یاساى سەرۆكایەتى هەرێم و ئایندەى پۆستەكەى بارزانى . پارتى نەك پڕۆژەى هەبوو بایكۆتى دانیشتنەكەى پەڕلەمانیشى كردوو دژایەتى خۆشى نیشاندا .
بە پێى یاسا سەرۆكى هەرێم ماوەى یاسایی خۆى بە زیادەوە تەواو كردوە و بۆشى نییە جارێكى تر خۆى كاندید بكاتەوە ئەوە بە یاسا یەكلایی كراوەتەوە . بەڵام پارتى  بە یاسا ڕازى نییەو داواى سازان ئەكات لە دەرەوەى پەڕلەمان .  ئەوەش ماناى پەڕاویز خستن و بێبایەخ كردن و شكاندنى شكۆى پەڕلەمان و یاسایە . 
پاساوەكانى بەرپرسانى پارتى  بۆ هەڵبژاردنەوەى بارزانى نایاسایین و دووریشن لە ڕاستییەوە . ئەڵێن : لەم كاتەدا هەڵبژاردنەوەى بارزانى پێویستە چونكە شەڕى داعش هەیە . خۆ سەرۆكى هەرێم لە بەرەى شەڕدا نییەو هەر كەسێكى تریش  سەرۆكى هەرێم بێت  هەمان كارى ئەوى بە زیادەوە پێ ئەكرێت . ئەڵێن : سەرۆكى هەرێم كوردى بە وڵاتان ناساندوە, نەخەیر ئەوە كوردە سەرۆكى هەرێمى  بەوڵاتان ناساندوەو ئێستا بە هۆى گەلەوە خۆیی و خانەوادەكەى وەكو مەلیك ئەژین .
هەركەسێك سەرۆكى هەرێم بێت  و سەردانى وڵاتان بكات   بە پێی ئەتەكێتى دیبلۆماسى پێشوازى لێ ئەكرێت . باشە خۆ كوردانى ڕۆژ ئاوا بارزانى سەرۆكیان نییە و ئەوەتا بونە جێگەى ستایشى هەموو دونیاو شكۆى میللەت . لە سەرەتاى شەرَدا كوڕى ساڵح موسلیم شەهید بوو ، لە ساڵى 1961 لە كوردستانى خوار و شەڕەو پارتى خۆى بە خاوەنى شۆڕش ئەزانێت  و هیچ كەسێكى بنەماڵەى بارزانى بریندار نەبوون . بۆچى ؟؟. چونكە ئەوان ناچنە شەڕەوە و ئەوان قیادەن و نابى لەناو بچن .  
 زۆرێك لە ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدار و دڵسۆزانى ئەم میللەتە لەسەر ئەوە كۆكن و گەیشتونەتە ئەو بڕوایەى  كە سەرۆكى ئێستاى هەرێمى كوردستان نەك  مانەوەى زەرورەتە، بەڵكو  مانەوەى مەترسى گەورەیە بۆسەر ئایندەى هەرێمى كوردستان و وەكو لە ئێستادا دەر ئەكەوێت  ئەو پۆستەكەى بۆ بەرژەوەندى خۆى ئەوێت نەك بۆ بەرژەوەندى گشتى و كار گەیشتۆتە ئەوەى ئەگەر هەڵ نەبژێرێتەوە ، هەرێمى كوردستان ڕوو بەڕوى مەترسى گەورە ئەبێتەوە . 
  بەڵام  وەكو دەر ئەكەوێت گەورەترین مەترسى بۆ سەر ئایندەى هەرێمى كوزردستان بارزانى خۆیەتى . چونكە پەنابردن بۆ هەڕەشەو گەڕانەوە بۆ سەردەمى دوو ئیدارەیی لە پێناوى پۆستیكدا كە بە پێی یاسا كۆتایی هەتوە و بە ئاشكرا ئەوەمان پێ ئەڵێن : كە ئەوان نە بڕوایان بە هەڵبژاردن هەیەو نە بەدەستاو دەستكردنى دەسەڵات . كەواتە ئەم جۆرە مەترسییە ناوخۆیانە مەترسیدارترن لە مەترسى دەرەكى ئەو كاتە یەكَتى نیشتمانى ئەكەوێتە مترسییەوە 
لە ماوەەى 10 ساڵى سەرۆكایەتى خۆیدا  نەیتوانیوە هێزى پێشمەرگە یەكبخات ، نەیتوانیوە چارەسەرى گەندەڵى بكات و ئێستاشى پێوە بێت  حیزبەكەى هۆكارى یەكەمى گەندەڵییە . سەرۆكى هەرێم هەرێمى كوردستانى توشى قەیرانى گەورە كردوە بە هۆى دۆسیەى نەوتەوە بۆ بەرژەوەندى خۆ ى و  ئەوەتا هەرێمى كوردستان لە لێوارى ئیفلاسبوندایەو   نە موچە هەیەو نە كارەباو بەنزین ، ئەمە لە كاتیكدایە لە ماوەى سەرۆكایەتى بارزانیدا بە دەیان ملیار دۆلار  بە تاڵان براوە .
سەرۆكێك لە ماوەى چەندین ساڵدا حەق بەوە بدات حیزبەكەى لە بودجەى گشتى  مانگانە 35 ملیۆن دۆلار بۆخۆى بەرێت كە لە ساڵێكدا ئەكاتە 420 ملیۆن و لەگەڵ یەكێتى 840 ملیۆن دۆلار ، چۆن ئەتوانێت خۆى بەسەرۆكى هەرێمێك بزانێت كە قەیرانى دارایی یەخەى هاوڵاتیان گرتوە ، بەنزین و كارەبا نییە . گەنجەكان سەرى خۆیان هەڵ ئەگرن. ئەو پارەیە ساڵانە نزیكەى یەك ملیار دۆلار بوە هەموو قەیرانەكانى بەنزین و كارەباى پێ چارەسەر ئەكرا . باشە بۆچى سەرۆكى هەرێم بیرى لە هاوڵاتیان نەكردەوەو تەنها بیرى لە بنەماڵەو حیزبەكەى خۆى كردەوە ؟؟.  ئەگەر ئێستا بەهانەى شەڕى داعش هەبوبێ ، ئەو كات نەبوە وئارامى تەواو هەبوە . كەواتە ئەم سەرۆكە نە لە ئێستاو نە ڕابوردودا خاوەنى هیچ بەرنامەو پڕۆژەیەكى نیشتمانى گەورە نییە بۆ ئەم میللەتەو نە ستراتیجى هەیەو  تەنها وەكو سەرۆكى خێڵێك لە دیوەخانەكەى خۆیەوە جار و بار قسەى سەیر و سەمەرەى وەكو دامەزراندنى دەوڵەتى كوردى و سوربەخۆیی ئابورى هەرێمى كوردستان ئەكات  و ئەمانە هەر قسەن و هیچى تر .
وەكو دەر ئەكەوێـت پێداگرى پارتى و خودى سەرۆك  لەسەر وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆكى هەرێم ، بۆ بەرژەوەندى خۆیی و بنەماڵەو حیزبەكەیەتى  و ئەوەش بە زیانى هاولاِتیان تەواو ئەبێت بۆیە  پۆستى سەرۆكى هەرێم  بدەست هەر كەسێكى ترەوە بێت لە سەرۆكى ئێستاى هەرێمى  باشتر بەڕێوە ئەبات . لە ئێستادا پارەیەكى خەیاڵى بۆ سەرۆكایەتى هەرێم خەرج ئەكرێت و  پێ ئەچێ یەكێك لە هۆكارەكانى  پێداگرى لەسەر وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆكى  هەرێم ئەو پارە زۆرە بێت  و ئەگەر بارزانى ئەو پۆستە لەدەست بدات ، ئەو پارە موفتەى لەبەردەستا نامێنێت .  
پرسیار ئەوەیە :  كوردانى باشوور چ بەرژەوەندییەكیان  لەوەدایە  دژایەتى كوردانى باكور و ڕۆژ ئاوابكەن و بە ئاشكرا دەركەوت كە لە كاتى هەڵبژاردنەكانى توركیادا لە لایەن پارتییەوە پشتیوانى لە ئەردۆغان و حیزبەكەى كرا . لە ئێستاشدا خەندەق بەڕوى كوردانى ڕۆژ ئاوا لێ دەدەرێت و ئەوەتا بە ئاشكرا هێزدروست ئەكرێت و هەوڵ ئەدرێت ڕەوانەى ڕۆژ ئاواى كوردستان بكرێت ، نەك بۆ پشتیوانى بەڵكو بۆ  خۆشكردنى شەڕى ناوخۆى كوردانى ئەو پارچەیە .
 ئەردۆغان ناتوانێت ڕاستەوخۆ دەست بخاتە كارو بارى ڕۆژ ئاواوە  و كوردانى باشور دەبنە دار دەستى ئەردۆغان . ئەمە ویستى هەموو  هەموو خەڵكى باشور نییەو تەنها حیزبەكەى سەرۆكە ئەم كارە ئەكات و  پرسارى لێبكەن بەرژەوەندى كورد لەم كارەدا چییە؟؟؟. باشە ئەم سەرۆكە چۆن  تاك لایەنە بڕیارێكى لەو شێوەیە ئەدات ، لە كاتێكدا ویستى كوردانى باشور نییەو ئەوە سەرۆكە دوژمنایەتى ئەوانە ئەكات . كەواتە دەبى ئەمە چ سەرۆكێك بێت و  بەرژەوەندى ئەم سەرۆكە لەم كارەدا چیبێت؟.  
هەموو ئەو كەم و كورتیانەى لە ڕابوردو و لە ئێستادا  بەرۆكى خەڵكى كوردستانیان گرتوە و بارزانى نەیتوانیوە چارەسەریان بكات ، هەر كەسێكى تر ببێتە سەرۆكى هەرێم باشتر زوتر چارەسەر ئەكرێن  و پێداگرى لەسەر هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى هەرێم ئایندەى هەرێمى كوردستان بەرەو ئاقارێكى مەترسیدار ئەبات . ئەرێ بە ڕاست ئەم سەرۆكە ئەیەوێت  چاو لە سەرۆكەكانى ترى ئەم ناوچەیە  بكات  و كارى ئەوانى بە كارێكى باش زانیوە ؟؟. ئەگەر وانییە ،  لە برى ئەوەى شەڕ  لەسەر   پۆستەكەى بكات با دەستبەردارى ببێت لە پێناوى بەرژەوەندى گشتیدا  و ئەوەى بەشار ئەسەد و قەزافى و هاوەڵەكانیان كردیان با ئەم دوو بارەى نەكاتەوەو چاویان لێنەكات  
وەكو گریمانەیەكیش ئەگەر بەرژەوەندى گشتى گەلى كوردو ئەم قۆناغە وا پێویست بكات بۆ دوو ساڵى تر ماوەى سەرۆكایەتى بۆ درێژ بكرێتەوە ، ئەبێ دەسەڵاتەكانى بكرێنە تەشریفاتى و لە پەڕلەمانەوە هەڵبژێرێتەوە و چیتر حاكمى موتڵەق نەبێت و  هاوڵاتیان بتوانن لە ڕگاى نوێنەرەكانیانەوە  لە پەڕلەمان بڕیارى كۆتایی لە ئایندەى خۆیان و هەرێمى كوردستان بدەن  و بڕیارەكان لە دەست  تاكە كەسێكدا نەبن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە