وەلامیك بۆ قیڕە قیڕەکانی مەریوان وریا قانع سەبارەت بە عەلمانیەت و ئاین

Monday, 27/07/2015, 2:13

3778 بینراوە


پێشەكی ناونیشانی وتارەكەی كاك مەریوان هەلَەو نائەكادیمیەو سوكایەتیە بە چەمكی عەلمانیەت. لە خاڵی دوهەمی وتارەكەیدا بە ڕوونی تێبینی دەكرێت كە كاك مەریوان سەبارەت بە عەلمانیەت زۆرێك شتی تێكەل بەیەكتر كردوەو نەیتوانیوە شیكردنەوەیەكی زانستیانە و فەلسەفیانە بۆ عەلمانیەت بكات. ناوبراو دەنوسێت : " من نزیکەی بیست ساڵە بەگژ ئەم دوو دیدە ناڕاست و پەڕگیر و سادە و ترسناک و ھەڵە و پڕ ھەڵچوون و قیڕەقیڕەدا، ھەم بۆ ئیسلام و ھەم بۆ عەلمانیەت، دەچمەوە". لیرەدا لێی دەپرسم بیست سالَە ئەم قسانە دەكەیت بێئەوەی هیچ مۆدێلێكی كۆنكرێتیت دابێت بە خوێنەر كە ئالتەرناتیڤی تۆ چیە بۆ دیاردەكە؟ ئەوە لە كەسێكی ئەكادیمی چاوەڕوان ناكرێت هەلَگری بڕوانامەی بالا بێت لە زانستی سیاسیدا و ئیسلامی سیاسی و عەلمانیەتیش بخاتە یەك تای تەرازوەوە. بەواتا ناوبراو بیست سالە لەسەر بۆش دەقیڕێنێت. 
ئیسلامی سیاسی و عەلمانیەت
سەبارەت بە عەلمانیەت بەردەوام لەم زاراوەیەدا ئیسلامیە سیاسیەكان و ئێستا ئەكادیمیستێكی وەك كاك مەریوانیش خۆی خستۆتە هەلَەوەو ئاماژە بە زاراوەی عەلمانی توندڕەو ئەدەن و دەیخەنە ناو خانەی كۆمۆنیزم و ستالینیزمەوە. من دەكرێ كۆمۆنیست و ستالینییش نەبم ، كەسێكی لیبەرال بم ، چەپ بم ، سۆشیال دیموكرات بم ، ناسیۆنالیست ، ئایندار بم ، بەلام عەلمانیش بم. كێشەكەی ئەوانە لەم شوێنەدا ئەوەیە چونكە عەلمانیەكان داوای جیاكردنەوەی دین لەدەولەت دەكەن ، بەلام عەلمانیەت بێ دیموكراسیەتیش لای من نەگونجاوە چونكە سێكولاریزمیكی تەندروست (عەلمانیەت) تەنیا لە سیستەمی دیموكراتیدا دەتوانێت گەشە بكات. بەواتا نەمانی دیكتاتۆریەتی حیزبیش پێویستە بۆ تەواوكردنی عەلمانیەتێكی تەندروست گەرنا جیاوازی نابێت لەگەل توندڕەوی ئیسلامدا چونكە ئەو كاتە هەردوو دەبنە رێگر لەبەردەم دیموكراسیەتداو عەلمانیەت لێرەدا بۆخۆی دەبێتە ئاین. بیركردنەوەی ئاینخوازێكی ڕادیكال ، ئیسلامێكی توندڕەوی تۆتالیتێرو دەمارگیر كە وەك فیل تەنیا بە یەك ئاڕاستە مل دەنێت و لەوە زیاتر هیچیتر نابینێت بۆ من هیچ جیاوازیەكی نیە لەگەل ستالینیەك و تۆتالیتاریزمێكی ناسیۆنالیستی وەك نازی و بەعس و دەبێتە فاشیزمێكی ئاینیی. دەبوو كاك مەریوان ئەم ڕاستیانەی فەرامۆش نەكردایە.
ئێمە پێویستە دژ بە هەموو توندوتیژی و ڕەفتارو فكرێكی تۆتالیتاری بین ئیتر چەپ بێت ، یان ڕاست ، یان ئاینی بێت. قەناعەتیشم وایە مرۆڤایەتی بە ئەزمونەكانی خۆیدا دەڕوات تا دەگاتە ئەو باوەڕەی كام لە سیستەمە سیاسی و كۆمەلایەتیەكان باشترین و گونجاوترینە بۆی. ناوبراو دەنوسێت: "مەرج نیە دیموكراسیەت هەمیشە پێویستی بە عەلمانیەت بێت ، یان بەبێ عەلمانیەت نەكرێت باس لە بوونی دیموكراسیەت بكەین" بەلام تێزەكەی خۆی بێ وەلام و بێ بەلَگەو ناكۆك بەخۆی جێهێشتوە.
سیستەمی دیموكراسی بێ سیستەمی سێكولار ناتەواوە
ئایا هیچ سیستەمێكی دیموكراسی هەیە دین و دەولەتی لە یەكتر جودا نەكردبێتەوەو پێویستی بە عەلمانیەتیكی دیموكراسی نەبوبێت بۆ سیستەمەكەی؟ ئایا هیچ سیستەمێكی دیموكراسی هەیە ئاین بەڕێوەی بەرێت؟ لێرەدا ناوبراو خۆی خستۆتە هەلَەیەكی تەواو نامەنتقی و نازانستیەوە بەوەی دەنوسێت "دەكرێت هێزی دینیش هەبێت باوەڕی پتەوی بە دیموكراسیەت و لێك جیاكردنەوەی دەسەلاتەكان و رێزگرتنی مافە بنەڕەتیەكانی ئینسان و مافی یەكسانی گروپە جیاوازەكان هەبێت" بەلام بێئەوەی ناوبراو توانیبێتی مەبەستەكەی بسەلمێنێت. هەروەها ئێمە وەك "ناوەندی سێكولار لە كوردستان" هەرگیز نەمانوتوە سێكولاریزم تەواوی دیموكراسیەت چارەسەر دەكات.
دەسەلاتی ئاین كە ناوبراو لێرەدا ئاماژەی بە هێزی دینی داوە بەواتا وەك دەسەلاتێكی سیاسی هەمیشە خواستێكی مەركەزیی هەبوە بۆ دەسەلات و مەركەزیەتیش لەگەل دیموكراسیەتدا یەكناگریتەوەو هەربۆیە وەك تەواوی دەسەلاتە سیاسیە دیكتاتۆریەكان ناتوانێت بڕوای بە جیاكردنەوەی دەسەلاتەكان هەبێت ، كەواتە چۆن دەتوانێت رێز لە مافە بنەڕەتیەكانی ئینسان و مافی یەكسانی بگرێت ، گەروابێت ئیتر ئێمە پێویست ناكات داوای لابردنی ماددەی شەشی دەستوری هەرێم بكەین كە ئاینی ئیسلام و شەرعی كردۆتە سەرچاوەی دەستور.  
كاك مەریوان باس لە ناوەندی سێكولار دەكات و هەولَی گرێدانی دەدات بە توندڕەوی عەلمانی. دیارە ئەم بەرنامەی ناوەندی سێكولاری لە كوردستان نەخوێندۆتەوە سەبارەت بە ئاین و سێكولاریزم هەربۆیە گوللە دەنێت بە تاریكیەوە تەنیا بۆ ڕەواجی نوسینەكەی خۆی. ئێمە دژ بە ئاین نین وەك مافێكی تاكی كۆمەلگا بەلكو بۆ دەستورێكی مەدەنین و هاولاتی بوونین كە تێیدا ئاین (ئاینەكان) نەبێتە سەرچاوەو بنەمای دەستور بەلام دژ بە ئازادی ئاینەكان نین. بە پێچەوانەوە ڕزگاركردنی ئیسلامە وەك ئاین لە ئیسلامی سیاسی و ئیسلام نەبێتە كالایەكی ئایدیۆلۆژی بە دەست هیچ حیزبێكی سیاسیەوە بەتایبەت حیزبە ئیسلامیەكان. موسولَمانێكیش دەكرێ مرۆڤێكی سێكولار بێت ، ئافرەتێكی لەچك پۆش بێت بەلام بەوەی ئاین تەنیا وەك مافێكی تاك بۆخۆی دەبینێت بەلام بۆ جیاكردنەوەی ئاینە لە دەولَەت ، چونكە پێچەوانەی ئەمە یەكناگرێتەوە لەگەل نە پرەنسیپەكانی هاولاتی بوون و نە لەگەل جارنامەی مافی مرۆڤە نێودەولەتیەكاندا چونكە لێرەدا دەسەلاتی ئاین سەپێندراو دەبێت بەسەر یاساكانی باری كەسی و ئازادیەكان و ئازادی ویژدان و ...تاد. دەبوو كاك مەریوان بەم زمانە بدوایە نەوەك نامەسئولانە تێزێك فڕێ بدات بۆ قولَكردنەوەی ناكۆكی و دوژمنایەتی نێوان ئاین و عەلمانیەت بە تایبەت لەم كاتەدا. كەواتە تەوقیتی نوسینەكەی رێكەوت نیە. 
بەلام لەگەل ئەو بەشەی كاك مەریواندام كە پێویستە ئاین ڕۆلی كۆمەلایەتی بگێڕێت ، بەلام لێرەدا پێی دەلێم لە چوارچیوەی دەولەت و سیستەمێكی عەلمانیدا بۆ خزمەتی كۆمەلَگاو ئەوەش بە پێی یاسایەكی تەندروست رێك بخرێت وەك ئەوەی كەنیسەكان لە دەولەتە سێكولارەكانی رۆژئاوا ئەنجامی ئەدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە