لە کوێ هەستت بەئارامی کرد ئەوێ نیشتیمانی تۆیە (بەشی دووەم و کۆتایی)

Monday, 27/07/2015, 22:51

1851 بینراوە


بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم کلیکی ئەو لینکە بکەن:
 http://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=78929&sdate=7/10/2015
شەپۆلی کۆچکردنی ئێستای گەنجانی باشوری کوردستان، دەچێتە چوارچێوەی کۆچی نائاسایی، کۆچێکی بێ پلان و خۆدانە دەست چارەنووسی نادیارە، لەو کاتەوەی کە یەکەم هەنگاوی جێهێشتنی نیشتیمان دەست پێدەکەن، هیج ئاسۆیەکی داهاتووی خۆیان نابینن، بەهۆی بێزاری و نائارامی بەردەوام، پێیانوایە هەموو ئەو ئەگەرانەی لە ڕێگەیاندایە، بە لەدەستدانی ژیانیشیانەوە، باشترە لەو گوزەرانەی ڕۆژانە پێیەوە دەتلێنەوە.
ئارامی و ئاسایش، بەشە سەرەکیەکەی ژیانی مرۆڤن، پەیوەست نیە بە ئاستی دارایی مرۆڤەوە، چونکە بەشی زۆری ئەوانەی کۆچ دەکەن و ڕێگەی هەندەران دەگرنە بەر، پێویستیان بە پشتگیریەکی دارایی زۆر هەیە تا دەگەنە شوێنی مەبەست، کەواتە ئەوانە تەنها ئەو کەسانەنین کە بێکار و بێ دەرامەتن بەڵکو کەسانێکیشن ئاستی بژێوی ژیان و داهاتیان لە دۆخێکی باشدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەن نیشتیمان بەجێبهێڵن و خۆیان بدەنە دەستی چارەنوسەوە.
پاڵنەری سەرەکی ئەو جۆرە کەسانە و ئەوانەشی کە بێکار و کەمدەرامەتن، هەستکردنە بە نائارامی، چونکە مرۆڤ چۆن گەرەکیەتی پێداویستیە فسیۆلۆژیەکانی دابین بکات بۆ بەردەوامی ژیانی ڕۆژانەی، بە هەمان شێوەش بە دوای ئەو پێداویستیە ڕۆحیانەدا دەگەڕێت، کە لەڕووی دەروونیەوە ئارامی پێدەبەخشن، یان وەکو تاکێک هەست بە ژیانێکی ئاسایش بکات.
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەگشتی، ئەگەر پۆلێنکاریەکی سەرەتایی بکەین، لە هەموو ڕووەکانەوە، بۆ نمونە:
لەڕووی ڕامیاریەوە، زۆر کەمن ئەو کەسانەی هەست بە ئارامی و ئاسایش بکەن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش تەمی ڕەشبینی تۆخ دەبێتەوە، جگە لە شەڕی چەتەکانی داعش، لایەنە ڕامیاریەکانیش ڕۆژانە هەر خەریکی تاوانبارکردنی یەکتری و شەڕە دەنووکن، لەبری بەخشینەوەی ئارامی و فەرهەنگی کۆمەڵایەتی.
 لەڕووی ئابوریەوە، بە هەمان شێوە، هەر نەبوونی موچەی فەرمانبەران بۆ چەند مانگێک، چ قەیرانێکی هێناوەتە ئاراوە و بەر و بازاڕ چۆن شێواوە.
 لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە، ڕۆژانە گوێبیستی چەندین ڕووداوی دڵتەزێن دەبین، هەتا پۆشینی جل و بەرگێک بە ئارەزووی خۆت کێشەت بۆ دروستدەکات یان دەبیە نیشانەی توانج و پلار، هەر دوێنێ لەو شارەی ناوی پایتەختی ڕۆشنبیریە، ژنێک لەسەر جۆری جل و بەرگەکەی بە فیکە و هەڵا سەدان پلار و توانجی تێگیراوە، دەبێ زۆر جار لەبەر خاتری ئەوەی فڵانە کەس یان دەر و دراوسێ، وایان پێباشە، دەبێ تۆ ئەوە بپۆشی یان ئاوا رەفتار بکەی، بە کورتیەکەی دەبێ کەسایەتیەکی ساختە بۆخۆت دروست بکەیت.
کەسێک نیە لەو نیشتیمانە، بە ڕێگاکاندا هاتوچۆ بکات و هەست بە ئارامی و ئاسایش بکات، کەسێک نیە سەردانی دکتۆر و نەخۆشخانە بکات و گومانی لە بەسەرچوونی چارەسەرەکان و تاقیکردنەوە پزیشکیەکان نەبێت، کەسێک نیە خواردن بکڕێت و گومانی لە جۆری باشی و بەسەرچوونی نەبێت، کەسێک نیە بەردەوام بیری لای کوژانەوەی کارەبا و بڕانی ئاوی گەڕەک و نەبوونی سوتەمەنی نەبێت، ئاخر مرۆڤ بەو هەموو کێشە و گیرو گرفتانەوە چۆن هەست بە ئارامی دەکات، چۆن دەتوانێ یاخی نەبێت و ڕێگایەک نەگرێتە بەر.
کێشەی گەورەی ئەو گەنجانەی کە نیشتیمان بەجێدەهێڵن، تەنها ڕێگا و گەیشتنیان نیە بەو جێگایەی مەبەستیانە، ئەوە تەنها سەرەتای سیناریۆکەیە، کێشە گەورەکە ئەوەیە، بەگشتی ئەوانەی کۆچدەکەن، بێ هیچ زانیاریەکی پێشینە ملی ڕێدەگرن، کاتێکیش دەگەنە شوێنی مەبەست و تا ڕادەیەک هێور دەبنەوە، ئنجا لەوە تێدەگەن کە ڕێگایەکی زۆر سەختتریان لە پێشە، کە پەیوەستە بە مافی مانەوە و نیشتەجێبوون لەو وڵاتانەی ڕوویان تێکردووە.
باشتر وایە، بەر لە هاتنیان بۆ وڵاتانی دەرەوە، هەندێ زانیاری لەسەر مافی پەنابەرێتی و یاساکانی تایبەت بە کۆچبەران بەدەست بهێنن، چونکە ساڵانە و بەردەوام لە وڵاتانی ئەوروپا یاساکانی کۆچ و کۆچبەران گۆڕانیان بەسەردادێت، لە هەموو خولێکی هەڵبژاردنیشدا، وەکو کارتێکی فشار لایەنە ڕامیاریەکان لە دژی یەکتر یاری پێدەکەن.
 لە چەند مانگی ڕابردوودا شەپۆلێکی زۆری پەنابەران لە ڕێگەی دەریای سپی ناوەڕاستەوە ڕوویان لە کەنارەکانی ئەوروپا کرد،کە لەوڵاتانی لیبیا و یەمەن و سوریا و چەند شوێنێکی دیکەوە هاتبوون، لەماوەیەکی کەمیشدا حەوت سەد کەسیان لێ خنکا، ڕووداوی خنکانی ئەو پەنابەرانە و دەرکەوتنیان لە میدیا جیهانیەکان، وای لە یەکێتی ئەوروپاکرد کە چەندین کۆبوونەوە ئەنجام بدەن، بۆ گرتنە بەری ڕێ و شوێنی توندتر، بەمەبەستی بەرگرتن لە لێشاوی پەنابەران و ڕوونەدانی کارەساتی لەوجۆرە و گەڵاڵەکردنی چەند یاسایەکی هاوبەشی یەکێتی ئەوروپا بۆ پرسی پەنابەران، تا ئەو ڕادەیەی لە ڕێگەی هێزەوە بچنە کەنارەکانی لیبیا ئەو بەلەمانە بسوتێنن کە پەنابەرەکانی دەگوازنەوە.
ماوەی زیاتر لە مانگێکیش ڕووبەری هەموو میدیاکانی بەریتانیا، ڕۆژانە بابەتێک یان ڕاپۆرتێکی تێدا بوو سەبارەت بە بەندەری کالاسی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا، بۆ ئەوەی فشاری زیاتر بخرێتە سەر دەوڵەت بۆ ڕێگە گرتن لەهاتنی پەنابەران.
وێڕای ئەوەی پەنابەران لەکاتی گەیشتنیاندا، وەکو جاران گرنگیان پێنادرێ و زۆرێک لەو پشتگیریانەیان بڕیوە یان کەمکردۆتەوە، کە ئاسانکاری دەکات بۆ ڕاستەڕێبوونی پەنابەر، مەبەستەکە لێرەدایە، جێی خۆیەتی بەر لە هاتنی هەر کەسێک بۆ دەرەوەی وڵات، پێویستە پێشتر زانیاری دەربارەی یاسا و ڕێساکانی کۆچبەران هەبێت لەو وڵاتەی کە خوازیارە لێی نیشتەجێ ببێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تووشی هیوا بڕان و نائومێدی نەبێت، یان چەندین ساڵ بەدەم چاوەڕوانیەوە بەڕێنەکات و ئەو ئارامیەی بەدوایدا دەگەڕێت نەبێتە خەیاڵ.
کۆچکردنیش تاوان نیە، وەک هەندێک کەس وێنای دەکەن، ئەوەتا لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤیشدا لە بەندی(١٤) هاتووە، هەموو مرۆڤێک مافی پەنابردنە بەر وڵاتێکی دیکەی هەیە بۆ ژیانێکی باشتر، بەهۆی سەرکوتکردن یان چەوسانەوەی پەیوەست بە بواری ڕامیاری و...هتد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە