بۆ لە بزووتنەوەی گۆڕان تەکیمەوە

Tuesday, 28/07/2015, 14:53

2125 بینراوە


حەز ئەکەم پێشەکی کورتە چیرۆکێکی هەفتەی ڕابردوو باس بکەم کەوا چۆن عەرەب لەئاست کوردا وەك ٢٢ لەسەر ٧ وایە. هەفتەی ڕابردوو بۆ کاری وەرگێڕی چووم بۆ قونسولیەی عێراق لە لۆس ئەنجولس. بە حوکمی ئەوەی زمانی عەرەبی ئەزانم و دەرچووی کۆلیژی ئادابی بەشی زمانی عەرەبیم لە زانکۆی موستەنسریرەی بەغدا ساڵی ١٩٨٩، و لەکارەکەم بەردەوام لێرەو لەوێ چاوم بە کەسانی عەرەبی ئەکەوێ و بەکاری دێنم ،هەستام وەك خۆبەخشێك بۆ کاری وەرگێڕی. کاتێک چووین بۆ قونسولیەی عێراق جگە لە کارمەندی عەرەب یەك تاکە کوردی تیا نەبوو. جگە لەئاڵای عێراق هیچ ئاڵایەکی کوردی و یان نووسینێکی کوردی لەهیچ شوێنك بەدی نەکرا،تەنانەت وێنەی سەرۆکی عێراقی عروبە (فواد مەعوسم) لەهیچ شوێنێك هەڵنەواسرا بوو. نە ئەبوو بووترێ کوردستان، بەڵکو تەنها شمال عێراق.ئەوەی کوردبوو کارەکانیان بۆ ڕانەئەپڕاند و دویان ئەخست. هیچ جۆرە ئەتەکێت و پرۆفێشناڵتیان تیا نەبوو،تەنها ئەوەندەی عەرەب بوون و بەس.

٦ ساڵ لەمەو بەر جگە لەوەی پێش ئەوەش بەشێوەیەکی گەرم و گوڕ و بێ وەستان لەهەوڵی ئەوەدا بووین لەگەڵ هاوخەبات و هاوڕێیانماندا لە"کوردستانپۆست"ی خۆشەویست ڕێچکەیەك بدۆزینەوە تا زیاتر هاوڵاتی کوردی باشوور بخەینە سەری بۆ ئەوەی ڕێکخراوێکی سیاسی دروست ببێ تا خەبات بکا لەدژی گەندەڵی و حوکمی بنەماڵەیی. دیارە کوردستانپۆست لەمێژ بوو کاری بۆ ئەو جۆرە خەباتە کردبوو، هەڵدانەوەی چەندین مەلەفی گەندەڵیی و دەرخستنی چەندین کاری پوخڵی سەرکردەکانی باشوور، ئاشکراکردنی چەندین دۆزی خیانەت و سیخوڕی هەریەك لە پارتی و یەکێتی و هاوشێووەکانیان، کێو ماڵکردنی چەندین ڕووداوی ڕۆژانە کە دژ بەگەلەکەمان ئەکرا کە ڕاستەوخۆ پەیوەندەی بەژیان و گوزەرانی خەڵکیەوە هەبوو، دەیەهاو هەزارەها ووتار و دۆکیومێنت و بەڵگە لەسەر ناپاکی ئەم سەرکردانەی ئێستا، ئەمە جگە لەوەی چەندین بابەتی مێژوویی و بەپێز تا زیاتر هۆشداری لای هاوڵاتی کوردی باشوور دروست بکا.
خۆشبەختانە هەوڵ و ماندوو بوونی کوردستانپۆست هەردەم جێگای خۆی لەدڵی هەزارەها مرۆڤی هۆشداردا کردەوە، ئەمەش یەکەمین پەیام و پاڵنەری سەرەکی لەپشت ئەم سایتەیەوەیە. کە توانی سەرکەوتوانە کارەکانی خۆی بەئەنجام بگەیەنێ، سەرباری چەندین گێرمە و کێشە و هەڕەشەو تیرۆر کە کرانە سەری، لێ هەرگیز کۆڵی نەداو لەخەبات بەردەوامە. ئەم کارەی کوردستانپۆست بێ هاوکاری چەندین کەسی دڵسۆز لەناوەوەو دەرەوەی کوردستان ڕەنگە مەحاڵ بووبێت. بەڵام دیارە میللەتی کورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی هەمیشە لەوێ بوون و ئامادەییان هەیە.
لەسەرەتای دروست بوونی ئەم بزووتنەوەیەدا، لەکوردستانپۆست بڕیاردرا کە هاوکاری و پشتگیریان لێبکەین، بۆ ئەمەش هەستاین بەهەموو کارێك کەوا جەماوەر لە دەوریان کۆبکەینەوە و تاویان بدەین. لەهیچ شتێك سڵمان نەکردەوە و لەیارمەتیان بەردەوام بووین تا کار گەیشتە ئەوەی هەندێ کاری نەشیاو و و قێزەوەن لەلایەن ئەم بزووتنەوەیەوە سەرهەڵبدا،هەروەك چۆن لای پارتی و یەکێتی و حزبەکانی تر هەبوون. دیارە لەو ڕۆژەوەی هەستمان کرد پەیامی ڕاستەقینەی گۆڕان جێبەجێ ناکرێ، ئێدی کەوتینە ڕەخنە بارانکردنیان و سەنگەرمان لەدژیان هەڵدا. لەڕاستیدا ئەمە هەر لەسەرەتاوە کاری ئیشکردنی کوردستانپۆست بووە. بەجۆرێك ئەوەندە لەگەڵ لایەنێکداین کە بزانین دڵسۆز و خەمخۆری گەلن،هەر زانرا پێچەوانەکەیەتی،ئەوا نوکی ڕەخنەکانمان گەلێ تیژە.
دیارە من یەکێك بووم لەو چالاکوانانەی بزووتنەوەی گۆڕان و خەریکی چەندین کاری ڕێکخراوەیی و بەستنی چەندین سیمینار و کۆبوونەوە بووم لەگەڵ کوردانی ئەمریکا و کەنەدا تا پیتاك و پاڵپشت بۆ گۆڕان دروست بکەین.  لەمەدا بەهاوکاری هەموان توانیمان گوڕێکی بەتین بدەین بە گۆڕان و گۆڕانخوازان.  لەو هەوڵانەدا زۆرجار تووشی چەندین ڕەخنە و گلەیی و گازندە و هەڕەشە و گوڕەشە بووین، بەلام گوێمان پێنەدان و کۆڵمان نەدا، هەر بۆیە گۆڕان گەلێ بەخێرایی هەروەك ڤایرۆسی شێرپەنجە تەشەنەی سەند و بڵاوبۆوە. بەڵام هۆکاری سەرەکی وازهێنانم لەو کارە سیاسیە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کاتێ گۆڕان بەشداری یەکەمین هەڵبژاردنی عێراقی کرد، هات و دەنگی کوردی وەك پارتەکانی تر بەرە و بەغدادی عروبە نارد و جارێکی تر عێراقی بوونی خۆی دووپات کردەوە. کاتێک زانیم ئەمە ستراتیژی گۆڕانە، ئێدی نەدەنگم پێیان دا و نەبەردەوامیش بووم لە پاڵپشتیان. لای من وابوو کەوا گۆڕان پارتێکی نەتەوەیی و لۆکاڵیە، کەچی پێچەوانەی ڕاست دەرچوو. گۆڕان ئێستاشی لەسەر بێت،هەر لەعێراقچێتی خۆی نەکەوتووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە