سەرۆكێكی بێلایەنمان دەوێت

Thursday, 30/07/2015, 20:02

2737 بینراوە


ماوەی دوو مانگە گفتوگۆ لەسەر نوسینەوەی دەستورێكی نوێ دەكرێ بۆ هەرێمی كوردستان، بەلآم وادیارە تائێستا خەباتێكی یەكلاكەرەوە لەزۆربەی ماددە و بەشە چارەنوسسازەكان نەكراوە، لەسەر ئەو بنەمایە دەردەكەوێ كە لێژنەی نوسینەوەی دەستور ناتوانن لەو ماوەیەیی بۆیان دیاری كراوە دەستور ئامادەبكەن و پێشكەشی پەرلەمانی بكەن.
خاڵێكی هەرە گرنگ كە ئێستا كۆسپە ئەویش پرسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمە، بێگومان وەك دەزگایەك گرنگە، بەلآم لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بە حزبی كراوەو لەلایەن مسعود بارزانیشەوە بە شەخسی كراوە، بۆیە رێگانادرێت پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەڵسێت و ئەو بابەتە لەپەرلەمان یەكلای بكرێتەوە كە لەئێستادا لایەنە سیاسیەكان كۆكن كە سەرۆك لە پەرلەمان هەڵبژێردرێ و یاسای سەرۆكی هەرێمیش هەموار بكرێتەوە، بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگرەكەی لە پەرلەمانەوە. 
ئێمە لە تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستانەوە لەگەڵ ئەوەی پێشووتریش لە پرۆژە پێشنیارێك هەڵوێستی خۆمان لەسەر ئەو بابەتە پیشاندابوو، هەروەها پرۆژەكەشمان رادەستی لێژنەی نوسینەوەی دەستور كردبوو، بۆیە لێرە بە روونتر دەمانەوێت جارێكتر سەرەنج و پێشنیاری خۆمان بخەینەوە روو سەبارەت بە یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆكێك بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو.
1- بۆ سەرۆكی هەرێم ئێمە بەگونجاوی دەزانین كە سەرۆك و جێگرەكەی لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت و یاساكەشی هەمواربكرێتەوە.
2- لەبەر ئەوەی مسعود بارزانی ماوەی یاسایی خۆی تەواو كردوەو دوو ساڵیشی بۆ درێژكراوەتەوە بۆیە بەگونجاوی نازانین كە جارێكیتر بۆ ماوەی دوو ساڵ بكرێتەوە بە سەرۆكی هەرێم.
3- لەبەر ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و مسعود بارزانیش لەماوەی 10 ساڵی سەرۆكایەتی هەرێم سەرۆكێكی سەركەوتوو نەبوو، پێچەوانە ئەو قەیران و ئاڵۆزی و كێشانەی ئەمڕۆ بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە سەرچاوەی سەرەكیان لە پارتی و سەرۆكەكەیەوە دێت، بۆیە ئێمە بەگونجاوی دەزانین سەرۆكێكی بێلایەن بۆ ئەم دوو ساڵە لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت تاكو هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی هەرێمی كورستان دەكرێت.
4- پەرلەمان ئەركی خۆی یاسایی تەواو بكا و چاوەڕێی دروست بوونی بۆشایی یاسایی نەكات، ئەمەش ئەركێكی مێژوویە لە ئەستۆی سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكاندایە، واتا مەرج نییە تا سەر چاوەڕێی سازانی لایەنە سیاسیەكان بكات كە وادیارە سازان ناكەن و هەركەس پێداگری دەكات لەسەر پرۆژەی خۆی. 
5- ئەو گفتوگۆیەی كەسەبارەت بە پرسی سیكۆلاریزم و ئاینیش كراوە ئێمە وەك لە پرۆژەكەمان هاتووە پێمان باشە" پێویستە دەستووری باشوری كوردستان رێز لە ئاینەكانی كوردستان بگرێت، بەلآم هیچیان نەكاتە سەرچاوەی سەرەكی یاسا دانان" ئێمە پێمان وایە خۆمان نەخەینە ناو ئەو گێژاوە دەستوریەیی كە دەستوری عێراقی تێكەوتوە، هەمانكات نكۆڵیش لە راستینەی ئاینەكانی كوردستان نەكەین، لەسەر ئەو بنەمایە پێوەرە دیموكراتی و مافەكانی مرۆڤ بنەمای سەرەكی یاسادانان بن لە خزمەتی هەمووان دایە.

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستان
29/تموز/2015

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە