عەمری فیرعەونیەکانی کورد نەمێنێ

Tuesday, 04/08/2015, 22:37

3675 بینراوە


 با تەنها باس لەوە نەکەین  فیرعەونیەکان چیان بۆ بەجێهێشتووین، با باس لەوەش نەکەین چ جۆرە زانستێکی ماتماتیکی و ئەندازیاریانەیان بەکار هێناوە بۆ دروست کردنی ئەهرامەکان، با لەوەش گەڕێین  کەوا چۆن توانیویانە زانستی کیمیاوی بەکاربێنن بۆ پاراستنی مردوەکانیان  و مۆمیا کردنیان و مانەوەیان تا ئەوڕۆ. بەڵکو پێویستە سەرنجێك بدەین لە هۆکاری دروستکردنی ئەو ئەهرامانە و بۆ کێ دروست کران و (کێ)ش کەڵکی لێوەرگرتن و بەماندوو بوون و ئارەقەی کێ ئەو هەموو زانستە خرانە بەردەست بۆ بەدیهێنانی گیانی نەمری و جیاکردنەوە لە تەواویی گەل.
مرۆڤایەتی لەسەر بنەمایەکی مێژوویی ڕاست بنیات نەنراوەو نووسینەوەی مێژووش پڕێتی لە نیەکسانی و ناڕوونی. کاری مرۆڤی ئەم سەردەمە ئەوەیە، پرسیاری دروستکەرانە لەخواست بەرژەوەندی مرۆڤایەتییەوە بکەن و تەنها لە بازنەی مێژووی دووردا نەمێننەوە و بتوانن سڵ لە ڕەخنە گرتن نەکەنەوە بۆ ئەوەی نەوەی نوێ لانی کەم هەمان وەڵامی ئەو ٤ تا ٥ هەزارەی  ساڵەی ڕابردووی لانەمێنێ و شتێکی تازە بخاتە نێو مێژووی ئەوڕۆ کە جیاواز بێت لەوەی دوێنێ.
زۆربەی ئەوانەی سەرسامن بە دروستکردنی ئەهرامەکان و لاشە مۆمیایکراوەکانی سەردەمی فیرعەون دۆش داماوون و جگە لە سەرسامی و پایە بڵندی ئەو شارستانیە،هیچ جۆرە پرسیارێکی تریان نەکردووە. ئاخۆ فیرعەونەکان شایستەی دەست لێخۆشکردن و پێزانین و سوپاسکردنن، یان دەبێت ڕەخنەیان لێبگیرێت و جارێکی تر کارەکانیان هەڵسەنگێنن.! 
بەندە پێم خۆشە مرۆڤ لە هەردوو بوارەکەدا پرسیار و سەرنج و تێبینی هەبێ و بتوانێ ئەو گومان و پرسیارانەش بکات، کە ڕەنگە زۆربەی خەڵکی نەیکردبێت. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە خاڵێك بدەم ئەویش ئەوەیە، پرسیار کردن لەو مێژووە دوورە و گومان لێکردن و دواتریش ڕەخنە لێگرتن لە سەردەمی فیرعەونیەکان تەنها وەك بابەتێکی مێژوویی مافی هەموو کەسێکە و  پێویستە لەو بوارەش تێنەپەڕێ، واتە مەبەست نە تێكدان و نەڕووخان و نە خاپوورکردنیان نییە. ئەوە مێژووی مرۆڤایەتییە بە باشی و خراپەکانییەوە، پێویستە پارێزگاری لێبکرێت.
خۆشەویستی پادشا و ئەمیرو خانەوادەکانیان بۆ کورسی و دەسەڵاتی هەتا هەتایی ئەو بەرهەمەی هێنایە کایەوە کە ئەمڕۆ بە ملێۆنان کەس سەرسامن پێی و بە شاکارێکی مەزنی لە قەڵەم ئەدەن و بەیەکێک لە هەرە گەورەترین شاکارەکانی شارستانییەتی مرۆڤایەتی هەژمار ئەکرێ. لێرەدا باسی ئەهرامەکان و چۆنێتی دروست کردنیان باسی ئەم ووتارە نییە. بەڵکو کرۆکی ئەم باسە بۆ ئەو ژمارە زۆرە لە قوربانی مرۆڤایەتییەیە،  کە وەك کۆیلە بەکارهێنران بۆ پڕکردنەوەی حەز و ئارەزووی چەند پادشا و سەرۆکێکی فیرعەونی ئەو سەردەمە. کاتێك بە هەزارەها مرۆڤ دژ بەخواست و هیواکانی خۆی بۆ مەبەستی حەزی کورسی و دەسەڵاتی هەتا هەتایی تەرخان بکرێ،ئەوا نەفرەت لەو شارستانیە . کاتێ ئازادی مرۆڤ پێشێل بکرێ بۆ ئەوەی سەرۆکێك وەیان کەسێك بۆ ماوەیەك لەسەر کورسی دەسەڵات بمێنێتەوە،ئەوا نەفرەت لەو دەسەڵات و نەفرەت لەو کەسە. کاتێ بە ملێۆنان کەس برسی ئەکرێن و بەقامچی و شمشێر و بەزۆری زۆرداری کاریان پێبکرێ و ئازادیان زەوت بکرێ و ژیانیان بکرێ بە دۆزەخ تەنها لەبەر خاتری ئەوەی کەسانێك ببنە خاوەنی شکۆمەندی هەتا هەتایی،ئەوا هەرگیز ئەو جۆرە بەرهەمانە شایستەی پێزانین و سوپاس کردن نیە. فیرعەونەکان پاش ئەوەی تەواوی مرۆڤەکانی سەردەمی خۆیان بەزۆر بەکارهێنا بۆ دروستکردنی ئەهرامەکان،پاشان وویستیان خۆیان لەمرۆڤکانی ئەو سەردەمە جوێ بکەنەوەو ئەو کات لەژیاندا نەمان جگە لە بردنی خۆراك،پۆشاك،چەك و خشڵ و زێڕیش لەتەك خۆیاندا بۆیان ئەخرایە گۆڕەکانیاوە،داوایان کرد بەشێوەیەك بمێننەوە کە هەرگیز جەستەیان تێك نەچێ.ئەمە ئەو کەسانەن کەوویستیان بەمردوویش ستایش بکرێن و وەك نەمر بمێننەوە.
ساڵی ١٩٨٢ فڕۆکەکانی  دەوڵەوتی ئیسرائیل بنکەی ١٧ تەموزی عێراقی بۆردومانکرد کە خەرێکی ئەوەبوو چەکی ناوەکی دروست بکا و هێرش بکاتە سەر دەوڵەوتی جوو. دروست کردنی ئەو بنکە سەربازیە لەوەوە هاتوە کاتی خۆی لەسەردەمی بابلیەکان هەستان بە کۆکردنەوەی هەرچی جوولەکە بوو بۆ مەبەستی کاری سوخرەیی و زۆرەملێی بۆ تەواوکردنی باخچە هەڵواسراوەکان و دواتر لەو مانگی تەموزدا ئەو کارەیان تەواو کرد. دیارە سەدام حوسێن هەمان ئەو هزرەی هەبوو کە ئەیوست لەهەمان مانگدا ئەو چەکە ناوەکیە دروست بکا و جارێکی تر جولەکەی پێ لەناوببردایە. هەر بۆیە جولەکە وەك جاری یەکەم نەکەوتنە داوەکەوەو دەست پێشخەریان کرد و گوورزی جەرگبڕانەیان لەسەدام و هێزەکەی وەشاند. مانای ئەم نمونەیە ئەوەیە؛ شارستانی بابلیەکان هەمان ڕێچکەی فیرعەونیەکانە و لەسەر خوێن و ماندووبوون و کۆیلەکردنی میلەت و گەلانی تر بوە. بۆیە پێئەچی ئەهرامەکان کەوەك باسی لێوە ئەکرێن فیرعەونەکان هێزێکی زۆری سوخرەی لە جولەکەوە بەکارهێناوە بۆ دروست کردنی ئەهرامەکان و دوور نیە هەمان چارەنووسی ئەوەی سەدامی لەدوا نەبێ!!.
فیرعەونەکان شتێکی فیزیکی بەرچاویان بۆ مرۆڤایەتی جێهێشت کەخۆی لە مەزنی ئەهرامەکان ئەبینێتەوە،لە هەمان کاتیشدا فەرهەنگ و کلتووری خۆسەپێنی ،ملهوڕی،دیکتاتۆری هەتا هەتایی بۆ زۆربەی سەرۆك،پاشا،سەرۆك خێڵ و کەسانی تر بەجێهێشت کەخۆیان هاوشێوەی فیرعەونەکان لەگەڵ میلەتان و گەلانی خۆیان و دراوسێکانیان تەواو  چەوساوە کرد و کردنیان بە کویلە و ئازادیان لێ سەندنەوە. فیرعەونەکان یەکەم دەستپێکی مێژوویی نووسراو و  سەرەتای نووسینەوەی دەستووری دیکتاتۆریەت و کۆیلەکردنی مرۆڤ و چەوسانەوە و زەوتکردنی ئازادیەکانی مرۆڤن. لەمانەوە هیتلەر،موسولینی،فرانکۆ،شاوچیسکۆ،سەدام و جەلال و مەسعود هاتن و جێپێی ئەوانیان هەڵگرت و گەلان و جیهانیان تووشی ماڵوێرانی و شەڕو شەڕانگیزی کرد. نەفرەت لەهەموو ئەوانەی سەرسامن بە دەرهاویشتەی فیرعەونیەکان و گوێکپ و کوێرن لەئاست کلتوور و هزری فیرعەونیزم.
ئەمڕۆ فیرعەون ئەوەندە قێزەوەن بوە لەشارێکی وەك سلێمانی هەرچی هەرچی و پەرچی و مافیای حزب و چەورەی بەردەستی ئەم بەرپرسە نابەرپرسانەی کوردی باشوور، هاتوون فیرعەون ئاسا لەو شارە جوانەی شێخی مەزن و حەزرەتی نالی هەرچی ناشرینی و بەدبەختیە ناشتوویانە و گەنج و هاوڵاتی ئەو شارەیان بەدەردی کۆیلەکانی سەردەمی فیرعەون کردوە. دەبا پێکەوە ئەوەندەی لەبەرزی ئەهرامەکان دۆشداماوین و مووچڕك بە هەموو لەشماندا دێ، ئاوهاش هەوڵبدەین ئەو کلتوورە ناهەموارەی فیرعەونەکان لەقاوبدەین.
مەسعود بارزانی نمونەیەکی گەلێ هاوتەریبی فیرعەونەکانە کە نایەوێ واز لەدەسەڵات و کورسی بهێنێ،ئەگەرچی ئەم کابرایە نمونەی گەمژەیی،کالفامی،نەزانی،سیخوڕی،ترسنۆکیە و جگە لەبەڵایەکی گەورە هیچی تری لەهەگبەدا نیە.کەچی ئەیەوێ وەك نەمر و هەتا هەتایە بەزۆری زۆردار حوکم بکا و لەبەرزاییەکانی سەری ڕەش نەیەتە خۆارێ. بۆیە کاری هەموانە ئەو بەچکە فیرعەونە نەهێڵین لەوە زیاتر بمێنێتەوەو لەگەڵ خۆیدا هەرچی مەینەتی و بەدبەختیە لەگۆڕ بنرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە