چارەسەری کێشەی کورد تەنیا لە جۆری بەڕیوەبردندا نییە، بەڵکو لە نەمانی دەسەڵاتی بارزانی و تالەبانییدایە

Wednesday, 12/08/2015, 12:23

4154 بینراوە


دەسەڵاتی کوردیی، بەتایبەتی بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تالەبانی و ماڵی هێرۆ، هەروەها لایەنەکانی تریش، پێناسەیەکیان بۆ ئەو دەستەڵاتە سیاسییەی هەرێم کردووە، کەوا سیستەمی بەڕیوەبردن تێیدا سەڕۆکاییەتیە و هەندێک لەو لایەنانە دەیانەوێت سەڕۆکاتییەکە بکەنە پەرلەمانیی.
لاوازی پێگەی جەماوەری سەڕۆکی هەرێم، تەنیا هۆکارێکە، بۆ ڕاکێشانی سۆز و هەستی جەماوەری کوردی باشور، کە لە ئیستا پارتە بەشداربووەکانی ئەو هەیکەلە سیاسییە (جگە لە پارتی) دەیانەوێت سەڕۆکاییەتییەکە بکەنە سیستەمی پەرلەمانیی، بەمە وا لە خەڵکی بگەیەنن، کە هەڵوێستی ئەمانیش بەرامبەر بە بارزانی وەک هەڵویستی جەماوەی کوردستانە، لە هەوڵی ئەوەدان بە رێگایەکی یاسایی و دەستوریی، دەستەڵاتەکانی سەرۆک بەرتەسک بکەنەوە، پۆستی سەرۆکی هەرێم بکەنە پۆستێکی تەشریفاتی و دەستەڵاتەکانی سەڕۆکوەزیرانیش فراوانتر بکەن، ئەویش بە رێگای هەموارکردنەوەی دەستوری کوردستان بیگٶڕن بۆ سیستەمی پەرلەمانی! بەتایبەتی ئەو برگەیەی کە دەستەڵاتەکانی سەڕۆکیی هەرێمی تیادا دیاریکراوە.
لە راستییدا ئەوەندەی کێشەکە پەیوەندیی بە سروشتی دەستەڵات و جۆری عەقڵییەتی بەرێوەبردنەوە هەیە، پەیوەندیی بە ناولێنانی ئەو هەیکەلە و گۆڕینی کەسەکانەوە نییە، بەتایبەتی لە پۆستێکەوە بۆ پۆستێکی تر. دەستەڵاتی سەرۆک کەم بکرێتەوە، یان سەرۆکوەزیران دەستەڵاتی زیاد بکرێت، یاخوود سەڕۆک لە ناو خەڵکدا هەڵببژێردرێت یان لە هۆڵی پەرلەماندا، هیچ لە هاوکێشەکان و سروشتی دەستەڵاتی سیاسیی هەرێم ناگۆردرێت، پارتەکانی ناو ئەو دەسەڵاتە یاری بە کات و بە عەقڵی خەڵک دەکەن، هەموو هەنگاوەکان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەبەن کە لە ئەنجامدا جۆری ئیدارە و بەرێوەبردنی کۆمەڵگا لاوازتر دەبێت و قەیرانەکان روو لە زیاد بوونیش دەکەن.
سیستەمی دەستەڵاتی سیاسیی هەرێم، سیستەمێکی کلاسیکی بنەماڵە و خێزانە، سەڕۆکی هەرێم مەسعود بارزانیی، سەڕۆکی حکومەت نێچیرەوان بارزانی، جێگرەکەی کوری تالەبانی و هێرۆیە، دەزگای ئاسایشی هەردوولایان سەر بەو دوو بنەماڵەیەن، هەر کامێکیان دەستەڵاتەکەی زیاد بکات، ئەم بنەمالەیە لە شوێنی خۆیاندا دەمێننەوە و سیستەمی سیاسیی بنەماڵە و خێزان گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت.
پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە سەر سازان و رێکەوتنی ئەو بنەماڵانە دەست بارزانی کەوتووە، ئەویش بەرامبەر بە پۆستی سەڕۆکی عیراقی عەرەبی کە دراوە بە بنەماڵەی تالەبانیی و هێرۆ. پۆستەکانی حکومەتیش لە سەر بناغەی رێککەوتن و دەنگی ساختەی دابەشکراوە، هەر پارتە بۆ خۆی کەسێکی لە پۆستێکی حکومی دامەزراندوە. لە دەرئەنجامدا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوشدا، ئەگەر بە تەزویر بێت یان نا،  پارتی بە زۆرینەی دەنگ پۆستەکان وەردەگرێتەوە، کەس ناتوانێت رێگا لە پارتی بگرێت ئەمجارە ئەگەر مەسعود بارزانی خۆی بۆ سەرۆک وەزیران کاندید بکات، لە سەڕۆکی هەرێمەوە، بە دەسەڵاتێکی زۆرترەوە دەبێتەوە بە سەڕۆک وەزیران.
دەستەڵاتی پارتەکانی باشوورمێژوویەکیان هەیە، بەدرێژایی ٢٣ساڵە بەم شێوەیە بەڕیوە چووە، کە تێیدا دەستەڵاتی بنەماڵەیی و خێزانییان تێدا بەهێزکردووە، بە سازان و پشک وەرگرتن لەگەڵ یەکتردا رێکەوتون و دەسەڵاتیان دابەش کردووە، هەموو پۆستە حکومییە هەستیارەکان، کە پەیوەندیی بە ئابووریی و ئاسایشەوە هەبووە، کەوتۆتە ژێر دەستەڵاتی کەسوکاری هەردوو لایان، لە ئەنجامی ئەوەدا کۆمەڵێک بەرژەوەندیی ئابوری بەیەکەوە گرێیداون، بۆیە کاریکی ئاسان نییە هیچ کام لەوانە ئاوڕ لە بەرژەوەندی خەڵکی  کوردستان بدەنەوە و پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ یەکتردا تێک بدەن، ئەوەی ئەمڕۆش دەبینرێت بۆ چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان و نەبوونی متمانەیە بە یەکتر، ئەمە هۆکارێکی سەرەکییە کە هەر کاتێک پێویست بکات، مەسەلەیەکی ئاوا دەهێننە پێشێ و گەرمی دەکەن، کێشەکە دەبەستن بە خواست و نارەزایی خەڵکەوە، بەمە فشار دەخەنە سەر لایەکەی تر، تا پشکی زیاتریان بەربکەوێت! کێشەی نێوان پارتەکانی دەسەڵات داخوازیی نیشتمانی و نەتەوەیی نییە، بۆیە هەڵەیە بەو دەسەڵاتەش بگووترێت دەسەڵاتی کوردیی، پرەنسیپی سازان و پشک وەرگرتنیش پەیوەندیی بە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە. 
لە دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١، بنەماڵەی بارزانی وماڵی هێرۆ، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، ئەو جۆرە سیستمەیان لە کوردستاندا پەیرەو کردووە، کە لە ژێر ناوی جیاجیادا، خەڵکی کوردستانی باشووریان لەیەکتر ترازان و دابەشیان کرد، ئیمرۆ ئەو سیستەمە بۆ گەشەکردنی پیسخۆریی زیاترە، پارەی نەوتە کە هەموو لایەنەکان پشکی زیاتریان دەوێت.
ئێمە وەکو کوردستانپۆست پێمان وایە چارەسەری هەموو کێشەکانی باشوور بە ئاڵوگۆڕی پۆست و دەموچاوەکان لە پۆستێکەوە بۆ پۆستێکی تر چارەسەر ناکرێت. بە گۆڕینی ناوی جۆری دەستەڵاتی سیاسیی حکومەتی هەرێم لە سەڕۆکاییەتی بۆ پەرلەمانی یان بە پێچەوانەوە بنبڕ ناکرێت. ئەمانە هەمووی بەفیرۆدانی کات و دوورکەوتنەوەیە لە کێسە سەرەکییەکان، سەرقاڵکردنی میللەتە، خۆ دزینەوەییە لە دۆزینەوەی چارەسەری بنەرەتی کێشەگەورەکان، ئەوەی ئێمە بڕوامان پێیەتی نەمانی ئەو سیستەمەیە، دوورخستنەوەی ئەو بنەماڵانەیە لە بەڕیوەبردن، دوورخستنەوەی ئەو دەسەڵاتدار و سەرانەیە کە ئەو سیستەمەیان بۆ خۆیان دروستکردووە و چارەنووسی میللەتی کوردیان بەم رۆژە گەیاندووە، دیسان ئێمە بڕوامان وایە کە ئەو دەسەڵاتدارانەی یاری بە چارەنووسی ئەو مییللەتە دەکەن دەبێت دەسەڵاتیان لێبسێنرێتەوە. چونکە هەموویان لە ئاستی بەڕیوەبردندا تاوانبارن، دەبێت دادگایی بکرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە