لابردنی مەسعود بارزانی پەیوەندیی بە دیموکراتییەوە نییە

Saturday, 22/08/2015, 22:07

3654 بینراوە


(رێکەوتن لەسەر ئەرزی هاوسەنگیی دروست دەبێت، ئەگینا نابێت.)
لە کوردستان تێکۆشانێک نییە بۆ دیموکراتیی هەتا سەرۆک کۆسپێک بێت لە بەردەمی ئەم بزوتنەوەیەدا. ئەوەی کە هەیە ناکۆکیی نێوانی ژمارەیەک سەرگردەیە لەسەر دەستەڵات و پارە. بۆیە پرسی سەرۆکی هەرێم پەیوەندیی بە کێشەی بەڕێوبەرایەتیی کۆمەڵگای کوردستان و بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە نییە.
سیستێمی دەستەڵاتداریی هەرێم لە ئێستادا بە گشتیی دوو جەمسەری دروست کردووە. یەکەم، جەمسەری یەکێتی و گۆڕان. دووەم، جەمسەری پارتی. هێزی پارتی دەستی گرتووە بەسەر زۆربەی دەستەڵاتەکاندا. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەو ئاستە تێک بچێت کە هەردوو لا تیادا بەرامبەر بە یەک دابنیشن و دوو لەتی بینای دەستەڵاتێک پێک بهێنن. بۆیە ئاساییە کە گۆڕان و یەکێتی بەرامبەر بە پارتیی لە کێشەی دانانەوەی سەرۆکدا بکەونە ناکۆکییەوە.
ئایا یەکێتی و گۆڕان چییان دەوێت؟
یەکێتی و گۆڕان دەیانەوێت کە پارتی دەست لە یەکێک لە دەستەڵاتە سەرەکییەکان بەربدات بۆ جەمسەری سەوزوشین ئنجا رێگا بدەنەوە بە سەرۆکەکەیان پێشڕەویان بکات. بەڵام سەرۆک دەیەوێت ببێت بە فیل.
بۆچی جەمسەری سەوزوشین دەیانەویت دەستەڵاتیان زیاتر بێت؟
یەکەم، رێکەوتن لەسەر ئەرزی هاوسەنگیی دروست دەبێت، ئەگینا نابێت. بەرژەوەندیی سەرگردەو پیسخۆرکراتەکانی هەرێم بەستراوە بە دەستەڵاتەکانیانەوە. جەمسەری سەوزوشین بۆ ئەوەی گەرەنتی بەرژەوەندییەکانیان و کۆمپانیاکانیان بکەن دەبێت بە قەبارەی بەرژەوەندییەکانیان پشکیان لە دەستەڵاتی هەرێمدا هەبێت.
دووەم، ئەگینا فیلەکە دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی پێ بنێت بەسەر هەر شتێکدا کە بیەوێت. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی توانای تورکیاش لە بەکارهێنانی پارتیدا. شتێک کە هەم ئێران پێی قوت ناچێت هەم پەکەکەش زیانی پێدەگات.
سەرئەنجام
کێشەکە لە بنەڕەتدا لابردنی سەرۆک نییە بە حوکمی یاسا و بەپێی پرەنسیپی دیموکراتیی. بەڵکو دابەشکردنی دەستەڵاتە لە نێوان دوو جەمسەری دەستەڵاتدارییدا کە ئایا پارتی واز لە چی دەهێنێت لەباتی ئەوەی کە مەسعود بارزانی هەر سەرۆک بێت.
ناسرحەفید
٢٠١٥/٠٨/٢١، ئۆپسالە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە