پارتیی و بارزانی.. دوو ناوی رەزا قورسی گران!

Sunday, 23/08/2015, 17:15

3016 بینراوە



١- بە هەتیوکردنی پارتی
هەقە پارتی شانازی بەو ٧٠ ساڵەوە بکات لە خیانەت کردن و جاشایەتی و کوردکوشتن، کە ڕەنگە هیچ کام لە حیزبەکانی سەر ئەم گەردونە ئاوها بۆیان نەلوابێ. ئەمان ڕیکۆردیان شکاند و مافی خۆیانە شانازی پێوە بکەن.
لەوەتی پارتی دروست بوە ئەوەندە لاتەریك و بێ پشت و پەنا نەبووە. تەماشا بکەن لە باکوورەوە کورد نەفرەتیان لێدەکەن . لە ڕۆژئاوا بەهەمان شێوە ڕەنگە خراپتر، لە باشوور ئەوە هەر باسی مەکەن،  هەموو بەچاوانی خۆمان ئەیبینین کەوا چۆن ڕیسوا بوون. خۆ لای ڕۆژهەڵاتیش هیچی لەبەشەکانی تر باشتر نییە. مەسعود بۆ خاتری تورکان زیاتر لە ٣٥٠٠ چەکداری خۆی بەکوشتداوە و واژووی ٥٠ ساڵەی بەهەراجکردنی سێکتەری نەوتی بەتورکان بەخشیوە،  لەولاشەوە سێ بنکەی سەربازیی گەورەی لە بادینان بۆ تورك دامەزراندوە، تەنها بۆ ئەوەی لەکاتی تەنگانەدا وەك سەدام فریای بکەوێ، لێ تورکیا هیچ کام ئەو کاڵفامیەی نەکرد و  لەجەنگی داعشدا یارمەتی و هاوکاری بە چەتەکان کرد و پارتی و مەسعودیان خستە سەر هەززە. پارتی بۆ تورکیا چەندین خەندەقی خیانەتی لە دژی کوردانی رۆژئاوا هەڵکەند و چەندین جار بەناوی شۆڕشی سوریاوە ویستی کوردان لەیەك بەربدا، کەچی هیچ لەوانەی بۆ نەچووە سەر. بە مانایەکی دی، پارتی پشتی بە تورکیا و ئەردۆگان بەستبوو، کەچی وا دەبینین چۆن تورکیا خەریک لە رێگای داعشەوە ویستی زوونی زەردیش داگیر بکات و مەسعود بخاتە سەر ساجی عەلی و بە پەڕۆیەکی پیس مەسعود لە هەولێر دەرپەڕێنێت.
مەسعود لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراقیش ئەوەندە ڕەزای خۆی قورس کردوە، بەهۆی ئەو یارمەتیانەی لەگەڵ داعش کردوونێ و کڕین و فرۆشتنی نەوت لەگەڵیان وپاشان بەهەراچکردنی نەوتی کوردستان بۆ سەر ئابووری تورکیا، وای لە عێراقیەکان کرد، کە ئەمە وەك تاوانبار نیشان بدەن، جگە لەوەی هەرچی تاوانباری جەنگە لای پارتی داڵدەدراون و هاریکاری دەکرێن.کە ئەمەش ناڕەزایی حکومەتەکانی عێراقی لێ کەوتۆتەوە. جا بۆیە ئەم دەرگایەشی لەسەر خۆی داخستووە.
مەسعود پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلهێزەکانیش باش نییە لەبەرئەوەی مافی مرۆڤ و پرۆسەی دیموکراتی پێشێلکردوە. ئەوەتا لە درێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بەئاشکرا زەنگی دیکتاتۆریەت لێدەدات و نایەوێ دەستاو دەستی دەسەڵات بکرێت، دەیەوێت تا خۆی لە ژیاندایە سەرۆک بێت و دوایی منداڵەکانی جێگای بگرنەوە،، کە ئەمەش مایەی سەرئێشە و نارەحەتیە بۆ ڕۆژئاوا، کەوا چۆن نەیانتوانیوە دیموکراتیەت بگەیەننە ئاستی ئاسایی خۆی. بۆیە ئەم وەك ڕێگر و کۆسپێك لەبەردەم یاسادا تەماشا دەکرێ و پشتگیریی لەدەست داوە.
سەرباری ئەوانەش  ،پارتەکانی باشوور بە هەر هۆیەك بێ، خۆیان لە ئاست مەسعود قیت کردۆتەوە و لەوەناچی بە هیچ شتێکی بارزانی ڕازی ببن. من پێم وا نییە هیچ جۆرە ڕێکەوتنێك بکرێ لەنێوان ئەم هێزانە و پارتی، بەڵکو گرژیەکان ڕوو لە هەڵکشاندایە و مەسعودیش تا دێ زیاتر و زیاتر خۆی و حیزبەکەی، یان ڕاستر ببێژین بنەماڵەکەی لە هەزار پیاوەوە کەم ئەبنەوە و کەسیان بە دەوردا نامێنێ. بۆیە پێشبینی ئەکرێ مەسعود هەمان چارەنووسی بن عەلی لە باشترین حاڵەتدا بەدەست بێنێ، دەنا پێویستە ئەم کابرایە و بنەماڵە و حزبەکەی دادگایی بکرێن و نەهێڵدرێن هەڵبێن. 

٢- مەسعود لەبەردەم ٢ دۆسیەدا
دۆسیەی یەکەم: لەکاتی داگیرکردنەوەی هەولێر بەدەستی گاردی کۆماری عێراق لە ٣١ ئابی ١٩٩٦، دوای هێزەکانی یەکێتی، گەورەترین کارەسات کە ڕوویدا ئەوەبوو مەسعود زیاتر لە ٧٠٠ کەسی لە هێزەکانی موعارەزەی عێراقی ئەوسا، یان هێزەکانی(ئەحمەد چەلەبی) ڕادەستی هێزەکانی سەدام کرد و هەر لەوێ گوللەباران کران. ئەو خیانەتەی مەسعود دەهەق بە شیعەکان کرا، بەبێ هیچ ڕێکەوتنێك و دانی هیچ قەرەبوویەك ، مەسعودی کوڕی مەلا مستەفای وەك تاوانبار دەستنیشان کرد و دۆسیەکەی بەکراوەیی مایەوە. ئێستاشی لەسەربێ ئەو کەیسە لای شیعەکان و کەسایەتی ئەحمەد چەلەپی وەك خۆیەتی و لێی پاشگەز نەبوونەتەوە.
کەیسی دووەم: لەمانگی ٦/٢٠١٤ کاتێ شاری موسڵ ئەکەوێتە ژێر دەستی چەتەکانی داعش، ئەو کات کوردستانپۆست بەماوەیەك ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەو کۆبونەوەیە بڵاوکردەوە کە لەشاری عەمانی ئۆردون گرێدرا لەنێوان (تورکیا، پارتی و قەتەر و سعودیە و هێزەکانی داعش). هەر بۆ ئەمەش  خودی مەسعود لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفیزێۆنی هەڕەشەی لە مالیکی کرد و ڕاستی ئەو کۆبونەوەیەی دەرخست کە دواجار بووە هۆی کەوتنی شاری موسڵ لە چەند کاتژمێرێکدا و بەبێ هیچ بەرهەڵستی و بەرگریەک.
قاسم سولەیمانی گەورە بەرپرسی فەیلەقی قودسی ئێرانی لەم سەردانەی بۆ شاری کەربەلا و چاوپێکەوتنی لەلایەن هەریەك لە سیستانی و عەبادی ، لەدوای ئەوە دێ کە هەفتەی ڕابردوو مالیکی دوای هاتنەوەی لە ئێران ئۆباڵی کەوتنی موسڵی خستە سەر شانی مەسعود و چەند سەرکردەیەکی سەربازی کورد لەوانە (بابەکر زێباری و عەمید ڕوکن تەلعەت) و مالیکی بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند؛ کەوا نەخشەی داگیرکردنی موسڵ لە تورکیا نەخشەی بۆ کێشرا و لەهەولێر جیبەجێکرا. هەنووکە ئەو عەمیدەی لەسەر لیستی پارتی کەوا موسڵی بەدەستەوە دا ڕای کردۆتە دەرەوەی ووڵات، یان پارتی داڵدەی داوە و شاردویەتیەوە، لەهەمان کاتدا هەر ئەوڕۆ پەرلەمانی عێراقی لەسەر لیستی دەوڵەوتی یاسا داوا ئەکەن مەسعود بارزانی بدرێتە دادگا، یان بچێتە بەغدا لەبەردەمی دادگا ئەستۆپاکی خۆی دەربخا.
ئەڵبەت مەسعود و پارتی ناچنە ژێر ئەو بارەوە و ئەوەندەی بۆیان بکرێ بەرپەرچی ئەدەنەوە. هەر بۆیە پێشبینی ئەکرێ لەماوەی ٢ مانگی داهاتوو فشارەکان لەسەر پارتی و مەسعود بەجۆرێك زیاد بکەن کە جۆرێك لە هەڵپژان و کردەی تیرۆریستی و سەربازی لەلایەن پارتیەوە دژ بە هیزە کوردییەکان لەلایەك و هێزەکانی سوپای عێراقی دروست ببێ. لەتەك ئەمانەدا چاوەڕوان ئەکرێ بارزانییەکان و مافیاکانیان لە هەولێر و بادینان بکەونە فرۆشتنی کۆمپانیا و موڵکە تایبەتیەکان و دەرپەڕاندنی زیاترین پارە و پوول بۆ تورکیا و ئەو شوێنانەی کە جێی متمانەی ئەوانن. پێم وایە ئەمە سەرەتایەك دەبێ بۆ ئەوەی مەسعود و بنەماڵەکەی لە ئێستاوە بیر لەوەبکەنەوە کوردستان بەجێبهێڵن و بەرەو سعودیە و قەتەر و ئیماران بڕۆن.
ئەم فشارەی ئێستا کە خەریکە دەخرێتە سەر مەسعود، تەنها هی هێزەکانی گۆڕان و یەکێتی و هەندێ لە ئیسلامیەکان نییە، هێندە ئەوەی فشاری ئێران و شیعەکانە لەسەر بارزانی. هەر بۆیە ئەستێرەی پارتی ئەم جارە نەك هەر ڕوو لە ونبوونە، بەڵکو مەسعود لە ئێستاوە بیر لەهەڵهاتن دەکاتەوە. ڕۆژانی داهاتوو ئەو هەموو ئەگەرانەمان بۆ دەرئەخەن و جارێکی تر دەبێ بە مەسعود بارزانی بڵێن:
(بای بای بارزانی).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە