یەکەم خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ٣٧ ساڵە

Saturday, 29/08/2015, 20:55

2105 بینراوە


لە گەڵ سەرھەڵدانی جەماوەری وڵاتە عەرەبیەکاندا کە لە ساڵی ٢٠١١ وە دەستی پێکرد، گەلی کوردیش لە ڕۆژئاوای کورستان بە شێوەیەکی ڕێکخراو دەستیان دایە سەرھەڵدان و ناڕەزایەتی لە ھەمبەر ستەم و داگیرکاری ڕژێمی بەعسی سوری، بە تێپەڕ بونی کات چالاکیەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرفراوانتر و ڕێکخراوتر دەبو تا ئەوکاتەی بە تێکۆشانی گەل و بەرخۆدانی شەڕڤانی پارێزەری ئازادی لە رۆژی ٩\٧\٢٠١٢ بەشێکی زۆری خاکی ڕۆژئاوای کوردستان  ئازادکراو گەلەکەمان  ھەنگاوی بەرەو خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ھەڵنا و دەسکەوتی گرنگی بەدەست ھێنا،
رۆژانی ٢١و٢٧و٢٩ ی١\٢٠١٤ کانتۆنەکانی جزیرە، کۆبانێ، عەفرین لەرۆژئاوای کوردستان دامەزران، ئەوەی مەبەستمە ئاماژەی پێبدەم ئەو بارو دۆخەنیە کە لە دوای ئازادبونی دەڤەرەکوردیەکان بە پیلانگێڕیەکی نەخشە بۆ کێشراو بەرۆکی گەلی کوردی ئازادیخوازی گرتوە،
بەڵکو دەمەوێت زیاتر تیشک بخەمە سەر مێژوی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی کە ڕۆژئاوای کوردستان وەک سیستەمێکی نوێ و ھێڵی سێیەم لە سیاسەتی بەڕێوەبردن کاری لە سەر دەکات، ھەڵبەتە سەرچاوەی ئەو فکرو فەلسەفەیەی رۆژئاوای وڵات ھەمان ئەو تێڕوانینەیە ڕێبەری شۆڕشی باکوری کورستان دەیان ساڵە نەخشەی بۆ کێشاوە،
بەشیوەیەکی فەرمی لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە پێنجەمین جڤاتی گشتی کۆنگرەی گەلدا خەباتکارانی شۆڕشی باکور بڕیاریاندابوو "کە ئەگەر دەوڵەت مل بۆ چارەسەری دیموکراتییانە نەدا، ئەوا ئێمە سیستەمی دیموکراتیانەی خۆمان لەسەر بنەمای بیرۆکەی دەوڵەت- دیموکراسی ئاوا دەکەین."
پێش ئەوەش رێبەری گەلی کورد رێزدار عەبدوڵلا ئۆجەلان لەمیانەی دیدارەکانی لەگەڵ پارێزەرانیدا و لەرێگەی بەرگرینامەکانییەوە سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی وەک سیستەمێکی ئەلتەرناتیف بۆ سیستەمی باڵادەستی کاپیتالیزم، باسی لێوە کردووە و چوارچێوەیەکی گشتی بۆ داڕشتووە، لە بەرگرینامەکەی بەناوی سۆسیۆلۆژیای ئازادی دا بە شێوەیەکی زۆر چڕوپڕ و بەتەواوی چوارچێوە و پرەنسیپ و بنەماکانی ئەو سیستەمەی داڕشتووە، 
کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتی "کەجەدە " کە پێکھاتەیەکە لە ھەموو دامودەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە باکووری کوردستان، لە رۆژانی ٧ و ٨ی مانگی ئابی ٢٠١٠ چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی بەڕێوەبرد و تێیدا بابەتی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی تاوتوێ کرد و رایگەیاند کە شێوازی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتی، پرۆژەیەکی مێژووییە،‌ بەو رادەیەی توانستی پرسی گەلی کورد چارەسەر دەکات، بەھەمان شێوەش توانستی چارەسەرکردنی کێشە مێژووییەکانی رۆژھەڵاتی ناوینی ھەیە،
بێگومان ئەم پرۆژەیە لە نوسینێکی کورتدا پێناسەناکرێت ئەوەی خرایە ڕو تەنھا سەرەقەڵمێکە، ئاشکرایە لە ئێستادا دووبەشی کوردستان کە زۆینەی خاک و گەلی کوردستان پێکدێنن لە ژێر ڕۆشنایی ئەو فکرو فەلسەفەیەدا کارو خەباتی خۆیان بەڕێوەدەبەن،
ھەرچەندە لە ڕۆژئاوای کوردستان چەتەکانی داعش و لە باکوری کوردستان ملھوڕی و خەونی بە سوڵتان بونی ئەردۆگان کە دوو سەری دارێکی پیسن کە ئاستەنگی دروست دەکەن ، بەڵام ئەو ئیرادەیەی لە ناخی خەباتکارانی پرۆژەکەدا ھەیە ھیوا بەخشە بەوەی سەرکەوتن مسۆگەرەونزیکە،
لە کۆتایدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم بەردی بنیادنانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری  ٣٧ ساڵ بەر لە ئێستا لە باکوری کوردستان دانراوە، ئەو کاتەی گرۆپی ئاپۆیەکان لە سەرەتای تێکۆشانی خۆیاندا بون، لە دەوڵەت زیاتر خێل و ئاغاو کوردە فیوداڵە بەکرێگیراوەکانی دەوڵەت بەگژ ئەو بزاڤەدا دەچون و ئاستەنگیان بۆ کارەکانیان دروستدەکرد،
بۆیە لە یەکەم چالاکی مێژوویدا تەنھا بە سێ کەڵاشینکۆفەوە ڕوبەڕوی سێ دەزگای گەورە بونەوە، یەکەم دەوڵەت نەتەوە، دووەم حزبی فاشست، سێیەم عەشیرەتی فیوداڵی کورد، ئەو بەرخۆدانە مێژوییە لە دوای شەھیدبونی کادرێکی ئاپۆیەکان بە ناوی خەلیل چاوغون کە خەڵکی حیلوان بووە ئەنجامدرا، ئەو کادرە بە دەستی چەکدارەکانی عەشیرەتی سلێمان شەھید دەکرێت بۆ ئەوەی ڕێگەری لە گەشەسەندن و تەوژمی ئەو تەڤگەرەبگرن و چاوترسێنیان بکەن، عەشیرەتی سلێمان دام و دەزگای شارەکە بەتەواوی لە بن دەستی خویاندا بووە و سەر بە پارتی نەتەوە پەرست مەھەپە بونەو دەوڵەت بە ھەمو شێوەیەک ھاوکاریان بووە لە سەرکوتکردنی گەلدا، 
بۆیە سەنگەرگرتن لە ھەمبەر ئەو سێکوچکەیە پێویستی بە ئیرادەیەکی بەھێز ھەبووە، ئەو شەڕەی حیلوان یەکەم شەڕی ئیرادە بەخشین بەگەل و لە ھەمانکاتدا چاوترساندنی سەرجەم نەیارەکانیان بووە،
بێگومان لە شەڕەکەدا سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەھێنن و تۆڵەی شەھیدەکەیان دەکەنەوە، جگەلە سەرۆکی عەشیرەتەکە چەندین کەس لە بەکرێگیراوەکانی دەوڵەت و ئەندامی مەھەپە دەکوژن، بەشێوەیەک لێیان دەدەن کە لە بڵندگۆکانەوە ھاواری تەسلیم بون دەکەن،
لەدوای شکستی سێکوچکەکە بۆ یەکەم جار لە مێژوی ئەو وڵاتەدا شۆڕشگێڕەکان خەڵکی شارەکە کۆدەکەنەوەو پێیان ڕادەگەیەنن کە نوێنەری خۆیان ھەڵبژێرن، یەکەم سەرۆک شارەوانی بە ئیرادەی گەل دەس بەکار دەبێت لە قەزای حیلوان،
بۆیە دەکرێت ئەو سەرکەوتنەی ساڵی ١٩٧٨ بە یەکەم خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی دابنرێت لە مێژوی خەباتی گەلی کوردا،
دەمەوێ ئەوە بڵێم لە ئێستادا ڕۆژئاوای کوردستان خاوەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیەو باکوریش ئەگەر ئەردۆگان بەردەوام بێت لە سەر سیاسەتە چەوتەکانی و رێگەی دیموکراتی و پێکەو ژیان بگرێت، بەھەمان شێوە دەبێتە خاوەنی خۆبەرێوەبەری خۆی،
دڵنیام پارستنیشی گەرنتی دەکرێت چونکە سێ کڵاشینکۆف و ژمارەیەکی کەم خەباتکار یەکەم دەسکەوتی خۆبەڕێوەبەریان بەدەست ھێنابێت کە ھەتا کودەتاکەی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ بەردەوام بوو، ئێستا رەوشەکە زۆر جیاوازەو دەیان ھەزار گەریلاو شەڕڤان و وڵاتپارێز و دەیان میلۆین ھاوڵاتی دڵسۆز ھێزێکی وەھایە کە دەسکەوتەکانی بە باشترین شێواز بپارێزێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە