کاکە حەمە و ستافەکەى پیرۆزبایی لە سەرۆکى ماوە فەوتاو ئەکەن

Saturday, 29/08/2015, 21:34

5703 بینراوە


دوای ئەوەى هێزەکانى پێشمەرگە لە ٢٦-٨- ٢٠١٥ لە میحوەرى کەرکوک هێزەکانى داعش  وەدەر ئەنێنن و ناوچەکان ڕزگار ئەکەن کۆسرەت رەسول و حەمەى حاجى مەحمود و شێخ جەعفەر و وەزیرى پێشمەرگە  پێرۆزبایى لە سەرۆکى هەرێم ئەکەن . لاى ئەمانە مەسعود هەر سەرۆکە.
ئەمانە کەسانێکن کە لەهەمو بەهایەکى ئینسانى داماڵراون ئاخر پیرۆز بایى لە کەسێک دەکرێت، کە بە راستی دژی داعش بووبێت و هێچ پەیوەندییەکی لەگەڵیدا نەبووبێت، یان بەشێکى زۆرى کوردستانى بە زەوى و خەڵکەوە بێ تەقە بۆ داعش بە حێهێ نەهێشتبێت، ئاخر  هەی بێ کەرامەتینە کاتێک هێزى پێشمەرگە لەو بەرەیە دەجەنگێت، پارتى ژوورى هاوبەشى پرۆسەى جەنگى لە هەولێر داخست هەتا هێزى هەوایى هاوپەیمانان بەشدارى نەکات، بەمەش ژیانى سەدەها پێشمەرگە کەوتۆتە مەترسىیەوە، ئەوە هەوڵێکى ئاشکراو پیلانێکى دوژمنانەیە بۆ شکست پێهێنانى هێرشى پێشمەرگە. ئیتر ئێوە چۆن پیرۆزبایی لە پارتیی و لە سەرۆکەکەی دەکەن!؟

کۆسرەت رەسوڵ:
هەرکاتێک هێزى پێشمەرگە لە پێشرەوێدا بێت کۆسرەت رەسوڵ، کە روخساری وەک ئەو وێنەیەدا دەیبینیت،دەڵێیت کابرایەکی بەردەم سینەما و چایخانەکانە، بە جامەدانەیەکەوە  لە ملی دەپێچێت، وەکو سیاسییەک خۆی نمایش دەکات، دەکەوێتە پیرۆزبایى لە مەسعود بارزانی، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت، کە ئەمانە هەر لە مێژە دەستیان لەگەڵ یەکتردا تێکەڵ کردووە،  وەک دەڵێن: پەیوەندیی کۆسرەت و مەسعود بەرژەوەندى کۆمپانیا و پۆستە بۆ مناڵەکانی، ئۆتیزمەکەى کۆسرەت شاهیدە، کە ئەم کابرایە نمونەى گەندەڵىی و چڵێسیە بۆ پارە و موڵک و دۆلار و پۆست. کۆسرەت داهێنەرى گەندەڵى ناو یەکێتیە، ئەم کابرایە لە هەر وڵاتێکی دیکە بوایە دەبوو خۆی شەرمی بکردایە، وازی لە کار و کاسبی بهێنایە، کێ لێی تێدەگات کاتێک قسە دەکات!؟ وەی قوڕبەسەر میللەتێک کە پەتەحاڵیک رابەری بێت و قسەی بۆ بکات! خەڵک بکات بەزییان پێیدا بێتەوە، دەبوو خۆی لە پێشدا بەزەیی بە خۆیدا بهاتایەتەوە، ئەم کابرایە قسەکانی هیچی بەسەر هیچەوە نیین، توناى بەسەر خۆیدا نیە، ئیتر بزانن بۆتە چ بارێکى قورس بەسەر پێشمەرگەوە. تەنیا خوێنى پێشمەرگە مابوو بۆ بنەماڵەى بارزانى هەراج بکات وا ئەویشى خستۆتە دیوەخانەکەى سەرى ڕەشەوە. لەبەرامبەردا لە ڕاگەیاندنەکەى بەناو سەرۆکى هەرێم بە جێگرناوى هاتووە، کە تەنانەت لە ئیمزاى لیستى موچەى (٥) دەفتر دۆلارو قسورەکەى مانگانە، ئیمزایەکى جێگرى نەکردووە. ئەوەش بۆ ئەم کاکەیە نیعمەتە کە لە ڕاگەیەندراوەکەى سەرۆکى هەرێمەوە هێشتا جێگرى سەرۆکە و ماوەى ئەمیش بە سەر نەچووە بە هەمو دەسەڵاتەکانیەوە (کە نیەتى) . کەواتە بازگەى دێگەڵەشى مسۆگەرتر کرد، ئیستا کاک کۆسرەت بەئاسانى بەبێ پشکنینى سەگ تێدەپەڕێت.

حەمەى حاجى مەحمود:
ئەمیش یەکێکی ترە لەپیرۆزبایکەرەکان، ئەوەى مێژووى ئەم کابرایەى خوێندبێتەوە، ڕاکردن و خۆشاردنەوەى بووە لە ترسى یەکێتى لە قامیش و قەڕەمەکانى شارەزور زیاتر هیچى نییە، تا بەخەڵکى بفرۆشێتەوە ، بێجگە لە خۆفرۆشى و جاسوسى بۆ ئیتلاعاتى ئێران، زۆر بەئاشکرا و بێشەرمانە، دواى ڕاپەڕینیش کەوتە تەل دزین وسیمى کارەبا بەستونەکانى شارەزوری نەهێشت، جگە لە تیرۆر و هەوڵى تیرۆرى کەسانى بیانى کە دواى ڕاپەڕین بۆ هاوکارى کورد دەهاتن، ئێستا ئەڵێن حەمە بەخۆى مەتارەکەى بەرکەمەرىەوە سەرپەرشتى جەنگى میحوەرى کەرکوک ئەکات، بۆ هەرخوێندەوارێک  دنیا دیدەیەک جەنگى ئێستا بەرەییە و تەکنۆلۆجیا تەحەکومى پێوە ئەکات پێویستى بە ئەفسەرو شارەزای ئەو بوارە هەیە، سەربازى زانستە زۆر ئاکادیمیاى سەربازى گرنگ لەجیهاندا هەیە، وەکو زانستێک دەخوێندرێت، کەچی ئێمە حەمەیەکمان هەیە، بە حەقڵی کۆنەوە دەچیتە خۆی با دەدات، ئەبێت حەمەیەک بە گۆچان  و مەتارەکەى چى لەمە حاڵى بێت، ئەوەندە حاڵى بووە بەداعش ئەڵێت (دەعاش) ئەوش یەکێکە لەنوکتەکانى کوردەواریى، دیارە بنەماڵەى بارزانى پارەیەکی زۆریان بۆ کاکە حەمە ڕۆکردووە بۆیە وا لەبەردەم مەسروردا چکۆلە ئەینواند.

شێخ جەعفەر:
بۆ ئەمیش پیویست ناکات هیچ ناو و ناتۆرەیەکی لێبنرێت، چونکە بۆ خۆی وەکو هەموو بەرپرسەکانی تر، ئەو هەموو  سیفەتە ناشریناەی کە هەیە، ئەم ئەوانەشی شەرمەزار کردووە، واتە کاتێک کە دەڵێیت دز، دەبێت هەزار رەحمەت بۆ دزێک بنێریت! کە دەڵێیت خائین و  چی و چی دەبێت رەحمەتیان بۆ بنیریت، نەفرەت لە شێخ جەعفەریش بکەیت! ... ئیتر بزانن مەبەستم لە چ شتێکە دەبێت هەزاران رەحمەتیش بۆ ئەوانە بنێریت کە ئەو شتە ناشرینانە دەکەن، بۆیە ئیستا ئەمیش بۆتە پەڵایەک لەناو یەکێتیدا، تەنها کێشەى دەسەلات و دۆلاری هەیە، ئەمەش ئێستا لاى بنەماڵەیە، کاتێک نەوشیروان جیابۆوە ئەیوت تاڵەبانیت لە قەڵاچوالانەوە بە قۆڵ بەستکراوى بۆ دەهێنم، دواتر دەبابەى بۆ گردەکە دەهێنا و لە پەڕلەمان هەر تەڵاق مابوو نەیخوات، زۆر دەمێکە ئەم کابرایە وەکو کاڵایەکى ڕزیو لاى پارتى بۆ مەرامى خۆى بەنرخى کوتاڵ باش کڕیوێتی. پاراستن بە دەیان دەنگی تۆمارکراو و ڤیدیۆ و فلیمی لەسەر ئەمانە هەیە، چاک هەموویانی بەستۆتەوە! حەدى چیە بڵێت مەسعود سەرۆکى هەرێم نییە و پیرۆز بایى بۆ نەنێرێت.

 
ئەى وەزیرەکەى گۆڕان وەزیرى پێشمەرگە: 
مستەفای سەید قادر وەزیرەکەى گۆڕان وێڕاى پیرۆزباییەکەى قەڵەمبازێک پێش جەماعەت کەوتوە ئەویش ئامادەبوونی لە دیوەخانەکەى سەرى رەش، ئاقڵ و گوێ لە مست دانیشتووە لاى سەرۆکەکەى ئەمە لە  کاتێکدا سەرۆکى پەڕلەمانى ئەو حیزبەى کاک  مستەفا  کارتى سورى بۆ مەسعود دەرهێناوە. دیارە بزووتنەوەی گۆڕان هێشتا ئومێدى ماوە و دەستبەردارى  ئەوە نابێت کە بە هۆی حکومەتە بنکە فراوانەکەیانەوە دەیەوێت هێزى پێشمەرگە ڕێک بخات، گرنگ نییە با بە سەرۆکێکى ئێکسپایەرەوە بێت، لە تەلەفیزیۆنەکەشیاندا بە زمانێکی دیکە خۆیان نمایش دەکەن و فێڵ لە بینەر و خەڵکی دەکەن! دەبێت ئەم گاڵتەجاڕییەى گۆڕان هەتا کوێ بڕ بکات، هەندێک لە چاودێرانى سەربازیى ئەڵێن و پێشبینى ئەکەن، گوایە سیروان بارزانى خۆی بۆ ئەوە ئامدەکردووە کە ببێتە وەزیرى پێشمەرگە و مستەفاای سەید قادر وەدەردێنێت، وا ئیستا جەنابیان بە نەوشیروان مستەفا ئەڵێن خائین، ئیتر چۆن ئەبێت وەزیرى پێشمەرگە کە کاک مستەفایە رێگای پێدەدەن سەر بە خائینێک بێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە